
ناوەندی ڕاگەیاندنی فەرماندەیی پۆلیسی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ڕۆژی پێنجشەممە ٣ی گوڵان، هەواڵی دەستبەسەرکردنی ٩ هاووڵاتی دیکەی لە پەیوەندی بە دۆسیەی کوژرانی هێزێکی ئەمنی لە کاتی خۆپیشاندانەکانی بەفرانباری ١٤٠٤ لە شاری مەشهەد ڕاگەیاند.
بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی “هیرانا“، ئەم دەستبەسەرکردنانە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەش لە نێوان پۆلیسی خۆراسانی ڕەزەوی و هێزە ئەمنییەکاندا ئەنجام دراوە. لەم ئۆپەراسیۆنەدا، کەسێک کە وەک تۆمەتباری سەرەکی لە دۆسیەی کوشتنی فەرەجوڵڵا شووشتەری ناسێنراوە، لەگەڵ هەشت کەسی دیکە دەستبەسەر کراون و ڕادەستی لایەنە دادوەرییەکان کراون. بەرپرسانی پۆلیس بانگەشەی ئەوە دەکەن کە کەسە دەستبەسەرکراوەکان دەستیان لەم کارەدا هەبووە، بەڵام هیچ زانیارییەک دەربارەی ناسنامەی ئەم کەسانە، وردەکاری شێوازی دەستبەسەرکردن و شوێنی ڕاگرتنیان بڵاونەکراوەتەوە. پێشتریش میدیا حکومییەکان هەواڵی دەستبەسەرکردنی چەند هاووڵاتییەکیان لە پەیوەندی بەم دۆسیەیەوە بڵاوکردبووەوە، بەڵام لەو ڕاپۆرتانەشدا وردەکاری ورد لەسەر ژمارەی دەستبەسەرکراوەکان یان ناسنامەیان نەخرابووە ڕوو و تەنیا تۆمەتی کوشتنی هێزێکی ئەمنیان خرابووە پاڵ.