عوسمان زیندانی
لەدوای چەندین ڕاپەڕین ومانگرتنی جەماوەری ئێران و دوای شۆڕشی (ژن. ژیان. ئازادی ) لەئێران وبەتایبەت لە ڕۆژهەڵات ، كۆماری ئیسلامی ئیران بەشێوەی سەربازی و ئەمنی و سیاسی و دبلۆماسی هێرش وپەلامارو فشاری خستۆتە سەرلایەنە سیاسیەكانی ئۆپۆزسیۆنی نەیاری خۆی لەناو هەرێمی كوردستان.
سەرەتا ویستی لەڕێگەی دروست كردنی شەڕ لەنێوان (پەكەكە و حزبی دیموكرات وكۆمەڵە )لەسەر سنورەكانەوە كێشە بۆلایەنە سیاسیەكان دروست بكات ، بەلام بەهۆشیاری سیاسی لایەنەكان و هەوڵی دڵسۆزانەی هەمەلایەنەی مەدەنی وئیعلامی خەڵك توانرا مەرام و بەرنامەكەی ئیران پوچەڵ بكرێتەوە و ڕاپەڕین وناڕەزایەتی خەڵك بەئازایانە لەناو ئێراندا درێژەی هەبێت .
دواتر لەڕێگەی هێرشی سەربازیەوە بە بۆردومانی موشەكی و درۆن لەئاسمانەوە بارەگا و قەڵا و شوێنی مەدەنی وەك نەخۆشخانە وقوتابخانە ناوەندی كاری ئیعلامی بۆردومان كرد ، ولەسەر زەمینەوە بەشێوەی ڕفاندن و كوشتن و تیرۆری تێكۆشەران لە ناو هەرێمی كوردستان بەردەوام بوو لە سەركوت وهەولدان بۆ لە ناوبردنی ئۆپۆسزیۆنی ئێران وبەتایبەت كۆمەڵە و دیموكرات ، دەرئەنجام نەیتوانی لەناویان ببات ، سەرباری شەهید وبریندارێكی زۆر و زیانی مادی و ئاوارە بوون بەڵام خۆڕاگر بوون مقاوەمەتیان كرد ومانەوە لەباشوور، ڕاپەرینی خەڵكی ئێران وبەتایبەت لەكوردستانی ڕۆژهەڵات بەردەوام بوو و خۆڕاگری ناو هەرێم ئاوێتەی بەرەنگاری ناوەوەی ئێران بوو.
دواتر كۆماری ئیسلامی پەنای بردە بەڕێكەوتن لەگەڵ دەوڵەتی عێراق و حكومەتی هەرێم و گوشاری سیاسی وسەربازی بەشێوەیەكی تایبەت بەكارهێنا دژی هەرێمی كوردستان تا توانی ڕێكەوتنی ئەمنی لەگەڵ عێراق و دواتر لەگەڵ هەرێم واژۆ بكات دژی هێزە و لایەنە سیاسیەكانی ئۆپۆسزیۆنی ئێرانی بەگشتی و كۆمەڵە ودیموكرات بەتایبەتی ، كەتیایدا دەبێت چالاكی سەربازی نەكەن ولەسنور نەبن و دواجار ئەگەر دەرنەكرێن لەعێراق وهەرێم دەبێت هیچ شوێن و جێگا وپێگەیەكەیان نەبێت و بخرێنە ئۆردوگای پەنابەریەوە و لەژێر چاودیریدابن و ڕێگەی هیچ جۆرە چالاكی سیاسی وڕاگەیاندن ومەدەنیان پێنەدرێت و هیچ ئاسانكاریان بۆ نەكرێت لەڕووی ژیاری و ڕێوڕەسمی مانەوە لەهەرێمدا .
لەپێناو جێبەجێكردنی ئەم ڕێكەوتنەدا عێراق وهەرێم زۆر فشاریان كرد بەرامبەر بەم هێز ولایەن و خەڵكە مەدەنیە ، كە هەموو دیموكرات و كۆمەڵە هەروەك چۆن لەڕابردوودا مامەڵەیەكی هاوسەنگ و گونجاویان كردوە لەگەڵ دۆخی سیاسی هەرێم وئەومەترسیانەی لەسەر هەرێمی كوردستان هەیە لەم كاتەشدا زۆرترین پابەند بوونیان كردوە بەو ڕێكەوتنانەی كەوەفدەكانی هەرێم داوای لیكردوون وڕەچاوی هەلومەرجی سیاسی ناوچەكە و هەرێمی كوردستانی كردووە ، بەڵام هێشتا كۆماری ئیسلامی وازناهێنێت دەیەوێت هەموو مافێكی ئینسانی و سیاسی و مەدەنی لە ئۆپۆسزیۆن و خەڵكی مەدەنی جیاواز وناكۆك لەگەڵ ڕژێمە سیاسیەكەی بسەنێتەوە .
لەڕاستیدا ئەمە پێچەوانەی بنەماكانی جاڕنامەی گەردوونی مافەكانی مرۆڤ و پەیماننامە و ڕێكەوتنە نێودەوڵەتیەكانە كەهەموو لاینەنێكی سیاسی و هەموو پەنابەرێكی سیاسی مافی چالاكی وهەڵسوڕانی سیاسی ومەدەنی وئیعلامی هەیە و مافی ژیان وبەهرەمەند بوونی هەیە لەدابینكردنی پێداویستیەكانی ژیان لەكاتێكدا ئەمانە خەڵكی تێكۆشەر و سیاسیین بۆ بەرەنگار بوونەوەی سەتەم وزۆرداری و بەناچاری نیشتەجێی ئێرە بوون .
ئەوەی لێرەدا جێگای ڕەخنەی سیاسی جدیە كە لەمێژوودا وەك هەڵوێستێكی نانیشتمانی و ملكەچانە دەنووسرێتەوە ڕازی بوونی دامەزراوەكانی حكومەتی هەرێمە بەم داواكاریانە و فشارهێنانە بۆ سەر لایەنە سیاسیەكانی ڕۆژەهەڵات.
ڕاستیەكەی حكومەت هەڵبژێراوە و بەئیرادەی لایەنی كەم جەماوەرێكی زۆر دامەزراوە كەخوازیاری ئاوا ڕازی بوونێك نین وحكومەت مافی ئەوەی نیە كە بۆ بەرژەوەندی سیاسی دەسەڵاتەكەیان سازش بكەن لەسەر مافی ئینسانی و سیاسی و هاوزمانی و هاونەتەوەیی خەڵكێكی شۆڕشگێڕ كە لە مێژووی چەندین ساڵدا( ئەم خەڵك و هێزانە هاوكار و پشتیوانی هەرێم بوون لەكاتی شەڕی داعش و هاوكات ئەم هێزانە نوێنەری ئەو خەڵكە بەشەرفەی ڕۆژهەڵاتن كە لەكاتی كیمیابارانی هەڵبجە و ئاوارەبوونی دوای ڕاپەڕینی ساڵی( ١٩٩١) ماڵ وحاڵیان خستە خزمەتی خەڵكی كوردستانی عێراقە وە)
و( ڕۆژهەڵاتیان كردە نیشتمانی ئاوارەكان و پێشمەرگە وهێزە سیاسیەكانی باشوور ) و( بەقوتی مناڵەكانیان برسێتی خەڵكیان كەم دەكردەوە و بەماشیەنەكانی خۆیان بریندار وبەتەەمەن ونەخۆشەكانیان دەگواستەوە بۆ چارەسەركردن ولەمردن ڕزگاریان دەكردن) .
ئاخر چ خەجاڵەتیەكی سیاسیە و چ بێویژدانیەكی مرویی و چ بێ هەڵوێستیەكی مێژوویە كە گەلی كوردستانی عێراق بێدەنگ بێت كە نوێنەران و كوڕان وكچانی بەناچار و پەنابروودوو بەر شۆڕش دژی حوكمی سێدارە ئاوا بێبەش بكرێن لەمافەكانیان .
لەلایەكی ترەوە ئە م هێزانە هیچ هێرش و جوڵەیەكی سەربازیان نیە كەبووبێتە مەترسی بۆ سەر كۆماری ئیسلامی ئێران و كێشەی بنەڕەتی لەئێراندا چارەسەر نەكردنی كێشەی بێ مافی نەتەوەكانە ، كێشەی نەبوونی یەكسانی وعەدالەتی كۆمەلایەتیە ،و بوونی بێكاری و نەداری خەڵكەكەیەتی كێشەی نەبوونی ئازادی جلوبەرگ پۆشینە كەسەرەتایترین مافی ئینسانە ، كێشەی دەوڵەتی ئێران بەگۆڕینی سیاسەت و شێوای حوكمڕانی دەبێت نەك بەچۆڵكردنی زڕگوێز و كۆیە ، بەڵام دەوڵەتی ئێران دەیەوێت لەڕێكەی شكاندنی شكۆی سیاسی هێزو لایەنەكانی ڕۆژهەڵاتەوە بەدەستی دەسەڵاتی هەرێمەوە شكۆ وئیرادەی خەڵكی ناڕازی و بەشمەینەتی ڕۆژهەڵات بشكێنێت .
پرسیارێكی گرنگ و سەرەكی هەیە بەڵام وەڵامێكی مێژووی دەوێت ئایە ئەم حكومەتەی خۆی بەخاوەنی پرسی نیشتمانی و نەتەوەیی دەزانێت بەتایبەت دوو حزبە دەسڵاتەكەی هەرێم ڕازی دەبن ببنە سەرچاوەی شكاندنی ئیرادەی گەڵێكی بێبەش لە زمانی دایك و بێ مافی سیاسی و ئیداری نیشتمانی و بێبەش لەژیانێكی شكۆمەندانە ، ئەگەر وا ، بەڵام خەڵكی كوردستان ،بەتایبەت نووسەران و ڕۆشبیران ومرۆڤە بەوەفاكانی نێشتیمان و چالاكوانانی سیانی پارت وڕێكخراوە مرۆڤ دۆست وشۆڕسگێڕەكان نابێت بەمە ڕازی ببن
بەفشاری دەرەكی ئیرادەی جەماوەری باشوور و ڕۆژهەڵات بشكێنرێت .