
بەپێی ڕاپۆرتەکان، ڕەزا موسڵیمی، چالاکی سەنفی موعەلیمانی هەمەدان و لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانبار، بە تۆمەتی “کۆبوونەوە و پیلانگێڕی دژ بە ئەمنییەتی وڵات” و “تەبلیغ دژ بە ڕژیم“، حوکمی چوار ساڵ و یەک مانگ زیندانی تەعزیری بەسەردا سەپێندرا.
ناوبراو ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٤ لە ماڵەکەی خۆی دەستبەسەر و دواتر بە دانانی بارمتەی قورسی ٩ ملیار تمەنی ئازاد کرابوو. ئەم مامۆستایە ماوەیەکی زۆر لە ژێر لێکۆڵینەوەی هێزە ئەمنییەکاندا بووە و لە دانیشتنی دادگادا ڕێگری لێ کراوە بەرگری لە خۆی بکات. شایانی باسە کە حوکمی سەپێندراو بەسەر ئەو چالاکوانە، ناڕەزایەتی مامۆستایان و ڕێکخراوە سەنفییەکانی لێکەوتووەتەوە. ئەوان ئەم حوکمانە بە “سیاسی” و “ناڕەوا” ناودەبەن و پێیانوایە کە ڕژیم تەنیا بە مەبەستی چاوترساندنی مامۆستایان ئەم ڕێوشوێنانە دەگرێتە بەر.