پەیام – ماڵپەڕێکی سیاسی و هەواڵی

گرانیی خانووبەرە و بێکاری: کاتێک گەورە شارەکان چیتر بژاردەیەکی سەرنجڕاکێش نین

 

تا چەند ساڵێک لەمەوبەر، شارە گەورەکانی ئێران بۆ زۆرێک لە بنەماڵەکان هێمای دەرفەت بوون و تاران لە هەموویان زیاتر. خەڵک ڕوویان لەو شارانە دەکرد بۆ ئەوەی کار بدۆزنەوە، بە هیوای ئەوەی داهاتی زیاتر بەدەست بهێنن و داهاتوویەکی باشتر بنیات بنێن. ئەم وێنەیە لە ساڵانی دواییدا بە شێوەیەکی بەرچاو کاڵ بووەتەوە. ئەمڕۆ ژیان لە شارە گەورەکان بۆ بەشێکی زۆری خەڵک چیتر دەرفەت نییە، بەپێچەوانەوە بووەتە بارێکی قورس لەسەر شانیان. دوو هۆکار ڕۆڵی سەرەکییان لەم گۆڕانکارییەدا هەیە: یەکەمیان گرانیی بێوێنەی خانووبەرەیە، دووەمیشیان پاشەکشەی ئابوورییە کە بازاڕی کاری شارەکانی لاواز کردووە. کاتێک ئەم دوو هۆکارە پێکەوە کۆدەبنەوە، ژیان لە شاری گەورە لە ڕووی ئابوورییەوە چیتر پاساوی بۆ نامێنێت.

تاران گەورەترین بازاڕی خانووبەرەی وڵاتە، بۆیە دۆخی ئەو شارە باشترین نیشانەیە بۆ تێگەیشتن لە قەیرانەکە. نرخی هەر مەترێکی چوارگۆشەی نیشتەجێبوون لە تاران لە دە ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە دە هێندە بەرز بووەتەوە. هیچ ئابوورییەک لە بەرانبەر بەرزبوونەوەیەکی لەم جۆرەدا بێ کاریگەر نامێنێتەوە. ئەم کێشەیە ئەو کاتە جددیتر دەبێت کە داهاتی زۆربەی هەرەزۆری خەڵک هیچ هاوسەنگییەکی نییە لەگەڵ ئەم بەرزبوونەوە سەرسوڕهێنەرەی نرخی خانووبەرە.

کاریگەریی ئەم کەلێنە لە خەرجیی بنەماڵەکاندا بە ڕوونی دەبینرێت. لە زۆرێک لە شارە گەورەکان، خەرجیی نیشتەجێبوون ئێستا زیاتر لە ٤٠ بۆ ٥٠ لەسەد داهاتی بنەماڵە لەخۆ دەگرێت. شارەزایانی بواری خانووبەرە بە گشتی سنووری ٣٠ لەسەد وەک پێوەر دەزانن، و ئەگەر خەرجیی نیشتەجێبوون لەم ڕێژەیە تێپەڕێت، پێیان وایە نیشتەجێبوون چیتر لە توانای بنەماڵەدا نییە. بە زمانێکی سادە، بنەماڵەی شارنشین نیوەی داهاتەکەی دەدات بە شوێنی حەوانەوە، و خۆراک، خوێندن، چارەسەر و هاتوچۆ دەبێت بە نیوەکەی تر دابین بکرێن.

ڕێژەی نرخی خانووبەرە لەچاو داهات لە تارانیش گەیشتووەتە یەکێک لە بەرزترین ئاستەکانی مێژووی خۆی. بەپێی هەندێک مەزەندە، بنەماڵەیەکی مامناوەند بۆ کڕینی ماڵێک لە تاران دەبێت زیاتر لە ٥٠ ساڵ هەموو داهاتەکەی پاشەکەوت بکات، واتە لەم ماوەیەدا نابێت هیچ خەرجییەکی هەبێت. بوون بە خاوەن‌ماڵ بۆ زۆرینەی مووچەخۆرانی شارنشین بووەتە خەونێکی وەدینەهاتوو، و ناچارن هەمیشە کرێچی بمێننەوە، لە کاتێکدا بازاڕی کرێش هەموو ساڵێک گرانتر و نائەمنتر دەبێت.

لەوانەیە ڕوونترین نیشانەی قەیرانەکە ئەوە بێت کە خودی پرسەکە گۆڕاوە. سەردەمێک دڵەڕاوکێی چینی مامناوەند ئەوە بوو کە کەی دەبێتە خاوەن‌ی ماڵ، بەڵام ئەمڕۆ بەشێک لە کۆمەڵگە نیگەرانی شتێکی ترە: ئەویش ئەوەیە کە ئایا بە گشتی دەتوانن سەرپەنایەکیان هەبێت کە تەنانەت لانیکەمی ستانداردەکانیشی تێدا ڕەچاوکرابێت یان نا. لەم ساڵانەی دواییدا ڕیکلامەکانی بەکرێدانی ژووری چەند مەتریی گەلێک جار بووەتە سەردێڕی هەواڵەکان، و ژیان لەسەر بان و لە ئەمبارەکانیش دا بووەتە دیاردەیەکی ئاسایی. هەندێک کەس لە شوێنێکدا دەژین کە هەرگیز بۆ نیشتەجێبوون دروست نەکراون.

