پەیام – ماڵپەڕێکی سیاسی و هەواڵی

فەڕانسە لەبەردەم تەقینەوەیەکی کۆمەڵایەتی

 

فەڕانسە جارێکی دیکە بووەتە ناوەندی قەیرانێکی کۆمەڵایەتیی گشتگیر. ئەوەی لە نیوەی سێپتامبری ٢٠٢٦ بە ناڕەزایەتی خوێندکارانی یەکێک لە ئامادەییەکانی دەوروبەری پاریس دەستی پێکرد، لە کەمتر لە مانگێکدا بووە شەپۆلێکی سەرانسەری و خوێندکاران، قوتابییان، موعەلیمان، کارمەندانی بەشی وزە، ئاگرکوژێنەوەکان، جووتیاران و پاشماوەکانی بزووتنەوەی جلێقە زەردەکانی بەیەکەوە هێنایە سەر شەقام. ڕۆژی ١٧ی ئۆکتۆبر، بە دانپیانانی وەزارەتی ناوخۆ ٥٥٠ هەزار کەس و بەپێی ڕێکخەرانی ڕێپێوانەکە ٨٠٠ هەزار کەس لە سەرانسەری وڵات ڕێپێوانیان کرد. بەڵام وەڵامی حکومەت پێش هەموو شتێک ئەمنییەتی بوو. لە هەمان ڕۆژدا نزیکەی هەزار و دوو سەد کەس دەستبەسەر کران، پێشتریش زیاتر لە پێنج هەزار کەس لە ماوەی ناڕەزایەتییەکانی قوتابییاندا دەستبەسەر کرابوون.

ئەم ناڕەزایەتیانە درێژکراوەی گەڕێک خەباتن کە بە جلێقە زەردەکان لە ساڵی ٢٠١٨ دەستی پێکرد و بە مانگرتنەکانی ڕێگەی ئاسن، کۆبوونەوە ملیۆنییەکان لەدژی چاکسازییەکانی خانەنشینی و مانگرتنەکانی پایزی ٢٠٢٥ دژی بودجەی ئابووریی زگ هەڵگوشین (ریاضەت) درێژەی کێشا. بەڵام لە پشت ئەم بەردەوامییەوە دژوازییەکی قووڵ حەشار دراوە. کۆمەڵگایەکی کە چەندین جار ملیۆنان کەسی کۆکردووەتەوە، هێشتا نەیتوانیوە ئەم هێزە کۆمەڵایەتییە بکات بە هێزێکی سیاسیی بەردەوام. ڕیشەی ئەم نەتوانینە دەبێت لە داڕمانی نوێنەرایەتیی سیاسیی چینی کرێکار و قەیرانی مێژوویی چەپی فەڕانسەدا بدۆزرێتەوە.

قوتابییان سەرەتا سەبارەت بە کێشە گەلێکی ڕوون و بەرچاو ناڕەزایەتییان دەردەبڕی. ئەوان گلەییان لە بینا کۆن و  داڕماوەکان، پرۆگرامی خوێندنی تاقەتپڕووکێن و کەمیی موعەلیم هەبوو. ئەم داواکارییانە لەسەر بەستێنی بودجەیەکدا شکڵیانگرت کە بەگوێرەی سەندیکاکان هەزاران پیشەی خوێندنی سڕیوەتەوە. ڕێکەوتی ٦ی ئۆکتۆبر نزیکەی ٤٥٠ هەزار کەس هاتنە سەر شەقام و سەندیکاکانی موعەلیمان و کارمەندانی بەشی وزەش بە مانگرتنەکەوە پەیوەست بوون.

هاوکات، بانگەوازێک کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دژی گرانیی سووتەمەنی و تێچووی ژیان شکڵی گرتبوو، بووە بزووتنەوەیەک بە ناوی “١٧ی ئۆکتۆبر” و سەندیکاکان و حیزبەکان ناچار بوون خۆیان لەگەڵی هاوئاهەنگ بکەن. ئەمە هەمان نموونە ناسراوەکەی جلێقە زەردەکانە: توڕەیی و بیزاری دەرەوە لە دامەزراوە نەریتییەکان پێکدێت و دامەزراوەکان لەبری ئەوەی ڕێنمایی بکەن، وەدوای دەکەون.

لە زۆربەی وڵاتانی ئورووپا توانای بەسیجکردنی سەندیکاکان لەو چەند دەیەی دواییدا کەمی کردووە، بەڵام فەڕانسە نموونەیەکی بەرچاو و جیاوازە. لەگەڵ ئەوەشدا ئەم هێزە کۆمەڵایەتییە زیاتر لە ئاستی خۆڕاگرییدا ڕاگیراوە. بزووتنەوەکان هەندێک جار حکومەتیان ناچار کردووە بە پاشەکشەی تاکتیکی. لیکۆرنۆ، سەرۆکوەزیر، ئەمجارەش بەڵێنی دا کە نرخی کارەبا لە زستاندا بەرز نەکرێتەوە. بەڵام هاوسەنگیی هێز بە شێوەیەکی بەردەوام نەگۆڕدراوە. زۆربەی مانگرتنەکانی ساڵانی ڕابردوو بۆ ڕێگریکردن لە وەرگرتنەوەی دەستکەوتە کۆمەڵایەتییەکان بوون، نەک بۆ سەپاندنی داواکاریی نوێ. بزووتنەوەی کرێکاران بەرگری لەو سەنگەرانە دەکات کە بۆی ماوەتەوە و هێشتا ئامرازی دژەهێرشێکی سیاسیی لەبەردەستدا نییە.

