
بە دڵێکی پڕ لە خەم و پەژاورەوە، هەواڵی کۆچی دوایی هاوڕێی خەباتکار و دڵسۆزمان هادی سادقی، کە لە ڕیزەکانی پێشمەرگەی کۆمەڵەدا بە نازناوی ئاوارە ناسراو بوو، ڕادەگەیەنین.
هاوڕێ ئاوارە سادقی ڕۆژی یەکی ڕەزبەری ساڵی ١٣٥٢ لە شاری کامیاران لەدایکبوو. خوێندنی هەتا کۆتایی قۆناغی ناوەندی لە شارەکانی کامیاران و سنە بەردەوام کرد، پاشان بۆ یارمەتیدانی خێزانەکەی و دابینکردنی بژێوی ژیان، پێی نایە بازاڕی بێبەزەیی کارەوە. یەکەم ئەزموونی کاری لە نانەواخانەیەکی سنە بوو، و دواتر بۆ ماوەیەکی درێژتر لە بەندی گاوشانی کامیاران کاری کرد. ژینگەی کار هەرچی زیاتر ئاشنای کرد بە زوڵم و زۆرەکانی جیهانی سەرمایەداری، و هەر ئەم هۆشیارییە بوو کە بەرەو پەیوەستبوون بە ڕیزەکانی کۆمەڵەوە ڕایکێشا.
ئەو لە سێیەمی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٩٣ بە ڕیزەکانی پێشمەرگەی کۆمەڵەوە پەیوەست بوو، و دوو ساڵ دواتر بووە ئەندامی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران. پەیوەستبوونی ئاوارە بە کۆمەڵەوە هەڵبژاردنێکی ھۆشیارانە بوو کە ڕێچکەی ژیانی ئەوی دیاری کرد. لە ڕاپەڕاندنی ئەرک و چالاکییەکانیدا، وەک هاوڕێیەکی دڵسۆز، بەدەروەست، پڕ لە وزە و بەرپرسیار، لە بوارە جیاجیاکانی خەبات و چالاکی ڕێکخراوەییدا ئامادەبوو، لەو ماوەیەدا بەرپرسیارێتی جۆراوجۆری وەرگرت، و هەتا دوایین ساتەکانی ژیانی، بەوپەڕی دڵسۆزیی و بەردەوامی خەبات کرد و بە ئامانجەکانی ئەم بزووتنەوەیە دڵسۆز مایەوە.
هەر کار و ئەرکێک کە بە ئاوارە سپێردرا، بە هۆشیاری، لێهاتوویی، شێلگیری و هەستی بەرپرسیارێتییەوە بەرێوەی دەبرد. ئاوارە یەکێک بوو لەو هاوڕێیانەی کە لە بارودۆخی سەخت و ئاڵۆزدا، دەکرا لەسەر ئامادەیی، ویست و خەباتکاریی حیساب بکرێت. هەر بەرپرسیارێتییەکی وەک دەرفەتێک بۆ بەرەوپێشبردنی ئەو کارە دەبینی کە باوەڕی پێی هەبوو.
ئاوارە لە ماوەی ساڵانی خەباتدا، ئەزموونی بەنرخی لە خۆی بەجێهێشت. حزووری چالاکانە و بەجۆشوخرۆشی لە بوارە جیاجیاکاندا، هەڵسوکەوتی بەرپرسیارانەی لەگەڵ ئەرکەکانی، و پەیوەندییە گەرمەکەی لەگەڵ هاوڕێیان، وێنەیەک لە مرۆڤێکی خەباتکاریان بەجێهێشتووە کە ژیانی خۆی گرێدابوو بە ئامانجی ڕزگاریی مرۆڤ.
بەداخەوە لە چەند مانگی ڕابردوودا، نەخۆشی شێرپەنجەی پێشکەوتوو بە هێواشی جەستەی لاواز کرد و لە کۆتاییدا ڕێگری کرد لە بەردەوامیدانی بە ژیان و خەباتی. نەخۆشییەکە هێزی لە جەستەیی ئاوارە سەندبوو، بەڵام هەرگیز نەیتوانی دڵسۆزیی ئەو بۆ ئامانجەکان، پەیوەندی لەگەڵ هاوڕێیان، و هیوای ئەوی بۆ ڕزگاربوونی مرۆڤ لە ستەم و چەوسانەوە لەناوببات، هیوایەکی کە لە ماوەی هەموو ساڵانی ژیانیدا ڕەگی داکوتابوو.
هاوڕێ ئاوارە لە کاتێکدا لەناوماندا نامێنێت کە ئەو ڕێگایەی بە وشیارییەوە هەڵیبژاردبوو، هەتا کۆتا ڕۆژەکانی ژیانی لەسەری بەردەوام بوو. بێگومان لەدەستدانی ئەو بۆ بنەماڵە و نزیکانی، بۆ هاوڕێ و هاوسەنگەرانی، و بۆ هەموو ئەو کەسانەی کە لە ساڵانی خەباتدا ناسیبوویان، قورس و بەئازارە.
ئێمە بەرامبەر بەم کۆستە، یاد و بیرەوەری هاوڕێ ئاوارە بەرز ڕادەگرین و ژیانی خەباتکارانەی وەک بەشێک لە مێژووی هەوڵ و خەباتی ئەو مرۆڤانە دادەنێین کە لە ڕێگای ئازادی، یەکسانی و ڕزگاربوون لە ستەم و چەوسانەوەدا، ژیانی خۆیان تەرخان کردووە.
ناوی هادی سادقی (ئاوارە) گرێدراوە بە ساڵانێک خەبات و هەوڵدان لە ڕیزەکانی کۆمەڵەدا. ئەوەی لە ئاوارە بۆمان دەمێنێتەوە، تەنها بیرەوەری هاوڕێیەکی لەدەستچوو نییە، بەڵکوو یادی مرۆڤێکە کە بەشێک لە باشترین ساڵەکانی ژیانی خۆی وشیارانە لە پێناو ئەو ئامانجەی باوەڕی پێی هەبوو بەسەربردووە.
کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە، بەبۆنەی ماڵئاوایی لە ژیانی ئەم هاوڕێ خۆشەویستە، هاوخەمیی گەرمی خۆی پێشکەش بە بنەماڵە و کەس و کاری ئاوارە، بە هەموو هاوڕێ و هاوسەنگەرانی لە ڕیزەکانی کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، و بە تایبەتی بۆ جگەرگۆشە خۆشەویستەکان و یادگارەکانی ژیانی، کاوە و شهاب، و هاوژینی هاوري شیوا دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.
بەرزوبەڕێزبێتیادوبیرەوەریهاوڕێئاوارەسادقی!
کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران – کۆمەڵە
٢ی ڕەزبەری ١٤٠٥