دۆخی گرتووخانەکانی ئێران لە ژێر سێبەری جەنگ و سەرکوتدا

گرتووخانەی قەرچەک، نموونەیەک لە کارەساتێکی بەئەنقەست

بەندیخانەی قەرچەکی وەرامین ساڵانێکە وەک یەکێک لە بەدناوترین گرتووخانەکانی ژنان لە ئێران دەناسرێت، بەڵام ئەو هەواڵە نوێیانەی کە لە پشت دیوارەکانییەوە بەدەست دەگەن، وێنەیەکی ئەولاتر لە بێتوانایی و لێنەهاتوویی دەخاتەڕوو، وێنەیەک لەکارەساتێکی بەئەنقەست“. ئەم گێڕانەوەیە، دەستکەوتی ئەزموونی چل ڕۆژەی یەکێک لە خۆپیشاندەرە دەستبەسەرکراوەکانە لە بەندی ۱۱ی ئەم گرتووخانەیەدا.

بەندی ۱۱ کە لە بنەڕەتدا بۆ ڕاگرتنی کاتیی دروستکرابوو، ئێستا بووەتە شوێنی مانەوەی درێژخایەنی سەدان ژنی ناڕازی. لە فەزایەکدا کە توانای ستانداردی بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ ژمارەی ڕاستەقینەی دانیشتوانەکەیدا ناگونجێت، نزیکەی ٢٥٠ ژن لە بارودۆخێکی دژەمرۆییدا ڕاگیراون. لە سەرمای تاقەتپڕوێنی مانگی ڕێبەنداندا، بەهۆی نەبوونی تەختی پێویستەوە، زۆرێک لە دەستبەسەرکراوان ناچارن شەوان لەسەر زەوییە سارد و لە ناو ڕاڕەوەکاندا بخەون. قەرەباڵغییەکە بە ڕادەیەکە کە حەوانەوەی ئاسایی مەحاڵ بووە و ئەم دۆخە بۆ بەساڵاچووان و بریندارانی خۆپیشاندانەکان، بووەتە ئەشکەنجەیەکی بەردەوام.

بۆ جەماوەرێکى ٢٥٠ کەسیی ئەم بەندە، تەنیا دوو حەمام و دوو تەوالێت هەیە. لە شەو و ڕۆژێکدا تەنیا یەک کاتژمێر ئاوی گەرم هەیە و ژنان ناچارن لە چلەی زستاندا بە ئاوی سارد خۆیان بشۆن، بارودۆخێکی کە بووەتە هۆی ئازاری سنگ و هەوکردنی توندی سییەکان. بەرپرسانی گرتووخانە نەک هەر بەشە ماددەی پاککەرەوەیان بڕیوە، بەڵکوو تەنانەت ڕێگە نادەن ماددەی پاککەرەوە لە فرۆشگای ناو زیندان بکڕدرێت یان ژینگەکە لەلایەن خودی بەندکراوەکان خۆیانەوە پاک بکرێتەوە.

لە گرتووخانەی قەرچەک، سەرەتاییترین پێداویستیی مرۆڤ، واتە ئاوی خواردنەوە، بووەتە سەرچاوەی داهات بۆ گرتووخانەکە و ئامرازێکی گوشاری زیاتر لەسەر ناڕازییان. ئاوی لولەکەشی ئەم زیندانە شیاوی خواردنەوە نییە و تەنانەت شۆردنێکی ئاساییش دەبێتە هۆی خوران و سووربوونەوەی توندی پێست. لەمڕووەوە، بەندکراوان ناچارن لە فرۆشگای زیندان ئاو بکڕن، بوتڵێک ئاوی بچووک کە سەرەتا نرخەکەی ٢٧ هەزار تمەن بوو، لە ماوەیەکی کورتدا گەیشتە ٤٢ هەزار تمەن.

دەستڕاگەیشتن بە پزیشک و دەرمانیش بەستراوەتەوە بە توانای دارایی بەندکراوەکەوە. کوالێتیی خۆراکەکە یەکجار نزمە و پرۆتین بە تەواوی لە بەرنامەی خۆراکیدا لادراوە، ئەو بەندکراوانەی کە بنەماڵەکانیان پشتیوانیی داراییان ناکەن، لە بارودۆخێکی برسیێتی بەردەوامدا دەژین.

جگە لە گوشارە جەستەییەکان، دەستبەسەرکراوان لەگەڵ کۆمەڵێک ڕەفتاری ئامانجداریش بۆ تێکشکاندنی کەسایەتییان ڕووبەڕوون. چەندین گێڕانەوەکان باس جۆری پشکنینی جەستەیی سووکایەتی ئامێز لەلایەن پاسەوانە ژنەکانەوە دەکەن کە هەموو سنوورێکی ئەخلاقی تێپەڕاندووە. گواستنەوەی بەردەوام لە نێوان بەندە گشتییەکانی ٨ و ١١ و ژوورە تاکەکەسییەکانی بەندی ٦، دەستبەسەرکراوان لە دڵەڕاوکێ و نیگەرانی هەمیشەییدا ڕادەگرێت، شێوازێکی کە ئاگایانە و بە ئەنقەست ڕێگری دەکات لە دروستبوونی تۆڕی پشتیوانی لە نێوان بەندکراواندا.

گرتووخانەی شەیبانی ئەهواز، وێنەیەکی تاریکتر

لە باشووری وڵات، گرتووخانەی شەیبانی ئەهواز وێنەیەکی زۆر تاریکتر لە سەرکوت دەگێڕێتەوە. چەند بەشێک لەم گرتووخانەیە بە تایبەتی تەرخانکراون بۆ ئەو خۆپیشاندەرانەی لە ساڵی ڕابردوودا دەستبەسەرکراون. هەندێک لە ژوورە بچووکەکان، دەیان کەسیان تێدا جێگیر کراوە و بە گشتی سەدان بەندکراو لە فەزایەکی یەکجار تەنگ و بەرتەسکدا ڕاگیراون.

