بیستی نوامبر، بەرامبەر بە ٢٩ی خەزەڵوەر، ڕۆژی جیهانیی منداڵە، ڕۆژێکی وەبیرهێنەرەوەی دوو خاڵی وەرچەرخانی مێژووییە لە مێژووی مافی منداڵدا واتە: پەسەندکردنی “ڕاگەیاندنی مافی منداڵ” لە کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ١٩٥٩ و پەسەندکردنی “کۆنواسیۆنی مافی منداڵ” لە هەمان ڕۆژدا لە ساڵی ١٩٨. یونیسێف ئەم ڕۆژە بە ڕۆژی جیهانیی کردار “بۆ منداڵان و بە دەستی منداڵان” ناو دەبات و ئەمساڵ بە دروشمی “ڕۆژی من، مافەکانی من” ڕێزی لێ دەگرێت. پەیامی ئەم ڕۆژە سادە و ڕوونە. کاتی ئەوە هاتووە گوێ لە منداڵان بگرین، بزانین ژیانیان چۆن تێدەپەڕێت و مافەکانیان لە ژیانی ڕۆژانەدا لە کوێ ئامادەیە، لە کوێ غایبە و لە کوێدا دەبێت بۆی تێبکۆشین.
ئەم ڕۆژە لە وڵاتە جیاوازەکاندا لە ڕێکەوتی جیاوازدا بەڕێوە دەچێت، لە هەندێک شوێن یەکی ژوئەن و لە هەندێکی تر بیستی نوامبر. بەڵام سەرەڕای جیاوازیی ڕۆژژمێرەکان، پەیامەکە یەک شتە. منداڵان خوڵقێنەرانی داهاتووی مرۆڤایەتین و دەبێت لە هەموو مافە مرۆییەکانی خۆیان بەهرەمەند بن.
لە کۆمەڵگەیەکی مرۆییدا، منداڵی دەبێت سەردەمی دۆزینەوە، یاری، خولیا و شکڵگرتنی کەسایەتی بێت، سەردەمێکی کە منداڵ تێیدا فێر ببێت جیهان دەتوانێت جێگەیەکی ئارام و سەرسوڕهێنەر بێت. سەرەڕای ئەمە، بۆ ملیۆنان منداڵ، واقیعی ڕۆژانە هیچی تر نییە جگە لە شەڕ، هەژاری، هەڵاواردن، چەوساندنەوە و سەرکوت، هێزگەلێکی کە منداڵی لە ڕیشەوە وشک دەکەن و نەوەیەکی بریندار بەرەو گەورەساڵی ئاراستە دەکەن.
ساڵێکی کە تێپەڕی جارێکی تر پیشانی دا کە منداڵان یەکەمین و بێ دیفاع ترین قوربانیانی شەڕن. سەر لەبەیانیی ٩ی ڕەشەمەی ١٤٠٤، لە یەکەمین ڕۆژی هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، قوتابخانەی سەرەتایی کچانەی “شەجەرەی تەیبە” لە میناب کرایە ئامانجی هێرشی مووشەکی. زیاتر لە ١٥٠ کەس گیانیان لەدەست دا کە زۆربەیان کیژۆڵەی منداڵی حەوت بۆ دوانزە ساڵان بوون کە لەسەر کورسیی پۆلەکانیان دانیشتبوون. کارەساتی میناب یەکێکە لە خوێناویترین هێرشەکان بۆ سەر قوتابخانەیەک لە چەند ساڵی ڕابردوودا. لەو دیو سنوورەکانیشەوە منداڵانی لوبنانی و ئیسرائیلی لەژێر ئاگری مووشەکەکاندا بریندار بوون یان گیانیان لەدەست دا.
لە غەززە، دوو ساڵ شەڕ دەیان هەزار منداڵی کوشت یان بریندار کرد و دەیان هەزار منداڵی تری لە باوک و دایک یان هەردووکیان بێبەش کرد. تەنانەت ئاگربەستی ڕاگەیەندراو لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥یش کۆتایی بە کوشتار نەهێنا. بەپێی ڕاپۆرتی یونیسێف، لە ماوەی ٣٠٠ ڕۆژی دوای ئەو ئاگربەستە لانیکەم ٣٠٠ منداڵ کوژران، واتە بە شێوەی مامناوەند هەر ڕۆژێک منداڵێک گیانی لەدەستداوە. ئەم کارەساتە لەبەر چاوی جیهانییان و بە چاوپۆشیی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆی دەوڵەتی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی ڕوویداوە. لە جیهانێکی وادا، باسکردن لە “مافی منداڵ” بەبێ ڕەخنەی جددی لە پێکهاتەکانی دەسەڵات، زیاتر لە دووڕوویی دەچێت تا خەم و هاوسۆزییەکی مرۆیی.
