
هەژاریی لەڕادەبەدەر، تەنگی بە بەشێکی گەورە لە کۆمەڵگەی ئێران هەڵچنیوە. ژیانی چین و توێژەکانی وەک کرێکاران، مووچەخۆران، خانەنشینان، بێکاران و توێژە کەمدرامەتەکانی تر، زیاتر لە پێشوو بەرەو سنووری هەژاریی موتڵەق چووە و دابینکردنی سەرەتاییترین پێداویستییەکانی ژیان بۆ ملیۆنان بنەماڵە بووەتە ئەرکێکی زۆر ئەستەم و تاقەتپڕوکێن. قەیرانی ئەمڕۆ تەنیا لە دابەزینی توانای کڕیندا کورت نابێتەوە، بەڵکوو ئەمنییەتی خۆراک، تەندروستی، پەروەردەی منداڵان، ئەمنییەتی پیشەیی و تەنانەت ئومێد بە داهاتووشی کردووەتە ئامانج.
ڕاپۆرتێکی کە لەلایەن ئاژانسی هەواڵی “ئیلنا“وە سەبارەت بە دۆخی هەڵاوسان و تێچووی ژیان لە مانگی پووشپەڕی ١٤٠٥ بڵاوکراوەتەوە، وێنەیەکی هەژێنەر لە قووڵایی ئەم قەیرانە نیشان دەدات. بەپێی ئامارە فەرمییەکان، هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵی پێداویستییە خۆراکییەکان گەیشتووەتە زیاتر لە ١٢٨ لەسەد واتە نرخی سەبەتەیەکی دیاریکراوی خۆراک و خواردمەنی بە بەراورد لەگەڵ هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو، زیاتر لە دوو هێندە و نیو بەرابەر زیادی کردووە. گۆشت، مریشک، هێلکە، برنج، دانەوێڵەکان، بەرهەمە شیرەمەنییەکان، ڕۆن، میوە، سەوزەوات و تەنانەت نانیش، کە سەردەمانێک پایەی سەرەکیی سفرهی خەڵک بوون، ئێستا بۆ بەشی هەرەزۆری بنەماڵەکان بوونەتە پێویستییەکی کە دەستڕاگەیشتن پێیان زۆر ئەستەم یاخود مەحاڵ بووە.
قەیرانەکە ئەو کاتە زیاتر دەردەکەوێت کە جیاوازیی نێوان حەقدەست و تێچووی ڕاستەقینەی ژیان لێک دەدەینەوە. خەمڵاندنە سەربەخۆکان نیشان دەدەن کە کەمترین تێچووی ژیانی بنەماڵەیەکی کرێکاری ۳ کەسی گەیشتووەتە نزیکەی ۹۰ ملیۆن تمەن لە مانگێکدا. لە بەرانبەردا، حەقدەستی مانگانەی کرێکارێکی خێزاندار کە خاوەنی یەک منداڵ بن، تەنانەت بە هەژمارکردنی سەرجەم یارمهتییەکانیشەوە، دەگاتە نزیکەی ۲۴.۹ ملیۆن تمەن. بەم شێوەیە، حەقدەستی کرێکارێک تەنیا نزیکەی ۲۷.۵ لەسەدی تێچووی پێویستییەکانی ژیان دابین دەکات، واتە داهاتی مانگانەکەی تەنیا بەشی نزیکەی هەشت ڕۆژی دەکات و دەبێت بنەماڵەکە زیاتر لە بیست ڕۆژەکەی تر بە قەرزکردن، وازهێنان پێداویستییە سەرەکییەکان، فڕۆشتنی کەلوپەل یان کاری زیاتر بباتە سەر.
ئەم ئامارانە نیشان دەدەن کە کەلێنی قووڵ و بەردەوامی نێوان داهات و تێچوو، ژیانی کرێکارانی گەیاندووەتە بارودۆخێکی زۆر دژوار و نائاسایی. کاتێک حەقدەستی کرێکارێکی کە تەواو وەخت کار دەکات وەڵامدەرەوەی تەنانەت یەک لەسەر سێی تێچووە بنەڕەتییەکان نەبێت، کارکردن ئیتر ژیانێکی شەرافەتمەندانەی پێ دابین ناکرێت. لە ئاوا بارودۆخێکدا، شاغلبوون بە مانای ڕزگاربوون لە هەژاری نییە و زۆرێک لە کرێکاران، سەرەڕای چەندین کاتژمێر کارکردن، هەروا لە ڕیزی هەژاراندا دەمێننەوە.
