پوختەی وتەکانی کرێکاری گیانبەختکردوو جەماڵ چراغ‌وەیسی و یادێک لە نەریتی بەڕێوەچوونی ڕۆژی جیهانیی کرێکار لە کوردستان

پوختەی وتەکانی کرێکاری گیانبەختکردوو جەماڵ چراغ‌وەیسی و یادێک لە نەریتی بەڕێوەچوونی ڕۆژی جیهانیی کرێکار لە کوردستان

لە ساڵەکانی ۱۳۶۷ و ۱۳۶۸ و لە بارودۆخێکدا کە کۆماری ئیسلامی بەوپەڕی دڕندەییەوە هەر چەشنە دەنگێکی ئازادیخوازی و ناڕەزایەتییەکی سەرکوت دەکرد، چالاکانی کرێکاریی سنە، بەتایبەت ئەو کرێکارانەی لەیەکێتیی سەنعەتکارانی سنەدا ڕێکخرابوون، بوونە پێشەنگی ڕێکخستن و بەڕێوەبردنی ڕۆژی جیهانیی کرێکار و سنەیان کردە یەکێک لە ناوەندە گرنگەکانی خەباتی چینی کرێکار لە ئێران. لووتکەی ئەم قۆناغە، بریتی بوو لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی یەکی ئایاری ۱۳۶۸ لە ساڵۆنی تەختیی سنە و وتارە پڕ جۆش و خرۆش و ڕادیکاڵەکەی هاوڕێ جەماڵ چراغ‌وەیسی، ئەو کرێکارە شۆڕشگێڕ و کۆمۆنیستەی کە تەنیا بە تاوانی قسەکردن لەسەر ماف و داخوازییەکانی هاوبیرەکانی خۆی، لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە دەستگیر کرا و پاش چەند مانگانێک لە دڕندانەترین ئەزییەت و ئازار و ئەشکەنجە، سەرەنجام لە سێدارە درا.

جەماڵ دوای دەستگیرکردنی، زیاتر لە ٩ مانگ ئەشکەنجە درا، بەڵام لێوی ڕازداری نەکردەوە و بە بێدەنگی و خۆڕاگریی خۆی، گیانی دەیان هەڵسووڕاو و خەباتکاری کرێکاریی سنەی ڕزگار کرد. ڕژێم بە لەسێدارەدانی ئەو، ویستی کرێکاران چاوترسێن بکات و پرشوبڵاویان بکات، بەڵام بەپێچەوانەوە، وتارە ڕادیکاڵەکەی و خۆڕاگرییەکەی لە زیندان و لەسێدارەدانی بە تاوانی بەرگریکردن لە مافی کرێکاران، بوو بە سەرچاوەی ئیلهام و هۆشیاری و هاندانی کرێکاران بۆ یەکگرتوویی و ڕێکخراوبوون.

ئەمڕۆ لە بارودۆخێکدا بەرەو یەکی ئایار دەچین کە کۆمەڵگەی ئێران لێوانلێوە لە قەیران و لە هەمان کاتدا لەبەردەم گۆڕانکاریی گەورەدایە. کۆماری ئیسلامی لە هەر کاتێک زیاتر گۆشەگیر بووە و کەوتووەتە بەر نەفرەت و بێزاریی گشتی، بەڵام ئامادەنەبوونی چینی کرێکار لە ئاستێکی ڕێکخراودا و وەک ئاڵترناتیڤێکی هۆشیار و یەکگرتوو، خاڵی هەرە لاوازیی ئەو بزووتنەوەی ئێستایە. لەم ڕوانگەیەوە، یادی جەماڵ چراغ‌وەیسی و سەرجەم گیانبەختکردووانی بزووتنەوەی کرێکاری و سۆسیالیستی، وەبیرهێنەرەوەی پێویستیی درێژەدان بە هەمان ڕێگایە، واتە گرێدانی ویست و داخوازیی ڕۆژانەی کرێکاران، ژنان و چین و توێژە بێبەشەکان بە ئاسۆی کۆتایی ڕزگاریی چینایەتی و سۆسیالیستی.