حکومەت ئەمە بە باشی دەزانێت. بە هەندێک ئیمتیازی بچووک فشارەکە کەم دەکاتەوە، هەوڵ دەدات بزووتنەوەکە تا کاتی پشووەکان ماندوو بکات و بە بەرجەستەکردنی توندوتیژییە لاوەکییەکان، “ناڕازیی مەشروع” لە “ئاژاوەگێڕ” جیا دەکاتەوە. وەسفکردنی بزووتنەوەی ئامادەییەکان وەک “توندوتیژیی شاریی” لەلایەن سەرۆکوەزیروە نیشان دەدات کە دەسەڵات بابەتێکی کۆمەڵایەتیی گۆڕیوە بۆ پەروەندەیەکی ئەمنییەتی.

گرنگترین تایبەتمەندیی ئەو شەپۆلەی ئێستا بەشداریی بەرفراوانی قوتابییان و خوێندکارانە. گرانی و قەیرانی شوێنی نیشتەجێبوون تەنگی بە ژیانی ئەم نەوەیە هەڵچنیوە، بودجەی خوێندن کەم کراوەتەوە و بازاڕی کارێکی کە لەبەردەمیانە زیاتر لە هەمیشە لە گرێبەستی کاتی و کاری پلاتفۆرمی پێک هاتووە. خوێندکاری ئەمڕۆ خۆی بە بەشێک دەزانێت لەو چینەی کە سبەینێ لە ڕیزی گرێبەستە ناجێگیرەکاندا دەوەستێت. لەمڕووەوە پەیوەندیی بزووتنەوەی گەنجان بە بزووتنەوەی کرێکارییەوە کاتیی نییە و نیشانەی شکڵگرتنی جۆرێک وشیاریی هاوبەشە دژی دەرئەنجامەکانی سەرمایەداریی نیولیبراڵ.

ڕەنگە بتوانرێت تا ڕادەیەک بەراورد بکرێت

لەگەڵئایاری١٩٦٨،بەڵامئەونەوەیەزیاترلەدەوریئامانجەکولتوورییەکانکۆبووەوە،لەکاتێکدانەوەیئێستالەسەرنان،شوێنینیشتەجێبوونوداهاتوویکارکۆدەبێتەوە. دروستبوونی کۆڕ و کۆمەڵە گشتییەکانی خوێندکاران کە خۆیان بانگەوازی ڕێپێوان دەکەن، نیشانەیەکە لە خۆڕێکخستن کە دەتوانێت بزووتنەوەکە لە ناڕەزایەتی پرشوبڵاو تێپەڕێنێت.

چینی کرێکاری فەڕانسە حزووری هەیە، بەڵام ئامرازی سیاسیی نوێنەرایەتیی خۆی تا ڕادەیەکی زۆر لەدەست داوە. بۆ دەیان ساڵ حیزبی کۆمۆنیست و سەندیکای کرێکاریی “سێ، ژێ، تێ” دوو کۆڵەکەی سەرەکیی ڕێکخستنی کرێکاران بوون و سەرەڕای داواکارییە ئابوورییەکان، کولتووری سیاسی و ناسنامەی چینایەتییان بەرجەستە دەکرد. بەڵام بەشداریی حیزبی کۆمۆنیست لە دەوڵەتە سۆسیالیستەکاندا، لە دەوڵەتی مۆرووا لە دەیەی ١٩٨٠وە بگرە تا دەوڵەتی ژۆسپەن کە تەنانەت زیاتر لە دەوڵەتە ڕاستڕەوەکانی پێش خۆی پەرەیدا بە خسوسیسازی، متمانەکەی لاواز کرد. کاتێک ئەو حیزبانەی بەرگرییان لە کرێکاران دەکرد بوونە هاوبەشی ئابووریی زگ هەڵگوشین و خسوسیکردن، متمانەی مێژوویی بەشێکی گەورەی چینی کرێکار ڕووخا. سەندیکاکان بەشێک لە نفووزی خۆیان پاراستووە، بەڵام بە تەنیا ناتوانن ئەم بۆشاییە پڕ بکەنەوە.

