
ڕۆژی جیهانیی مامۆستا، بیرهێنانەوەی پێگەی کۆمەڵایەتیی بەرزنشینی مامۆستایان لە ئێران
پێنجی ئۆکتۆبەری هەموو ساڵێک لەلایەن یونسکۆ و ڕێکخراوی جیهانیی کارەوە وەک ڕۆژی جیهانیی موعەلیم ناودێر کراوە، ڕۆژێک بۆ ڕێزگرتن لە جێگە و پێگەی موعەلیمان، لێکۆڵینەوە لە کێشە و گرفتەکانیان و بیرهێنانەوەی ئەو ڕۆڵەی کە لە بنیادنانی دواڕۆژی کۆمەڵگاکاندا دەیگێڕن. بەڵام لە ئێران، ئەم بۆنەیە بیرهێنەرەوەی خەبات و تێکۆشانی مێژوویی و بارودۆخی نالەباری ئەو موعەلیمانەیە کە سەرەڕای ڕۆڵی سەرەکی و بنیاتنەرانەیان لە کۆمەڵگادا، بە دەست هەژاری و نایەکسانییەوە دەناڵێنن.
لە ئێران، ڕۆژی ١٢ی گوڵان وەک ڕۆژی موعەلیم دەناسرێت، بەڵام ئەم ڕێکەوتە دوو گێڕانەوەی تەواو جیاوازی هەیە،
گێڕانەوەییەکەم: دەگەڕێتەوە بۆ ئەبولحەسەن خانعەلی، موعەلیمی ٢٩ ساڵەی فەلسەفە و زمانی عەرەبی، کە لە ١٢ی گوڵانی ١٣٤٠دا لە کاتی کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتیی هەزاران کەس لە موعەلیمان لەبەردەم مەجلیسی شوورای میللی، بە فیشەکی بەڕپرسی پۆلیسی بەهارستان گیانی لەدەستدا. موعەلیمان لەو ڕۆژەدا بەمەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە لەخوارەوەبوونی حەقدەستەکانیان کۆببوونەوە. کوژرانی خانعەلی شەپۆلێک لە مانگرتن و خۆپیشاندانی لێکەوتەوە و سەرەنجام ڕژێمی شای ناچار کرد هەندێک ڕیفۆرم و چاکسازی لە حەقدەستی موعەلیماندا بکات. لەو کاتەوە، ١٢ی گوڵان بۆ موعەلیمانی خەباتکار، وەبیرهێنەرەوەی ئەم و خەبات و گیانبازییە مێژووییەیە.
لەلایەکی ترەوە گێڕانەوەی فەرمی کۆماری ئیسلامی، ئەم ڕۆژە پەیوەست دەکاتەوە بە ڕووداوی کوژرانی مورتەزا موتەهەری، یەکێک بیردۆزانی حکوومەت، کە ڕۆژی ١١ی گوڵانی ١٣٥٨ لەلایەن گرووپی فورقانەوە تیرۆرکرا و دواتر بە ڕۆژێک دواخستن، ١٢ی گوڵانی وەک ڕۆژی موعەلیم ڕاگەیاندووە.
ڕەنگە تاڵترین و بەئازارترین ڕاستی لە بارەی موعەلیمانی ئێران، بریتی بێت لە باردۆخی ژیان و گوزەرانیان. بەپێی ئامارەکانی یونسکۆ، یەک لەسەر سێی موعەلیمانی جیهان لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین، بەڵام لە ئێران ئەم ڕێژەیە زۆر لەوە بەرزترە. زیاتر لە سێ لەسەر چواری موعەلیمانی ئێران لەژێر هێڵی هەژاریدان و زۆربەیان ناچارن پەنا ببەنە بەر کار و پیشەی دووەم و سێیەم. موعەلیمانی خانەنشینکراویش لە دۆخێکی زۆر لەوە خراپتردان، ئەوانەی کە باشترین ساڵەکانی تەمەنی خۆیان بە حەقدەستێی کەم لەپێناو پەروەردەکردنی نەوەکاندا تەرخان کردووە، لە سەردەمی پیری و بەساڵاچووندا لەگەڵ دەستکورتی و هەژاری دەست و پەنجە نەرم دەکەن.
