یەکی ئایار، ڕۆژی هاوپشتی جیهانیی کرێکاران و نوێکردنەوەی پەیمان بۆ نەبەردەکانی داهاتوو

یەکی ئایار، ڕۆژی هاوپشتی جیهانیی کرێکاران و نوێکردنەوەی پەیمان بۆ نەبەردەکانی داهاتوو

یەکی ئایار، ڕۆژی جیهانیی کرێکار بەڕێوەیە. گرنگیی ڕاستەقینەی ئەم ڕۆژە بەر لە هەر شتێک لە جیهانیبوونی دایە. ئەم ڕۆژە، تەنیا هی کرێکارانی وڵاتێکی تایبەت، نەتەوەیەکی تایبەت یان ناوچەیەکی تایبەت نییە، بەڵکوو ڕۆژێکە کە کرێکارانی سەرانسەری جیهان، بە هەموو جیاوازییە زمانەوانی، کولتووری، نەتەوەیی و نیشتمانییەکانەوە، خۆیان وەک بەشێک لە چینێکی جیهانی دەناسنەوە. چینێکی کە لە هەموو شوێنێکی جیهاندا، سەرەڕای جیاوازی لە ئاستی حەقدەست، شێوازی گرێبەستەکان یان جۆری حکوومەتەکان، لەگەڵ کێشەیەکی هاوبەشدا ڕووبەڕووە، لەوانە: چەوسانەوە، نائەمنی، ناسەقامگیری و بێبەشبوون لە پشکی ڕاستەقینەی خۆیان لەو سەروەتەی کە بە دەستی خۆیان بەرهەمی دەهێنن.

ئەم جیهانیبوونە، یەکی ئایاری لە زۆرێک لە بۆنەکانی دیکە جیا دەکاتەوە. لەم ڕۆژەدا، کرێکاری ئێرانی، کرێکاری تورکیا، فەلەستین، فەڕانسە، کرێکاری هیێندستان و کرێکاری ئەمریکای لاتین، هەر کامەیان لە بارودۆخێکی جیاوازدا، بەڵام لە ئاسۆیەکی هاوبەشدا دەگەنە یەک. هەر ئەم تایبەتمەندییەشە کە ڕۆژی جیهانیی کرێکار دەکاتە ڕۆژێک بۆ ڕاگەیاندنی هاوپشتی فرەنەتەوەیی. سەرمایەداری سیستەمێکی جیهانییە، زنجیرەکانی بەرهەمهێنان جیهانین و قازانج و سەرمایە سنوور ناناسن، کەواتە خەباتی کرێکارانیش ناتوانێت لە ناو چوارچێوەیەکی تەسکی نیشتمانیدا قەتیس بمێنێتەوە. یەکی ئایار وەبیرهێنەرەوەی ئەم ڕاستییەیە کە چینی کرێکار، سەرەڕای هەموو ئەو ناکۆکی و پرشوبڵاوییەی لە سەرەوە بەسەریدا دەسەپێنرێت، خاوەنی بەرژەوەندییەکی هاوبەش و مێژوویەکی هاوبەشە.

لەم کاتەدا، جیهانیبوونی یەکی ئایار بەو مانایە نییە کە ئەم ڕۆژە لە ڕاستییە دیار و ئاشکراکانی ژیانی کرێکاران لە هەر وڵاتێک جیا بێت. بەپێچەوانەوە، ئەم ڕۆژە ڕێک لە هەناوی هەمان ئازار و خەباتی ڕۆژانەوە مانا پەیدا دەکات. لە هەر شوێنێک کە کرێکارێک لەپێناو حەقدەستە دواکەوتووەکەی، ئەمنییەتی پیشەیی، بیمە، مافی ڕێکخراوبوون، مافی مانگرتن، یەکسانیی ژن و پیاودا خەبات دەکات، یەکی ئایار هی ئەوە. ئەم ڕۆژە هەم ڕۆژی وەبیرهێنانەوەی مێژووی خەباتی چینی کرێکارە و هەم ڕۆژی گرێدانی داواکارییە هەنووکەییەکانە بە ئاسۆیەکی فراوانتری ڕزگاریی کۆمەڵایەتییەوە.

