2

ڕۆژی هەینی، ٢٦ی پووشپەڕ، بەندکراوانی بەندی دووی زیندانی قزڵحەساری کەرەج، بۆ پێنجەمین ڕۆژی بەردەوام درێژەیان بە مانگرتن و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی دا و جارێکی دیکە ئامادە نەبوون جیرەی خۆراکی زیندان وەربگرن.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، ئەم مانگرتن و کۆبوونەوە ناڕەزایەتییە لە ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی پووشپەڕەوە، دژ بە گواستنەوەی شەش بەندکراوی تایبەت بە دۆسیەی ماددە هۆشبەرەکان بۆ ژووری تاکەکەسی بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانیان دەستی پێکردووە. بەندکراوانی ناڕازی بە کۆبوونەوە لە ساڵۆنی بەندیخانەکە و بەرزکردنەوەی دروشم و نووسینی “نەخێر بۆ لەسێدارەدان“، دژایەتیی توندی خۆیان دژ بە جێبەجێکردنی سزای مەرگ ڕاگەیاندووە و داوای ڕاگرتنی ئەو سزایانە دەکەن.