درێژەی شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی” لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا
یەکەم: هێرشی دەوڵەتی ڕەگەزپەرستی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە پێی ناوەتە چوارەمین مانگی خۆیەوە. بۆردومانە جینایەتکارانەکان نەک هەر بینا چۆڵەکان، بەڵکوو نەخۆشخانە و کەمپەکانی پەنابەران و بیناکانی ژێر دەسەڵاتی کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکانیش کە بەشێک لە دانیشتووانی غەززە پەنایان بردووەتە بەر ئەو شوێنانە، دەکاتە ئامانج. تەنانەت کاروانی یارمەتییە مرۆییەکانیش لە هێرشە ئاسمانی و تۆپخانەکانی ئەرتەشی ئیسرائیل پارێزراو نین. ژمارەی کوژراوەکانی ئەو جینایەتە، ٢٣ هەزار کەسی تێپەڕاندووە، کە یەک لەسەر سێیان منداڵن. بڕیارنامەکانی پەیوەست بە ئاگربەست لە نەتەوە یەکگرتووەکان یەک لە دوای یەک لەلایەن دەوڵەتی ئەمریکاوە ویتۆ دەکرێن. نزیکەی هەموو دانیشتوانی غەززە ئاوارە بوون و تەنانەت ئەو پەنابەرانەش کە لە لێواری کەرتی غەززە و نزیک ڕێڕەوی نێوان میسر و ئیسرائیل جێگیر بوون، لە هێرش و بۆردومانەکان پارێزراو نین. لە کەرتی ڕۆژئاوا تا ئێستا زیاتر لە ٢٠٠ گەنجی ناڕازی فەلەستینی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون و سەدان کەسیش دەستبەسەر کراون. دەوڵەتی ئیسرائیل بە ئاشکرا هەوڵی دەرکردنی خەڵکی فەلەستین لە کەرتی غەززە دەدات. لەم دواییانەدا وەزیری دارایی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە، لە ڕەوتی کۆچکردنی خۆبەخشانەی عەرەبەکانی غەززە بەرەو وڵاتانی جیهان پێشوازی دەکات و پێیوایە کە ئەوە چارەسەرێکی ئینسانی و دروستە بۆ دانیشتوانی غەززە و سەرجەم ناوچەکە دوای ٧٥ ساڵ پەنابەریی و هەژاریی و مەترسی. باڵیۆزی پێشووی ئیسرائیل لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش لەم پێوەندییەدا دەڵێت: غەززە بەر لە شەڕ شوێنێکی باش نەبووە بۆ ژیان و لە دوای شەڕیش شوێنێکی باشتر نابێت. هەربۆیە پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە فکری بژاردەگەڵێکدابێت کە بیخاتە بەردەم ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت لەم ناوچەیە بچنەدەرەوە و، ئێمە وتوومانە کە باشتر وایە ژمارەیەکی ڕەمزی دیاری بکرێت کە هەر وڵاتێک پابەند بێت بە یارمەتیدانی فەلەستینییەکان بۆ ئەوەی لەوێ لە ژیانێکی باشتر بەهرەمەند بن. بۆچی ئەم بژاردەیە بۆ خەڵکی غەززە کە دەیانەوێت بڕۆنە دەرەوە، فەراهەم نەکەین؟ بژاردەیەکی لەو چەشنە، بە کردەوە هیچ واتایەکی نییە جگە لە ئاوارەکردنی زیاتر لە دوو ملیۆن دانیشتووی غەززە لە بیابانەکانی سینادا. لەوڕووەوە کەچارەنووسێکی لەوشێوەیە، ویستی خەڵکی غەززە نییە، ئەوا دەبێت بەجینۆساید ناچاربکرێن بۆ ئەوەیکە جگەلەوە، هیچ ڕێگەیەکیتر لەبەردەم خۆیاندا نەبینن و لە ڕاستیدا ئەمە ستراتیژی ڕاستەقینەی دەوڵەتی نئوفاشیستی ئیسرائیلە لە غەززە. پێویستە خەڵکی ئازادیخوازی جیهان بە هەموو هێزەوە بەرەوڕووی ئەم ستراتێژە ڕەگەزپەرستانەیە ببنەوە. ئەمە پاکتاوێکی نەتەوەیی بە مانا و بێ شەرمانەیە.
