پەیام – ماڵپەڕێکی سیاسی و هەواڵی

پەیام بۆ بنەماڵەی سەربەرز و خۆڕاگری گیانبەختکردووان

پەیام بۆ بنەماڵەی سەربەرز و خۆڕاگری گیانبەختکردووان

 

،بنەماڵەی ئازیز و خۆڕاگری گیانبەختکردووان!

کۆنگرەی سێزدەیەمی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، کارەکانی خۆی بە یادی ئازیزترین جگەرگۆشەکانی ئێوەو شۆڕشگێڕترین هاوڕێیانی ئێمە دەستپێکرد.  ئەم ئازیزانە کە بوونە قوربانیی دەستی ڕێژیمی سەرکوتگەری ئیسلامی، لەپێناو ڕزگاریی کرێکاران و زەحمەتکێشان لە چنگ ئازار و نەهامەتییەکانی کۆمەڵگەی سەرمایەداری و دەسەڵاتی سەرەڕۆی ئیسلامی و هەروەها دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی دوور لە ستەم و چەوسانەوە خەباتیان کرد. لەم کۆنگرەیەدا، جارێکی دیکە لەگەڵ ئارمانی بەرزی ئەو ئازیزانەدا بەڵێنمان نوێکردەوە و لەسەر پێویستی بەهێزکردنی هاودەنگی و هاوپشتی لەگەڵ ئێوە بنەماڵە خۆڕاگر و سەربەرزەکانی گیانبەختکردووان، جەختمان کردەوە.

ئازیزان!

ئێمە وەک وەفادارانی ئارمانی بەرزی سۆسیالیزم و درێژەپێدەرانی ڕێبازی پڕ لە شانازی جگەرگۆشەکانتان، ئەم کۆنگرەیەمان لە هەلومەرجێکی دژوار، بەڵام ئومێدبەخشدا بەڕێوە برد. ئەم هیوایە، هەڵقوڵاوی ئارمانی هاوبەشی ئێمە و فیداکاریی هاوڕێیانی گیانبەختکردوومانە. ئێمە وەک درێژەپێدەرانی خەباتی کرێکاران، دادخوازان، ژنانی ئازادیخواز، ئاخێز و بزووتنەوەکانی تر و بەتایبەت ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی “ژن، ژیان، ئازادی” کە بە ناوی ژینا نەخشاوە، هەستمان بە ئەرکێکی قورس کرد لەسەر شانی خۆمان، ئەرکێکی کە سەرەڕای هەموو سەختی و دژواریەکان، جێبەجێکردنیان مومکینە. یاد و بیرەوەری جگەرگۆشە قارەمانەکانتان، لەم ڕێبازەدا بەردەوام  ئیلهامبەخشینمان دەبێت.

جارێکی تر، ئەوپەڕی ڕێز و خۆشەویستی خۆمان بەرامبەر بە ئێوە دەردەبڕین و بە پشتبەستن بە یادی ئیلهامبەخشی جگەرگۆشە ئازیزەکانتان، ئاڵای سووری حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، تا گەیشتن بە ئامانجی کۆتایی، شەکاوە ڕادەگرین.

کۆنگرەی سێزدەیەمی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

ئۆکتۆبری ٢٠٢٤

ڕەزبەری ١٤٠٣

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *