ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠ی نوامبر بەرامبەر بە ٣٠ی خەزەڵوەر، “ڕۆژی جیهانی منداڵان“ە. کۆمەڵەی گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ساڵی ١٩٥٩ جاڕنامەی جیهانی مافی منداڵانی پەسەند کرد و داوای لە دەوڵەتەکان کرد کە ئەم ڕۆژە وەک ڕۆژی جیهانی منداڵان بەفەرمی بناسن. ڕۆژی جیهانی منداڵان لە کاتێکدایە کە ئەرتەشی جینایەتکاری ئیسرائیل لە ماوەی یەکساڵی ڕابردوودا نزیکەی ١٢ هەزار منداڵی لە کەرتی غەززە کۆمەڵکوژ کردووە. جینایەتێکی ئاوا ترسناک لە مێژووی جیهاندا بەم قەبارەیە و لە ماوەیەکی ئاوا کورتدا، کەم وێنەیە. ئەمە جینۆسایدێکی ئاشکرایە کە لە بەر چاوی جیهان و بە چاوپۆشی دەوڵەتی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی ڕوودەدات. لە ڕاستیدا ئێمە لە جیهانێکدا دەژین کە نەک هەر ڕێز لە مافەکانی منداڵان ناگیرێت و منداڵان لە سەرتاسەری جیهاندا دەچەوسێنەوە و بە شێوەیەکی وەحشیانە بەکاردەهێنرێن، بەڵکوو لە شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماسدا گیانیشیان بووەتە ئامرازی تۆڵەسەندنەوەی کوێر کوێرانەی فاشیستی و ڕەگەزپەرستانە.
هەروەها ڕۆژی جیهانی منداڵان لە بارودۆخێکدایە کە ڕژیمی ئیسلامی، قەتڵی زیاتر لە ٧٠ منداڵ و تازەلاوی خوار ١٨ ساڵ تەمەنی لە سەردەمی “شۆڕشی ژینا” و لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا، لە کارنامەی خۆیدا تۆمار دەکات. هەر لەو ماوەیەدا و لە هەوڵێکی جینایەتکارانەدا بەمەبەستی چاوترسێن کردنی تازەلاوان و کۆمەڵگا بەگشتی، بە گازی ژەهراوی هێرشیانکردە سەر سەدان قوتابخانەی کچانە لە سەرانسەری وڵات و هەزاران منداڵیان ژەهراوی کرد. ئەم جینایەتە ترسناکانە لە دۆخێکدا ڕوودەدەن کە لەژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێراندا چەندین ملیۆن منداڵی بنەماڵە کرێکار و کەم داهاتەتەکان لە خوێندن بێبەشن. منداڵان بە شێوازی جۆراوجۆر دەکەونە بەر ئەزیەت و ئازار و هەرئێستاش لە هەندێک لە قوتابخانەکاندا منداڵان سزای جەستەیی دەدرێن. زیندانەکانی ئەم ڕژیمە پڕن لە منداڵانی خوار ١٨ ساڵ تەمەن و ئێران تاکە وڵاتی جیهانە کە تیایدا منداڵانی ژێر ١٨ ساڵ تەمەن لە سێدارە دەدرێن. لە قوتابخانەکاندا بە شێوەیەکی ڕێکخراو و ئامانجدار مێشکی منداڵان بە خوڕافات ئالوودە دەکەن. منداڵان بەپێی ڕەگەز لەیەکتر جیا دەکرێنەوە. ڕۆحی پیاوسالاری لە کوڕاندا و ملکەچبوون و گوێڕایەڵیش لە کچاندا بەهێز دەکەن. کچانی کەم تەمەن هەر لە یەکەم ڕۆژەکانی خوێندنەوە دەبێت سەرپۆش بەسەردا بدەن و خۆیان لە کوڕانی هاوتەمەنیان جیابکەنەوە و فێری ئەوە دەکرێن کە یاریکردن و تێکەڵاوبوون لەگەڵ کوڕان کارێکی خراپە. هاوکات لەگەڵ حیجاب و بێبەشکردنی کچان و کوڕان لە یاریکردن لەگەڵ یەکتر، ئامووزشی ئایینی دەست پێدەکات. کتێبەکانی خوێندن پڕن لەو جۆرە فێرکاریانە و منداڵان ناچارن لە تەمەنێکی کەمەوە نەریتە ئایینییەکان بەڕێوە ببەن و بەشداری لە ڕێوڕەسمە ئایینییەکاندا بکەن. بەم شێوەیە ڕێگە نادەن کە منداڵان بەدەر لە باوەڕ و خوڕافاتی مەزهەبی، پەروەردە بکرێن و فێری زانست بن و ئیمکانی ئەوەیان هەبێت کە لە داهاتوودا بە هۆشیارییەوە بیروباوەڕ و شێوازی ژیانی خۆیان هەڵبژێرن. لە قوتابخانەکاندا مەراسیمی “تەکلیف” بۆ کچانی تەمەن ٩ ساڵان بەڕێوە دەبەن و هانی منداڵەکان دەدەن بۆ ئەوەی هاوسەرگیری بکەن. ئاخووند و فەقێ و بەسیجی دەنێرن بۆ قوتابخانەکان بۆ ئەوەی ڕۆحی سیخوڕبوون لەناو منداڵاندا پەرەپێبدەن. لە قوتابخانەکاندا دەستە و گروپی سینەزەنی و مەراسیمی ئاینی و شتی لەم چەشنە وەڕێدەخەن.