کاریگەرییەکانی ئەم قەیرانە لەسەر سفرهی بنەماڵەکان بە ڕوونی دیارە. دەستپێوەگرتنی ئاسایی ئیتر کاریگەریی نەماوە، چونکە بڕی بەکاربردنی زۆرێک لە بنەماڵەکان پێشتریش گەشتبووە کەمترین ئاستی خۆی. لابردنی گۆشت و ماسی لەسەر سفرهکان، کەمکردنەوەی بەکارهێنانی شیرەمەنی، میوە و سەوزەوات، پەنابردنە بەر خۆراکی کەمبایەخ و هەرزانتر و دابەزینی کوالیتیی خۆراک، بەشێکە لە واقیعی ڕۆژانەی ژیانی چینە کەمدرامەتەکان. کاتێک کڕینی دانەیەک هێلکە، بڕێک ماکەرۆنی یان بڕێکی کەم گۆشت و مریشک بۆ بنەماڵەکان دەبێتە کارێکی ئەستەم، دەبێت قسە لە قەیرانێکی جددیی بژێوی و تەندروستیی گشتی بكرێت.
نەبوونی ئەمنییەتی خۆراک، بەتایبەت بۆ منداڵان، دەرئەنجامی واوەتر لە برسیێتی ڕۆژانەی هەیە. ئەو منداڵانەی ڕووبەڕووی بەدخۆراکیی نادیار، کەمیی پرۆتین، ڤیتامین و ماددە کانزاییەکان دەبنەوە، لەوانەیە تووشی لاوازیی جەستەیی، دابەزینی تەرکیز، کەمبوونەوەی ئاستی فێربوون و زیانی تەندروستیی درێژخایەن ببنەوە. ئەم بارودۆخە بەو مانایەیە کە هەژاریی ئەمڕۆ، هەژاریی سبەینێش بەرهەم دەهێنێتەوە. کۆمەڵگەیەکی کە نەتوانێت خۆراکی تەندروست، پەروەردەی گونجاو و دەرمانی پێویست بۆ منداڵان دابین بکات، لە ڕاستیدا داهاتووی خۆی خستووەتە مەترسییەوە.
گوشاری ئابووری بنەماڵەکانی زۆرتر بەرەو هەڵبژاردنی ڕێگەچارەی تاکەکەسی و بەخوازراوی وەک ئیزافەکاری، چەند پیشەیی، کۆچکردن، قەرزکردن، فڕۆشتنی کەلوپەلی ناوماڵ، پەنابردنە بەر وامی قورس و کەمکردنەوەی ئێجگار زۆری هەزینە سەرەکییەکان، ئاراستە کردووە. بەڵام ئەم ڕێگەچارانە زۆرجار بەردەوام نین و لە زۆربەی حاڵەتەکاندا تەنیا قەیرانەکە بە داهاتوو دەسپێرن. کرێکارێکی کە چەند پیشەیی ڕووبەڕووی داڕمانی جەستەیی و دەروونی دەبێتەوە، بنەماڵەیەکی کە ناچارە کەلوپەلی ماڵەکەی بفڕۆشێت، پشتیوانەکەی لەدەست دەدات، و قەرزە یەک لەدوای یەکەکانیش، بەشێکی زۆر لە داهاتی داهاتوو هەڵدەلوشێت.
لە پاڵ هەڵاوساندا، کێشەیەکی بنەڕەتیی تر بریتییە لە بێپەنابوونی خەڵک لە بەرانبەر هەڵاوساندا. کرێکار لە بەرانبەر خاوەنکار، خاوەن ماڵ، بانک، بازار و پێکهاتەکانی بڕیاردانی ئابووریدا، پێگەیەکی لاوازی دەبێت و ناچارە ئاستی داواکارییەکانی کەم بکاتەوە. لە کۆمەڵگەیەکدا کە ڕێکخراوە سەربەخۆ کرێکارییەکان لەگەڵ بەربەست بەرەوڕوون و کرێکارانی فەرمی، گرێبەستی، پڕۆژەیی و ناوفەرمی پرشوبڵاون، گوشاری قەیرانەکە قورسایی زیاتر دەخاتە سەر شانی چین و توێژە کەمدرامەتەکان.