لەوانەیە خەڵک بتوانن گرانیی خانووبەرە بە تەنیا تەحەمول بکەن، بەو مەرجەی شارە گەورەکان هێشتا کاری پێویست و داهاتی باڵاتریان هەبووایە. لۆژیکی کۆنی ژیان لە شاری گەورە هەر ئەمە بوو: خەرجیی زیاتر دەدرا و لە بەرانبەردا داهات و دەرفەتی زیاتر بەدەست دەهات. بەڵام پاشەکشەی ئابووری ئەم هاوکێشەیەی شێواندووە. وەبەرهێنان کەم بووەتەوە، زۆرێک لە کارگە و کۆمپانیا بەرهەمهێنەر و خزمەتگوزارییەکان داخراون یان بچووکتر بوونەتەوە، و هێزی کڕینی خەڵکیش دابەزیوە. ئەنجامەکەی ئەوەیە کە شارە گەورەکان چیتر وەک جاران پێویستییان بە هێزی کار نییە.

لەم دۆخەدا، زۆرێک لە کارمەند و کرێکارانی شارنشین کارەکانیان لەدەست داوە. گروپێکی تریش ڕوویان لە کاری کاتیی، نیوەکاتی و کەمداهات کردووە. تەنانەت ئەو کەسانەش کارێکی بەردەوام و جێگیریان هەیە دەبینن کە مووچەکەیان لە هەڵاوسان دواکەوتووە، و کەلێنی نێوان حەقدەست و کرێی ماڵ لە هەموو کەلێنێک گەورەترە. توێژینەوەکانیش نیشان دەدەن کە بێکاری و جێگۆڕکێی دانیشتووان پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆیان بەیەکەوە هەیە: لە هەر شوێنێک کار کەم بێتەوە، ئەنگیزەی مانەوەش کەم دەبێتەوە. ئێستا ئەو بابەتە سەبارەت بە خودی شارە گەورەکانیش ڕاستە.

کاتێک ئەم دوو قەیرانە پێکەوە کۆدەبنەوە، ئەنجامەکە ڕوونە: شاری گەورە چیتر بژاردەیەکی سەرنجڕاکێش نابێت. شارێکی کە نە کاری دڵنیای تێدایە و نە ماڵی هەرزان، هیچ دەلیلێک بۆ مانەوە یان هاتن ناهێڵێتەوە. کرێکارێک بێننە بەرچاو کە بە هیوای داهاتی زیاتر ڕوو دەکاتە تاران، بەڵام زۆر زوو تێدەگات کە زۆربەی مووچەکەی خەرجی کرێی ژوورێکی بچووک لە قەراخی شار دەبێت و ئەوەی بۆی دەمێنێتەوە بەشی ژیان و گوزەرانی ناکات.

ئەو گەنجانەش کە لەم شارانەدا گەورە بوون بارودۆخێکی لەوە باشتریان نییە، چونکە بەم نرخانە هاوسەرگیری و سەربەخۆبوون ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر لێیان دووردەکەوێتەوە.

ئەنجامی ئەم دۆخە ڕەوتێکە کە پێی دەگوترێت “کۆچی پێچەوانە“. لە دەیەکانی ڕابردوودا، دانیشتووان ڕوویان لە شارە گەورەکان دەکرد، بەڵام ئێستا بەشێک لە دانیشتووانی هەمان ئەو شارانە ڕوو لە شارە بچووکتر و گوندەکانی دەوروبەر دەکەن. پەردیس، پەرەند، ڕودهەن، بوومهەن، دەماوەند، هەشتگرد و ئەندیشە بوونەتە مەنزڵگای سەرەکیی ئەم بنەماڵانە، چونکە چیتر ناتوانن هەزینەی ژیان لە تاران دابین بکەن.

خاڵی جێگەی سەرنج ئەوەیە کە زۆربەی ئەم بنەماڵانە بە ناچاری ڕۆیشتوون، نەک بە دڵخواز. زۆرێکیان هێشتا بۆ کار یان کاروباری ئیداری و چارەسەری پزیشکی دێنەوە تاران و هەموو ڕۆژێک چەند کاتژمێرێک لەناو ڕێگادا دەبن. بەم شێوەیە، بەشێک لەو پارەیەی لە کرێ بۆیان دەگەڕێتەوە، خەرجی هاتوچۆ دەبێت، و ماندووبوون و دابەزینی کوالیتیی ژیانیش لەولاوە بوەستێت. شارەکانی دەوروبەریش بۆ ئەم هەموو دانیشتووە ئامادە نەبوون و ئێستا لەگەڵ کەمیی ژێرخان، خزمەتگوزاری و هەلی کار بەرەوڕوو بوونەتەوە.

دۆخی چین و توێژە کەمداهاتەکان زۆر لەمەش خراپترە. فشاری خانووبەرە ئەوانی بەرەو شوێنە نەگونجاو ناڕەسمییەکان پاڵ پێوە ناوە. بەپێی مەزەندەکان، نزیکەی یەک لەسەر پێنجی دانیشتووانی وڵات لە شوێنە ناڕەسمییەکان یان لە گەڕەکە کۆن و کەم‌ئیمکاناتەکاندا دەژین. ئەم ئامارە نیشان دەدات کە قەیرانی خانووبەرە تەنیا کێشەی چینی مامناوەند نییە، بەڵکوو هەژارترینەکانی بەرەو پەراوێز ترین شکڵەکانی ژیان بردووە.

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *