قەیرانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە ئێران

زۆرن ئەو سەرلەبەیانیانی کە شارەکانی ئێران بە دەنگی هەنگاوی لەسەرخۆ بەڵام بەردەوامی ڕێپێوانی ناڕەزایەتیی خانەنشینان دەست پێ دەکات، ئەو ژن و پیاوانەی کە ساڵانێکی زۆر لە کارگە و کارخانە و ئیدارە و نەخۆشخانەکاندا کاریان کردووە و ئەمڕۆ لە سەرشەقامەکانی ئەهواز، کرماشان، تەورێز، تاران و دەیان شاری تردا کۆ دەبنەوە تا وەبیری بهێننەوە کە ژیانیان بە سەختی تێپەڕ دەبێت.

دروشمی سەر پلاکاردەکانیان سادەن: ئەوان خوازیاری موچە و مەزایای گونجاو و چارەسەری پزیشکیی بێبەرامبەرن. بەڵام ئەم ڕستە کورتانە،  بەیانگەری چیرۆکێکی دوور و درێژن سەبارەت بە داڕمانی سیستەمێکی خۆشگوزەرانی، چیڕۆکێکی کە بە قەیرانی سندوقەکانی خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتییەوە بەستراوەتەوە. سیستەمی خانەنشینی لە ئێران، لە نزیکەی ۱۷ سندوق پێکهاتووە، چوار سندوقی گەورە و چەندین سندوقی پیشەیی و تایبەت. لە نێوانیاندا، ڕێکخراوی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بە لەخۆگرتنی نزیکەی ٤٦ ملیۆن کەس، یەکێکە لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی ئەمنییەتی ئابووریی کۆمەڵگە. ئەم ژمارە بەرچاوە، نەک هەر تەواوی بیمەکراوان و خانەنشینان، بەڵکوو ئەندامانی بنەماڵەکانیشیان دەگرێتەوە. نزیکەی ۱۶ ملیۆن کەس مانگانە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە خزمەتگوزاریی پزیشکی، یارمەتیی و پابەندبوونی ئەم ڕێکخراوە سوودمەند دەبن. بەم هۆیەوە، هەر گرفتێک لە کارکردنی ئەم سندوقەدا، وەک شەپۆلێکی گەورە، ژیانی ملیۆنان کەس ژێرەوژوور دەکات.

بۆ زۆرێک لە خەڵک، بیمەی کۆمەڵایەتی پەیماننامەیەکی نەنووسراو بەڵام بنەڕەتییە: کرێکار یان کارمەندێکی کە ساڵانێک بەشێک لە مووچەکەی وەک حەقی بیمە پرداخت کردووە، چاوەڕوان دەبێت لە سەردەمی خانەنشینی، نەخۆشی یان پەککەوتەییدا، داهاتێکی جێگیر و خزمەتگوزارییەکی پزیشکیی باوەڕپێکراوی هەبێت. ئەم چاوەڕوانییە، نەک ئمتیازێک، بەڵکوو ئەنجامی ساڵانێک کار، ڕەنج و بەشداری لە بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتیدایە. بەڵام ئەمڕۆ، ئەم پەیماننامەیە لەحاڵی لێکترازاندایە.

سەرچاوەی ئەو قەیرانە دەبێت لە پێکهاتەی دارایی و بەڕێوەبردنی سندوقەکاندا ببێنرێت. دەستەبەری کۆمەڵایەتی بڕیار نییە وەک سندوقێکی تەواو بودجەیی کار بکات، سەرچاوەکانی ئەو سندوقە لەسەر بنەمای حەقی بیمە شکڵ دەگرێت: ۷ لەسەدی  مووچە لەلایەن کەسی بیمەکراو، ۲۰ لەسەد لەلایەن خاوەنکار و ۳ لەسەدیش لەلایەن دەوڵەتەوە. ئەم سازوکارە کاتێک جێگیر دەبێت کە هەلی کاری فەرمی گەشە بکات، خاوەنکاران پشکی خۆیان بە تەواوی بدەن و دەوڵەت بە ئەرکە یاساییەکانییەوە پابەند بێت. بەڵام لە دەیەکانی ڕابردوودا، ئەم سێ مەرجە یەک بە دوای یەکدا پێشێل کراون.