لەمڕووەوە، ڕێکخراوی سەربەخۆ، مافی ناڕەزایەتی دەربڕین و مافی مانگرتن، بوونەتە پێویستییەکی زۆر گرنگ بۆ بەرگریکردن لە ژیان. کرێکارانی ڕێکخراو دەتوانن بۆ زیادکردنی حەقدەست بەپێی هەڵاوسانی ڕاستەقینە، دانی بەوەختی حەقدەست، بیمەی تەواو، ئەمنییەتی پیشەیی، ڕێگری لە دەرکردنی ئارەزوومەندانە، بیمەی بێکاری، کۆنتڕۆڵکردنی کرێی خانوو و دەستڕاگەیشتن بە دەرمان و پەروەردەی خاوەن کوالیتی، لە دانوستانەکانیاندا پێگەیەکی بەهێزتر بەدەست بهێنین.
یەکەم هەنگاو لەم ڕێگەیەدا، بریتییە لە ڕزگاربوون لە لێکدابڕان و پرشوبڵاویی. کرێکاران دەتوانن لەناو کارگەکان، کارخاکان، ناوەندەکانی خزمەتگوزاری، نەخۆشخانەکان، قوتابخانە، گەڕەکەکان و ناوەندەکانی تری کاردا ئەڵقەی پەیوەندی و هاوپشتی دروست بکەن. ئەم ئەڵقانە مەرج نییە هەر لە سەرەتاوە گەورە بن، بەڵکوو کۆڕ و کۆمەڵی بچووک، هۆشیار و بەردەوام دەتوانن زەمینەی متمانە، ئاڵوگۆڕی ئەزموون و پێکهێنانی ڕێکخراوی بەربڵاوتر خۆش بکەن.
دروستکردنی سندوقی هاوکاریی گەڕەک و پیشەییش دەتوانێت هەنگاوێکی گرنگ بێت. زۆرێک لە کرێکاران لە ئەنجامی نەخۆشی، بێکاری، دەرکردن یان قەیرانی لەناکاودا، پێویستییان بە پشتیوانیی بەپەلە دەبێت. کۆمەکی سندوقەکانی هاوپشتی، تەنانەت ئەگەر سنوورداریش بێت، دەتوانن بەشێک لە گوشارەکە کەم بکەنەوە و پەیوەندییە مرۆیی و کۆمەڵایەتییەکان بەهێزتر بکەن. ئەم ئەزموونانە هەروەها خەڵک فێری ئەوە دەکەن کە لە بەرانبەر قەیراندا تەنیا نین و دەتوانن پشت بە هێزی هاوبەشی خۆیان ببەستن.
داواکارییەکانیش دەبێت ڕوون، گشتی و شیاوی دەستڕاگەیشتن بن، بۆ نموونە: حەقدەستی گونجاو لەگەڵ تێچووی ڕاستەقینەی ژیان، دابینکردنی کاڵا بنەڕەتییەکان، بیمەی گشتگیر، پاڵپشتی لە بێکاران، ئەمنییەتی پیشەیی، پەروەردە و دەرمانی بێبەرامبەر و خاوەن کوالیتی، مافی ڕێکخراوی سەربەخۆ و مافی ناڕەزایەتی. ئەم داواکارییانە دەتوانن کرێکارانی فەرمی و ناوفەرمی، ژنان و پیاوان، خانەنشینان، موعەلیمان، پەرستاران، شۆفێران، کارمەندانی خزمەتگوزاری و بێکاران بە یەکترەوە گرێ بدەن.
ئەم قەیرانەی ئێستا نیشانی داوە کە چاوەڕوانی، دەست لەسەردەست دانان و ڕێگەچارەی تاکەکەسی ناتوانن وەڵامدەرەوەی هەژاریی بەربڵاو بن. تەنیا ڕێگەی بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ دابەزینی بەردەوامی ئاستی ژیان، بریتییە لە یەکگرتوویی، هاوپشتی، پێکهێنانی ڕێکخراوی سەربەخۆ و خەباتی بەکۆمەڵ. کێشەی ئەمڕۆ تەنیا گرانی نیست، بەڵکوو کێشەکە بێپەنابوونی خەڵکە لە بەرانبەر گرانیدا. پێکهێنانی هێزی بەکۆمەڵ، پێویستییەکی حاشاهەڵنەگرە بۆ بەرگریکردن لە سفره، تەندروستی، کەرامەت و داهاتووی ملیۆنان مرۆڤ.