دووەم: هێشتا سێ هەفتە بەسەر ئاشکرابوونی گەندەڵی سێ ملیار و ٧٠٠ ملیۆن دۆلاری شیرکەتی چای دێبش دا تێنەپەڕیبوو کە پەروەندەیەکی دیکەی ساختەکاری و گەندەڵی لە ئاستە باڵاکانی ڕێژیمدا ئاشکرا بوو. ڕەمەزان ئەمینی ڕاوێژکاری سەرۆکی شارەوانی شیراز، بە هاوکاری بنەماڵەکەی، شیرکەتێکی مەجازییان بە ناوی “بە ئایین مێهر پارس” دامەزراندووە و لەو ڕێگایەوە بە بیانووی هەناردەکردنی میوەی وشک بۆ عومان و قەتەر و ئەوروپا، داوایان لە خەڵک کردووە لەو شیرکەتەدا سەرمایەگوزاری بکەن. ناوبراو و ئەندامانی بنەماڵەکەی، بە بڕی١٥٠ ملیارد تمەن فێڵیان لە خەڵکی شیراز و دەوروبەر کردووە.
واقیعییەت ئەوەیە کە پێکهاتەی حکوومەتی ئیسلامی بە بوونی ئیمپراتۆریەتێکی ئابووریی زەبەلاحی ژێر دەسەڵاتی سپای پاسداران، کە نزیکەی، ٧٠٪ی تەواوی ئابووری ئێرانی لە دەستدایە، سەرچاوەی سەرەکی گەندەڵییە. بەڵام پرسی گەندەڵی لەم حکوومەتە شپرزەیەدا، هاوکات ئامرازێکی سیاسیشە. لە ڕاستیدا لە کۆماری ئیسلامیدا، گەندەڵی، جۆرێکە لە “گەندەڵی ستراتێژی” کە لوتکەی دەسەڵات بە ئانقەست وەک ئامرازێک بۆ درێژەدان بە مانەوەی خۆی بەکاری دەهێنێت. کەمبوونەوەی بەرچاوی ڕۆحی ئاڕمانگەرایی و مەسەلەی بیروباوەڕی ئایینی لە نەوەی نوێی ناو هێزەکانی ڕژیمدا و لاوازبوونی پێگە کۆمەڵایەتییەکەی، هیچ ڕێگایەکی بۆ گەیشتن بە لوتکەی دەسەڵات لەناو هێزەکانیدا نەهێشتۆتەوە جگە لەوەی کە زەمینەی گەندەڵی دارایی و دەوڵەمەندکردن لەنێواندا و بە تایبەت لەناو کەسانی سەرەوەی دەسەڵات، لە ئاستێکی بەربڵاودا، فەراهەم بکات. خاوەنکارەکانیش بەتایبەت دوای کۆتایی هاتنی شەڕ لەگەڵ عێراق و سەرۆککۆماریی ڕەفسەنجانی، باسیان لەوە دەکرد کە گەندەڵی شتێکی خراپ نییە و ڕەوڕەوەی گەشەپێدان خێراتر دەکات. ئەوان بەم ئارگیومێنتە، کە بۆ کابینەکەی ڕەفسەنجانی جێگەی پەسەند بوو، هەموو ئامرازێکیان بەکارهێنا بەمەبەستی دەرکردنی کرێکارانی ناڕازی و هەرزانکردنی هێزی کار.. یەکێکی تر لە ڕیشەکانی گەندەڵی پێکهاتەیی لە حکوومەتی ئیسلامیدا، بریتییە لە سروشتی ئیدئۆلۆژیکی دەوڵەت، کە بەپێی ڕادەی نزیکیی و گوێڕایەڵی بۆ پێکهاتەی دەسەڵات و لوتکەی هەرەمەکەی، هێزەکان هەڵدەسەنگێنێت و چاوپۆشی دەکات لە دەور و نەخشی ئەوان لە تاڵانچێتییەکی ڕێکخراودا. شەڕی ئێستای باڵی بەهێزی ئابووریی نزیک لە بەیت و بەرەی پایەداریی لەگەڵ نیۆلیبرالیزمی لیبراڵ و میانڕەوەکان و بنەماڵەی ڕەفسەنجانیش، هەمان لۆژیک پەیڕەو دەکات.
سێهەم: ماشێنی کوشتاری ڕژیمی کۆماری ئیسلامی خێراتر بووە. لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا جینایەتکارانی ڕژیم بە شێوەیەکی بێباکانە و بەبێ گرنگیدان بە کاردانەوەی بیروڕای گشتی، تۆمەتباران لە زیندانەکاندا لەسێدارە دەدەن و هاوکات زەخت و گوشارەکانیان بۆ سەر زیندانیانی سیاسی لە ناو زیندانەکاندا پەرەپێداوە. بەڵام ڕوون و ئاشکرایە کە پەرەسەندنی گوشارەکان و گرتنەبەری ڕێوشوێنی سەرکوتگەرانە، نەک لە هێز و دەسەڵاتی ڕژیم، بەڵکوو لە ڕووی داماویی و ترس لە گەشەکردن و پەرەسەندنی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانەوە سەرچاوە دەگرێت. بێگومان هەوڵەکانی ڕژیم لەم بابەتەوە سەرکەوتوو نابێت و کرێکارانی ناڕازی و کۆمەڵانی خەڵکی مافخواز و چەوساوە و ستەمدیتوو، بەم هەوڵانە چاوترسێن نابن. پەرەسەندنی خەبات و خۆڕاگری ژنانی ئازادیخواز لە دژی حیجابی ئیجباری و خەباتی کرێکاران و خانەنشینان لە چەند مانگی ڕابردوودا، سەلمێنەری ئەم ڕاستییەیە. ئەگەریش سەرکوت لە قۆناغێکدا بتوانێت هەنگاوێک پاشەکشە بە خەڵک بکات، بەڵام زەمینە بابەتییەکانی هەڵچوونی ڕق و توڕەیی جەماوەر پەرەپێدەدات و سەرەنجام ئاگری خەبات و ناڕەزایەتییە جەماوەریی و مافخوازانەکان بڵێسە دەستێنێ و بە تێکڕوخاندی بینای کۆشکی ستەم و زۆرداری کۆماری ئیسلامی، زەمینە بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی ئازاد، دێموکراتیک و یەکسانی پشتبەستوو بە هێزی ڕێکخراو و یەکگرتووی جەماوەری کرێکاریی و زەحمەتکێش و چەوساوە، خۆش دەکات. لەم پێوەندییەدا ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران ( ڕاهی کاریگەر ) و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، بە دەرکردنی ڕاگەیاندن پشتیوانی خۆیان لە کەمپەینێکی کە لەلایەن دامەزراوە مەدەنییەکانەوە بۆ ماوەی یەک هەفتە واتە لە ١٣ تا ٢٠ی ژانویە ڕاگەیەندرابوو، دەربڕیوە.
چوارەم – خەباتی کرێکاران بەتایبەتی لە ناوەندە پیشەسازییەکانی نەوت و فولاد هەروا بەردەوامە و لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا زیاتر لە ٢٠ مانگرتن و ناڕەزایەتی کرێکاریی بەڕێوەچووە. لەم پێوەندییەدا شاری شوش ناوەندی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی کرێکارانی مافخواز بوو. کرێکاران بەرامبەر بە گرانی و لەخوارەوەبوونی ئاستی حەقدەستەکان، ناڕازین. ڕێکەوتی ١٠ی بەفرانبار، کرێکارانی شیرکەتی پایانە و مەخزەنەکانی پێترۆشیمی بەندەری ماهشەهر بۆ دووەمین ڕۆژی بەردەوام لە ناڕەزایەتی بە جێبەجێنەکردنی تەرحی تەبەقەبەندی پیشەکان و داواکارییەکانی دیکەیان، لە بەردەم بینای ئەو شیرکەتە کۆبوونەوە و ناڕەزایەتییان دەربڕی. لەهەمان ڕۆژدا، ژمارەیەک لە کرێکارانی فەرمی وەزارەتی نەوت کە لە شیرکەتی نەوت و گازی ئاغاجاری کاردەکەن، خوازیاری لابردنی تەواوەتی سەقفی مووچە، لابردنی سنووردارکردنی ساڵانی خانەنشینی، گەڕانەوەی لێبڕینی باجی زیادە، جێبەجێکردنی تەواوی مادەی ١٠ و دەستدرێژی نەکردنەسەر سندوقی خانەنشینی کرێکارانی نەوت بوون. خۆپیشاندەران لەم کۆبوونەوەیەدا لە دژی لەخوارەوەبوونی حەقدەستی خانەنشینان و گرانی و هەڵاوسان دروشمیان وتەوە. ڕۆژی هەینی ٨ی بەفرانباری ١٤٠٢، کرێکارانی فەرمی نەوت لە شیرکەتی فەلاتی قاڕەی بێهرەگان، بۆ چەندەمین جاری لەسەریەک بەمەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە جێبەجێنەکردنی داواکارییەکانیان کۆبوونەوە. ئەو کرێکارانە لە کۆبوونەوەکانیاندا خوازیاری لابردنی کەسانی نفوزی و بەڕێوەبەرانی ناکارامە، لابردنی سەقفی مووچە، زیادکردنی لانیکەمی مووچە، لابردنی سنووردارکردنی ساڵانی خانەنشینی، جێبەجێکردنی تەواوەتی مادەی ١٠، پێدانی مووچە وەدواکەوتووەکان، لێک جیانەکردنەوەی پیشە لە ناوچە عەمەلیاتییەکان و دەستدرێژی نەکردنەسەر سندوقی خانەنشینی نەوت بوون. ڕۆژی چوارشەممە ٦ی بەفرانباری ١٤٠٢، کرێکارانی فەرمی شیرکەتی نەوت و گازی ئاغاجاری، لە درێژەی خەبات و ناڕەزایەتییەکانی خۆیان و هاوکارەکانیاندا، سەرلەنوێ کۆبوونەوە و لەسەر ویست و داواکارییەکانیان پێداگرییان کرد. مانگرتنی کرێکارانی فولاد بەشێوەیەکی شکۆدار لە ڕۆژەکانی سێهەم و چوارەم و پێنجەم دا بەشێوەیەکی شێلگیرانە و لە ئاستێکی بەربڵاودا بەردەوام بوو. ئەوە لە حاڵێکدایە کە خۆپیشاندانی هەفتانەی خانەنشینانیش هەروا بەردەوامە و کۆماری ئیسلامی بە ڕاگەیاندنی مایەپووچبوونی سندوقەکانی خانەنشینی، لە وڵامدانەوە و ویست و داواکارییەکانی خانەنشینان خۆدەبوێرێت. ڕێکخراوە جۆراوجۆرەکانی خانەنشینانیش ڕایانگەیاندووە کە تا گەیشتن بە ویست و داواکارییەکانیان، لەسەر درێژەدان بە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی سەرشەقام بەردەوام دەبن. هاوکات لەگەڵ خەبات و ناڕەزایەتی کرێکاران و خانەنشینان، خەبات لەپێناو هەوای پاک و پاراستنی ژینگەش، بووەتە مێحوەری خەباتی جەماوەریی. خەباتی خەڵکی ئەردەکانی یەزد و خەڵکی ئەراک لە ناڕەزایەتی بە پیسبوونی هەوا و بەکارهێنانی مازووت لەلایەن ڕژیمەوە، دەستپێکی قۆناغێکی خەبات لەپێناو ژینگەدا نیشان دەدات. ئاشکرایە کە تێکدانی ژینگە یەکێک لە دەرئەنجامەکانی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامییە کە بووەتە هۆی ناڕەزایەتی بەرینی خەڵک لە سەرانسەری وڵات. ئەم فرەچەشنییەی بوارەکانی خەبات، نیشانەی قووڵبوونەوە و پەرەسەندنی بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی“یە. بابەتێکی کە حکوومەتی ئیسلامی نیگەران کردووە.
پێنجەم– بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادی، بە خەبات و خۆڕاگریی قارەمانانەی ژنان لە دژی حیجابی ئیجباریی، پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێوە. ئەم خەبات و ناڕەزایەتیانە لەناو کۆمەڵگا و لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیدا بە گڕوتینەوە بەردەوامن. بڵاوبوونەوەی ڕەنجنامەی ڕوئیا حیشمەتی، یەکێک لە ژنانی خەباتکار کە بەهۆی بەسەردانەدانی حیجاب، سزای شەلاق لێدانی بەسەردا سەپێندرابوو، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەنگدانەوە و ڕەنگدانەوەیەکی بەربڵای هەبوو. کۆماری ئیسلامی کە تەحەمولی خۆڕاگرییەکی لەم چەشنەی نەبوو، پەنای بردووەتە بەر تۆمەت هەڵبەستن و پەروەندەسازی لەدژی ناوبراو. لە درێژەی هەرئەم ورە بەرزی و خەباتکارانەی ژنانی ئێراندایە کە خۆڕاگریی زیندانیانی سیاسیش لە ناو زیندانەکاندا پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێ و گەشەی سەندووە. خۆڕاگریی قارەمانانە بەرامبەر بە ویستی جەلادەکان بۆ ناچارکردنیان بە تۆبەکردن و دەربڕینی پەشیمانی لەبەردەم کامێراکانی تەلەویزیۆن، لەبەرنەکردنی جلوبەرگی زیندان لەکاتی ناردنیان بۆ ناوەندە پزیشکییەکانی دەرەوەی زیندان، بەکارنەهێنانی حیجابی ئیسلامی لە کاتی چوونە بەردەم دادگا، نووسین و بڵاوکردنەوەی نامەی ناڕەزایەتی لە دژی سیستەمی گەندەڵی دادوەریی و ئیدارەی زیندانەکان، دەربڕینی شادی و خۆشی لەناو زیندان لە کاتی بەخشینی خەڵاتی نێودەوڵەتی بە خەباتکاران و بنەماڵەکانیان، کۆبوونەوە و هەروەها مانگرتن و شێوازەکانی دیکەی چەشنە، سەلمێنەری ئەم ڕاستییەن.
شەشەم – تەقینەوەی دوو بۆمب لە ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی قاسم سلێمانی لە گۆڕستانی کرمان، نزیکەی سەد کوژراو و زیاتر لە ١٥٠ برینداری لێکەوتەوە. ژمارەیەکی زۆر لە کوژراو و بریندارەکان منداڵان و تازەلاوان بوون و ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەو ڕاستییەی کە ڕژیم بۆ قەرەباڵغ کردنی ئەو ڕێوڕەسمە، منداڵانی خوێندکاری قوتابخانەکانی لەو شوێنە کۆکردبووەوە. دوای دوو ڕۆژ لە تێپەڕبوونی ڕووداوەکە و دەستاودەستکردنی کۆماری ئیسلامی، دواجار داعش بەرپرسیارێتیی ئەو تەقینەوەیەی لە ئەستۆ گرت. هەرچۆنێک بێت، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئەم کردەوە تیرۆریستییە، کاری چ هێزێک بووە و بە چ مەبەستێک ئەنجام دراوە، خەڵکی بێ دیفاع قوربانیی ئەو کارەساتەن. دوکەڵی ئەمجۆرە کردەوە تیرۆریستیانە دەچێتە چاوی خەڵکی ئێران و ئەو خەڵکە بێتاوانانەی کە یان دەبنە قوربانی ئەم تیرۆرە یان بەهۆی تیرۆریزە کردنی کەشوهەوای کۆمەڵگا و پەرەپێدانی سەرکوت و خەفەقانی هەرچی زیاتر لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە، باجی لێکەوتەکانی دەدەن. بەڵام لە ڕوانگەی زۆربەی هەرەزۆری خەڵکی ئێرانەوە، ئەم کارەساتە نیشانەی ئاشکرای ناکارامەیی ڕژیمە، بەجۆرێک کە تەنانەت توانایی دابینکردنی ئەمنییەتی ڕێوڕەسمە فەرمییەکانی خۆیشی نییە. هەروەها پێویستە ئەو خاڵەش لەبەرچاو بگیرێت کە بە وتەی فەرمانداری کرمان، گوایە لە چەند ڕۆژی پێش ڕێوڕەسمەکەدا لە کرمان و بەلوچستان شانزە بۆمب دۆزراوەتەوە و پووچەڵکراونەتەوە، بەڵام بەو حاڵەشەوە ئەو مەراسیمە هەڵنەوەشێنرایەوە و تەنیا ڕێگری لە ئامادەبوونی بەرپرسانی حکوومەتی و بنەماڵەی قاسم سولەیمانی کرا. دوا بەدوای تەقینەوەکەش دامودەزگا ئەمنییەکان و دوو هەزار هێزی گوردانی سایبێری ڕژیم، هەموو هەوڵێکیان خستووەتەگەڕ بۆ دۆزینەوە و دەستبەسەرکردنی بەکارهێنەرانی دژبەری ڕژیم بە بیانووی بێ ڕێزیکردن بە قاسم سولەیمانی و بڵاوکردنەوەی هەواڵی ئەو کردەوە تیرۆریستیە، دژ بە ئامانجەکانی ڕژیم. بەرپرسی هێزی قەزایی ڕژیمیش داوای لە دادستانەکان کردووە کە کاردانەوەی جددی بەرامبەر بە ڕاپۆرتەکانی هێزە سایبێرییەکان لەخۆیان نیشان بدەن. ئەم بابەتە لە لایەکەوە ئەوپەڕی شپرزەیی ئۆرگانە ئەمنییەتییەکانی ڕژیم دەردەخات کە لە ئاست پێشگیری لەو جۆرە کردەوە تیرۆریستییانەدا بێتوانان و لە لایەکی دیکەشەوە بەیانگەری ئەو ڕاستییەیە کە ژیان و ئاسوودەیی و ڕای خەڵکی ئێران بۆ دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی، هیچ بایەخێکى نییە.
بڕووخێ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی
سەرکەوتوو بێت شۆڕشی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران
بژی ئازادی، دێموکراسی و سۆسیالیزم
ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران ( ڕاهی کاریگەر)
حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
چوارشەممە ٢٠ی بەفرانباری ١٤٠٢ / ١٠ی ژانوییەی ٢٠٢٤