کەڵەکەبوونی قەرزی دەوڵەت بە ڕێکخراوی دەستەبەری کۆمەڵایەتی، یەکێکە لە گرنگترین هۆکارەکانی قەیرانەکە. دەوڵەتەکان، لە سەردەمە جیاوازەکاندا، پشکی یاسایی خۆیان یان نەداوە یان زۆر کەمتر لە بڕی ڕاستەقینە و درەنگ وەخت داویانە. ئەم قەرزە، کە گەیشتووەتە سەدان هەزار ملیار تەمەن، بە کردەوە سەرچاوەکانی سندوقەکەی داخستووە و توانای ئەو سندوقەی بۆ دانی یارمەتییەکان و دابینکردنی تێچووی درمانی کەمتر کردووەتەوە. جگە لە دەوڵەت، هەندێک لە خاوەنکارە گەورەکانیش پشکی خۆیان نادەن. لە نێوانیاندا، سپای پاسداران، کە یەکێکە لە گەورەترین خاوەنکارەکانی وڵات، وەڵامدەرەوەی هیچ دامەزراوەیەکی فەرمی نییە و بەشێکی بەرچاو لە هێزی کاری خۆی لە دەرەوەی چوارچێوەی بیمەدا ڕادەگرێت یان پشکی خۆی وەک خاوەنکار نادات بە سندوقەکان. ئەم دۆخە، ڕەوتی داهاتی سندوقەکەی تێکداوە و باری داراییەکەی قورستر کردووە.

بەڵام قەیرانەکە تەنیا لە سەرەوە نەسەپێنراوە، بەڵکوو پێکهاتەی بازاڕی کاریش برەوی پێداوە. پەرەسەندنی گرێبەستی کاتیی، پەیمانکاری چەند لایەنە، کار و پیشەی نافەرمی و خۆدزینەوە لە بیمە، ژمارەی ئەو کەسانەی کە حەقی بیمە بە تەواوەتی دەدەن کەم کردووەتەوە. کارگە بچووکەکان، دەستگێڕەکان، ئەو ژنانەی  بەبێ گرێبەست کار دەکەن و کرێکارانی وەرزی، بە کردەوە لە بەهرەمەندبوون لە بیمەی گونجاو بێبەشن. ئەم گرووپانە، لە داهاتوودا دەبنە بەشێک لەو جەماوەرەی کە هیچ پاڵپشتییەکی بیمەیی نایانگرێتەوە، جەماوەرێکی کە باری دارایی و کۆمەڵایەتییان دەکەوێتە سەر شانی بنەماڵەکان و کۆمەڵگە.

بەهۆی خراپی باری ئابووری، زۆرێک لە کارگەکان داخراون و بێکاری پەرەی سەندووە و قەیرانەکە قووڵتر بووەتەوە. کاتێک کارگەیەک دەداخرێت، نە تەنیا ئەو کەسانەی کە حەقی بیمە دەدەن کەم دەبنەوە، بەڵکوو ژمارەی ئەو کەسانەش کە پێویستیان بە پاڵپشتی یان خزمەتگوزاریی پزیشکییە زیاد دەکات. هاوسەنگی نێوانئەو کەسانەی حەقی بیمە دەدەنو  ئەو کەسانەی کە لە مەزایای بیمە بەهرەمەندنبە زیانی سندوقەکان دەگۆڕێت، هاوسەنگییەکی کە ئەگەر لە ئاستێکی دیاریکراو بترازێت، سندوقەکە بە کردەوە پەکی دەکەوێت.

