
“جەواد عەلیکوردی“، پارێزەر و هاووڵاتی کوردی خەڵکی سەبزەوار، لە لایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامییەوە حوکمی ١٨ ساڵ زیندانی تەعزیری، قەدەغەی هەمیشەیی پارێزەری بەسەردا سەپێندراوە.
بەپێی دوایین زانیارییەکان، بەپێی حوکمێک کە ڕۆژی شەممە ٣٠ی جۆزەردانی ١٤٠٥ی هەتاوی پێی ڕاگەیەندراوە، ناوبراو بە تۆمەتی “کۆبوونەوە دژ بە ئاسایشی وڵات” حوکمی پێنج ساڵ زیندان و “چالاکی تەبلیغی دژ بە ڕژیم” ١٣ ساڵ زیندانی بەسەریدا سەپێندراوە. هەروەها بەپێی ئەو حوکمە، جەواد عەلیکوردی لە کاری پارێزەری بە شێوەی هەمیشەیی بێبەش کراوە و بە دوو ساڵ قەدەغەی دەرچوون لە وڵات و دوو ساڵ دوورخستنەوە بۆ شاری سەراوانی پارێزگای سیستان و بەلوچستان محکوم کراوە. شایانی باسە کە جەواد عەلیکوردی براى “خوسرەو عەلیکوردی“، پارێزەری ناسراو و گیانبەختکردووە، و پاش بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەک دژ بە ناڕوونی شێوازی گیانبەختکردنی براکەی و هەروەها کۆبوونەوە لە ڕێوەڕەسمی حەوتەمی، دەستبەسەر و ڕەوانەی گرتووخانەکانی ناوەندە ئەمنیەکان کراوە.