ساڵیادی داگیرکردنی بەرلین، یادێک لە قوربانیانی شەڕی دژی فاشیزم و وانەیەک بۆ ئەمڕۆ

ساڵیادی داگیرکردنی بەرلین، یادێک لە قوربانیانی شەڕی دژی فاشیزم و وانەیەک بۆ ئەمڕۆ

نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕۆژەکانی هەشتەم و نۆیەمى ئایاری وەککاتی یادکردنەوە و ئاشتیی بۆ قوربانیانی شەڕی دووەمی جیهانیناودێر کردووە، شەڕێکی کە تێیدا دەیان ملیۆن مرۆڤ گیانیان لەدەستدا، شارەکان بەتەواوی وێران کران و شارستانیەتی مرۆیی نزیک بووەوە لە لێواری لەناوچوون. یادی قوربانیانی ئەم شەڕە، لە هەمان کاتدا هۆشدارییەکە سەبارەت بەو پێکهاتانەی کە هێشتاش شەڕ، وێرانکاری و مەرگ بەرهەم دەهێننەوە.

شەڕی دووەمی جیهانی، تەنها ئەنجامی چاوچنۆکیی چەند سیاسەتمەدارێکی سەر شێت یان هەڵەی دیپلۆماسی نەبوو. ئەو شەڕە، بەرهەمی قەیرانی قووڵی سەرمایەداریی جیهانی، ململانێی هێزە ئیمپریالیستییەکان، میلیتاریزم، فاشیزم و هەوڵدان بۆ دابەشکردنەوەی جیهان بوو. ملیۆنان مرۆڤ بوونە قوربانی تاوەکو بلۆکە نوێیەکانی دەسەڵات، بازاڕەکان، سەرچاوەکان و ناوچەکانی ژێر نفوزی خۆیان جێگیر بکەن. فاشیزم، هەر بەو ڕادەیەی کە ئایدۆلۆژیای ڕەگەزپەرستی و پاوانخوازی بوو، ئامرازێکی بێبەزەییانەی بەرگریکردن لە لۆژیکی سەرمایە و ئیمپراتۆریەتیش بوو. شەڕ، دیاردەیەکە کە سەرچاوەکەی پێکهاتەی ئابووری و سیاسیی جیهانییە. تا ئەو کاتەی، قازانج لە ژیانی مرۆڤ ئەولەوییەتی زیاترە، پیشەسازییەکانی چەک سوودمەندی شەڕ بن و زلهێزەکان جیهان وەک گۆڕەپانی ململانێی سەربازی و دابەشکاری نفوز و هەمەنە ببینن، شەڕیش بە شێوازی جیاواز بەرهەم دەهێنرێتەوە.

ئەمڕۆ، هەشتا و یەک ساڵ دوای کۆتاییهاتنی ئەو کارەساتە، جیهان هێشتا لە شەڕ و نەهامەتییەکانی شەڕ ڕزگاری نەبووە. لە ئۆکرانیاوە بگرە تا کەرتی غەززە، لە سوودانەوە تا ئێران و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دووبارە شاهیدی هەمان نموونەین: خەڵکی ئاسایی دەبنە قوربانیی ململانێ ژیۆپۆلیتیکییەکان، ئابووریی سەربازی و لۆژیکی دەسەڵات. سنوورەکان، سەرچاوەکانی وزە، بازاڕی چەک و نفوزی ناوچەیی، هێشتا ئەولەوییەتیان لە گیانی مرۆڤەکان زیاترە.

لە شەڕەکانی ئێستاشدا، هاوشێوەی شەڕی دووەمی جیهانی، ئەوە چین و توێژە هەژار و چەوساوەکانن کە گەورەترین باج دەدەن، واتە ئەو کرێکارانەی کە کار و ماڵیان لەدەست دەدەن، ئەو ژنانەی کە باری گرانی هەژاریی، ئاوارەیی و هەڵوەشانەوەی شیرازەی بنەماڵەکانیان لەسەر شانیان قورسایی دەکات، ئەو منداڵانەی کە داهاتوویان لەژێر داروپەردووی شەڕدا بەخاک دەسپێردرێ و ملیۆنان مرۆڤی کە ناچارن بۆ هەمیشە بە کۆچبەری، بێماڵوحاڵی و نەبوونی ئەمنییەتدا ژیان بەسەر بەرن.

لەمڕووەوە، یادی قوربانیانی شەڕی دووەمی جیهانی پێش هەر شتێک ڕاگەیاندنی پابەندییەکی ئەخلاقی و سیاسییە بەرامبەر بەو مرۆڤانەی کە ئەمڕۆ لەژیاندان. پابەندبوون بە خەبات لەدژی شەڕخوازی، دژایەتیکردنی فاشیزم، ڕەگەزپەرستی و نیزامیگەری، بەرگریکردن لە مافی ژیان، شوێنی نیشتەجێبوون، کار و ئاسایش و هەوڵدان بۆ جیهانێکی کە تێیدا مرۆڤ و پێداویستییەکانی، ئەولەوییەتیان پێش لە قازانج و دەسەڵات بێت.