لەم نێوەندەدا، بەڕێوەبردنی سندوقەکانیش لەگەڵ ئاڵەنگاریی جددی بەرەوڕوو بوونەتەوە. سندوقی خانەنشینی دامەزراوەیەکە کە دەبێت خاوەنی وەبەرهێنانی کەم‌مەترسی و جێگیر بێت تا بتوانێت مانگانە پاڵپشتی ملیۆنان کەس دابین بکات. بەڵام لە ئێران، زۆر جار کۆمپانیای زیان‌بەر یان کەم‌داهات بەسەر سندوقەکاندا سەپێنراون، کۆمپانیاگەلێکی کە لەبری بەرهەمهێنانی قازانج، سەرچاوەکانی سندوقەکە هەڵدەلوشن و دەرگیری قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی دەکەن. ئەم سیاسەتە، هاوکات لەگەڵ بوونی گەندەڵی دارایی ڕێکخراو لەناوخۆیدا، سندوقەکانی لە کارکردی سەرەکیی خۆیان دوور خستووەتەوە و کردوونی بە کۆمپانیایەکی پڕمەترسی و ناکارامە.

هاوکات لەگەڵ کێشە داراییەکان، قەیرانی چاودێریی پزیشکی و دەرمانیش سێبەری خستووەتە سەر ژیانی خانەنشینان. ناسر موستەفەوی، جێگری سەرۆکی کانوونی خانەنشینانی شیراز، لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ ئاژانسی ئیلنا جەختی کردووەتەوە کە بەڵێنیدەرمانی بێبەرامبەربۆ کرێکاران و خانەنشینان جێبەجێ ناکرێت. ئەم بابەتە، بەتایبەتی بۆ بەساڵاچووان و تووشبووانی نەخۆشییە درێژخایەنەکان، زۆر بەئازارە. تێچووی دەرمان، مانەوە لە نەخۆشخانە، تاقیکاری و خزمەتگوزاریی تایبەت، بەشێکی گەورە لە داهاتی بنەماڵەکان لەخۆ دەگرێت. کاتێک خانەنشین ناچار دەبێت لە گیرفانی خۆی تێچووی دەرمان بدات، یارمەتییەکەی بە کردەوە ناتوانێت وەڵامدەرەوەی گوزەرانی ژیانی بێت.

لە شەقامی شارەکان، خانەنشینان لە کاتی ناڕەزایەتیدا، نە دروشمی توند دەدەن و نە داواکارییەکی نائاسایی دەخەنە ڕوو. ئەوان تەنیا دەڵێن: “مافەکانمان پێبدەن“. ئەم ڕستە سادەیە، پوختەی قەیرانی دەستەبەری کۆمەڵایەتییە، قەیرانێکی کە ئەمنییەتی ئابووری و داهاتووی ملیۆنان بنەماڵە دەخاتە مەترسییەوە. ئەگەر دەوڵەت قەرزەکانی نەداتەوە، ئەگەر خاوەنکارەکان وەڵامدەرەوە نەبن و ئەگەر کەرتی کاری فەرمی بەهێز نەکرێت، ئەم قەیرانە نە تەنیا بەردەوام دەبێت، بەڵکوو دەبێتە یەکێک لە گەورەترین ئاڵەنگارییە کۆمەڵایەتییەکانی ئێران.

بابەتی دەستەبەری کۆمەڵایەتی، لە کۆتاییدا، بابەتی کەرامەتی ئینسانییە. کۆمەڵگەیەکی کە نەتوانێت ئاسایشی سەردەمی بەساڵاچوویی دەستەبەر بکات، هیوا بە داهاتوو لە نەوەی گەنجیشدا لاواز دەکات. داهاتوویەکی کە بۆ ملیۆنان بنەماڵەی کەم‌داهات، لەوەش تاڵتر و قورستر دەبێت.

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە

ڕووداوە گرنگەکان

پەیام نێت

گەلەری

هاوڕێمان بن! ​

پەیوەندی

  Copyright © 2023, All Rights Reserved Payaam.net