لە پاییزی ٢٠٢٦دا شەقامەکانی ئوروپا شاهیدی شەپۆلێکی ناڕەزایەتیی گەنجانە، کە لە بنەڕەتدا داواکارییەکی ڕەوایە لەپێناو مافە بنەڕەتییەکان. قوتابی و خوێندکاران خوێندنی بەکوالیتی، شوێنی نیشتەجێبوونی گونجاو، کاری ئەمن و داهاتوویەکی پێشبینیکراویان دەوێت. لە پاریس و ڕۆمەوە تا ئاتێن، لیسبۆن، مادرید و تیرانا، گەنجان هاتوونەتە سەر شەقام، و ئەوەی لە ناوەڕاستی سێپتامبردا بە ناڕەزایەتیی قوتابیانی دواناوەندیی فەڕانسە بەرامبەر بە کەمیی مامۆستا دەستی پێکرد، ئێستا گۆڕاوە بۆ بزووتنەوەیەکی سەرانسەری سەبارەت بە نایەکسانی و تێچووی ژیان. ڕیشەی ئەم تووڕەییە دەبێت لە دوو شۆکی یەک لەدوای یەکدا بۆی بگەڕێین، واتە بڵاوبوونەوەی کۆڤید–١٩ و شەڕی ئۆکراین، شۆکگەلێکی کە قورساییەکەیان زیاتر لە هەموو گروپێکی تر کەوتە سەر شانی نەوەی گەنج. هەر بەم هۆیەوە ئەمڕۆ یەکێک لە بەڵێنە بنەڕەتییەکانی دیموکراسیی لیبڕاڵ، واتە ئەوەی کە هەر نەوەیەک ژیانێکی باشتری دەبێت لە نەوەی پێش خۆی، لە حاڵی ڕووخاندایە.
پەتای کۆرۆنا لەو کاتەدا سەری هەڵدا کە ئوروپا تازە خەریک بوو لە قەیرانی دارایی ٢٠٠٨ دەربازی بێت و بارودۆخی کار و پیشە بۆ یەکەمجار دەگەڕایەوە ئاستی پێش ئەو قەیرانە. گەنجان زۆرترین بەهایان دا، چونکە زۆربەیان لە هەندێک بەشی وەک چێشتخانە، گەشتیاری و وردەفرۆشیدا کاریان دەکرد و زۆرجار گرێبەستی کاتیی یان نیوەکاتییان هەبوو. بەپێی ڕاپۆرتی یۆرۆفاوند، نزیکەی ١٢%ی گەنجانی تەمەن ١٨ بۆ ٢٩ ساڵ کارەکانیان لەدەستدا و ١٢%ی خوێندکارانیش لەگەڵ بێکاری بەرەوڕوو بوونەوە. لێکەوتەکان تەنیا ئابووری نەبوون. هەمان ئەو ناوەندە ڕایگەیاند کە نزیکەی دوو لەسەر سێی گەنجان لەگەڵ مەترسیی خەمۆکی بەرەوڕوو بوون. لە بەهاری ٢٠٢١دا ٤٣%ی گەنجانی بێکار یان ناچالاک توانای دابینکردنی خەرجییەکانی ژیانیان نەبوو، ٣٩%یان هیچ پاشەکەوتێکیان نەبوو و ١٧%یان بەدەست نائەمنی شوێنی نیشتەجێبوونەوە دەیانناڵاند. داخرانی قوتابخانە و زانکۆکانیش درزێکی پەروەردەیی دروست کرد کە ئەمڕۆ لە پۆلە قەرەباڵغەکان و کەمیی مامۆستادا خۆی دەردەخات، واتە هەمان ئەو شتەی قوتابیانی فەڕانسەیی و ئیتاڵیایی ئەمڕۆ لەدژی دروشم بەرز دەکەنەوە.
خاڵی جێگەی سەرنج ئەوەیە کە بە وتەی یۆرۆفاوند، زۆربەی سیاسەتە پاڵپشتییەکانی حکوومەتەکان لەو سەردەمەدا کاتیی بوون. ئەم ناوەندە هۆشداریی دابوو کە حکوومەتەکان بۆ خۆڕاگرتن لە بەرامبەر قەیرانەکانی داهاتوودا دەبێت هەوڵی درێژخایەنی وەک باشترکردنی هەمیشەیی دەستڕاگەیشتن بە کار و ڕاهێنان و زیادکردنی ئەمنییەتی پیشەیی بخەنە پێشینەی کارەکانیانەوە. ناڕازییانی ئەمڕۆ لە ڕاستیدا هەمان ئەو ئامۆژگارییە بە زمانی شەقام دووپات دەکەنەوە.
