شەڕ و لێکەوتە ئابوورییەکانی، برینی قەیرانی شوێنی نیشتەجێبوونی قووڵتر کردووەتەوە

دوێنێئیلنائاژانسی هەواڵی کاری ئێران، لە ڕاپۆرتێکی تێروتەسەلدا جارێکی دیکە پەردەی لەسەر ڕاستییەکی تاڵ لادا کە ملیۆنان بنەماڵەی ئێرانی هەموو ڕۆژێک ئەزموونی دەکەن. ئەم ڕاپۆرتە باسی لە قەیرانی شوێنی نیشتەجێبوون و کرێ خانووی لەڕادەبەدەر کردووە کە ژیانی کرێنشینانی نوقمی هەژاری کردووە. ڕاپۆرتەکە وێنەیەکی ڕوون لەو بنەماڵانە دەخاتە ڕوو کە هەموو ئەندامەکانیان کار دەکەن تەنیا بۆ ئەوەی بتوانن کرێی مانگانەی خانوو بدەن، ئەو بنەماڵانەی کە دوای دانی کرێی مانگێک، هاوکات دەکەونە دڵەڕاوکێ و خەمی دابینکردنی کرێی مانگی داهاتوویان.

واقیعییەت ئەوەیە کە شەڕی ئەم دواییانە و لێکەوتە ئابوورییەکانی، برینی قەیرانی نیشتەجێبوونی قووڵتر کردووەتەوە. پارەی پێشەکیی خانوو ئێجگار بەرز بووەتەوە و چیتر جیاوازییەک لە نێوان گەڕەکە دەوڵەمەند و هەژارەکانی شارەکاندا نەماوە، لە هەموو شوێنێک نرخەکان کرێنشینانیان خستووەتە دۆخێکی کارەساتبارەوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە بەشێکی زۆری هەر ئەم کرێنشینانە، بەهۆی لێکەوتەکانی شەڕەوە کارەکانیان لەدەستداوە یان حەقدەستەکانیان لەگەڵ خێرایی بەرزبوونەوەی هەڵاوسانی دوای شەڕ یەکناگرێتەوە.

خاڵێکی جێگەی سەرنجی تر کە ئەم ڕاپۆرتە تیشکی دەخاتە سەر، ئەوەیە کە هەژاری تەنیا بەرۆکی کرێنشینانی نەگرتووە. بەشێک لە خاوەن خانووەکانیش خۆیان خانەنشین یان پەککەوتەن و کرێی خانوو تەنیا سەرچاوەی داهاتیانە بۆ دابینکردنی تێچووی قورسی دەرمان یان بژێوی ژیانی منداڵە بێکارەکانیان. ئەم دۆخە نیشانی دەدات کە بەهۆی نەبوونی هیچ جۆرە پاڵپشتییەکی کۆمەڵایەتی لەلایەن دەوڵەتەوە، ئاسایشی دەروونی و ئابووریی هەردوولای ئەم پەیوەندییە لەناوچووە و ئەوانی ڕووبەڕووی یەکتر کردووەتەوە، نە خاوەنخانوو و نە کرێنشین، هیچ کامیان تاوانباری سەرەکیی ئەم کارەساتە نین، بەڵکوو هەردوولا قوربانیی پێکهاتەیەکن کە هیچ پابەندییەکی بە دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبوون بۆ هاووڵاتیانی نییە.

بەپێی ئامارەکان، زیاتر لە هەشت ملیۆن بنەماڵەی ئێرانی لە هەبوونی یەکەی نیشتەجێبوون بێبەشن. ئەگەر پێوەرەکە بکەینە شوێنی نیشتەجێبوونی ئەمن و گونجاو، ئەوکات ئەم ژمارەیە ئێجگار زۆر زیاتر دەبێت و نزیکەی تەواوی بنەماڵە ئێرانییەکان بەدەر لە کەمینەیەکی دەوڵەمەند و بەرپرسانی حکوومی دەگرێتەوە، لە دانیشتووانی پەراوێزی شارەکان و گەڕەکە کۆن و داڕماوەکانەوە بگرە تا دەگاتە نزیکەی ۷۰۰ هەزار هاوسەری گەنج کە ساڵانە دێنە ڕیزی خوازیارانی خانوو و شوێنی نیشتەجێبوونەوە.

قەیرانی نیشتەجێبوون دیاردەیەکی نوێ نییە، میراتێکە کە لە حکوومەتی سەرمایەداریی پەهلەوییەوە بە کۆماری ئیسلامی گەیشتووە. بەڵام سروشتی سەرمایەدارانەی ڕژێمی نوێ بووەتە هۆی ئەوەی کە ئەم کێشەیە بە بەراورد بە سەردەمی پێش ساڵی ۱۳۵۷ زۆر قورستر بێت. کۆماری ئیسلامی بە درێژایی تەمەنی خۆی بەردەوام بەڵێنی بنبڕکردنی کێشەی نیشتەجێبوونی داوە، بەڵام بە کردەوە خانووی گونجاوی تەنیا بۆ کەسانی سەر بە حکوومەت و خاوەن سەرمایەکان  دابین کردووە. ئەو گەڵاڵە و پڕۆژانەی کە بۆ چینە مامناوەندەکانی کۆمەڵگە لەبەرچاو گیرابوون، زۆربەیان تووشی شکست بوون.