لەو چوارچێوەیەدا، وتارەکەی جەماڵ چراغ‌وەیسی لە یەکی ئایاری ۱۳۶۸ لە ساڵۆنی تەختیی سنە، وێنەیەکی ڕوون لە تێڕوانینی ئەو بۆ ڕێکخستنی جەماوەریی کرێکاران و ئامرازە پراکتیکییەکانی ئەو ڕێکخستنە دەخاتە ڕوو.

تەوەرە سەرەکییەکانی وتارەکەی جەماڵ چراغ‌وەیسی:

جەماڵ سەرەتای وتەکانی بە بەخێرهاتنی هاوڕێیانی کرێکار و جەختکردنەوە لەسەر ئەو خاڵە دەست پێ دەکات کە ئەمڕۆڕۆژی جیهانیی کرێکار و جەژنی جیهانیی خۆمانە“. ئەو جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە دەبێ ئەم ڕۆژە ببێتە تریبۆنێک بۆ خستنەڕووی ویست و داخوازییەکان و هاوفکریی بەکۆمەڵی کرێکاران.

خاڵی سەرەکیی باسەکەی، بریتییە لە چەمکیکۆبوونەوەی گشتیی کرێکاریی“. ئەو کۆبوونەوەی گشتی بە شێوەیەکی سادە و ڕوون و بە وردی بەمجۆرە پێناسە دەکات: کۆبوونەوەی ژمارەیەک کرێکار لە کات و شوێنێکی دیاریکراودا بۆ قسە و باس لەسەر بابەتێکی دیاریکراو و بڕیاردانی بەکۆمەڵ و وشیارانە. لە ڕوانگەی ئەوەوە، مرۆڤ لە بنەڕەتدا بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتییە و کرێکاران تەنیا لە یەکگرتوویی و هاوفکری و هاوپشتی، دەتوانن وەڵامی پێداویستی و ئازارە هاوبەشەکانیان بدەنەوە. کۆبوونەوەی گشتی لای ئەو،چەک و زامنیبەدەستهێنانی مافی کرێکارانە.

جەماڵ پاشان ئاماژە بە ویست و داخوازییە دیاریکراوەکانی کرێکاران دەکات،  لەوانە: زیادکردنی حەقدەست، کەمکردنەوەی کاتژمێرەکانی کار، دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان، مافی بیمەی بێکاری، ڕێگری لە دەرکردن و دەیان داخوازی تری فەرامۆشکراو. ئەو جەخت لەسەر دەکاتەوە کە بەدیهاتنی ئەم داخوازییانە تەنیا بە پشتبەستن بە هێزی بەکۆمەڵ و کۆبوونەوەی گشتی مومکین دەبێت، نەک بە هەوڵی تاکەکەسی و پرشوبڵاویی.

بە بڕوای ئەو، ئەزموونی مێژوویی چینی کرێکار نیشانی داوە کە هەر کاتێک کرێکار بە تەنیا هەوڵی دابێت، لەگەڵ دەرکران و سەرکوت ڕووبەڕوو بووەتەوە و هەر کاتێکیش یەکگرتوو و ڕێکخراو بووبێت، شانسی سەرکەوتنی هەبووە. هەربۆیە کۆبوونەوەی گشتی، شتێکی نامۆ و دوورەدەست نییە، هەر ئەم کۆبوونەوەیەی ڕۆژی کرێکار و ئەم قسە و باس و داخوازییانە، خۆی جۆرێکە لە کۆبوونەوەی گشتی.

ئەو هەروەها ڕوونی دەکاتەوە کە کرێکاران بە کردەوە لە شوێنی کار، لە گەڕەکەکان و تەنانەت لەناو بنەمەڵەکانیشدا کۆڕ و کۆبوونەوەی بچووک و سەرەتاییان هەیە، بەڵام ئەوەی کە بڕشت و پێگەی ڕاستەقینە دەبەخشێت بەکۆبوونەوەی گشتی، بریتییە لە ڕێکخراوبوون و بەردەوامبوونی. بە وتەی ئەو، ئەو کرێکارانەی ڕۆژانە ١٠ کاتژمێر پێکەوە کار دەکەن، دەتوانن لە هەفتەیەک یان مانگێکدا چەند کاتژمێرێکی دیاریکراو تەرخان بکەن بۆ قسە و باسکردن لەسەر کێشە و گرفتەکانیان و بڕیاردانی بەکۆمەڵ. ئەم نەزم و ڕێکوپێکییەیە کە کۆبوونەوەی گشتی دەکات بە ئامرازێکی جیدی و جێکەوتوو بۆ بەرگریکردن لە بەرژەوەندییەکانی کرێکار، ئەگەر نا، کاردانەوەی بەپەلە و بێ ئامادەکاری، زۆربەی جارەکان بێ ئەنجام دەبێت.