هێشتا برینی کۆڤید ساڕێژ نەببوو کە هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراین لە فێوریەی ٢٠٢٢دا شۆکی دووەمی هێنا گۆڕێ. نرخی وزە و خۆراک بەرز بووەوە، چونکە ئۆکراین پێش شەڕ پێنجەمین بەرهەمهێنەری گەنم و گەورەترین بەرهەمهێنەری ڕۆنی گوڵەبەڕۆژەی جیهان بوو. هەڵاوسانی ناوچەی یۆرۆ لە ناوەڕاستی ٢٠٢٢دا گەیشتە ٨٫١%، و کەمێک دواتر ڕیکۆردی ٩٫٩%ی تۆمار کرد. سندوقی نێودەوڵەتیی دراویش هۆشداری دا کە قەیرانی وزە توانای کڕینی بنەماڵەکانی بە ڕادەیەکی زۆر کەم کردووەتەوە. لەم نێوەندەدا گەنجان لە هەمووان زیاتر زیانیان بەرکەوت. لە ساڵی ٢٠٢١دا گروپی تەمەنیی ١٨ بۆ ٢٩ ساڵ بەرزترین ڕێژەی ئەو کەسانەی پێکدەهێنا کە لە مەترسیی هەژاریدا بوون، و گەنجان، بەتایبەتی ژنانی گەنج، زۆرترین زیانیان لە قەیرانی تێچووی ژیان بینی. ئەوان داهاتی کەمتر و پاشەکەوتی کەمترییان هەیە و بەشی هەرەزۆری داهاتەکەیان بۆ کرێ، خۆراک و گواستنەوە خەرج دەکرێت.
بەڵام قووڵترین بەشی ئەم برینە بریتییە لە قەیرانی نیشتەجێبوون. لە ٢٠١٥ەوە تا چارەگی سێیەمی ٢٠٢٥ نرخی خانووبەرە لە یەکێتیی ئوروپا ٦٤٫٩% و کرێی نیشتەجێبوون ٢١٫٨% زیادی کرد. لە پرتەقاڵ نرخی خانووبەرە ١٨٠% بەرز بووەوە، و هەر لەم هەفتەیەدا ناڕازیانی پرتەقاڵی لە گۆڕەپانی ڕۆسیۆی لیسبون چادرییان هەڵدا. یۆرۆفاوند دەڵێت ئەو گەنجانەی بەشێوەی سەربەخۆ دەژین بەشی هەرەزۆری داهاتەکەیان بۆ نیشتەجێبوون خەرج دەکەن و زۆرێکیان، تەنانەت ئەگەر کاریشیان هەبێت، توانای ژیانی سەربەخۆیان نییە. لە ئیسپانیا، ئیتاڵیا، یۆنان و کرۆاتیا مامناوەندی تەمەنی جێهێشتنی ماڵی باوک نزیکەی سی ساڵ و تەنانەت زیاتریشە. ئەلیزا پاستوڕە، خوێندکارێکی کە لەگەڵ براکەیدا بە زەحمەت کرێی یەک ژووری هاوبەش لە ڕۆم دەدات، بە هەواڵنێری سی ئێن ئێنی وتووە ناچارە ڕۆژانە ١٢٠ کیلۆمەتر هاتووچۆ بکات. شۆکی وزەش هێشتا تەواو نەبووە و هەر ئەمڕۆ خاوەن کامیۆنەکانی ئیتالیا بە ناڕەزایی لە دژی گرانبوونی سووتەمەنی لە دوای شەڕی ئێران ڕێگاکانیان داخستووە. قەیرانەکان لەسەر یەک کەڵەکە بوون.