بۆ منداڵێکی کە زیندوو دەمێنێتەوە، شەڕ واتە ترسی بەردەوام، شەوانی بێخەوی، قوتابخانەیەکی کە چیتر بوونی نییە و ماڵێکی کە وێران بووە. یەکێک لە قووڵترین برینەکانی شەڕ لەسەر دەروونی منداڵان جێدەهێڵێت، برینێکی کە لە ئامارە فەرمییەکاندا نابینرێت بەڵام ساڵانێک لەگەڵیاندا دەمێنێتەوە. منداڵان لە تاران، تەلئەبیب، بەیروت و غەززە لەوانەیە خەوی ئاڵۆز ببینن، لە دەنگە بەرزەکان بترسن، گۆشەگیر یان شەڕانگێز ببن. شەڕ، تەنانەت کاتێک ڕاستەوخۆ جەستەی منداڵ ناکاتە ئامانج، دەروونی بریندار دەکات. لە هەموو ئەمانەش تاڵتر ئەوەیە کە توندوتیژی بۆ ئەم منداڵانە “ئاسایی” دەبێتەوە، نەوەیەکی کە لەگەڵ ترس و نەفرەت گەورە ببێت، هەمان ترس و نەفرەتە لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، فەرهەنگ و سیاسەتدا سەرلەنوێ بەرهەم دەهێنێتەوە.
لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا، دۆخی منداڵان بەشێکی تاریکە لە کارنامەی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ. ئێران، بە وتەی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، تەنها وڵاتە کە لە ماوەی یەک دەیەی ڕابردوودا هەر ساڵەو کەسانێکی بەهۆی تاوانێکەوە کە لە تەمەنی منداڵیدا ئەنجامیان داوە لە سێدارە داوە، و ئەم ڕەوتە لە ئەمساڵیش بەردەوام بوو. زیندانەکان پڕن لەو تازەلاوانەی کە بەهۆی هەژاری، گیرۆدەبوونی دایک و باوک، تاوانی بچووک، شەڕی سەر شەقام یان ناڕەزایەتیی سیاسییەوە دەستبەسەرن. لە زۆرێک لە قوتابخانەکان سزادانی جەستەیی هێشتا باوە و ملیۆنان منداڵ لە بنەمەڵە کرێکاری و کەمداهاتەکان لە خوێندن بێبەشن و ناچار دەکرێن بە کاری قورس و سوکایەتی ئامێز، لە کۆکردنەوەی زبڵ و دەستفرۆشییەوە تا کارکردن لە کارگە ژێرزەمینییەکان.
لە ڕەوتی بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی“دا دەیان منداڵ و تازەلاوی خوار ١٨ ساڵ گیانیان لەدەست دا. هاوکات سەدان قوتابخانەی کچانە بە گازی ژەهراوی کرانە ئامانج و هەزاران قوتابی ژەهراوی بوون، ڕووداوێکی کە نەوەی نوێ و تەواوی کۆمەڵگەی لە کەشوهەوای ترسدا نوقم کرد.
ئەم سیاسەتانە پێشینەیەکی دوورودرێژیان هەیە. لە شەڕی هەشت ساڵەی ئێران و عێراقدا، ناردنی تازەلاوان بۆ مەیدانەکانی مین و پیرۆزکردنی بەناو “شەهیدبوونی منداڵان” بەشێک بوو لە سیاسەتی فەرمی. ئەمڕۆش بەکارهێنانی منداڵان لە پێکهاتەی بەسیج، ڕێپێوانە حکومییەکان، پرسە و بۆنە خوێناوییەکان بە قەمە و زنجیر و تەنانەت لە سەرکوتی سەر شەقامیشدا، درێژەی هەمان لۆژیکی بەکارهێنانی جەستە و زهنی منداڵە وەک ئامرازێک بۆ ئامانجە سیاسی و ئایدیۆلۆژییەکان.
قوتابخانە دەبێت فەزایەکی ئارام بێت بۆ فێربوون، هاوڕێیەتی، داهێنان و پرسیارکردن. بەڵام لە زۆرێک لە قوتابخانەکانی ئێران، منداڵیی هەر لە دەروازەی چوونەژوورەوە زەوت دەکرێت. منداڵان لە یەکەم ساتەکانی خوێندنەوە لەسەر بنەمای ڕەگەز لێک جیا دەکرێنەوە. کچە بچووکەکان لە یەکەم ڕۆژی قوتابخانەوە دەبێت مەقنەعە بکەنە سەر و پێیان دەگوترێت کە هاوکاری و یاریکردن لەگەڵ کوڕان کارێکی خراپە. جەستەیان لە جیاتی ئەوەی بەشێک بێت لە ناسنامەی مرۆییان، دەبێتە بابەتی کۆنترۆڵ و چاودێری. لە کوڕاندا ڕۆحییەتی باڵادەستی و پیاوسالاری و لە کچاندا ڕۆحییەتی ملکەچی و گوێڕایەڵی پەروەردە دەکرێت.
