
ڕۆژی دووشەممە ١٥ی پووشپەڕ، بەهۆی دژایەتیکردنی درێژکردنەوەی مۆڵەتی مورەخەسی لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە، “شەریفە محەممەدی” چالاکی کرێکاری، پاش تێپەڕبوونی سێ مانگ مۆڵەت ناچار کرا بگەڕێتەوە بۆ زیندانی لاکانی شاری ڕەشت.
ئەم گواستنەوەیە لە کاتێکدایە کە حەفتەی ڕابردوو دایکی ناوبراو بەهۆی گوشاری دەروونی و جەڵتەی دڵ لە نەخۆشخانە دەرمان دەکرێت و گەڕاندنەوەی ئەم چالاکە بۆ بەندیخانە، دۆخی بنەماڵەکەی زیاتر خستووەتە ژێر مەترسییەوە. شەریفە محەممەدی کە پێشتر حوکمی قورسی سێدارەی بەسەردا سەپابوو و بۆ ماوەی دوو ساڵ لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کرابوو، تەنیا بۆ ماوەیەکی کورت مۆڵەتی چاوپێکەوتن لەگەڵ هاوسەر و منداڵەکەی پێدرا و گەڕانەوەی دووبارەی بۆ زیندان، شەپۆلێکی نوێی لە ناڕەزایەتییەکانی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی لێکەوتووەتەوە.