پەرەسەندنی گوشارەکان بۆ سەر موعەلیمان و پێویستیی بەرەیەکی یەکگرتوو

خەباتی مافخوازانەی موعەلیمانی ئێران بەردەوامە و وەڵامی کۆماری ئیسلامی بە داواکارییەکانیان تا ئێستا جگە لە بەدواداچوون، بانگهێشتکردن، دەستبەسەرکردن، دەرکردن و پەروەندەسازی هیچی تر نەبووە. بەڵام ئەوەی کە ئەم ڕۆژانە ڕوو دەدات، هەنگاوێک لە سەرکوتکاریی هەمیشەیی ئەولاترە. دام و دەزگای ئەمنی ئێستا ئیتر تەنیا کۆبوونەوە، بەیاننامە یان ناڕەزایەتییەکانی سەر شەقام ناکاتە ئامانج. بەڵکوو تەنانەت سادەترین و ئینسانی ترین شێوازی پەیوەندیی نێوان موعەلیمان، واتە سەردانی هاوکارێکی نەخۆش، بە تاوان لەقەڵەم دەدرێت.

لە تازەترین نموونەدا، شەش کەس لە هەڵسووڕاوانی پیشەیی موعەلیمان لە نوورئابادی مەمەسەنی دەستبەسەر کران: شوکرۆڵڵا ئەحمەدی، عەلی سەفەری، ڕەسوڵ بوداغی، غەفار دیندار، عەلی حەسەن بەهامین و حوجەت سادات. ئەم موعەلیمانە تەنیا بە مەبەستی هەواڵپرسین و عەیادەتی یەکێک لە هاوکارەکانیان چووبوونە مەمەسەنی و بەهۆی ئەم “تاوانە“وە کەوتنە دەستی هێزە ئەمنییەکان.

مەحمود حەبیبی، یەکێک لە هەڵسووڕاوانی ناسراوی پیشەیی موعەلیمان، ئەم دەستبەسەرکردنانە نەک بە ڕووداوێکی سنووردار و تەنیا حاڵەتێک، بەڵکوو بە نیشانەیەکی ڕوون لە پەرەسەندنی ڕوانگەی ئەمنییەتی دژ بە کۆمەڵگەی موعەلیمانی دەزانێت. ئەو ئەم دۆخە بە “ئەمنییەتیکردنی هاوپشتیی مرۆیی” ناودێر دەکات و وەک “خاڵێکی ئاگادارکردنەوە” وەسفی دەکات. پرسیارەکەی ئەو سادەیە و وەڵامێکی جگە لە شەرمەزاری بۆ حکوومەت نییە: بۆچی دەبێت لە سەردانێکی سادەی نێوان موعەلیمان هەست بە مەترسی بکرێت؟

وەڵامەکە دەبێت لە جەوهەری خودی دەسەڵاتدا بۆی بگەڕێین. ڕژێمێکی کە توانای وەڵامدانەوە بەو قەیرانانەی نییە کە خودی خۆی خوڵقاندوویەتی، لە هەر پەیوەندییەکی نێوان جەماوەر دەترسێت. ئەو موعەلیمانەی کە دەچنە عەیادەتی هاوکارەکەیان، لە چاوی دەزگای ئەمنیدا نەک چەند مرۆڤێکی خەمخۆر، بەڵکوو ئەڵقەیەک لە تۆڕێکی هاوپشتین، تۆڕێکی کە دەکرێت لە دواڕۆژدا ببێتە مانگرتن، کۆبوونەوە و ڕێکخستن.

ساڵانێکە چالاکیی پیشەیی موعەلیمان تۆمەتی ئەمنییەتی لێدەرێت بۆ ئەوەی جەوهەری ویست و داواکارییەکان نەبینرێت. بەڵام موعەلیمان باسی چی دەکەن؟ ئەوان باس لە بژێوی ژیان و هەژاریی بەربڵاو لە نێوان فەرهەنگیان، پەروەردەی بێبەرامبەر و خاوەن کوالێتی، عەداڵەتی پەروەردەیی، کەرامەتی موعەلیم، و مافی ڕێکخراوەیی و ناڕەزایەتی دەربڕین دەکەن. هەموو ئەمانە مافێکی بنەڕەتی و ڕەوان.

بە ئەمنییەتیکردنی ئەم داواکارییانە ڕێگەیەکە بۆ دەربازکردن لە وەڵامدانەوە بە قەیرانە پێکهاتەیییەکانی پەروەردە و ڕاهێنان، لەوانە: کەمیی هێزی کار، وازهێنانی منداڵان لە خوێندن، داخران و نەبوونی ئەمنییەت لە قوتابخانەکان و دابەزینی بەرچاوی کوالێتیی پەروەردە. حکومەتێکی کە پەروەردەی کردووەتە بازرگانی، منداڵانی ناوچە بێبەشەکانی لە مافی خوێندن بێبەش کردووە و موعەلیمی لە ژێر هێڵی هەژاریدا ڕاگرتووە، ناچارە دەنگی ناڕازییان بە گرتن و زیندان کپ بکات، چونکە هیچ وەڵامێکی نییە بۆیان.

نوورئابادی مەمەسەنی لە ساڵانی ڕابردوودا یەکێک بووە لە ناوەندە گرنگەکانی چالاکیی پیشەیی موعەلیمان. چالاکوانانی وەک شوکرۆڵڵا ئەحمەدی، جان‌مەمەد ئەحمەدی، عەلی ئەحمەدی و ئەوانی تر زۆرجار باجێکی قورسیان داوە لەپێناو بەرگریکردن لە مافەکانی موعەلیمان. ڕەفتاری ئەمدواییە بەردەوامیی هەمان ئەو پرۆسەیە کە ئامانجەکەی بریتییە لە تێکشکاندنی تۆڕە خۆجێییەکان، دروستکردنی ترس لە نێوان چالاکوانانی شار و شارۆچکەکان و هەروەها ڕێگریکردن لە شکلگرتنی هاوپشتیی سەراسەریی.

دەزگای ئەمنی باش دەزانێت کە هێزی بزووتنەوەی موعەلیمان تەنیا لە تاران یان چەند شاری گەورەدا نییە. ئەم هێزە هەر لەم پەیوەندییە ئینسانی و تۆڕە خۆجێییانەدایە کە لە شارە بچووکەکانیشدا چالاک و کاریگەرن.

شۆڕای هەماهەنگیی ڕێکخراوە پیشەییەکانی موعەلیمان لە کاردانەوە بەم دەستبەسەرکردنانە ڕایگەیاندووە: “سەرکوت لە شارێکدا، کێشەی هەموو موعەلیمانی وڵاتە.” ئەم ڕێکخراوە جەخت دەکاتەوە کە “چالاکیی پیشەیی تاوان نییە” و بەرگریکردن لە بژێوی و شکۆی موعەلیمان، ناڕەزایەتی دژ بە هەڵاواردن، خواستی پەروەردەی بێبەرامبەر و خاوەن کوالێتی، بەرگریکردن لە مافی قوتابیان و هەوڵدان بۆ پاراستنی ڕێکخراوە سەربەخۆکان، مافێکی بنەڕەتین کە نابێت بە زیندان، دەرکردن، دوورخستنەوە یان بێبەشکردنی پیشەیی وەڵام بدرێنەوە.

ئەو شۆڕایە چوار داواکاریی بەپەلەی خستووەتە ڕوو: ئازادکردنی بێ‌مەرجی شەش موعەلیمە دەستبەسەرکراوەکە، گەیاندنی زانیاری تەواو بە بنەماڵەکانیان سەبارەت بە بارودۆخیان، زامنتکردنی مافی پەیوەندی، دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و دادگاییکردنی دادپەروەرانە و ڕاگرتنی هەر جۆرە پەروەندەسازییەکی ئەمنییەتی لە دژیان.

هەروەها خوازیاری ڕاگرتنی بەپەلەی

زەبروزەنگ و سەرکوت، هەڵوەشاندنەوەی بڕیارە دادوەری و کارگێڕییەکان لەدژی چالاکوانانی پیشەیی، ئازادکردنی سەرجەم موعەلیمانی بەندکراو و بە فەرمی ناسینی مافی ڕێکخستن و ناڕەزایەتیی هێمنانە بووە.

موعەلیمانی ئێران جگە لەم داواکارییە بەپەلە و هەنووکەییانە، کۆمەڵێک داواکاریی ڕوون و دادپەروەرانەیان هەیە: زیادکردنی حەقدەست بۆ سەرووی هێڵی هەژاری، بیمەی کاریگەر، هاوسەنگکردنی حەقدەستی خانەنشینان و موعەلیمانی لەسەرکار، دابینکردنی بژێوی و شکۆی خانەنشینان بەپێی کەرامەتی مرۆییان، پەروەردەی بێبەرامبەر و خاوەن کوالێتی بۆ هەموو منداڵان، بەتایبەت لە ناوچە بێبەشەکان، ستانداردسازی و ئەمنکردنی قوتابخانەکان، بەهرەمەندبوونی قوتابیان لە ئیمکاناتی خۆشگوزەرانی و فەرهەنگی، کۆتاییهێنان بە سیاسەتی بەپووڵی کردنی پەروەردە و هەروەها کۆتاییهێنان بە پەروەندەسازی و ئەمنییەتیکردنی چالاکیی موعەلیمان.

