شەڕی فیلتێر و فیلتێر شکێن و چارەنووسی حکومەتی ئیسلامی ئێران

Print Friendly, PDF & Email

عەلی خامنەیی لە سوخەنڕانی ڕۆژی ٦ ی مانگی پوشەپەڕی خۆیدا داوای لە قوەی قەزاییە کرد سزای زیاتر بۆ کاربەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان دیاری بکەن. ئەو لە کۆبوونەوەی قازیەکان و کارمەندانی دەزگای قەزاییدا وتی:” ئەوەی کە ژمارەیەک بە کەڵک وەرگرتن لە فەزای مەجازی یان غەیرە مەجازی بەسەر ئەعسابی خەڵکدا دەڕۆن و ئەمنیەتی زەینیی خەڵک تێکئەدەن و خەڵک ئەترسینن، جێی قەبوڵ کردن نییە. قوەی قەزاییە دەبێ بە داڕشتنی گەڵاڵە، بە ئینزیبات، و یاسا و ڕێساوە بچێتە نێو بابەتەکەوە.”

لە ڕاستی خامنەیی قسە لە ئەعسابی وردی خۆی و هەیئەتی حاکمە لە چالاکییە کاربەریەکان لە دنیای مەجازیدا دەکات. حکومەتی ئیسلامی سەرجەم ئازادیە تاکەکەسی، سیاسی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیەکانی سەرکوت کردوە و توانایی تەحەمولی فەزای مەجازیشی نییە. بەمیلیارد دۆلار سەرفی گوردانە سایبیریەکانی حکومەت دەکرێت. بەڵام شەڕی خەڵک و حکومەت لە حەوزەی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا بەرەوڕووی شکستی ئابەڕوبەرانە بۆتەوە. حکومەت دەستی داوەتە فیکتێر کردنی هەموو ئەو سایتانەی کە لە کۆنتڕۆڵی ڕژیمدا نین، خەڵکیش بە فیلتێر شکێن سەرجەم نەخشەکانی ئیستبدادی مەزهەبیان بەرەوڕووی شکست کردۆتەوە.

لەمڕۆدا بە بەرەکەتی بەرەوپێش چوونی تێکنولۆژی پێوەندی گشتی، دەیان ملیۆن لە خەڵکی ئێران بە هاسانی دەستیان بە هەموو گۆشە و کەنارەکانی دەنیا ڕادەگات و جەنایەتەکانی ڕژیم لە کەمترین ماوەی مومکیندا بە هەموو دنیادا بڵاو دەکەنەوە. دەزگای پشکنینی بیروباوەڕيی حکومەت بە فیلتێر و بلۆک کردنی سایتەکان، بە گرتنی هەڵسوڕاوانی سیاسی، بە بڕین و خاوکرنەوەی ئینتێرنێت و بە بردنەسەری هەزینەی کەڵک وەرگرتن لە ئینتێرنێت، چووە شەڕی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و تووشی شکستی هات.

حکومەتی ئیسلامی دوژمنایەتیەکی ئاشکرا و قوڵی لەگەڵ بڵاو بوونەوەی ئازادی هەواڵ، لەگەڵ دەربڕین و بڵاوکردنەوەی بۆچوونی بێ سانسۆر، لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرت و هەواڵ سەبارەت بە ڕاستیەکانی کۆمەڵ، لەگەڵ یەکێتی و پێوەندی خەڵک بە یەکەوە، لەگەڵ چاوپ و بڵاوکردنەوەی موزیک، هونەر، ئەدەبیات، فیلم، لەگەڵ پەرەدان بە زانست و زانیاری، هەیە و فەزای مەجازی مەیدانێکە کە دەزگای سانسۆڕی حکومەت، ئەڕتەشی چەقۆکێشان و ئەسید پاشەکانی حیزبوالاهی ناتوانن کۆنتڕۆڵی بکەن.