لە بۆشاییەکی لەو جۆرەدا گەشەی ڕاستی توندڕەو بەڕێکەوت نییە. ئەو کرێکارانەی خۆیان بێ نوێنەر دەبینن زۆرجار بەرەو ئەو هێزانە ڕادەکێشرێن کە ئیدیعای شەڕ لەگەڵ “نوخبەی دەسەڵاتدار” دەکەن. لە ناوچە پیشەسازییە لەناوچووەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی فەڕانسە، کە ڕۆژگارێک “پشتێنە سووری” کۆمۆنیستەکان بوو، ئێستا حیزبی ڕاستی “کۆبوونەوەی نیشتمانی” پێگەیەکی پتەوی هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا ئەم ڕەوتە نە لە مانگرتنەکاندا ئامادەیە و نە لە کۆڕ و کۆمەڵە کرێکاری و خوێندکارییەکاندا. سەرکەوتنەکەی زیاتر لەوەی دەرئەنجامی براوەیی ئایدیۆلۆژی بێت، بەرهەمی شکستی هێزە چەپەکانی فەڕانسەیە. مەترسییەکە لەوێدایە کە شەش مانگ پێش هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ٢٠٢٧، ماندووبوون لە ناڕەزایەتییەکی بێ ئەنجام ببێتە سەرمایەی هەڵبژاردنیی هەمان ئەو هێز.

“فەڕانسەیەکی کە ئامادە نییە تەسلیم بێت” بە ڕابەرایەتیی ژان–لووک مێلانشۆن هەوڵی داوە وەڵامی ئەم قەیرانە بداتەوە و توانیویەتی بەشێک لە گەنجان، کۆچبەران و دەنگدەرانی نیگەرانی چەپ کۆ بکاتەوە و ببێتە گرنگترین هێزی ئۆپۆزیسیۆنی چەپ. حکومەت تەنانەت ئەم حیزبەی بە هۆکاری دەستپێکردنی بزووتنەوەی ئامادەییەکان ناساند، تۆمەتێکی کە ڕابەرانی حیزبەکە ڕەتیان کردەوە. ئەم تۆمەتە زیاتر لەوەی ڕاستییەکان ڕوون بکاتەوە، بەیانگەری ترسی دەسەڵاتە لە پەیوەندیی شەقام لەگەڵ هێزێکی سیاسیی ڕێکخراو.

بەڵام بەربەستی سەرەکیی پڕۆژەی “ئەو فەڕانسەیەی کە ئامادە نییە تەسلیم بێت” ئەوەیە کە هێشتا لە چوارچێوەی لۆژیکی هەڵبژاردندا کار دەکات و چینی کرێکاری وەک هێزی ناوەندیی گۆڕانکاری لە ناوەندی ستراتیژییەکەی خۆیدا دانەناوە. بەم شێوەیە مشتومڕێکی کۆن لە نەریتی چەپی ئورووپایی جارێکی دیکە زیندوو دەبێتەوە: ئایا گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی لە سندوقی دەنگدانەوە سەرهەڵدەدات یان لە ڕێکخستنی سەربەخۆی چینی کرێکار لە ناوەندەکانی کار، گەڕەک و زانکۆکان؟ ئەزموونی فەڕانسە نیشان دەدات کە ئەم دووانە لە یەک جیا ناکرێنەوە. بەبێ ڕێکخستنی بنەڕەتی هەر سەرکەوتنێکی هەڵبژاردن لاواز دەبێت و بەبێ ئاسۆی سیاسی هەر بزووتنەوەیەکی شەقام سەرەنجام لاواز و ماندوو دەبێت.

ناڕەزایەتی کۆمەڵایەتی بەردەوام لە حاڵی پەرەسەندندایە و ئاگرکوژێنەوەکان مانگرتنەکەی خۆیان تا دیسامبر درێژ کردووەتەوە. بەڵام نەبوونی ئامرازێکی سیاسیی بەهێز کە ئەم وزەیە بکاتە پڕۆژەیەکی بەردەوام، مەیدان بۆ ڕاستی توندڕەو بەجێ دێڵێت. ئەگەر خوێندکاران و قوتابییان بتوانن کۆڕەکانیان بکەن بە تۆڕێکی بەردەوام و بیبەستنەوە بە کۆمیتەکانی مانگرتن لە شوێنەکانی کار، لەوانەیە ڕێگایەک بۆ دەرچوون لە بازنەی ناڕەزایی و شکست بکرێتەوە. دەنا فەڕانسە جارێکی دیکە هەمان ئەو نموونە ناسراوە تاقی دەکاتەوە و ناڕەزایەتییە گەورەکان سەرەنجام دەگەڕێنەوە بۆ هەمان بنبەستی سیاسی.

کێشەی سەرەکیی فەڕانسەی ئەمڕۆ لاوازیی خەباتی کۆمەڵایەتی نییە، بەڵکوو نەبوونی هێزێکە کە بتوانێت ئەم خەباتە بە ئاسۆیەکی سیاسییەوە ببەستێتەوە. لە وڵاتێکدا کە کرێکاران و خوێندکاران هێشتا توانای هاتنە سەر شەقامیان هەیە، پرسیار ئیتر ئەوە نییە کە ئایا ناڕەزایەتییەک دەبێت یان نا. پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە کام هێز دەتوانێت ئەم ناڕەزایەتییە بکاتە بەدیلێکی سیاسی بۆ داهاتووی فەڕانسە.

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *