١٨ی سێپتامبر و خواستی حەقدەستی یەکسان لە بەرامبەر کاری یەکساندا

ڕۆژی جیهانیی حەقدەستی یەکسان وەبیرهێنەرەوەی داواکارییەکی سادە و لە هەمان کاتدا بنەڕەتییە: هیچ کەسێک نابیێت بەهۆی ڕەگەز یان پێگەی کۆمەڵایەتییەوە، بۆ کارێک بە بەهای یەکسان، حەقدەستێکی کەمتری پێ بدرێت. بەپێی خەمڵاندنی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، کەلێنی حەقدەستی ڕەگەزیی لە ئاستی جیهاندا هێشتاش نزیکەی ۲۰ لەسەدە، ڕەقەمێکی کە تەنیا ڕەنگدانەوەی جیاوازیی کار و پیشەکان نییە، بەڵکوو ڕیشەی لە نایەکسانیی دەرفەتەکانی کار و دامەزران، سەختیی بەرزبوونەوەی پلەی پیشەیی و سنوورداربوونی دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوەکاندایە. لە ئێران، هەر لێکۆڵینەوەیەک لەم دیاردەیە کە پێگەی ژنان لە بەشی کشتوکاڵ، پێشەسازیی مۆنتاژ، کارگە بچووکەکان و کارە ناڕەسمییەکان لەبەرچاو نەگرێت، ئەنجامێکی تەواو نادات بەدەستەوە، هەر وەک چۆن بارودۆخی منداڵان و تازەلاوانی کار، ڕەهەندێکی دیکەی ئەم پەیوەندییە نایەکسانە ئاشکرا دەکات.

چەمکیحەقدەستی یەکسان بۆ کاری بە بەهای یەکسانزۆر بەربڵاوترە لە پێدانی حەقدەستی یەکسان بە کەسانێکی کە خاوەن پیشەییەکی هاوشێوەن. دوو کاری جیاوازیش دەکرێت لە ڕووی لێهاتوویی، بەرپرسیارێتی، هەوڵ و مەرجەکانی ئەنجامدانیەوە، بەهای یەکسانیان هەبێت. هەڵاواردن ڕێک لەوێدایە کە کارێک تەنیا بەهۆی ئەوەی کە بە پیشەی ژنانە لەقەڵەم دەدرێت، بە کەمبایەخ تر هەڵدەسەنگێندرێت. جیاوازی گشتیی داهاتی ژنان و پیاوان نابێت هاوتا لەگەڵ جیاوازیی حەقدەستەکەیان لە کارێکی دیاریکراودا دابنرێت، بێبەشبوون لە کارە پڕداهاتەکان، سەعاتکاری بە حەقدەستی کەمتر بەهۆی بەرپرسیارەتییەکانی بنەماڵە و هەروەها سەختیی بەرزبوونەوەی پلەی پیشەییش، ئەم کەلێنە بەرفراوانتر دەکەن.

لە ئێران، بەشێکی زۆر لە ژنانی کرێکار بەبێ گرێبەستی نووسراو، بیمە یان سەعاتکاری دیاریکراو کار دەکەن. ئەم بارودۆخە سەلماندنی پەیوەندیی نێوان کار و داواکاریی حەقدەست دژوارتر دەکات، و ترس لە دەرکردن، پێویستیی بەپەلە بە داهات و سنوورداربوونی دەرفەتەکانی کار، ئیمکانی ناڕەزایەتی دەربڕین کەمتر دەکاتەوە. لە بەشی کشتوکاڵدا، ژنان لە زۆربەی قۆناغەکانی کار، لە چاندن و بژارکردنەوە تا هەڵگرتنەوە، جیاکردنەوە و بەستەبەندی بەرهەم، ڕۆڵیان هەیە، بەڵام ئەم کارە زۆربەی کات نە وەک کارێکی سەربەخۆ، بەڵکوو وەکیارمەتیدانی بنەماڵەدەناسرێت، لە ئاوا بارودۆخێکدا تەنانەت حەقدەستێکی سەربەخۆش بۆ ژنان لەبەرچاو ناگیرێت. لە کاری ڕۆژانە و وەرزیشدا پێگەی لاواز، وابەستەیی بە نێوەندگیرەکان و کەمیی دەرفەتی جێگرەوە، زەمینەی پێدانی حەقدەستی کەمتر بە ژنان خۆش دەکات. پاساوەکانی وەک ئەوەی کەپیاو سەرچاوەی سەرەکی داهاتەیانداهاتی ژن یارمەتییە، هیچ پەیوەندییەکیان بە بەهای ڕاستەقینەی کارەوە نییە، حەقدەست دەبێت لەسەر بنەمای کارێکی کە ئەنجام دەدرێت دیاری بکرێت، نەک ڕوانگەیەکی کە خاوەنکار سەبارەت بە پێگەی بنەماڵەیی کرێکار هەیەتی.

لە چالاكییەکانی وەک مۆنتاژی کەلوپەل، بەستەبەندی، خەیاتی و بەرهەمهێنانی کارگەییدا، لێهاتووییەکانی وەک وردبینی، خێرایی و هەماهەنگیی دەست و چاو ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەیان هەیە. بەڵام کاتێک ئەم تواناییانە وەکتایبەتمەندیی سروشتیی ژناندەناسێندرێن، لەبری لێهاتوویی پیشەیی، وەک بابەتێکی ئاسایی بێ‌بەها بەرچاو دەکەون، ڕوانگەیەکی کە کۆمەک دەکات بە لەخوارەوە ڕاگرتنی حەقدەستی ئەو کارانەی کە بە پیشەی ژنانە پێناسە کراون. هەڵاواردن هەمیشەش بە شێوەی دوو نرخی جیاواز بۆ کارێک دەر ناکەوێت، هەندێک جار ژنان لە پلەی نزمتردا ڕادەگیرێن، کەمتر بەرپرسیارەتییە فەنییەکان و سەرپەرشتیکردنیان پێ دەسپێردرێت، یان لە ئیمتیاز و پاداشتی کەمتر بەهرەمەند دەبن.

تێگەیشتنی تەواو لە پێگەی پیشەیی ژنان بەبێ دیتنی کاری ناوماڵ و چاودێریی بێ‌ حەقدەست مەحاڵە. چاوەدێری منداڵان، بەساڵاچووان و نەخۆشەکان، چێشتلێنان و خاوێنکردنەوە، کات و وزەیەکی زۆری دەوێت، بەڵام بە شێوەیەکی ئاسایی لە هیچ لێکدانەوەیەکی داهاتدا نابێنرێت. دابەشکردنی نایەکسانی ئەم بەرپرسیارێتیانە ژنان بەرەو کاری نزیک لە ماڵەوە، کاری نیوەوەخت، ناڕەسمی یان کەم‌داهات ئاڕاستە دەکات، بەم شێوەیە، هەڵبژاردنی پیشەیی هەمیشە هەڵبژاردنێکی ئازاد لە نێوان دەرفەتە یەکسانەکاندا نییە. پەرەپێدانی خزمەتگوزارییەکانی چاودێریی بەردەست، باخچەی ساوایانی گونجاو و بەشداریی یەکسانی پیاوان لە بەرپرسیارێتییەکانی ناو ماڵ، بەشێکی دانەبڕاوە لە سیاسەتی حەقدەستی یەکسان، نەک بابەتێکی لاوەکی.

کاری منداڵان و تازەلاوانیش دەبێت لەم گۆشەنیگایەوە ببینرێت. لە بازاڕ و دوکانەکاندا، بەشێک لە شاگردەکان، پادۆکان و باربەرەکان لەو تازەلاوانە پێکدێن کە بەمەبەستی یارمەتیدانی بژێوی بنەماڵەکانیان کار دەکەن، بۆماوەی چەندین کاتژمێر خەریکی گواستنەوەی کەلوپەل، خاوێنکردنەوە، گەیاندنی داواکارییەکان و وەڵامدانەوەی کڕیاران دەبن، بەڵام حەقدەستەکەیان بە ناویپووڵ گیرفانییانکۆمەک خەرجپاساو دەکرێت. دەبێت لە نێوان فێرکردنی ڕاستەقینەی پیشەیەک و سوود وەرگرتن لە هێزی کاری هەرزانی تازەلاوان جیاوازی دابنرێت، ئەگەر تازەلاوێک ئەرکی کرێکارێکی ئاسایی ئەنجام دەدات، ناوبردنی بەشاگردخۆی لەخۆیدا پاساو نییە بۆ پێدانی حەقدەستی کەم. تەمەنی کەم نابێت بەهانەیەک بێت بۆ بێ‌بەها لەقەڵەمدانی کار، هەرچەند داواکاریی حەقدەستی دادپەروەرانەش نابێت ببێتە هۆی ئاساییکردنەوەی کاری منداڵان.