تەبلیغاتی کاربەدەستانی ڕژیم لەدژی ئینترنێت و هەوڵدان بۆ ئیسلامی کردن و یان لە ڕاستیدا کۆنتڕۆڵ و سیخوڕی کردن لە کاربەرانیش تا ئێستا هیچ ئاکامێکی نەبووە. زیاتر لە ١٣٠ هەزار ئاخوند لە شوێنی نوێژ کردنەوە تا سەدا و سیمای ڕژیم دژبە ئینتێر نێت تەبلیغ دەکەن و تا دێت بەکارهێنەرانی ئینتێرنێت زیاتر دەبێت. بە فەرمانی خامنەیی لەژێر ناوی” ئاتەش بە ئیختیار” لاتولوتەکانی حیزبوڵایان لە دنیای مەجازیدا بەسیج کردوە تا بە ئاکانت یان ناوی درۆینە دەست بدەنە دیفاع لە ڕژیم و دوژمنایەتی کردنی نەیاران و بڵاو کردنەوەی هەواڵ و زانیاری ناڕاست.

لە ٤٤ ساڵی ڕابردودا هیچ ڕێژەیەک لە سەرکوتی حکومەتی ئیسلامی نەیتوانیوە خەبات و خۆڕاگری خەڵک تێکبشکێنی و بێ گومان ئەڕتەشی سایبری بەکرێگیراوانی حکومەتیش ڕیسوا دەبن و شکست دێنن. ڕژیمی ئیسلامی ناتوانێ بە ملیۆن کەس لە دانیشتیوانی وڵات لە فەزای مەجازی و ئینتێر نێتی دا کۆنتڕۆڵ بکات و ئەم نەعرەکێشانەی لاتەکانی ئەڕتەشی سایبری حکومەتیش ناتوانن خەڵک بەرەو ساڵان و سەدەکانی پێشوو بگێڕنەوە.

لاوان، ژنان، خەڵکی تێکۆشەر لە کوردستان و باقی سوێنەکانی دیکەی ئێران، فەزای مەجازییان کردۆتە بەرەی شەڕ دژبە درۆ، گەندەڵی، ڕیاکاری و بە گشتی دژبە نیزامی کۆنەپەرستی ئیسلامی. پێوەندی خەڵک لە فەزای مەجازیدا پێوەندیەکی دوو لایەنە و یان چەند لایەنەیە. نەتەنیا باس لە بێ مافی خۆیان دەکەن، بەڵکو شاهید و چاوەدێری دەستکەوتەکانی خەباتی خەڵک لە هەموو گۆشە و کەناری دنیاشن. شەڕی فیلتێر و فیلتێر شکێن شەڕی درۆ و ڕاستییە. خەباتی دنیای نوێ و دنیای کۆنە. کێشەی نێوان ئازادی و ئیتبدادە. ئەگەرچی دۆلارە نەوتیەکان و دەزگای سەرکوتی کۆماری ئیسلامی لەپشت درۆن، بەڵام توانایی خۆڕاگرییان لەبەرانبەر ڕاستیدا نییە. لە شەڕی ئازادی و ئیستبداد دا ئازادی سەردەکەوێ. لە کێشە نێوان درۆ و ڕیاکاری ئیسلامیدا، زانست و زانیاری سەرکەوتوە.

خامنەیی و هاوبەشەکانی ناتوانن فەزای مەجازی بە چۆکدا بێنن. ئەوە زانست و تێکنولۆژی، زانیاری و وشیارییە کە سەرئەنجام ئەوان بە چۆکدا دێنێ.

فیلتێر شکێن ئیرادەی ئازادی خەڵکە بۆ گەیشتن بە ئازادی و مافە ئینسانیەکانیان. فیلتێر هێمای حکومەتی ئیسلامییە کە لەگەڵ ئازادی، مافەکانی مرۆڤ، تازەگەری، دادپەروەری یەکسانی ناکۆکە و بە ناچاری توشی سکست ئەبێت. ئەعسابی عەلی خامنەیی بەدەست ئیرادەی لە شکان نەهاتوی خەڵکەوە شێواوە و زۆری پێناچێت خەڵک ڕادەپەڕن و کۆتایی بە تەمەنی حکومەتی ئیسلامی دێنن.

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە

پەیام نێت

گەلەری

هاوڕێمان بن! ​

پەیوەندی

  Copyright © 2023, All Rights Reserved Payaam.net