
ڕۆژی ڕابردوو، سەرۆکی یەکێتی سەندیكای کرێکارانی بیناسازی کوردستان هۆشداری دا کە لە ئەگەری جێبەجێکردنی پلانی نوێی بەرزکردنەوەی ڕێژەی بەشداری بیمەی کرێکارانی بیناسازی، زۆربەی کرێکارانی ئەم بەشە پیشەییە لە چوارچێوەی بیمەی تەئمینی ئیجتماعی دەردەکرێن.
میکائیل سدیقی، سەرۆکی یەکێتی سەندیكای کرێکارانی بیناسازی کوردستان، ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەگەر ئەم پلانە نوێیە جێبەجێ بکرێت، نزیکەی ٧٠ تا ٨٠ لە سەدی کرێکاران ناتوانن پارەی بیمەکانیان بە ناوەندە پەیوەندیدارەکان بدەن و لە ئەنجامدا لە وەرگرتنی خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان بێبەش دەکرێن. ناوبراو هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە لە مانگانی ڕابردوودا، بە هۆی نەبوونی دەرفەتی کار و هەروەها کۆتایی هاتنی پرۆژە بیناسازییەکان، لە دۆخێکی زۆر خراپی ئابووریدا دەژین و توانای پێدانی پارەی بیمە و هەروەها دابین کردنی پێداویستییەکانی ژیانی بنەماڵەکانیان نییە.