جەماڵ بەتایبەتی تیشک دەخاتە سەر دۆخی کارگە بچووکە تایبەتەکانی سنە: لە میکانیکی و جۆشکارییەوە بگرە تا دارتاشیی و سافکاری. لەم کارگانەدا نە کاتژمێری کار دیارە، نە حەقدەستێکی دادپەروەرانە بوونی هەیە، نە تەندروستی، نە بیمە و نە تەنانەت جێبەجێکردنی ڕواڵەتیی یاساکانی کار. “یاساکانی کارلێرەدا تەنیا ویستی خاوەنکارە. ئەو ڕێگەچارە لەوەدا دەبینێت کە پێویستە کرێکارانی ئەم یەکانە لەدەوری یەک کۆببنەوە، کێشە هاوبەشەکانیان باس بکەن و ڕێکخراوەیەک بە ناوی سەندیکا، یەکێتی یان هەر ناوێکی تر دروست بکەن، ڕێکخراوگەلێکی کە بتوانن بە ڕاستی وەڵامدەری کێشەکانیان بن.

ئەو پاشان لە ئاستی کارگەوە دێتە ئاستی گەڕەک و وێنەیەکی ڕوونی گەڕەکە کرێکارنشینەکانی سنە، لە عەباساواوە بگرە تا کانی کوزەڵە و حاجیاوا و زۆرئاوا، وەک هێمای بێبەشبوون و نەبوونی سەرەتاییترین پێداویستییەکانی ژیان، لەوانە کەمیی ئاو، نەبوونی ژێرخانەکانی ژیان، هەژاری و دەستکورتی دەخاتە ڕوو. پێشنیاری ئەو لەم بوارەدا، بریتییە لە دروستکردنی سندوقی هاوبەش، هەرەوەزیی کار و هەرەوەزیی بەکاربردن، واتە: کرێکاران بە کۆکردنەوەی بڕە پارەیەکی کەمی مانگانە، سندوقێکی هاوبەش دروست بکەن تا لە کاتی بێکاری، نەخۆشی، ڕووداو یان هەر پێویستییەکی تردا، یارمەتی خۆیان و هاوڕێکانیانی پێ بدەن و بتوانن تەنانەت یارمەتی بنەماڵە هەژار و قەرزارەکانی گەڕەک بدەن.

ئەو پەنجە دەخاتە سەر ڕۆڵی بێکاری و ترسی بەردەوام لە دەرکردن لە کار، ئەو ترسەی کە کرێکار ناچار دەکات سووکایەتی و ستەمی خاوەنکار تەحەممول بکات. بۆ ئەم مەبەستەش ڕێگەچارەی پراکتیکی ئەو دیسانەوە هەر ڕێکخراوبوون و دروستکردنی سندوق و هاوکاریی بەکۆمەڵە، تا کرێکار لە ئەگەری بێکاربوونیدا بە تەواوی بێ پشت و پەنا نەمێنێتەوە.

بەشێکی تری وتارەکەی تەرخانکراوە بە پرسی نەهێشتنی نەخوێندەواری و بەرزکردنەوەی ئاستی وشیاری. ئەو نەخوێندەواریی بەشێک لە کرێکاران دەگەڕێنێتەوە بۆ کاتژمێری زۆری کار و بارودۆخی سەختی ژیان و پێشنیار دەکات کە خودی کرێکاران هەزینەی خوێندن بۆ یەکتر دابین بکەن، یەکتر فێری خوێندەواری بکەن بە هۆشیارییەوە بخوێننەوە تا باشتر بتوانن بارودۆخەکە بناسن و ڕێگەچارە بدۆزنەوە.

