شۆڕای ڕێکخستنی ناڕەزایەتییەکانی کرێکارانی پەیمانی نەوت، ڕۆژی هەینی ١ی پووشپەڕ ڕایگەیاند کە زیاتر لە سێ هەزار کرێکار و کارمەند لە ٣٠ شیرکەت، کەرەستەکانی کاریان ڕادەستکردەوە و مانیان گرت. شۆڕای ڕێکخستنی ناڕەزایەتییەکانی کرێکارانی پەیمانی نەوت و شۆڕای ڕێکخستنی ناڕەزایەتییەکانی کرێکارانی نافەرمی نەوتی (ئەرکانی سالس) هەردووکیان لەسەر بنەمای ئامادەکارییەکانی ئێستای ئەو شیرکەتانە، داوای مانگرتنێکی گەورەیان کرد بۆ ئەوەی بتوانن ئاسانتر داواکارییەکانیان دەستەبەر بکەن. زیادکردنی حەقدەستەکان و ١٤ ڕۆژ کارکردن و ١٤ ڕۆژ پشوو، لە زومرەی داواکارییە سەرەکییەکانی کرێکارانی نەوتن. کرێکارانی پڕۆژەیی گرێبەستی نەوت خوازیاری نەهێشتنی پەیمانکاران و حەقدەستی یەکسان لە بەرامبەر کاری یەکساندان. ئەوە خواستێکی سەرتاسەرییە لە پیشەسازی نەوتدا. گەرمای تاقەت پروکێنی هاوین دەستی پێکردووە و بارودۆخی کارکردنی، زۆر دژوار کردووە. لە ئاوا هەلومەرجێکدا، باشترکردنی بارودۆخی کار، دۆخی ژوورەکانی خەوتن و خواردنگەکانیش بەشێکی دیکەن لە داواکارییە گرنگەکانی کرێکاران. هەڵسووڕاوانی ڕادیکاڵی کرێکاریی، ئەم خولە نوێیەی مانگرتن و دەست لەکارکێشانەوەکانیان بە سێیەمین “کەمپەینی ١٤–١٤” ناوبردووە و وەبیریان هێنایەوە کە مانگرتنەکانی ئەم دواییە، لە ئاکامی شکستی پیلانگێڕی و کارشکێنی دەست و پێوەندەکانی شیرکەت و سپادا بەدەست هاتوون. شۆڕای ڕێکخستنی ناڕەزایەتییەکانی کرێکارانی نافەرمی نەوت (ئەرکانی سالس) لەسەر نەهێشتنی بەتەواوەتی پەیمانکاران جەختیان کردەوە و چەند داواکارییەکی دیکەشیان هێناوەتە گۆڕێ، لەوانە “جێبەجێکردنی بەتەواوەتی قۆناغی دووەمی تەرحی تەبەقەبەندی پیشەکان“.، پێدانی بەبێ جیاوازی کارتی بانکی و بەهرەمەند بوون لە هاریکاری و ئاسانکارییە بانکییەکان وەک باقی بەشەکانی دیکەی نەوت“. هەڵسووڕاوانی کرێکاریی ڕوو لە کەسانی تێکدەر و جیرەخۆری ناو ڕیزەکانی خۆیان و پشتیوانەکانیان نووسیویانە کە بە بەرهەمهێنان و قازانجی ئەو دەزگا گەندەڵ و مافیایەی کە بە تاڵانکردنی نەوت، جگە لە هەڵاواردن و نەهامەتی گشتی، هیچ حاسڵێکی دیکەیان بۆ کرێکاران و خەڵکی ستەملێکراو نییە، پابەند نابن. ئەو هەڵسووڕاوانە هەروەها بەڵێنی بەشێک لە کاندیدەکانی سەرۆک کۆمارییان سەبارەت بە نەهێشتنی شیرکەتە پەیمانکارییەکانی ناو شیرکەتی نەوت، بە ئیدیعایەکی پووچ و بێ بنەما و وادەی سەر خەرمان دادەنێن. ئەوان بە بیرهێنانەوەی پەیوەندی نێوان پەیمانکاران و خاوەنانی دەسەڵات، جەختیان لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە بەدەستهێنانی ئەم داواکارییانە تەنیا لە ڕێگەی خەباتێکی یەکگرتووانە و شێلگیری خودی کرێکارانەوە مسۆگەر دەبێت.
