ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە سەبارەت بە
هێرشی ئاسمانی دڕندانەی ئەرتەشی تورکیە بۆسەر ناوچەکانی نیشتەجێبوون لە هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوا
هێرشە ئاسمانییە دڕندانەکانی ئەرتەشی تورکیە بۆ سەر ناوچەکانی نیشتەجێبوون و کوشتاری خەڵکی بێ دیفاع لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا (ڕۆژئاوا) و ناوچەی شەنگال لە هەرێمی کوردستان بەردەوامە. لەم هێرشانەدا کە لە سەرلەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممەوە دەستیپێکردووە، تا ئێستا دەیان کەس لە خەڵکی بێ دیفاع کوژراون و ژمارەیەکی زۆریش برینداربوون. شوێنی نیشتەجێبوونی مەدەنی، کارگەکانی بیناسازی، وێستگەکانی ئاو و کارەبا، قوتابخانە، نەخۆشخانە، پاڵاوگە و کارخانەکان لە زومرەی ئامانجی بۆردومانەکان بوون. ئەرتەشی تورکیە هاوکات لەگەڵ بەردەوامبوونی هێرشەکانی لە ڕۆژئاوا، بە دەستدرێژیکردنە سەر خاکی کوردستانی عێراق و دامەزراندنی دەیان بنکەی سەربازیی لە قووڵایی ناوچەکەدا و هەروەها بە بۆردومانی بەردەوامی ئەم ناوچەیە، ماڵ و حاڵی خەڵک وێران دەکات، باخ و زەوی و زاری کشتوکاڵی لەناو دەبات و ئارامیی و ئەمنییەتی لە خەڵک زەوت کردووە. بەجۆرێک کە هەر ئێستا بەشێکی زۆری ناوچەی باکووری کوردستان لەلایەن ئەرتەشی تورکیەوە داگیرکراوە و ئەرتەشی تورکیە بەمەبەستی مانەوە و جێگیربوونی لەو ناوچانە، دەیان بنکەی نوێی دامەزراندووە و هەزاران سەربازی تێدا جێگیر کردووە.
ئامانجی دەوڵەتی تورکیە لەم کوشتارە لە کوردستانی سوریا کە تادێت مەودا و چڕییەکەی زیاتر دەبێت، بریتییە لە کۆچ پێکردنی زۆرەملێی خەڵک لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سوریای دێموکراتیک و جێبەجێکردنی سیاسەتی شۆڤێنیستی گۆڕینی پێکهاتەی دانیشتوانی ئەو ناوچەیە. سەبارەت بە شنگال لە کوردستانی عێراقیش کە تا ئێستا چەندین جار کەوتووەتە بەر هێرشی وەحشیانەی هاوشێوە و ڕۆژی ڕابردوو ١٦ شوێنی نیشتەجێبوون بۆردومان کراوە، گوشار خستنەسەر ئاوارەکانی نیشتەجێی کەمپی مەخموور و لە هەمان کاتدا کارکردنە لەگەڵ دەوڵەتی عێراق بەمەبەستی زاڵکردنەوەی سەرلەنوێی کۆنترۆڵی دەوڵەتی ناوەندی بەسەر ئەم ناوچەیەدا.
ئەم هێرشانە لە دۆخێکدا بەڕێوە دەچێت کە دەوڵەت و حیزبە سیاسییە ڕەگەزپەرستەکانی تورکیە بەمەبەستی لەناوبردنی بزووتنەوەی ئازادیخوازانە و عەداڵەتخوازانەی خەڵکی کورد، بە شێوەیەکی ڕیاکارانە لە پەرلەمان “پەیامی ئاشتەوایی” ڕادەگەیەنن و هاوکات سیاسەتی کوشتار و سەرکوتی خۆیان لە دژی خەڵکی کورد جێبەجێ دەکەن. دەوڵەتی تورکیە پێی وایە کە بە فریوکاری و هاوکات ئەنجامدانی جینایەتی لەم چەشنە، دەتوانێت خەڵکی کوردستان چاوترسێن بکات و ڕێگریی بکات لە بەدواداچوونی ویست و داواکارییە ڕەوا و مافخوازانەکانیان.
کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە ئەو هێرشە دڕندانەیە بە توندی ئیدانە دەکات و هاودەنگ لەگەڵ سەرجەم کۆمەڵانی خەڵکی ئازادیخوازی ناوچەکە، خوازیاری کۆتاییهێنان بە دەستدرێژیەکانی دەوڵەتی ئەردۆغان و حیزبەکەی لە دژی خەڵکی کوردستانە.
کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە
ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
٤ی خەزەڵوەری ١٤٠٣
٢٥ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٤