چەخماخەی ناڕەزایەتییەکان لە هەر وڵاتێکدا جیاواز بوو، بەڵام ناڕازیان لە یەکتر ئیلهامیان وەرگرتووە و یەکێتییە خوێندکارییەکان ئەزموونەکانیان لەگەڵ یەکتر دابەش دەکەن. لە فەڕانسە هەموو شتێک لە سێپتامبردا بە ناڕەزایەتیی قوتابیانی دواناوەندی بەرامبەر کەمیی مامۆستا دەستی پێکرد و ئێستا داواکارییەکان پۆلی بچووکتر، بودجەی زیاتر بۆ مامۆستایان، ژێرخانی بنەڕەتی و کۆتاییهێنان بە توندوتیژیی پۆلیس دەگرێتەوە. لە ئیتالیا، قوتابیانی دواناوەندییەک لە ڕۆم لە ٧ی ئۆکتۆبردا بە دروشمی “هاوشێوەی فەڕانسە” قوتابخانەکەیان داگیر کرد و داوای قوتابخانەی ئەمن، کاری شەرافەتمەندانە، تەندروستیی گشتی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتییان کرد. لە ئیسپانیا خواستی نیشتەجێبوونی گونجاو بە شێوەیەک گشتگیر بوو کە حکوومەت ناچار بوو هەڵبژاردنی پێشوەختە ڕابگەیەنێت. ئەم شەپۆلە گەیشتە پرتەقاڵیش و ناڕازییانی ئەوێ داوای دیاریکردنی ئاستی بەرزبوونەوەی کرێ و هەڵوەشاندنەوەی ئەو یاسایە دەکەن کە ڕێگای بۆ دەرکردنی کرێنشینان خۆش کردووە.
لە یۆنان قوتابیان و مامۆستایان پێکەوە لەپێناو خوێندنی گشتی و بێبەرامبەر ڕێپێوانیان کرد و لە بلژیک گەنجان لە بڕۆکسل و لیێژ لەدژی تێچووی ژیان خۆپیشاندانیان کرد. لە ئاڵبانی پڕۆژەی دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی لۆکس بە پشتگیریی جەرد کۆشنەر چەخماخەی ناڕەزایەتییەکی لێدا، کە بووە هۆی خەبات لەدژی گەندەڵی و داواکردنی دەستلەکارکێشانەوەی حکوومەتی ئەدی ڕاما. لە سربستان بزووتنەوەیەکی خوێندکاریی دوو ساڵە لەدژی گەندەڵی بەردەوامە. لە ئاڵمانیش بۆ ٣١ی ئۆکتۆبر بانگەوازی ناڕەزایەتیی و خۆپیشاندانی سەرانسەری دراوە. شەپۆلەکە هێشتا بەردەوامە. یەکێتییەکانی فەڕانسە و ئیسپانیا بۆ ٥ و ١١ی نوامبر مانگرتنی سەرانسەرییان ڕاگەیاندووە و یەکێتییە خوێندکارییەکانی بریتانیا و ئیتالیا ڕۆژی ٢٠ی نوامبریان وەک ڕۆژی ناڕەزایەتی بەرامبەر بە تێچووی خوێندن دیاری کردووە. دروشمی ناڕازییانی یۆنانی کە دەڵێن: لە یۆنانەوە تا فەڕانسە، ئێمە خوێندنی گشتی و بێبەرامبەرمان دەوێت” بە باشی ئەم هاوپشتییە کورت دەکاتەوە.
ئەوەی ناڕازییان دەیانەوێت ئیمتیاز نییە، بەڵکوو مافێکی ناسراون. خوێندنی بێبەرامبەر و بەکوالیتی، شوێنی نیشتەجێبوونی گونجاو، کاری شەرافەتمەندانە و تەندروستیی گشتی لە پەیماننامەی مافە بنەڕەتییەکانی یەکێتیی ئوروپا و پەیماننامەی کۆمەڵایەتیی ئوروپادا بە فەرمی ناسراون، و گەنجان شتێکی زیاتر لە جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانەیان ناوێت کە لەسەر شانی حکوومەتەکانە. داواکارییەکانیان دیاریکراو و شیاوی جێبەجێکردنن. فەڕانسەییەکان قوتابیی کەمتر لە هەر پۆلێکدا و بودجەی زیاتریان دەوێت بۆ مامۆستایان و پرتەقاڵییەکان دیاریکردنی ئاستی کرێ و هەڵوەشاندنەوەی یاسایەکی دیاریکراو. ئەمانە بەرنامەی سیاسین، نەک دروشم گەلێکی زێهنی و ئەبستراکت.
