ئێواره‌ی ڕۆژی سێشه‌ممه ١٠ی ڕه‌زبه‌ری ١٤٠٣، سپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی به زیاتر له ١٨٠ مووشه‌ك هێرشی كرده سه‌ر ئیسڕائیل و به‌وهۆیه‌وه كرێكارێكی فه‌له‌ستینی له كهڕانهی باخته‌ری گیانی له‌ده‌ست دا و سێ شارومه‌ندی ئیسڕائیلیش بریندار بوون.
به وته‌ی به‌رپرسانی كۆماری ئیسلامی، ئه‌و هێرشه له وڵامی كوشتنی ئیسماعیل هه‌نیه، حه‌سه‌ن نه‌سرۆڵڵا و عه‌باس نیلفرووشان بووه و هه‌ڕشه‌یان له ئیسڕائیل كرده كه ئه‌گه‌ر وڵام بداته‌وه، هێرشێكی گه‌وره‌تر ئه‌نجام ده‌ده‌ن. له وڵامی به‌رپرسانی ڕژیم، نتانیاهوو و وه‌زیری به‌رگری ئیسڕائیل به‌ڵێنی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ی سه‌ختیان له كۆماری ئیسلامی كردووه. به پێی هه‌ندێك سه‌رچاوه‌ی هه‌واڵ، بنكه‌ی هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی له ئه‌بووكه‌ماڵ كراوه‌ته ئامانج و هاوكات هێرشێكی چڕ كراوه‌ته سه‌ر گه‌ڕه‌كی زاحیه‌ی به‌یرووت. به وته‌ی به‌رپرسانی وه‌زاره‌تی بێهداشتی لوبنان، له هێرشه‌كانی شه‌وی ڕابردوودا، به لانیكه‌م ٥٥ كه‌س گیانیان له‌ده‌ست داوه و ٩٧ كه‌سی دیكه‌ش بریندار بوون. هاوكات دوو كرده‌وه‌ی تیرۆریستی له تل ئاویو ڕوویداوه و هێرشبه‌ره‌كان به چه‌ك و چه‌قۆ چوار كه‌سیان كوشتووه و ١٧ی تریان بریندار كردووه.