لە ئێراندا، بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمەکانی یەکی ئایار گرنگییەکی دوو هێندەی هەیە. چینی کرێکاری ئێران لە یەکێک لە سەختترین قۆناغە مێژووییەکانی خۆیدا دەژی: هەڵاوسانی لەڕادەبەدەر، دابەزینی هێزی کڕین، بێکارکردن، گرێبەستە کاتییەکان، پەرەسەندنی پەیمانکاری، نائەمنیی ژینگەی کار، سەرکوتی ڕێکخراوە سەربەخۆکان و بێبەشبوون لە سەرەتاییترین مافە پیشەیی و سیاسییەکان. لە ئاوا بارودۆخێکدا، یەکی ئایار ڕۆژێکە بۆ کەوتنەبەرچاو، بۆ هاتنە مەیدان و بۆ دەربڕینی سەربەخۆیانەی ویست و داواکارییەکانی کرێکاران.

بێگومان کۆماری ئیسلامی بەردەوام هەوڵی داوە ڕێوڕەسمە سەربەخۆ کرێکارییەکان سنووردار، کۆنتڕۆڵ یان سەرکوت بکات. بەڵام لە هەمان کاتدا، ئەم حکوومەتە بە فەرمی بوونی ئەم بۆنەیەی قبووڵ کردووە و هەر ئەمەش مەیدانی مانۆڕی حکوومەتی بۆ ڕێگریکردنی بەتەواوەتی لە بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی سەربەخۆی کرێکاری سنووردار دەکات. بە واتایەکی دیکە، حکوومەت ناتوانێت ئەسڵی بۆنەکە ئینکار بکات، ئەگەرچی هەوڵ دەدات ناوەرۆکەکەی بەتاڵ بکاتەوە و بێبایەخی بکات تا ئاستی ڕێوڕەسمێکی فەرمی و حکوومەتی. بەڵام ئەزموونی ساڵانی ڕابردوو نیشانی داوە کە بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی سەربەخۆی یەکی ئایار لە ئێراندا مومکینە. لە ناوچە جیاجیاکانی وڵات، کرێکاران، موعەلیمان، خانەنشینان، هەڵسووڕاوانی ژن و چالاکانی کۆمەڵایەتی، بە شێوازی جۆراوجۆر ئەم ڕۆژەیان بەڕێوە بردووە: لە کۆڕ و گردبوونەوە بچووکەکانەوە بگرە تا بڵاوکردنەوەی بەیاننامە، سازکردنی کۆبوونەوە، بەرنامەی کولتووری، ئامادەبوونی بە کۆمەڵ لە شوێنە گشتییەکان و چەندین شێوازی دیکە. هەر ئەم ئەزموونانە نیشانی دەدەن کە دەکرێت و دەبێت سوود لەم دەرفەتە وەربگیرێت.

ئەمساڵ گرنگیی یەکی ئایار بۆ کرێکارانی ئێران لە ڕوویەکی دیکەشەوە بە چەند قات زیاتر بووە. شەڕی ئەم دواییە هەزینەیەکی زۆر قورسی بەسەر چینی کرێکاری ئێراندا سەپاندووە. زۆرێک لە ژێرخان و ئەو ناوەندانەی کە کرێکاران تێیاندا کاریان دەکرد، وێران بوون. ژمارەیەکی زۆر لە کرێکاران گیانیان لەدەست داوە. بەڵام کارەساتەکە لێرەدا کۆتایی نایەت. لێکەوتە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی شەڕ، مەودایەکی زۆر فراوانتری هەیە. بەپێی خەمڵاندنەکان، زیاتر لە دوو ملیۆن کەس لە ئاکامی ئەم شەڕەدا بە ڕیزی لەشکری بێکاران لە ئێران زیاد بوون. ئەمە واتە ملیۆنان سفرەی بچووکتر، ملیۆنان بنەماڵەی نائەمنتر و داهاتوویەکی تاریکتر بۆ بەشێکی گەورە لە هێزی کار.