خولی نوێی مانگرتنەکان، کە پۆتانسێلی پەرەسەندنی زۆری لەناو کرێکارانی نەوتدا هەیە، لە قۆناغێکدا دەستیپێکردووە کە شەش بەربژێرە دیاریکراوەکەی شۆڕای نیگەهبان، کۆمەڵێک بەڵێنی بێ بنەمایان داوە سەبارەت بە بەرزکردنەوەی حەقدەستەکان. هەندێکیان لەوەش واوەتر چوون و بەڵێنیان داوە کە پەیمانکارەکان نەهێڵن. ئەمانە ئەو پەیمانکارانەن کە قەرارگای خاتەمولئەبنیا لە سەردەمی سەرۆک کۆماریی ئەحمەدی نەژاد دا هەوڵیدا هەڵیانبوەشێنێتەوە و بۆخۆی جێگەی بگرێتەوە. بەڵام لەو کاتەدا ئەو مافیایە خاوەنی دەسەڵات و جێگە و پێگەیەکی هێندە بەهێز بوو کە هەوڵەکانی کابینە پۆپۆلیستییە دەستی ڕاستییەکەی ناوبراویان لەگەڵ شکست بەرەوڕوو کردەوە. هەروەها پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە داواکاری نەهێشتنی پەیمانکاران کە لەلایەن کرێکارانەوە هاتووەتە ئاراوە، لە بنەڕەتدا لەگەڵ داواکاری سپا جیاوازە. کرێکاران دەیانەوێت بە دوورخستنەوەی پەیمانکاران، هەم ئەو حەقدەستەی کە لەلایەن ئەو مشەخۆرانەوە تاڵان کراوە، وەربگرنەوە و هەم بە بەستنی گرێبەستی ڕاستەوخۆ لەگەڵ خودی شیرکەتی نەوت، لەو ئەمنییەتە کارییەی کە لێیان زەوت کراوە، بەهرەمەند بن. ئەوان نایانەوێت کۆمەڵێک لاشخۆر لاببەن و تاقمێک دزی چەکدار لە جێگەیان دابنێن. کرێکارانی پەیمانیی مانگرتووی شیرکەتی نەوت، لە دوو قۆناغی پێشووتری “کەمپەینی ١٤–١٤“دا، کۆمەڵێک دەستکەوتیان لە بواری باشتربوونی حەقدەستەکان و بارودۆخی ژیانیان لە کەمپەکاندا بەدەستهێنا، بەڵام زۆربەی پەیمانکاران پاش گەڕانەوەی کرێکاران بۆسەر کارەکانیان، لە بەڵێنەکانیان پاشگەزبوونەوە. بێگومان کرێکارانی پەیمانی لەم دەورەیەدا هەوڵ دەدەن ناچار نەبن بە کەمترین دەستکەوت و تەنانەت سەرەڕای پێشبینی ئەگەری فریوکاری خاوەنکارەکان، بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان. هەڵسووڕاوانی ناو ڕیزەکانی کرێکارانی پڕۆژەیی و ئەرکانی سالس دەزانن کە پێویستە لە پرۆسەی ڕاکێشانی باقی کرێکارانی پەیمانی دیکە بۆ ناو مانگرتنەکە، یەکگرتوویی نێوان ئەو بەشانە لەگەڵ کرێکارانی فەرمیش، بەهێزتر بکرێت.
ئەوان هەروەها دەبێ بەرژەوەندیی کرێکارانی ڕۆژکار و بەشەکانی تری شیرکەتەکانی نەوت و پتروشیمیش لەبەرچاو بگرن و زەمینە خۆش بکەن بۆ ڕاکێشانیان بۆ ناو ڕیزەکانی مانگرتووان. درێژەی ئەم خەباتە ئیمکانی ئەوە دەڕەخسێنێت کە کرێکارانی پێشڕەو بتوانن ڕێکخراوەکانی ئێستایان لە بەرامبەر بەکرێگیراوانی ئەمنییەتی، بەسیجی و سپاه و بەتایبەتی لە خەبات دژ بە خیانەتکارانی ناو ڕیزەکانی خۆیان، بەهێزتر بکەن و لەباری چۆنایەتییەوە گەشەی پێبدەن. نەوت شادەماری ژیانی هەموو بەشەکانی کۆماری ئیسلامییە. مانگرتنی کرێکاران تەنیا بە ئاستەنگ دروستکردن لەبەردەم بەرهەمهێنانی ئەم زێڕە ڕەشە دەتوانن شیرکەتی نەوت ناچار بکەن لە بەرامبەر ویست و داواکاری کرێکاراندا، بەشێوەیەکی جددی نەرمی بنوێنێ و سەرەنجام تەسلیمی داواکارییەکانیان بێت. بەڵام زۆر گرنگە کە هەڵسووڕاوانی کرێکاریی پیشەسازی نەوت، بۆ گەیشتن بە ویست و داواکارییە سنفییەکانیان، لە ڕێگەی دیفاعی هەمەلایەنەتر لە ژنانی ئازادیخواز و ئازادپۆش، دادخوازان، خەباتکارانی دژ بە سزای لەسێدارەدان، ئازادی زیندانیانی سیاسی، دیفاع لە ژینگە و هیتر… خەباتی جەماوەریی کرێکاران بە ئاراستەی پەیوەندییەکی قووڵتر لەگەڵ بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینادا بەرەوپێش ببەن. ئەڵبەتە خستنەڕووی ویست و داخوازی سیاسی و دیفاعی لێبڕاوانە لە بەشە زیندووەکانی شۆڕشی ژینا، دەتوانێت کرێکاران لەگەڵ هێرشی توندی هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیم بەرەوڕوو بکاتەوە. بەڵام بە لاوازبوونی ڕژیم و هێزە سەرکوتگەرەکانی و هەروەها درێژەدان بە خەباتی کۆمەڵایەتی و سیاسی لە کۆمەڵگا و لەناو زیندانەکان و خەباتی ئێرانیانی ناڕازی لە دەرەوەی وڵات، هاوکات لەگەڵ پشتیوانیکردنیان لە نەبەرد و ململانێی هێزە خەباتکارەکان لەگەڵ ڕژیم لە ناوەوە، توانایی سەرکوتگەرانیش کەم دەبێتەوە و تێکدەشکێن.