ئەگەر یادی ملیۆنان قوربانیی شەڕی دووەمی جیهانی بەرز ڕادەگرین، ناتوانین لە ئاست قوربانیانی شەڕەکانی ئەمڕۆدا بێدەنگ بین. یادەوەریی مێژوویی ئەو کاتە مانای هەیە کە لە تەنیشت ڕەنج و ئازارەکانی مرۆڤی هاوچەرخدا بوەستێت. لەمڕووەوە، ساڵیادی شکستی فاشیزم دەبێت نەک تەنها وەبیرهێنەرەوەی ڕابردوو، بەڵکوو ئاوێنەیەک بێت بۆ ئەمڕۆ. یادێکی کە لە ئێمە دەخوازێت کە لە بەرامبەر فاشیزمە نوێیەکان، ڕەگەزپەرستییە تازەکان و ئاساییکردنەوەی شەڕدا، بوەستینەوە. تەنها لەم حاڵەتەدایە کە خوێنی ملیۆنان قوربانیی ستالینگراد، ئاوشویتس و بەرلین و نۆرماندی دەبێتە یادەوەرییەکی زیندوو، یادەوەرییەکی کە ئێمە بەرەو جیهانێکی دادپەروەرانەتر، ئاشتیانەتر و مرۆییتر ڕێنمایی دەکات.

داگیرکردنی بەرلین نەک هەر شکستی سەربازیی ڕایشی سێیەم، بەڵکوو ڕزگارکردنی ئورووپا بوو: سپای سوور بەشێکی بەرفراوان لە ئوورووپای ڕۆژهەڵاتی لە ژێر چنگی نازییەکان دەرهێنا. تەنها بۆ داگیرکردنی دوایین سەنگەرەکانی فاشیزم لە دەروازەکانی بەرلیندا، زیاتر لە ٨٠ هەزار قوربانی دا. ئەم ژمارەیە دەبێت بەو ٢٠ ملیۆن قوربانییەش زیاد بکرێت کە لە ماوەی ٦ ساڵ شەڕدا، سپای سوور لە ستالینگرادەوە تا بەرلین تەحەمولی کرد. کەچی لەگەڵ ئەوەشدا، ئەمڕۆ زۆرێک لە دەوڵەتە ئورووپاییەکان ڕۆڵی سپای سوور بەداگیرکاریناودەبەن و مۆنۆمێنتەکانی یادی سەربازانی سۆڤیەت تێکدەدەن، وەک ئەوەی دەتوانرێت مێژوو بە بەیاننامەگەلێکی سیاسی سەرلەنوێ بنووسرێتەوە. بەڵام واقیعییەت سادەیە، بەبێ سپای سوور، ئورووپا نەکدیموکراسی، بەڵکوو قاڕەیەکی سووتاو دەبوو لەژێر پۆستاڵی فاشیزمدا.

ئەگەر یادی ملیۆنان قوربانیی شەڕی دووەمی جیهانی بەرز ڕادەگرین، دەبێت دەنگی قوربانیانی شەڕەکانی ئەمڕۆش بین، چونکە یادەوەریی مێژوویی ئەو کاتە مانای هەیە کە لە تەنیشت ڕەنج و ئازارەکانی مرۆڤی هاوچەرخدا بوەستێت. یادەوەرییەکی کە تەنها لە مۆزەخانەکان و ڕێوڕەسمە فەرمییەکاندا بەند بکرێت، زوو یان درەنگ دەبێتە ئامرازی هەمان ئەو دەسەڵاتانەی کە شەڕ دەخوڵقێنن.

یادکردنەوەی قوربانیانی شەڕی دووەمی جیهانی دەبێت هاوکات ببێتە وەبیرهێنانەوەی قوربانیانی ئەمڕۆش، ئەو قوربانیانەی کە هێشتا لەژێر سێبەری شەڕ، گەمارۆ، هەژاری و ئاوارەییدا دەژین و خوازیاری جیهانێکی دادپەروەرانەترن. ساڵیادی داگیرکردنی بەرلین، وەبیرهێنەرەوەی ئەم ڕاستییەیە کە فاشیزم بە فیداکاریی نەوەیەک تێکشکا کە ملیۆنان کەسیان هەرگیز نەگەڕانەوە بۆ ماڵەوە. ئەرکی ئێمە ئەوەیە کە دڵنیابینەوە لەوەی ئەم فیداکارییە، لە کرداری سیاسی و کۆمەڵایەتیی ڕۆژانەماندا زیندوو بمێنێتەوە.

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە

ڕووداوە گرنگەکان

پەیام نێت

گەلەری

هاوڕێمان بن! ​

پەیوەندی

  Copyright © 2023, All Rights Reserved Payaam.net