کتێبەکانی خوێندن پڕن لە فێرکاریی ئایینی و ئایدیۆلۆژی. مەلا، فەقێ و هێزەکانی بەسیج ڕەوانەی قوتابخانەکان دەکرێن و فەرهەنگی سیخوڕی و کۆنترۆڵی یەکتر لەنێو منداڵاندا بڵاو دەکەنەوە. بۆ کچانی ٩ ساڵ “جەشنی تەکلیف” ساز دەکرێت و بۆ قبووڵکردنی پێشوەختەی ڕۆڵ و ئەرکە نەریتییەکان، لەوانە هاوسەرگیریی پێشوەختە، هان دەدرێن. بەم شێوەیە ڕێگە بە منداڵان نادرێت دوور لە باوەڕە سەپێنراوەکان باربێن و لە داهاتوودا ڕێگەی ژیانی خۆیان بە ئاگاییەوە هەڵبژێرن.
منداڵێکی کە لە ژینگەیەکی پڕ لە ترس، سوکایەتی، هەڵاواردنی ڕەگەزی و خورافەدا گەشە بکات، نە دەرفەتی شادژیانی دەبێت و نە ئیمکانی گەشەکردنی ئازادانە. لێکەوتەکانی ئەم سەرکوتە، لە دڵەڕاوکێی درێژخایەن و دابەزینی متمانەبەخۆبوونەوە بگرە تا کێشە لە دروستکردنی پەیوەندییەکی تەندروست لەگەڵ خۆی و کەسانی تر، تا کۆتایی تەمەنی لەگەڵیدا دەمێنێتەوە.
ئەگەر ڕۆژی جیهانیی منداڵ تەنها لە بۆنە، بەرنامە تەلەویزیۆنییەکان و ڕازاندنەوەی قوتابخانەکاندا کورت ببێتەوە و بەدەم ئەو پێکهاتانەوە نەچێت کە منداڵان دەکوژن، دەیانچەوسێننەوە و دەیانشکێنن، تەنیا دەبێتە نمایشێکی پووچ و بێ مانا. ڕێزگرتنی ڕاستەقینە لە منداڵیی واتە هەوڵدان بۆ گۆڕانکاری. بۆ ئەم گۆڕانکارییە، دەبێت ئامانجگەلێکی دیاریکراو لە چەقی خەباتی کۆمەڵایەتیدا دابنرێن، لەوانە:
• قەدەغەکردنی کاری منداڵان و مسۆگەرکردنی خوێندنی بێبەرامبەر، کوالێتی بەرز و گشتگیر، بەبێ لەبەرچاوگرتنی چین، نەتەوە، ڕەگەز و ئایین،
• قەدەغەکردنی تەواوەتیی سزای جەستەیی لەناو ماڵ، قوتابخانە و هەموو دامەزراوە پەروەردەیی و فێرکارییەکان،
• هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان، بەتایبەتی بۆ منداڵان و تازەلاوان، و چاکسازی لە یاساکانی سزادان لەسەر بنەمای کەرامەتی مرۆیی،
• قەدەغەکردنی بێ ئەملاو ئەولای چەکدارکردنی منداڵان و بەکارهێنانیان لە هێزە نیمچەسەربازییەکان، ڕێپێوانە حکومییەکان و ململانێ سیاسییەکاندا،
• نەهێشتنی دەستێوەردانی ئایین و ئایدیۆلۆژیای فەرمی لە سیستەمی پەروەردە و جێگرەوەی بە پەروەردەیەکی زانستی و ڕەخنەگرانە،
• پشتیوانیکردن لە دامەزراوە سەربەخۆکانی داکۆکیکار لە مافی منداڵ، لەبری سەرکوت و ئەمنییەتیکردنی چالاکییەکانیان،
• جێبەجێکردنی تەواوەتیی کۆنواسیۆنی مافی منداڵ و کردنی بە پێوەری هەڵسەنگاندنی سیاسەتە پەروەردەیی، دادوەری و کۆمەڵایەتییەکان.
ئەوەی ئەمڕۆ بەسەر منداڵانی ئێران، غەززە و وڵاتەکانی تری گیرۆدەی شەڕ و سەرکوتدا دێت چارەنووسی چارەهەڵنەگری ئەوان نییە، ئەم دۆخە دەتوانێت و دەبێت بگۆڕدرێت. لەم ڕۆژەدا، با دەنگی منداڵان بەرزتر بکەینەوە و بۆ مافی هەر منداڵێک، لە هەر شوێنێکی جیهان، تێبکۆشین. داکۆکیکردن لە منداڵان، داکۆکیکردنە لە داهاتوو، و کۆمەڵگەیەکی کە منداڵەکانی بکاتە قوربانی، داهاتووی خۆی بە دەستی خۆی وێران کردووە.


