ژمارەیەک لە ژنانی گوندی «تەمپ ڕیگان»ی سەر بە شارستانی ئێرانشەهر، لە بەردەم بەنزینخانەی گوندەکەدا گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان ساز کرد و تووڕەیی خۆیان لە بێبەشبوون لە ئاوی خواردنەوە، کەمیی نان و بێکاری دەربڕی.
یەکێک لە ژنانی بەشدار لە خۆپێشاندانەکەدا ڕایگەیاند کە دانیشتووانی گوندەکە شەش ڕۆژە دەستیان بە ئاوی خواردنەوە و ئاوی پێویست بۆ پاکوخاوێنی ناگات، و بەرپرسانیش هیچ هەنگاوێکیان بۆ چارەسەرکردنی ئەم قەیرانە نەناوە. ژنانی ناڕازی بە ئاماژەدان بە کەمیی نان لە نانەواخانەکان و نەبوونی دەرفەتی کار، داوای بەدواداچوونی دەستبەجێی کێشەکانیان کرد و هۆشدارییان دا کە ئەگەر داواکارییەکانیان پشتگوێ بخرێت، بە شەوان ناڕەزایەتییە مەیدانییەکانیان درێژە پێدەدەن.
ناڕەزایەتیی ژنانی گوندی «تەمپ ڕیگان» بەهۆی نەبوونی ئاو، کەمیی نان و بێکاری