منداڵێکی کە لە کۆمەڵگایەکی گیرۆدەی خوڕافاتی ئایینی و دواکەوتوویی دا پەروەردە ببێت، ئیمکان و دەرفەتی سەردەمی منداڵیی و بە خۆشی ژیانی لێ زەوت دەبێ و دەکەوێتە ژێر کاریگەری بیر و باوەڕە دواکەوتووەکان و باری ڕۆحیی و میزاجیی ناهاوسەنگ دەبێت و دبێتە خاوەن ڕەفتار و کردارێکی نائاسایی و ئەنگیزەیەکی زۆر لاواز بۆ فێربوون. ئەم جۆرە منداڵانە بە شێوەیەکی سروشتی گەشە ناکەن، ئاواتە شیرینەکانی منداڵییان بەدی نایەت و کاریگەری و لێکەوتەکانی کەموکوڕی سەردەمی منداڵیی، تا کۆتایی تەمەنیان لەگەڵیان دەبێت. خۆشگوزەرانی و ئەمنییەتی منداڵان پێوەرێکی سەرەکییە بۆ هەڵسەنگاندنی هەر حکومەت و سیستەمێکی سیاسیی و حکومەتی ئیسلامیش لە سەرەتای هاتنەسەرکارییەوە نامرۆڤانەترین سیاسەتی لە ئاست منداڵاندا بەکارهێناوە. ناردنی منداڵان بۆ مەیدانەکانی مین لە شەڕی ئێران و عێراق، بەکارهێنانی منداڵانی سەرباز لە شەڕدا، کەڵک وەرگرتن لە منداڵان لە ڕێوڕەسمە ماتەمینییەکاندا و خوێناویکردنی جەستەیان بە کارد و زنجیر و بەکارهێنانی منداڵانی بەسیجی بۆ سەرکوتکردنی خەڵک، هەمووی ئەمانە لە زومرەی تاوانە لەبیرنەکراوەکانی کۆماری ئیسلامین لەدژی منداڵان کە دەکەونە خانەی چەمکی تاوان لە دژی مرۆڤایەتییەوە.
هەوڵدان بۆ دروستکردنی ژینگەیەکی کۆمەڵایەتی ئەمن و دابینکردنی هەلومەرجێکی کە بوار بۆ منداڵان بڕەخسێنێت تا وزە و توانایی و لێهاتووییەکانیان تاقی بکەنەوە، هەوڵدان بۆ قەدەغەکردنی کاری منداڵان، کۆتایی هێنان بە سزای جەستەیی لەناو ماڵ و قوتابخانەکان، هەوڵدان بۆ دانانی دەورە و کلاسی جیددی بۆ سەرلەنوێ ڕاهێنانەوەی ئەو منداڵانەی کە تووشی هەڵە دەبن، کاری جددی لەپێناو هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان بۆ منداڵان و تازەلاوان، مەنعی چەکدارکردنی منداڵان لەژێر ناوی بەسیجیدا، هەوڵی جددی بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامە نێونەتەوەییەکانی تایبەت بە مافەکانی منداڵان، پەرەپێدانی ڕێکخراوە ناحکومییەکانی دیفاع لە مافی منداڵان و کاری جددی بۆ ڕێگریکردن لە دەستێوەردانی مەزهەب لە پرسی پەروەردە و بارهێناندا، یەکێکە لە ئەرکە بێ پسانەوە و بەردەوامەکانی کۆمۆنیستەکان و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە پێشکەوتنخوازەکان. ئەوەی کە ئەمڕۆ لە کۆمەڵگای ئێراندا دەگوزەرێت، چارەنووسی حەتمی و چارەهەڵنەگری منداڵان نییە. ئەم دۆخە دەتوانێت و دەبێ بگۆڕدرێت. بۆ گۆڕینی ئەم بارودۆخە و ڕزگارکردنی منداڵانی ئەم کۆمەڵگایە لە چارەنووسێکی لەم چەشنە، هیچ ڕێگەیەکی تر نییە جگە لە یەکگرتوویی و خەبات و تێکۆشان لەدژی ئەو دەسەڵات و پەیوەندیانەی کە منداڵانی ئێمەی بەمجۆرە بێبەزییانە لە مافە سەرەتایی و ئینسانەکانی خۆیان بێبەش کردووە.