
هەڵسەنگاندنێکی نوێ، لەسەر زیادبوونی نرخی خواردەمەنییەکان لە ئێران بەهۆی شەڕ و بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەڵاوسان، نیشان دەدات کە لە ئێستادا تێچووی سەبەدی خواردنی بنەماڵەیەک «٨٥ لە سەد» لانیکەمی داهات دەگرێتەوە.
لە هەڵسەنگاندنی نوێی گۆڤاری «دنیای ئابووری» لەسەر بنەمای زانیارییەکانی وردەفرۆشی لە ئۆنلاین، کە ڕۆژی شەممە ٢٩ی خاکەلێوە بڵاوکراوەتەوە، دەردەکەوێت کە مامناوەندی نرخی ماددە خوراکییەکان لە چوار مانگی ڕابردوو ٦٨ لە سەد زیادبووە و تێچووی سەبەدی خواردن گەیشتووەتە ٨٥ لە سەدی لانیکەمی داهاتی کرێکارێک. ئەمە لە کاتێکدایە کە ٥٠ ڕۆژ دوای دەستپێکردنی جەنگی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران، هێشتا ئیمکانی دەستڕاگەیشتن بە ئینتەرنێت بۆ زۆربەی خەڵک بوونی نییە و بەم هۆیەوە کاروبارە ئۆنلاینەکان بە تەواوی داخراون. هەروەها لەگەڵ بۆمبارانکردنی زۆرێک لە پیشەسازی و کارگە و ژێرخانەکان، زۆرێک لە کرێکارانیش سەرچاوەی داهاتیان لەدەستداوە. بە واتایەکی تر، لە ئێستادا تەنها ماددە خوراکییە سەرەکییەکانی وەک گۆشتی سوور و سپی، برنج، دانەوێڵە، قەند و شەکر و ڕۆن، ٨٥ لە سەدی لانیکەمی داهاتی خێزانێکی ئێرانی دەگرنەوە.