بەڵام کاتێک قسە لە نایەکسانی حەقدەست لە نێوان ژن و پیاو، یان لە نێوان منداڵ و گەورەساڵدا دەکەین، نابێت ئەوەمان لەبیر بچێت کە چێنی کرێکار لە ئێران، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە حەقدەستەکەی یەکسانە یان نایەکسانە لەگەڵ ئەویتر، بە شێوەیەکی دڕندانە دەچەوسێتەوە. سەرمایە لە ئێران بە هەڵاوسانی هەوسارپچڕاو، حەقدەستی چەندین بەرامبەر لە ژێر هێڵی هەژاریدا و سەرکوتی هەر چەشنە ڕێکخراوێکی سەربەخۆی کرێکاری، لە ژن و پیاو، ئەفغانستانی و ئێرانی، کورد و فارس، بە یەک ئەندازە سوود بەدەست دەهێنێت. بەڵام هەر ئەم کەلێنانەی کە لە ئاستی حەقدەستەکاندا بوونی هەیە، هەرچەند ڕاستەقینە و ئازاربەخشن، دەبنە ئامرازێک بۆ دووبەرەکی لە نێوان چێنی کرێکاردا. کرێکارێکی ئەفغانستانی یان کرێکارێکی کورد کە بەمەبەستی دۆزینەوەی کار کوچ دەکەن بۆ دوورترین شوێنەکانی ئێران و لە ڕووی ناچارییەوە بە حەقدەستێکی کەمتر لە کرێکاری خۆجێیی ڕازی دەبێت، خۆی قوربانیی هەمان ئەو سیستەمەیە کە قازانج بەلایەوە گرنگترە لە بژێویی مرۆڤەکان. بەڵام ئەم بارودۆخە، ئەگەر هاوکات نەبێت لەگەڵ وشیاریی چینایەتی، دەتوانێت بێتە هۆی زەمینە خۆشکردن بۆ ڕەفتاری شۆڤێنیستی بەرامبەر بە کرێکارانی بیانی و کۆچبەر و سەرلەنوێ  بەرهەمهێنانەوەی هەڵاواردن لە نێوان خودی کرێکاراندا، واتە هەمان ئەو کرێکارانەی کە دەبێت یەکگرتوو بن لەدژی ئەم سیستەمە چەوسێنەرە.

هەر بۆیە، خەبات لەپێناو حەقدەستی یەکسان لە بەرامبەر کاری یەکساندا نابیێت لە چوارچێوەی کێبڕکێی نێوان گرووپە جیاوازەکانی کرێکاراندا قەتیس بمێنێتەوە. ژنی کرێکار، منداڵی کرێکار، کرێکاری کۆچبەری ئەفغانستانی و کرێکاری کورد، هەر یەک بە شێوەیەکی تایبەت تامی تاڵی هەڵاواردن دەچێژن، بەڵام هەموویان لەگەڵ یەک خاوەنکار و یەک سیستەمی حەقدەست بەرەوڕوون کە هەرزانیی هێزی کار لە هەر کەلێنێکی مومکینی ڕەگەزی، نەتەوەیی، هاووڵاتیبوون یان تەمەن، دەردەکێشێت. لەقاودانی ئەم کەلێنانە هەنگاوێکی پێویستە، بەڵام هەنگاوی یەکلاکەرەوە لەو شوێنەدا دەنرێت کە کرێکاران، لەبری ئەوەی یەکتر بە چاوی ڕکابەر ببینن بۆ هەمان حەقدەستی کەم، ڕیزەکانی خۆیان لەپێناو حەقدەستی شایستە، ئەمنییەتی پیشەیی و مافی ڕێکخراوی سەربەخۆدا یەکگرتوو بکەن. حەقدەستی یەکسان بۆ کاری یەکسان، لە کۆتاییدا، تەنیا لە ژێر تیشکی هاوپشتیی چێنایەتی دا، نەک لە گۆشەگیریی ویست و داواکارییە جیاوازەکاندا، دەبێتە دەستکەوتێکی ڕاستەقینە.

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە

ڕووداوە گرنگەکان

پەیام نێت

گەلەری

هاوڕێمان بن! ​

پەیوەندی

  Copyright © 2023, All Rights Reserved Payaam.net