له ڕۆژانی ڕابردوودا، حوكمی ئێعدامی ٨ به‌ندكراو له زیندانی قوم، قه‌زوێن، قزلحه‌سار و كرمان به تۆمه‌تی كوشتنی به ئه‌نقه‌ست و بازه‌رگانی به مادده‌ی هۆشبه‌ر جێبه‌جێ كرا.
به‌پی ڕاپۆرته‌كان، به‌یانی پێنجشه‌ممه، حوكمی ئێعدامی به‌ندكراوێك له زیندانی قوم به ناوی “مه‌جید جهشنلوو” به تۆمه‌تی كوشتنی به ئه‌نقه‌ست جێبه‌جێ كراوه. ناوبراو خیزاندار و باوكی منداڵێكی دووساڵان بووه. له ڕۆژانی ڕابردووش‌دا، دوو به‌ندكراو به ناوه‌كانی “حامد جه‌عفه‌ری” و “عه‌لی مهعرووفخانی” به تۆمه‌تی په‌یوه‌ندیدار به مادده‌ی هۆشبه‌ر له زیندانی قه‌زوێن له سێداره دراون. به‌یانی چوارشه‌ممه، چوار به‌ندكراو له‌وانه دوو به‌ندكراوی ئه‌فغانستانی به ناوه‌كانی “پاشا په‌شتوو” و “عه‌بدۆلباری تاجیك“، هه‌روه‌ها زیندانیه‌كی دیكه به ناوی “جاوید ئهحمهدخانی” و به‌ندكراوی چواره‌م كه ناسناوی ئاشكرا نه‌كراوه، به تۆمه‌تی بازه‌رگانی به مادده‌ی هۆشبه‌ر له زیندانی قزلحه‌ساری كه‌رج ئێعدام كراون. شایانی باسه كه ڕۆژی یه‌كشه‌ممه ٢٢ی ڕه‌زبه‌ر، به‌ندكراوێك به ناوی “عه‌مار ئاسیان ده‌ر” به تۆمه‌تی كوشتنی به ئه‌نقه‌ست له زیندانی كرمان له سێداره دراوه.