
✍️: بەهرام جیهان وەتەن (ڕەنجدەر)
ئایا نەتەوەیەک بۆ ئەوەی بە زمانی دایکی خۆی بخوێنێت، پێویستی بە ڕێککەوتن و مۆڵەت هەیە؟
ئەگەر کورد لە سوریە نەتەوەیەکی مێژووییە، خاوەنی زمان، کولتوور و ناسنامەی تایبەتی خۆیەتی، ئەوا پرسیارێک جێی بایەخە: بۆچی مافی خوێندن بە زمانی کوردی دەبێتە بابەتی گفتوگۆ و ڕێککەوتن؟
ئاشتی بێگومان هیوای هەموو مرۆڤێکە. هیچ کۆمەڵگەیەکی ژیر نایەوێت شەڕ بەردەوام بێت، هیچ دایک و باوکێک نایەوێت منداڵەکەی لە جەنگدا لەدەست بدات و هیچ گەلێک نایەوێت بەردەوام لە ترس و ئاوارەیی بژی. بەڵام ئاشتی ئەگەر بە مانای دانانی دەست لەسەر ماف بێت، ئەوا نابێت بە ئاشتییەکی دادپەروەرانە ناوببرێت.زمانی کوردی «خێر» نییە کە دەسەڵاتێک بیەوێت پێشکەشی کوردی بکات. زمان مافە؛ ناسنامەیە؛ بەشێکە لە بوونی مرۆڤ.
کورد لەسوریە بۆ ئەوەی بە زمانی خۆی بخوێنێت، نابێت پێویستی بە ڕێککەوتن لەگەڵ هیچ دەسەڵاتێک هەبێت. ئەگەر دەوڵەتێک مافی خوێندن بە زمانی دایک بە «ئیمتیاز» ببینێت، ئەوا لە بنەڕەتدا کێشەیەک هەیە لە شێوازی تێگەیشتنی ئەو دەوڵەتە لە پرنسیبی دەسەڵات داریدا. دەوڵەتی دیموکراتیک لەوڵاتێکی فرە نەتەوە نابێت بڵێت: ئەگەر لەگەڵ من ڕێک بکەویت،ئەوجا مافی خوێندنی زمانی دایکیت پێدەدەم.
دەبێت هەر هیچ نەبێت بڵێ: تۆ هاووڵاتی ئەم وڵاتەیت، زمان و ناسنامەکەت مافە، و دەوڵەت بەرپرسیارە لە پاراستنی ئەو مافە…
لە ساڵانی شەڕی سوریەدا، کوردەکان لە ڕۆژهەڵاتی سوریە هێزێکی سەربازییان دروست کرد کە توانای پاراستنی ناوچەکانیان هەبوو. ئەو هێزە لە شەڕی داعشدا بەشێکی سەرەکی بوو و بۆ ساڵانێک بوو بە یەکێک لە هێزە سەرەکییەکانی ناوچەکە. بەڵام هەر ئەو وەختەیش کاتێک کورد هێزی سەربازیی هەبوو، هەموو کێشەکان کۆتاییان نەهات. لەبەر ئەوەی کورد تەنها لەگەڵ داعش نەدەجەنگا. گرووپە ئیسلامگەراکان، هێزە عەشیرەتییەکان، هێرشەکانی تورکیا و هەروەها ناکۆکییە ناوخۆییەکانی سوریە هەمیشە مەترسییان بۆ سەر کورد دروست کردووە. ئەمەشجارێکی دیکە پرسیارێکی زۆر سادە دروست دەکات: ئەگەر کورد ئێستا هێزی سەربازیی سەربەخۆی نەبێت، گەرەنتییەکە چییە کە جارێکی تر هێرش نەکرێتە سەر شار و گوندە کوردنشینەکان؟ بێگومان، بەڵێنی سیاسی بە تەنیا گەرەنتی نییە. گەرەنتی دەبێت لە یاسا و دەستووردا بێت، لە دامەزراوەکاندا بێت، لە سیستەمی دادگایی و هێزی پاراستندا بێت و گرنگتر لە هەموویان، لە توانای خۆڕێکخستن و خۆپاراستنی کۆمەڵگەدا بێت. جیاوازتر لەوانەش پرسی متمانە بە دەسەڵاتی نوێی سوریە بە ئاسانی چارەسەر نابێت. کاتێک کەسێک مێژوویەکی پڕ لە پەیوەندی بە گرووپە جهادییەکان هەیە، متمانەکردن پێی بەڵێنێکی سیاسییە، نە واقعێکی سەلمێندراو. کورد نابێت تەنها لەسەر بنەمای وتەی هیچ سەرکردەیەک متمانە بکات. پێوەر دەبێت کردار بێت.
ئایا زمانی کوردی بە یاسا دەپارێزرێت؟
ئایا کورد بە شێوەیەکی یەکسان لە دەسەڵاتی سیاسی بەشدار دەبێت؟
ئایا ناوچە کوردنشینەکان دەتوانن دەسەڵاتی خۆجێییی دیموکراتیک و ڕوونی هەبێت؟
ئایا گەرەنتی هەیە کە هێزی سەربازیی دەوڵەت لە دژی دانیشتووانی کورد بەکارنەهێنرێت؟
ئایا ئەو کەسانەی پێشتر تاوانیان بەرامبەر بە خەڵکی کورد دەکرد، لەناو دەسەڵاتی حوکومەتی شەرع، لێپرسینەوەیان لێ دەکرێت؟ ئەمانەیە پێوەری متمانە، نە تەنها وتار.
