بڕیارە ڕۆژی ٨ی پووشپەڕی ١٤٠٣، شانۆیەکی دیکەی هەڵبژاردنی ڕژیمی دەسەڵاتداری ئێران بەڕێوە بچێت. هەر لەئێستاوە هەموو ئاماژەکان بەیانگەری ئەوەن کە ئەم بەناو هەڵبژاردنە، لەگەڵ یەکێک لە بێوێنەترین و بەربڵاوترین بایکۆتەکان لە ماوەی تەمەنی ٤٥ ساڵەی ئەم دەسەڵاتە بەرەوڕوو دەبێتەوە. پاڵپێوەنای ٧٠٪ی خەڵک بۆ ژێر هێڵی هەژاری، ئەویش لە وڵاتێکدا کە لەسەر دەریایەک لە سامانی سروشتی دانیشتووە، بێبەشکردنی هاوڵاتیان لە سەرەتاییترین ئازادی و مافی کۆمەڵایەتی، کوشتاری بەکۆمەڵ، ئەشکەنجە، ئێعدام و تیرۆر، سەپاندنی کۆنەپەرستانەترین یاسا و ڕێساکان بەسەر ژنان و ژیانی کۆمەڵانی خەڵکدا، دژایەتی لەگەڵ ئازادی و مافە سەرەتاییەکانی نەتەوە ستەملێکراوەکان و پەرەسەندنی کارەساتبارترین زیانە کۆمەڵایەتییەکان، ئەمەیە کارنامەی ڕژیمی ئیسلامی لە سەروبەندی بەڕێوەچوونی دوایین شانۆی هەڵبژاردن و لەسەر بەستێنی دۆخێکی ئاوا کارەساتباردایە کە شانۆی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری نوێ، بەڕێوە دەچێت. بایکۆتی بەرینی جەماوەریی لە دوایین شانۆی هەڵبژاردنی ڕێژیمدا (٧٪ بەشداریکردن) کەلێنی نێوان خەڵک و دەسەڵاتی بە ڕوونی نیشان دا. پڕۆژەی یەکدەست کردنی دەسەڵات لە سەرەوە، تاکە ڕێکاری دەسەڵاتە بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ئەو دۆخەدا. ئەم یەکدەست بوونە بەو مانایەیە کە ڕژیمی ئیسلامیش وەک زۆرێک لە دیکتاتۆرەکان، لە کۆتاییەکانی تەمەنیدا، پەنا دەباتە بەر تاکە ئامرازی بەردەستی، واتە سەرکوتی زیاتر. لەمڕووەوە پێویستە لە بەرەی جەماوەریش دا، ئەو سیاسەت و شێوازانەی کارکردن بگیرێتەبەر کە ڕژیم نەتوانێت سیاسەتی سەرکوتکردن بێباکانە بەڕێوە ببات. بایکۆتی چالاکانە و لێبڕاوانهی ئەم شانۆی هەڵبژاردنە، یەکێکە لەو بابەتانەی کە لە لایەکەوە دەسەڵاتی خەڵک نیشان دەدات و لە لایەکی دیکەشەوە دەبێتە شانۆی لاوازیی ڕژیم و تواناییەکانی سەرکوتی ڕژیمیش چیتر کاریگەری نابێت.
بێگومان ئەو کەسەی کە لە سندووقی دەنگدانی ئەم شانۆی هەڵبژاردنە دێتە دەرەوە، ناتوانێ ملکەچ و گوێڕایەڵی فەرمانەکانی خامنەیی و سپای پاسداران نەبێت. لەم نێوەندەدا، “مەسعود پزیشکیان“، کاندیدی خوازراوی ڕیفۆرمخوازانی حکوومەتی، ئاگایانەیە و بە مەبەست لە فلتەری شۆڕای نیگەهبان تێپەڕێنراوە بۆ ئەوەی هەندێک بازاڕی هەڵبژاردنە بێ ڕەونەقەکەیان گەرم بکات. بەشداریی بەناو ڕیفۆرمخوازەکان لەم شانۆی هەڵبژاردنەدا، ئەوە دەردەخات کە ئەم دارودستەیە تا چەندە لەوەی کە لە قووڵایی ئەم کۆمەڵگایەدا دەگوزەرێت، بێ ئاگان. ئەوان نایانەوێت ئەو ڕاستییە ببینن کە زۆربەی هەرەزۆری خەڵکی ئێران لەمێژە هیچ هیوایەکیان بە سندووقی دەنگدان و چاکسازی ڕژیم نەماوە. جگە لەوەش “مەسعود پزیشکیان” هەر لە ئێستاوە لە وتار و گفتوگۆکانی هەڵبژاردن، لە کەناڵە تەلەوزیۆنییەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، بەردەوام خۆی وەک گوێڕایەڵی ڕێبەر و درێژەپێدەری ڕێگای ڕەئیسی پیشان دەدات و لە دووبارەکردنەوەشیان ماندوو نابێت. هۆکارەکەشی ڕوونە، ئەو ئەگەر پێشی وابێت کە ڕەنگە سەر لە سندووقی دەنگدان دەربهێنێت، بە دروستی لەوە گەیشتووە کە بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجە، نابێت چاوەڕێی دەنگی خەڵک بێت، بەڵکوو ئەگەر بێتوو کەمێک بەختیش یاری بێت، ئەوە تەنیا بە بەیعەتی بێ ئەملاو و ئەولا لەگەڵ خامنەیی مسۆگەر دەبێت. ئاشکرایە کە ئەمجارە زۆرینەی ڕەهای خەڵک ناچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان. ڕژیم خۆی ئەو ڕاستییە دەزانێت، هەر بۆیە نیگەرانی و خەمی ئەوان لە جێگایەکی دیکەوە سەرچاوە دەگرێت. کێشەی بەشداریکردن لە ڕێگای ئەو فێڵ و فریوکاریانەی کە بۆ هەمووان ئاشنان، چارەسەر و موهەندیسی دەکەن. کێشەی سەرەکی ڕژیم ئەوەیە کە بتوانێت لە هەموو ئاستەکاندا خۆیان بۆ ئەو ڕووبەڕووبوونەوە چارەنووسسازانە ئامادە بکەن کە چاوەڕێی دەکەن. ئەوەی کە ئێستا بەرپرسانی ڕژیمی زۆر نیگەران کردووە، ئەگەری سەرهەڵدانی ئاخێزە جەماوەرییەکانە لە دوای ئەم شانۆی هەڵبژاردنە. هەربۆیە سەرۆک کۆماری داهاتووی ئێران کەسێک دەبێت کە کاری سەرکوت بۆ ئۆرگانە سەرکوتگەرەکان ئاسان دەکات.
ئهمڕۆ ڕژیم سەرکەوتنی خۆی له بەڕێوەبردنی ئهم بەناو هەڵبژاردنە لەوەدا دەبینێت کە بتوانێت ئەو پڕۆسەیە بە هێمنی و بەبێ سەرئێشە تێپەڕ بکات. ئەگینا خەمی شکڵگرتنی ڕیزی دوور و درێژی لەبەردەم سندووقەکانی دەنگداندا نییە. سپاییەکان، بەسیجییەکان، ئەرتەش، بەشێک لە دەست و پێوەندەکانی سەر بە دام و دەزگاکانی ڕژیم و بنەماڵەکانیان، بەردەوام بۆ وەڕێخستنی نمایشێکی لانیکەمی، بەردەستن و ئەمجارە هەر ئەوەندە بەسە بۆیان و لەگەڵ کێشەی “دەنگی من کوا”ش، بەرەوڕوو نابنەوە. گومان لەوەدا نییە کە دوابەدوای ئەم شانۆی هەڵبژاردنە و لە درێژەی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیدا، خەبات و ناڕەزایەتییەکانی جەماوەر لە کوردستان و لە سەرانسەری ئێران لەدژی ڕژیم، ئاست و ڕەهەندێکی بەربڵاوتر لەخۆ دەگرێت. بەرەی نوێی خەباتی سیاسی و چینایەتی دەکرێتەوە. لە جەرگەی پەرەسەندنی خەبات و ناڕەزایەتییەکی لەو چەشنەدایە کە هەنگاو بە هەنگاو بەدیلی شۆڕشگێڕانە شکڵ دەگرێت. ئەم ڕەوتە چاوەڕوانکراوە، لە هەمان کاتدا ئەرکی هێزە چەپ و ڕادیکاڵەکانی کۆمەڵگاش دیاری دەکات. بەڵام تا ئەو جێگایەی کە پەیوەندی بە خەڵکی کوردستانەوە هەیە، هەروەک چۆن ٤٥ ساڵ لەمەوبەر ڕیفراندۆمی فریوکانەی “حکوومەتی ئیسلامی، نە یەک وشە زۆر و نه یەک وشە کەم“یان یەکپارچە بایکۆت کرد و ساڵەکانی دواتریش لە زۆر گۆڕەپانی تردا، دووپاتیان کردەوە، ئەمڕۆ بە شێوەیەکی لێبڕاوانەتر لە ڕابردوو، هیچ گرنگی و بایەخێک بەم شانۆی هەڵبژاردنە نادەن. ئەمجارەش به نەچوون بۆسەر سندووقەکانی دەنگدان و بایکۆتکردنی بەربڵاو، جارێکی تر “نا“یەکی لێبڕاوانە بەم ڕژیمی کوشتار و جینایەتە، بەم ڕژیمی هۆکار و سەبەبکاری هەژاری و برسێتی و بێکارییە، بەم ڕژیمە پەرەپێدەرەی ئالوودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان و لەشفرۆشی و بەم ڕژیمە دز و گەندەڵ و تاڵانچییە، دەڵێن. ئێمە داوا لە کۆمەڵانی خەڵکی تێکۆشەر و مافخوازی کوردستان دەکەین کە ئەمجارەش بە نەچوون بۆسەر سندووقەکانی دەنگدان، بایکۆتی بەتەواوەتی شانۆی هەڵبژاردنی ڕژیم بکەنە دیمەنێکی شکۆداری تری بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کوردستان.
کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە (ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران)
٢٩ی جۆزەردانی ١٤٠٣