
بە پێی هەواڵی گەیشتوو، لانیکەم ٥٠ کەس لە کارمەندانی کادری دەرمانی نەخۆشخانەی تەوحیدی سنە دژ بە جیاوازی لە پێدانی مووچە و جێبەجێ نەکردنی مافە یاساییەکانیان کۆبوونەوە.
ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی پووشپەڕ کارمەندانی ناڕازی ئەم نەخۆشخانەیە ڕایانگەیاند کە بۆ ماوەی چەندین مانگە داواکارییە داراییەکانیان پێ نەدراوە و زیاتر لە دوو ساڵ و نیوە بڕێک لە مەزایا یاساییەکانیان وەرنەگرتووە. ئەم کارمەندانە جەخت لە سەر ئەوە دەکەنەوە کە سەرەڕای ئەنجامدانی ئەرکەکانیان لە یەکێک لە گرنگترین ناوەندە دەرمانییەکانی پارێزگای سنەدا، هێشتا حەقدەستەکانیان لە ئاستی کەمترین حەقدەستی یاسای کاردایە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە بە وتەی خۆیان، کارمەندانی ناوەندە دەرمانییەکانی دیکەی پارێزگاکە لە هەلومەرجێکی باشتر و حەقدەستی زیاتر سوودمەندن و ئەم هەڵاواردنە ئابوورییە نیگەرانی و ناڕەزایەتییەکی قورسی لێکەوتووەتەوە.