دۆخی موعەلیمان لە ساڵانی ڕابردوودا نەک هەر باشتر نەبووە، بەڵکوو ڕۆژ بەڕۆژ خراپتر بووە. لە ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤دا شایەتی بە دەیان موعەلیم و خوێندکار گیانیان لەدەستدا و دەستبەسەرکران. شۆڕای هەماهەنگیی ڕێکخراوە پیشەییەکانی موعەلیمانی ئێران باس لە سەرکوت و دەستگیرکردنی هەڵسووڕاوانی پیشەیی دەکات و جەخت دەکاتەوە کە سەرکوت و بەرەوڕووبونەوەی ئەمنییەتی لەگەڵ داواکارییە پیشەییەکان هەروا بەردەوامە. دوایین ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لانیکەم ١٢ موعەلیم لە شارە جیاجیاکان دەستگیر کراون و بەشێکیان تا ئێستاش لە گرتووخانەکاندا دەستبەسەرن.
ویست و داواکاریی موعەلیمانی ئێران ڕوون و عادڵانەن، لەوانە:
زیاد کردنی حەقدەست بۆ سەرووی هێڵی هەژاری.
دابین کردنی بیمەیەکی کارا.
یەکسان کردنی مووچەی خانەنشینان لە گەڵ شاغڵان.
دابین کردنی بژێوی ژیان و شکۆمەندییەکی کە شایستەی جێگە و پێگەی ئینسانی ئەوان بێت.
خوێندنی بێبەرامبەر و بە کوالێتی بۆ هەموو منداڵان، بەتایبەت لە ناوچە بێبەشەکانو هەر وەها دابین کردنی
ستاندارد و سڵامەتیی قوتابخانەکان و کۆتایی هێنان بە سیاسەتی بازرگانی کردن بە خوێندن و ئەمنییەتی کردنی چالاکی موعەلیمان.
سەرەڕای ویست و داواکارییە ماددییەکان، موعەلیمانی شەریف و خەباتکاری ئێران لە دەستێوەردانی ئایین لە خوێندن و جێبەجێکردنی پڕۆژە گەلێکی کۆنەپەرستانەی وەک هەڵاواردنی ڕەگەزی و بەرنامە ئایدیۆلۆژییەکان ئازار دەچێژن. ئەوان ناچار بوون پەروەردەیەک بەرەوپێش ببەن کە تا سەر ئێسقان ئاوێتەی خورافات و کۆنەپەرەستییە. کۆماری ئیسلامی لەبری وەڵامدانەوە بەم داواکارییانە، پەنای بردووەتە بەر زیندانی کردن، دەرکردن و دروستکردنی بەربەستی پیشەیی موعەلیمان. بەڵام ئەم فشارانە نەیانتوانیوە مامۆستایان چاوترسێن بکات و خەبات بۆ بەدیهێنانی ویست و داواکاریی و ئازادی هاوکارە زیندانی کراوەکانیان، بێ پسانەوە بەردەوامە.
ڕۆژی جیهانیی موعەلیم، ڕۆژی وەبیرهێنەرەوەی ئەو ڕاستییەیە کە یەکەم چەخماخەکانی بیرکردنەوە، لە قوتابخانەکانەوە دەست پێدەکات. جیهانی ئەمڕۆ زیاتر لە هەموو کاتێک پێویستی بە موعەلیمانی پسپۆڕ، ئاسودەخاتر و خاوەن ڕۆحێکی مرۆڤانەی بەرز هەیە. بەڵام ئەمە بەدی نایەت مەگەر ئەوەی کە موعەلیمان لە کەمترین مەرجەکانی ژیانێکی شایستە بەهرەمەند بن و بتوانن بەبێ خەمی بژێوی ژیان و ترس لە ئەمنییەتی بوون، سەرقاڵی بەڕێوەبردنی ئەرکی پیرۆزی پەروەردەیی خۆیان بن.
ڕۆژی موعەلیم لە ئێران، لە هەموو ئەو کەسانە پیرۆز بێت کە لە سەختترین بارودۆخدا چرای زانستیان بە گەشاوەیی هێشتۆتەوە. بە هیوای ئەو ڕۆژەی کە بزووتنەوەی کرێکاری و موعەلیمانی ئێران، لە ڕیزێکی یەکگرتووانەدا، هاوهەنگاو لەگەڵ سەرجەم زەحمەتکێشان و ستەمدیتووان، بەرەو دواڕۆژێکی باشتر هەنگاو بنێن کە تێیدا موعەلیم و خوێندکار لە سایەی دادپەروەری و ئازادیدا هەناسە بکێشن.