کەمیی ئاو، ئاستەنگ دروستکردنی زۆر لەبەردەم بەکارهێنانی توالێتەکان و بڵاوبوونەوەی بەرفراوانی کێچ و ئەسپێ، دۆخی تەندروستیی گەیاندووەتە ئاستێک کە نەخۆشییە پێستییەکان لە نێوان بەندکراواندا تەشەنەیان سەندووە. ئەو دەرمانانەش کە هەن کوالێتییەکی گونجاویان نییە و دەوترێت بەشێکیان ماوە بەسەرچوون. زۆرێک لەم بەندکراوانە بەبێ دادگاییکردن، بە تۆمەتی قورس و لەژێر گوشاری لێکۆڵینەوەی بەردەوامدا، لە دۆخێکی نادیاری تەواودا دەژین.

لە ژێر سێبەری سێدارەدا

گرتووخانەی ورمێ بارودۆخێکی تایبەتی هەیە، ژمارەیەکی زۆر لە بەندکراوانی سیاسیی کورد لەم گرتووخانەیەدا ڕاگیراون و ڕاپۆرتەکان باس لە ئەگەری لەسێدارەدانی بەکۆمەڵ و گوشاری ئەمنیی یەکجار زۆر دەکەن. گرتووخانەکانی سنە و بۆکانیش بەهۆی چڕبوونەوەی دۆسیە سیاسییەکانی بەندکراوانی کورد و سزای لەسێدارەدانی پەسەندکراو، بوونەتە چەقی نیگەرانییەکان.

ڕاپۆرتەکان نیشان دەدەن کە سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری فەرمانی داوە کە سزاکای لەسێدارەدانی تۆمەتبارانی سیاسی بەخێرایی جێبەجێ بک. تۆمەتگەلێکی وەکمحاربهوهاوکاری لەگەڵ دوژمنبە شێوەیەکی بەرفراوان بەکاردەهێنرێن و زۆرێک لە تۆمەتباران لە دادگاییکردنی چەند کاتژمێریدا، بەبێ دەستڕاگەیشتن بە پارێزەری سەربەخۆ، مەحکووم کراون. ئەو دانپێدانانانەی کە لە ژێر گوشار یان ئەشکەنجەدا لێیان وەرگیراوە، بەڵگەی سەرەکیی دەرکردنی ئەم سزایانە بوون.

گرتووخانەی قزڵحەساری کەرەج بووەتە یەکێک لە ناوەندە سەرەکییەکانی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان. لە زیندانی ئێڤین، ژمارەیەکی زۆر لە بەندکراوانی سیاسی، لە بەندە ئەمنییەکانی ٢٠٩ و ٢٤٠دا بەندکراون و پەیوەندییان لەگەڵ بنەماڵەکانیاندا بڕاوە. گرتووخانەکانی ورمێ، سنە و بۆکانیش ژمارەیەکی زۆر لە بەندکراوانی کوردیان تێدا ڕاگیراوە کە هەندێکیان لەگەڵ حوکمی لەسێدارەدان دەستوپەنجە نەرم دەکەن.

لە سەرەتای دەستپێکی ئەو شەڕەوە، کەسانێکی ئێجگار زۆر دەستبەسەرکراون کە ژمارەیان دەگاتە هەزاران کەس. لە نێو دەستبەسەرکراواندا، چالاکوانان، خوێندکاران و تەنانەت منداڵانیش دەبینرێن. زۆر کەس لە گرتووخانە شاراوەکاندا ڕاگیراون و بنەماڵەکانیان لە چارەنووسیان بێئاوان.

بارودۆخی شەڕ، بەندکراوانی لەگەڵ مەترسییەکی دووهێندە بەرەوڕوو کردووەتەوە. ئەو زیندانانەی کە تەنانەت لە بارودۆخی ئاساییشدا مەودایەکی زۆریان لەگەڵ پێوەرە مرۆییەکان هەیە، ئێستا لە ژێر سێبەری شەڕدا، گیانی هەر بەندکراوێک زیاتر لە هەمیشە دەخەنە مەترسییەوە.

ئەوەی لە دڵی ئەم هەواڵ و گێڕانەوانەدا دەردەکەوێت، وێنەیەکی یەکپارچەیە لە سیاستێکی ڕێکخراو: لە بێبەشکردنی بەئەنقەست لە ئاو و دەرمان لە قەرچەک، تا پەلەکردن لە دەرکردن و جێبەجێکردنی سزاکانی لەسێدارەدان لە کوردستان. ئەم دۆخە داواکارییەکی بەپەلە و ڕوون دەخاتە بەردەم ڕای گشتی و دامەزراوەکانی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ: ئازادکردنی دەستبەجێی بەندکراوانی سیاسی و ئەقیدەتی، بە تایبەتی لە بارودۆخی ئێستای شەڕدا. بەڵام تا گەیشتن بەو ڕۆژە، ئەرکێکی گرنگ لەسەر شانی هەموومانە، کە بریتییە لە هاوسۆزی لەگەڵ بنەماڵەی ئەم بەندکراوانە و بە تەنیا جێنەهێشتنی ئەوان لەم خەبات و نیگەرانییە تاقەتپڕوکێنەیاندا.

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە

ڕووداوە گرنگەکان

پەیام نێت

گەلەری

هاوڕێمان بن! ​

پەیوەندی

  Copyright © 2023, All Rights Reserved Payaam.net