ئەمانە ویست و داواکاریی تەنیا توێژێک یان پیشەیەکی تایبەت نین. ئەمە بەرنامەیەکە بۆ ڕزگارکردنی پەروەردەی گشتی و داهاتووی ملیۆنان منداڵ. موعەلیمانی زەحمەتکێشی ئێران مرۆڤ گەلێکی شەریفن کە کۆمەڵێک داواکاریی ڕەوایان هەیە و شایستەی بەربڵاوترین و بەردەوامترین پشتیوانین. کۆماری ئیسلامی لە بری بەدنگەوەهاتنی ئەم داواکارییانە، بە زیندان و دەرکردن وەڵام دەداتەوە. بەڵام بەپێچەوانەی هەموو گوشارەکان، دەستبەسەرکردنەکان، دەرکردنەکان و سنووردارکردنە پیشەییەکان، خەباتی موعەلیمان بۆ هێنانەدی ویست و داواکارییەکانیان و ئازادیی هاوکارەکانیان بێوچان بەردەوامە. ئەو هاوپشتییەی کە دەسەڵات هەوڵ دەدات لە مەمەسەنی تێکی بشکێنێت، لە شارەکانی تر زۆرجار سەری هەڵداوەتەوە.

سەرکوتی موعەلیمان تەنیا کێشەی موعەلیمان نییە. هەمان ئەو لۆژیکەی کە سەردانی هاوکارێکی نەخۆش بە تاوان لەقەڵەم دەدات، مانگرتنی کرێکار، کۆبوونەوەی خانەنشین، ناڕەزایەتیی پەرستار و ڕێکخراوی خوێندکاریش بە تاوان ئەژمار دەکات. هەمان حکومەتی کە موعەلیم لە ژێر هێڵی هەژاریدا ڕادەگرێت، ماف و حەقدەستی کرێکار پێشێل دەکات، پەرستار بە شیفتی تاقتپروکێن و حەقدەستی کەم بێزار و ماندوو دەکات و زانکۆ دەکاتە سەربازگە. چارەنووسی ئێمە یەکە و وەڵامەکەشمان دەبێت یەک بێت.

لە کرێکارانی کارگەکان، کانزاکان، نەوت و پێترۆشیمیی، کە خۆیان بەهۆی مانگرتن و خۆڕێکخستنەوە، دەستبەسەرکردن و دەرکردنیان ئەزموون کردووە، داوا دەکەین پاڵپشتی موعەلیمان بن و ئازادیی موعەلیمانی بەندکراو بکەنە بەشێک لە داواکارییەکانی خۆیان.

لە خوێندکاران، کە منداڵانی هەمان ئەو پۆلانەن و داهاتووی پەروەردە بە هی خۆیان دەزانن، داوا دەکەین دەنگی موعەلیمان لە زانکۆکاندا بەرزبکەنەوە.

لە پەرستاران و کادیرانی دەرمان، کە هاوشێوەی موعەلیمان بارگرانیی خزمەتگوزارییەکی گشتیی وێرانبوویان لەسەر شانە و وەک ئەوان ڕووبەڕووی هەڵاواردن و هەژاری بوونەتەوە، داوا دەکەین دەستی هاوپشتی بەرەو هاوکارانی پەروەردەیی خۆیان درێژ بکەن.

لە خانەنشینان، ژنان، شۆفێران، جووتیاران، و هەموو توێژە زەحمەتکێش و چەوساوەکانی کۆمەڵگە، داوا دەکەین سەرکوتی موعەلیمان بە سەرکوتی خۆیان بزانن.

با وەڵامی ئێمە بۆ “ئەمنییەتیکردنی هاوپشتی“، گەشەپێدان و پتەوترکردنی هەمان هاوپشتی بێت. هەر دەستبەسەرکردنێک دەبێت لەگەڵ شەپۆلێک لە پشتیوانی بەرەوڕوو ببێتەوە، هر موعەلیمێکی بەندکراو دەبێت دەنگی هەزاران کەسی لە پشت بێت. بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوەی موعەلیمانی ئێران، لە بەرەیەکی یەکگرتووانە و هاوڕێ لەگەڵ سەرجەم زەحمەتکێشان، بێبەشەکان و ستەمدیتووان، سەرەنجام دام و دەزگای ڕژێمی کۆنەپەرست و دژەخەڵکیی کۆماری ئیسلامی لە گۆڕەپانی سیاسیی ئێران هەڵدەپێچن.

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە

ڕووداوە گرنگەکان

پەیام نێت

گەلەری

هاوڕێمان بن! ​

پەیوەندی

  Copyright © 2023, All Rights Reserved Payaam.net