نموونەیەکی ڕوونی ئەم شکستە، بریتییە لە پڕۆژەیمەسکهەنی میهر، پڕۆژەیەکی کە لەبری چارەسەرکردنی قەیرانەکە، زەمینەی گەرمبوونی بازاڕی بورس و ڕانتخۆرییەکی بەربڵاوی خۆشکرد و خۆی بووە هۆکارێک بۆ گرانتربوونی زیاتری خانوو. زۆربەی ئەو بنەماڵانەی کە بە پڕوپاگەندەی دەوڵەتیی ئەم پڕۆژەیە هەڵخەڵەتان، ئێستا ڕووبەڕووی کێشەی زۆر گەورەتر بوونەتەوە، ئەوان بە فرۆشتنی دار و نەداریان و وەرگرتنی قەرز لە بانکەکان، ملیۆنان تمەنیان ڕژاندە سەر ئەژماری ئەم پڕۆژە دەوڵەتییە و ئێستا هەڵوەدان بەدوای وەرگرتنەوەی ئەو پارانەی کە بەهای ڕاستەقینەیان لە بازاڕی ئەمڕۆدا ئێجگار زۆر دابەزیوە.

لە سیستمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامیدا، هاوشێوەی هەر سیستمێکی سەرمایەداری تر، شوێنی نیشتەجێبوون کاڵایەکە و وەبەرهێنان لەم بوارەدا پابەندە بە یاسای قازانج، نەک وەڵامدانەوە بە پێداویستیی ڕاستەقینەی کۆمەڵگە. هیچ سیستمێکی سەرمایەداری بەهۆی سروشتی چینایەتی خۆیەوە، خانوو بەمەبەستی پڕکردنەوەی پێداویستیی کەسانی بێ خانوو بەرهەم ناهێنێت. کۆماری ئیسلامیش وەک ڕژێمێکی سەرکوتگەر و لە خزمەت سەرمایەدا، لە ڕێگەی دەوڵەت و دامەزراوە ئەمنییەکانیەوە سەرچاوەکانی سامانی کۆمەڵگەی قۆرخ کردووە، لە هەمان کاتدا سیاسەتە ئابوورییەکانی خۆی لەسەر بنەمای ڕێنماییەکانی سندوقی نێودەوڵەتیی پووڵ و یاساکانی بازاڕی ئازاد ڕێکدەخات. حکوومەتێکی ئاوا، بە گەندەڵییەکی دامەزراوەییەوە کە هەر ڕۆژەو گۆشەیەکی ئاشکرا دەبێت، بە هیچ شێوەیەک توانای چارەسەرکردنی قەیرانی نیشتەجێبوونی نییە.

تا ئەو کاتەی سیستمی سەرمایەداری بەردەوام بێت، قەیرانی نیشتەجێبوون بە شێوەیەکی بنەڕەتی بەبێ چارەسەر دەمێنێتەوە. ئەزموونی مێژوویی نیشانی داوە کە تەنیا خەباتی ڕێکخراو و یەکگرتووی کرێکاران و جەماوەری زەحمەتکێش و بێبەشە کە دەتوانێت ئەم کێشەیە چارەسەر بکات. ئەزموونی ڕووسیا دوای شۆڕشی ئۆکتۆبەر و هەروەها ئەزموونی وڵاتانی ئیسکاندیناڤیا لە سەردەمیدەوڵەتەکانی خۆشگوزەرانیدا، شاهیدی ئەم ڕاستییەن: هەر کاتێک چینی کرێکار بە شێوەیەکی ڕێکخراو لە مەیدانی سیاسیدا ئامادە بووبێت و لەپێناو ویست و داواکارییەکانی خۆی لەوانە شوێنی نیشتەجێبوونی گونجاو خەباتی کردبێت، توانیویەتی دەوڵەتە سەرمایەدارە دەسەڵاتدارەکان ناچار بە پاشەکشە بکات.

کەواتە، هیچ بەڵێنێکی ڕیفۆرمخوازانە یان ئاڵوگۆڕێکی دەوڵەت لە چوارچێوەی هەر ئەم سیستمەدا، گرێی ئەم قەیرانە ناکاتەوە. تاکە ڕێگە بریتییە لە ڕێکخراوبوون و خەباتی یەکگرتووانەی چینی کرێکار و چین و توێژە بێبەشەکانی کۆمەڵگە، خەباتێکی کە دەبێت نەک تەنیا بۆ حەقدەستی باشتر، بەڵکوو بۆ مافی بنەڕەتیی پەناگە و ژیانێکی ئینسانیش بێتە مەیدان.

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە

ڕووداوە گرنگەکان

پەیام نێت

گەلەری

هاوڕێمان بن! ​

پەیوەندی

  Copyright © 2023, All Rights Reserved Payaam.net