لە جەماڵ لە درێژەی وتەکانیدا باس لە بابەتی بیمەی بێکاری دەکات. ئەو بە پشتبەستن بە ئامارە فەرمییەکانی ساڵانی ٦٦٦٧ نیشانی دەدات کە تەنیا ژمارەیەکی زۆر کەم لە بێکاران توانیویانە سوود لە بیمەی بێکاری وەربگرن، چونکە ئەو مافە تەنیا ئەو کرێکارانە دەگرێتەوە کە لەو کارگایانە کار دەکەن کە مۆڵەت و بیمە وناسنامەی کاریان هەیە. لە بەرامبەردا، کرێکارانی کەرتی کشتوکاڵ، کرێکارانی وەرزی، بیناسازی، کورەخانەکان، قاڵیچنین و هیتربە کردەوە لەم مافە بێبەشن، لە کاتێکدا پووڵی بیمە مانگانە لە گیرفانی خودی کرێکارانی لەسەرکار دەبڕدرێت و دەوڵەت و ئیدارەی بیمە تەنیا ڕۆڵی بانکی کۆکردنەوەی ئەم پووڵانە دەگێڕن.

داخوازیی ڕوونی ئەو ئەوەیە کە بیمەی بێکاری دەبێ هەموو کرێکاران بگرێتەوە، واتە هەموو ئەو کەسانەی کە هێزی کاریان لەپێناو زیندوومانەوەدا دەفرۆشن، لە هەر بوار و شێوازێکی کاردا بن و هەر جۆرە گرێبەستێکیان هەبێت. جگە لە لایەنی گشتگیربوونی، ئەو هەروەها ڕەخنە لەو بڕە پارە کەمەی بیمەی بێکاریش دەگرێت و دەڵێت ئەم بڕە تەنیا بەشی بەشێکی کەم لە پێداویستییە سەرەتاییەکان دەکات و ناتوانێت تێچووی ژیانی بنەماڵەیەکی کرێکاری دابین بکات. لە ڕوانگەی ئەوەوە، بیمەی بێکاری دەبێ هاوتا بێت لەگەڵ ئاستی نرخەکان و بە ڕاستی ژیانی بنەماڵەیەکی چەند کەسی دابین بکات.

هەروەها ڕەخنە لەبۆنی کاڵاواتە (کۆپۆن) دەگرێت، ئەو ئامرازەی کە بڕیار بوو ئاستی بژێویی کرێکاران بەرز بکاتەوە، بەڵام لە کردەوەدا کورت کراوەتەوە بۆ کاڵای کەم و نامەربووت و پێدانی بە شێوەیەکی ناڕێک و ناتەواو. داخوازی ئەو ئەوەیە کە بۆنەکان لە کاتی خۆیاندا بدرێن، بڕەکەیان بخرێتە سەر حەقدەست و بە ڕاستی یارمەتی دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیانی کرێکاران بدەن، نەک تەنیا ئیمتیازی فریوکارانە و بێ کاریگەر بن.

جەماڵ لە کۆتاییدا، جەخت دەکاتەوە کە مەبەست لەم وتارە تەنیا وتن و ژماردنی کێشەکان نییە، بەڵکوو خەباتێکی بەکردەوەیە بۆ دەستەبەرکردنی ئەم داخوازییانە. ئەگەر ڕێکخراوێک نییە، دەبێ هەر لەمڕۆوە دەست بە دروستکردنی بکرێت و ئەگەر سندوقێک بوونی نییە، دەبێ دابمەزرێت. لە ڕوانگەی ئەوەوە، ڕێگەی ڕزگاری بریتییە لە ڕێکخستنی وشیارانە، ڕێکخراو و بەکۆمەڵی کرێکاران، هەمان ئەو ڕێگەیەی کە خۆی لەپێناو بەرگریکردن لێی، تا دوا هەناسە ڕاوەستا.

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە

ڕووداوە گرنگەکان

پەیام نێت

گەلەری

هاوڕێمان بن! ​

پەیوەندی

  Copyright © 2023, All Rights Reserved Payaam.net