سێدارە چەکێکی ژەنگاوی و کوردستان سەنگەری خەبات و کۆڵنەدان

ن: کەریم ئەمان

مێژووی دەسەڵاتداریی کۆماری ئیسلامی لە ئێران، مێژوویەکە پڕ لە خوێن و سێدارە، مێژوویەکە کە تێیدا “پەتی سێدارە” وەک تاقە وەڵامی ڕژێم بۆ داخوازییە مرۆییەکان بەکار هاتووە. نۆزدەی گوڵانی ١٣٨٩ی هەتاوی، تەنیا ساڵیادی لەدەستدانی پێنج مرۆڤی ئازادیخواز نییە، بەڵکوو ساڵیادی شکستی ستراتیژیی “ترس و تۆقاندن”ە لە بەرامبەر ئیرادەی پۆڵایینی جەماوەردا.

لەو بەرەبەیانەدا، کاتێک جەلادەکانی کۆماری ئیسلامی پەتیان خستە گەردنی فەرزاد کەمانگەر، شیرین عەلەم هولی، فەرهاد وەکیلی، عەلی حەیدەریان و مەهدی ئیسلامیان، وایان دەزانی دەتوانن دەنگی “قوتابخانەی ئەلفوبێی” ئازادی کپ بکەن و ئاسۆکانی ڕزگاریی کوردستان لێڵ بکەن. بەڵام ئەوەی ڕژێم لێی تێنەگەیشتبوو، ئەوە بوو کە ئەوان تەنیا ناو نین، بەڵکوو مانیفێست و مەشخەڵی هەمیشە داگیرساوی وەستانەوەن لە بەرامبەر سیستەمێکدا کە زمانی دیالۆگی تەنیا “پەت و سێدارەیە و فەرزاد و هاوڕێکانی پێش ئەوەی بگەنە سەر سەکۆی سێدارە، لەناو دڵ و ویژدانی زیندووی کۆمەڵگادا ببوونە ڕەمزی خۆڕاگریی.

فەرزاد کەمانگەر تەنیا مامۆستایەکی پۆلەکانی خوێندن نەبوو، بەڵکوو مامۆستایەکی سیاسیش بوو کە دەیویست مافی ژیان و کەرامەتی مرۆڤ فێری قوتابییەکانی بکات. ئەو لە نامەکانیدا دەگێڕێتەوە کە چۆن دەکرێت لە پشت دیوارە سارد و سڕەکانی زیندانیشەوە، دڵ بۆ ماسییە بچکۆلەکان لێ بدات و تۆوی هیوای گەیشتن بە ئاسۆیەکی ڕوون بچێنرێت. تاوانی فەرزاد و هاوڕێیانی، نە ترس بوو و نە توندوتیژی، بەڵکوو بڕوایان بوو بە دونیایەکی بەدوور لە ستەم و چەوسانەوە، دونیایەک کە تێیدا کرێکاران، ژنان و نەتەوە ستەملێکراوەکان، ببنە خاوەن ئیرادە و چارەنووسی خۆیان.

ئەگەر ١٩ی گوڵان ڕۆژی تاقی کردنەوەی ویژدانی مرۆڤایەتی بوو، ٢٣ی گوڵانیش ڕۆژی نمایشکردنی هێزی ڕاستەقینەی جەماوەر بوو. مانگرتنی سەرتاسەریی کوردستان لەو ڕۆژەدا، تەنیا ناڕەزایەتییەکی ئاسایی نەبوو، بەڵکوو “ڕێفراندۆمێکی کردەیی” بوو دژ بە سیستەمی پەت و سێدارە. کوردستان لەو ڕۆژەدا بە شار و گوندەکانییەوە، بە کارگە و بازاڕ و قوتابخانەکانییەوە، یەکدەنگ بوو بە پەیامێکی ڕوون: “ئێوە دەتوانن گیانمان لێ بستێنن، بەڵام ناتوانن ئیرادەمان بشکێنن.”

ئەم مانگرتنە شکۆدارە، کە بە بانگەوازی کۆمەڵە و هاوکاریی هێزە سیاسییەکان و پشتیوانیی ئازادیخوازانی ئێران ئەنجام درا، پێناسەیەکی نوێی بۆ خەباتی مەدەنی و سیاسی هێنایە ئاراوە. سەلماندی کە کوردستان نەک تەنیا لە شاخەکانەوە، بەڵکوو لە ناو جەرگەی شارەکان و لە ڕێگەی یەکگرتوویی جەماوەرییەوە، دەتوانێت ئامێری سەرکوتی ڕژێم پەک بخات.

ئەو هێزەی کە لە ٢٣ی گوڵاندا مێژووی خوڵقاند، هەمان ئەو هێزەیە کە لە شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی”دا ترسی مەرگی خستە گیانی دیکتاتۆریی ئیسلامییەوە. کوردستان نیشانی داوە کە “سێدارە” ناتوانێت ببێتە بەربەست لەبەردەم بزووتنەوەیەکدا کە بە هەوێنی بیری یەکسانیخوازی، ئازادیخوازی و مافی دیاریکردنی چارەنووس، شکڵی گرتووە.

ئەگەرچی تەرمی ئەو پێنج ئەستێرە گەشەی کوردستان تا ئێستاش لای  داگیرکەران بە دیل گیراوە و شوێنی گۆڕەکانیان نادیارە، بەڵام ئەمڕۆ ناوی فەرزاد و شیرین و هاوڕێکانیان لە هەموو قوتابخانەیەک، لە هەموو ماڵێک و لە هەموو سەنگەرێکی خەباتدا دەزرینگێتەوە. ئەوان نەمردن، بەڵکوو بوونە هەوێنی مانگرتنە سەرتاسەرییەکان و ئاخێزە بەردەوامەکانی دوای خۆیان.

لە ساڵیادی ئەم تاوانە گەورەیەدا، جارێکی دیکە جەخت دەکەینەوە کە ڕەمزی ڕزگاربوون لە دەست سێدارە و ستەم، تەنیا و تەنیا بریتییە لە یەکگرتوویی، ڕێکخراوبوون و خەباتی بەردەوامی جەماوەریی. کوردستان سەلماندوویەتی کە سەنگەرێکی لە شکان نەهاتووە و هەرگیز لە ئاست ستەم و سەرەڕۆیی ئەم ڕژێمە جینایەتکارەدا بێدەنگ نابێت.

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە

ڕووداوە گرنگەکان

پەیام نێت

گەلەری

هاوڕێمان بن! ​

پەیوەندی

  Copyright © 2023, All Rights Reserved Payaam.net