
لە ڕۆژانی ڕابردوودا، گوشاری هێزەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر چالاکانی مەدەنی بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزتر بووەتەوە و ئەمەش بووەتە هۆی نیگەرانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی.
بەپێی دوایین ڕاپۆرتەکان، پاش سەرکوتی خوێناوی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاوی، شەپۆلێکی نوێی دەستبەسەرکرانی هاووڵاتیان لە شارە جیاوازەکانی ئێران و کوردستان بە تۆمەتی “هاوکاری لەگەڵ ناوەندە ئەمنیەکانی وڵاتانی دژبەری ڕژیم” و “هەوڵدان بۆ تێکدانی ئەمنیەتی وڵات” دەستیپێکردووە و تەنانەت لە ڕۆژانی پاش هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر پێگەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، گوشارەکان گەیشتووەتە لوتکە. هاوکات لەگەڵ ئەمە، سەرۆکی دەزگای قەزایی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ چەندەمین جاری بەردەوام، جەختی لە سەر ئەوە کردووەتەوە کە پێویستە دۆسیەی دەستبەسەرکراوان بە خێرایی کۆتایی پێ بهێندرێت و سزا بدرێن. شایانی باسە کە چالاکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ هوشداریان داوە کە بە تایبەت پاش ئاگربەستی نێوان لایەنەکانی شەڕ لە ئێران، سەرکوتی ناڕازیان و چالاکوانان بە ڕێژەیەکی بەرچاو بەرزتر بووەتەوە و شەپۆلێی نوێی کۆچی هاووڵاتیان دەستیپێکردووە.