
لە ڕۆژانی ڕابردوودا، مەحبووبە شەعبانی یەکێک لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانبار، بە بەکارهێنانی توندوتیژییەوە بۆ بەندی کەرەنتینەی زیندانی وەکیل ئابادی مەشهەد گوازرایەوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، ئەم بەندکراوە کە لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاوییە، ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی پووشپەڕ ڕەوانەی بەندی کەرەنتینە کراوە. شایانی باسە کە سەرەڕای دژایەتیکردنی ناوبراو بۆ ئەم گواستنەوەیە، هێزەکانی زیندان بەوپەڕی توندوتیژییەوە ئەم کارەیان ئەنجام داوە. بەرپرسانی زیندان بیانووی ئەم کارەیان بۆ بڵاوکردنەوەی فایلێکی دەنگی بۆ دەرەوەی زیندان گەڕاندووەتەوە، لە کاتێکدا سەرچاوە متمانەپێکراوەکان جەختیان لە سەر ئەوە کردووەتەوە کە ناوبراو هیچ فایلێکی دەنگی بڵاو نەکردووەتەوە. هاوکات لە هەمان زینداندا، ئازەر یاهوو یەکێکی دیکە لە بەندکراوان، پاش تێپەڕبوونی ١٢٥ ڕۆژ بە سەر دەستبەسەرکرانیدا، لە مافی پەیوەندیی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە و گواستراوەتەوە بۆ بەندی شەش.