لە ئاوا بارودۆخێکدا، کۆبوونەوەی کرێکاران لە یەکی ئایاردا مانایەکی تایبەت پەیدا دەکات. ئەم کۆبوونەوەیە، تەنانەت ئەگەر بە شێوازێکی سنووردار و لە ئاستی گەڕەکەکاندا بەڕێوە بچێت، نیشاندانی هاوپشتییە لە جەرگەی بارودۆخە سەختەکاندا. کرێکاران بە کۆبوونەوە لە تەنیشت یەکتر، بە خۆیان و بە کۆمەڵگە ڕادەگەیەنن کە بە تەنیا نین و ئازارەکانیان تاکەکەسی و پرشوبڵاو نییە و وەڵامی ئەم دۆخەش تەنیا دەتوانێت بە هێزی بەکۆمەڵ و ڕێکخراوبوون بێت. لە سەردەمێکدا کە شەڕ، هەژاری، بێکاری و سەرکوت هەوڵ دەدەن چینی کرێکار پرشوبڵاو، بێدەنگ و گۆشەگیر بکەن، خودی کۆبوونەوە و شانبەشانی یەکتر ڕاوەستان، هەنگاوێکی گرنگە بۆ سەرلەنوێ بەدەستهێنانەوەی متمانە، ئیرادە و هاوپشتی چینایەتی.

یەکی ئایار هەروەها ڕۆژی نوێکردنەوەی پەیمانە بۆ نەبەردەکانی داهاتوو. کرێکاران لەم ڕۆژەدا خۆیان بۆ داهاتووش ئامادە دەکەن. داهاتوویەکی کە تێیدا دەبێت لەپێناو مافی ڕێکخراوی سەربەخۆ، مافی مانگرتن، حەقدەستی گونجاو لەگەڵ تێچووی ژیان، ئەمنییەتی پیشەیی، بیمەی بێکاری، بنیاتنانەوەی ناوەندە وێرانبووەکان و بەرگری لە گیان و بژێویی کرێکاران، خەبات و تێکۆشان بکرێت. یەکی ئایار ڕۆژێکە کە ئەم داواکارییانە دەتوانن بە دەنگێکی بەرزتر، بەکۆمەڵتر و ڕوونتر بخرێنە ڕوو.

لەمڕووەوە، دیفاع لە بەڕێوەبردنی سەربەخۆ و بەربڵاوی یەکی ئایار لە ئێران، دیفاعە لە پێداویستییەکی بەپەلە و زیندووی چینی کرێکار. هەر ڕێوڕەسمێک، هەر کۆڕ و کۆبوونەوەیەک، هەر بەیاننامەیەک و هەر حەرەکەتێکی داهێنەرانە لەم ڕۆژەدا، دەتوانێت هەنگاوێک بێت بەرەو بەهێزکردنی ڕێکخستن، زیادکردنی متمانە بە هێزی بەکۆمەڵ و ئامادەبوون بۆ هەوڵ و خەباتی گەورەتر. یەکی ئایار ڕۆژی جیهانیی کرێکارە، چونکە کرێکارانی جیهان تێیدا دەگەنە یەک و لە ئێرانی ئەمڕۆدا، ئەم ڕۆژە دەبێت لە هەموو کاتێک زیاتر ببێتە ڕۆژی یەکگرتوویی، هاوپشتی و نیشاندانی ئیرادە بۆ درێژەدان بە خەبات و تێکۆشان.️

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە

ڕووداوە گرنگەکان

پەیام نێت

گەلەری

هاوڕێمان بن! ​

پەیوەندی

  Copyright © 2023, All Rights Reserved Payaam.net