ڕەخنەگرتن لە مظلوم عەبدی نابێت بە مانای نکوڵیکردن لەوە بێت کە قسد لە ژێر فشارێکی زۆر گەورەدا بوو. لە نێوان چەند هێزێکدا گیرابوو: دیمەشق، تورکیا، ئەمریکا و هاوکێشە ناوخۆییەکانی سوریە.لەو بارودۆخەدا مل نەدان مەترسیی خۆی هەیەو ملدانیش بێگومان مەترسی خۆی هەیە. ئەگەر ڕازی نەبوونایە بە داواکانی سوریە، مەترسیی هێرش و شەڕ و کاولکاری ولەدەستدانی ناوچەکە هەبوو لە حاڵەتێکیشدا ئەمریکای پشتیوانی پێشوتری قسد پشتیوانی توندی ئەحمەدلشەرعە. وە دەکرێت بڵێین ڕازیبوونیش بەداواکانی سوریە و شەرع، یەکێک لەگەورەترین مەترسیەکانە، ئایە ئەو دەسەڵاتە متمانەی پێ ئەکرێت؟ گرنتی چییە؟ ئاخر نابێت هەموو ڕێککەوتنێک بە ناوی «ئاشتی» بێ ڕەخنە قبوڵ بکرێت.
ئاشتی ئەگەر ماف نەپارێزێت، دەکرێت تەنها ئاڵوگۆڕی شێوازی کۆنترۆڵ بێت. یەکێک لە گەورەترین پرسیارەکان ئەوەیە کە قسد لە ماوەی ئەو ساڵانەدا چۆن توانای سیاسیی خۆی بەکار هێناوە. خۆ بەستنەوە بە هێزی دەرەکییەکان، بە تایبەتی ئەمریکا، هەڵەیەکی ستراتیژییە کە لە مێژووی بزوتنەوە نەتەوەییەکانی کورددا زۆر جار دووبارە بووەتەوە. هێزی دەرەکی دۆست و هاوپەیمان دەتوانێت لەهەندێک حاڵەتی کۆنترۆڵ کراو یارمەتیدەر بێت، بەڵام نابێت ببێتە بنەمایخۆبەستنەوە و بوونی هاوبەشی قوڵی سیاسی.چونکە بەتەجروبەی مێژوش هیچ دەوڵەتێکی زلهێز بە دڵسۆزییەوە بۆ مافەکانی گەلێکی تر ناجەنگێت؛ هەر دەوڵەتێک بەرژەوەندیی خۆی هەیە. ئەمریکا کاتێک قسد پێویستی پێ بوو، هاوپەیمانی کرد، لە چوار چێوەی ئەوەی خۆیشی بەرژەوەندی هەبوو لەو هاوپەیمانیە.
بەڵام دواجار کاتێک هاوکێشەی ناوچەکە گۆڕا، بەرژەوەندیی خۆی گۆڕی.ئەمە وانەیەکی گرنگە: هیچ گەلێک نابێت چارەنووسی خۆی بە تەواوی بە دەستی هێزی دەرەکییەوە بسپێرێت. کورد نابێت مافی خۆی بە باجدان وەر بگرێت. ئەمە شایەد گرنگترین پرسیاری ئەم قۆناغە بێت: بۆچی کورد دەبێت لە بەرامبەر زمانی خۆی، ناسنامەی خۆی و مافە سەرەتاییەکانی خۆی باج بدات؟
بەڵێ دواجار دەبێت تێبگەی بنەمای هێزی کورد دەبێت لە ناوخۆ بێت؛ لە کۆمەڵگە، لە ڕێکخستنی سیاسی، لە دیموکراسی، لە یەکگرتوویی و لە متمانەی خەڵک. کوردی سوریە پێویستی بە شەڕی هەمیشەیی نییە. پێویستی بە ئاشتییە. بەڵام ئاشتییەکی بەبێ ماف، بەداخەوە تەنها ئارامییەکی کاتییە.
سیاسەتی پێگەیشتوو لە نێوان ئەم دوو لایەنەدا دەوەستێت:نە تسلیم، نە شەڕی بێکۆتایی؛ خەبات بۆ ماف بە ئامرازە سیاسی، مەدەنی و دیموکراتیکەکان.
ئەگەر ئەمڕۆ قسد هەڵبوەشێتەوە، پرسی کوردلەسوریا نابێت هەڵبوەشێتەوە. ئەگەر فەرماندەیەک پۆستێکی حکومی وەربگرێت، ئەمە نابێت بە گەرەنتیی مافی نەتەوەیەک هەژمار بکرێت. ئەگەر زمانی کوردی لە قوتابخانەیەکدا بخوێندرێت، ئەمە نابێت «بەخشین» بێت.
ئەوە جیاوازیی نێوان ئاشتییەکی لەسەر بنەمای دادپەروەری و ملدانێک بە ناوی ئاشتییە.