نەوەی “زد” یان جیلی نوێ لە ساڵەکانی دەستپێکی ژیانیدا دوو قەیرانی گەورەی ئەزموون کرد، بێ ئەوەی هیچ ڕۆڵێکی لە دروستکردنی هیچیاندا هەبووبێت. پاڵپشتییەکانی سەردەمی کۆرۆنا کاتیی بوون و تێچووی هەڵاوسانی شەڕی ئۆکراین زیاتر کەوتە سەر شانی چین و توێژە کەمداهاتەکان. ئێستا زیرەکیی دەستکردیش بۆتە هەڕەشە بۆسەر پیشە ئاستنزمەکان و داهاتووی کاری لێڵتر کردووە. وەڵامی حکوومەتەکان زۆرتر بریتی بووە لە ئینکار و سەرکوتکردن نەک گفتوگۆ. وەزیری پەروەردەی ئیتالیا لێکچوونەکەی لەگەڵ فەڕانسە ڕەتکردەوە و کێشەکەی خستە سەر کۆچبەران. لە لیسبون ٥٥ کەس دەستبەسەر کران و ئیمانوێل ماکرۆن ناڕەزایەتییەکانی دەرەوەی چوارچێوەی یەکێتییە کرێکارییەکانی سنووردار کردووە. کاتێک ڕێگا یاسایی و دامەزراوەییەکان دادەخرێن، شەقام دەبێتە دوایین بژاردە بۆ دەنگ هەڵبڕین.
ئەم بزووتنەوانە لە نەوەی گەنجیش تێپەڕیوون. قەیرانی نیشتەجێبوون نەوە بەتەمەنترەکانیشی هێناوەتە سەر شەقام و داواکاریی گەنجان لە ڕاستیدا داواکارییەکە بۆ دادپەروەریی کۆمەڵایەتیی گشتگیر. زۆربەی هەرەزۆری ناڕەزایەتییەکان هێمنانە بوون، هەرچەندە بێگومان توندوتیژی لەلایەن بەشێک لە ناڕازییان و هەروەها لەلایەن پۆلیسیشەوە ڕوویداوە. کێشە لە مەحکوومکردنی توندوتیژیدا نییە، بەڵکوو لە دەستەبژێر کردنیدایە. هەمان ئەو ڕەوایەتانەی کە هەر ئۆتۆمبێلێکی سووتاو بە وردەکارییەوە نیشان دەدەن، هیچ باسی ئەو تازەلاوە ناکەن کە بەهۆی بەرکەوتنی نارنجۆکی فرمێسکڕێژەوە زۆربەی ددانەکانی لەدەستدا، یان ئەو کوڕە پازدە ساڵانەی کە بەهۆی نارنجۆکی پۆلیس دەستێکی لەدەستدا. کاتێک توندوتیژی لەدژی ماڵ و موڵک وەک ڕاستیی بزووتنەوەکە نیشان دەدرێت و توندوتیژی لەدژی جەستەی تازەلاوان فەرامۆش دەکرێت، ئیتر لەگەڵ مەحکوومکردنی توندوتیژیدا ڕووبەڕوو نین، بەڵکوو لەگەڵ کردنە ئامرازیدا بەرەوڕووین. نزیکەی هەر بزووتنەوەیەکی جەماوەریی گەورە، لە مانگرتنەکانی ١٩٦٨ەوە تا جلیقە زەردەکان، پەراوێزی توندوتیژییان هەبووە و هیچ کەس ناوەڕۆکی ئەو بزووتنەوانە بۆ ئاستی شووشەی شکاو کەم ناکاتەوە.
ناڕەزایەتییەکانی گەنجانی ئوروپا هاواری نەوەیەکن کە بەبێ ئەوەی تاوانبار بن، تێچووی دوو شۆکی مێژووییان بە کار، خوێندن، تەندروستیی دەروونی و چواردیوارییەک بۆ حەوانەوە داوە. کۆرۆنا پێشی بە خوێندن و یەکەم هەنگاوە کارییەکانی ئەم نەوەیە گرت و شەڕی ئۆکراین بە هەڵاوسانی وزە و خۆراک پاشەکەوتە کەمەکەشی تەواو کرد، ئەویش لەسەر بەستێنی قەیرانێکی نیشتەجێبوونی کە پێشتر بڵێسەی سەندبوو. پۆلی ئینسانیی، مامۆستای پێویست، کرێی گونجاو و کاری ئەمن نە داواکاریی ڕادیکاڵن و نە خەیاڵن، بەڵکوو هەمان ئەو بەڵێنانەن کە حکوومەتە ئەوروپاییەکان خۆیان داویانە. نەوەی ئەمڕۆ حەقی خۆیەتی متمانە بە دیموکراسیی لیبڕاڵ و بەڵێنەکانی نەکات.


