خۆ دزینەوەی پیلانگێڕانە لە پرسی ڕاگەیاندنی لانیکەمی حەقدەستی ساڵی ١٤٠٤

لە کاتێکدا کە تەنها مانگێکی ماوە بۆ دەستپێکی ساڵی ١٤٠٤، هێشتا ڕێژەی لانیکەمی حەقدەستی ساڵی داهاتوو ڕانەگەیەنراوە. وەک هەموو ساڵێک، لە چەند مانگ و هەفتەی ڕابردووەوە، گومان و مشتومڕ لە نێوان ئەندامانی بەناو شۆڕای باڵای کار، دەستی پێکردووە. بە ڕواڵەت لەم شۆڕایەدا لایەنە چاوچنۆکەکانی دەوڵەت و خاوەنکارە تایبەتەکان کە ناوی بێ ناوەڕۆکی نوێنەرایەتی کرێکارانیان لە سەر خۆیان داناوە، لەگەڵ لایەنی بەرامبەر دەکەونە گفتوگۆ.

هەواڵدەری فەرمی ئیلنا لەم بارەیەوە دەنووسێت: “لە سەروبەندی مانگی ڕەشەمەداین بەڵام هێشتا لە دانوستانەکانی پێوەندیدار بە پرسی حەقدەست، هیچ پێشکەوتنێک بەدی نەهاتووە. دیاریکردنی سەبەتەی بژێوی کرێکاران، بە هیچ ئەنجامێک نەگەیشتووە و لە دەوڵەتی نوێدا، تەنها یەک کۆبوونەوەی شۆڕای باڵای کار بەڕێوەچووە. هەتا ئەمڕۆ وەزارەتی کار ئامادە نەبووە کۆبوونەوەی دووەم ئەنجام بدات.”

ئیلنا لە درێژەی هەواڵەکەیدا لەم بارەیەوە نووسیویەتی: “هاوتەریب لەگەڵ ئەم وەدواکەوتن و خۆدزینەوانە، نرخی پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیانی کرێکاران لە مانگی بەفرانبار و بە تایبەت لە مانگی ڕێبەنداندا بە ڕادەیەکی بەرچاو بەرز بۆتەوە. نرخی دۆلار گەیشتۆتە نزیکەی ٩٢ هەزار تمەن و تەقریبەن هەموو کاڵاکانی سەبەتەی بژێوی بنەماڵە لە ماوەیەکی کورتدا هەڵاوسانێکی دەیان لە سەدییان ئەزموون کردووە.”

ئەمە یەکەمجار نییە کە کۆماری ئیسلامی، بڕیاردان لەم بارەیەوە تا دوا ڕۆژەکانی ساڵ دوا دەخات. بەڵکوو پیلانێکی ناسراوی دژە کرێکارییە کە لە لایەن شۆڕای باڵای کارەوە جێبەجێ دەکرێت. ئامانج ئەوەیە کە هیچ دەرفەتێک بۆ گوشاری کرێکاران بەمەبەستی کاریگەری دانان لەسەر ڕەوتی دیاریکردنی لانیکەمی حەقدەست نەمێنێتەوە. تاکو دەوڵەت بە خەیاڵی خۆی کرێکاران لە بەرامبەر کارێکی ئەنجامدراودا دابنێت. ترس لە تووڕەیی و خرۆشانی کرێکاران، هۆکاری سەرەکی دواکەوتنی ڕاگەیاندنی بڕیارێکە کە لە ماوەیەک پێشترەوە، دراوە.

ئاستی لانیکەمی حەقدەستی ئەمساڵ، ٧ ملیۆن و ١٦٦ هەزار تمەن دیاریکرابوو، واتە ڕەقەمێکی پێنج جار لەژێر هێڵی هەژاریدا. ئێستا لە کەناڵە نافەرمییەکانەوە باس لە زیادبوونێکی ٣٠ لە سەدی و ڕەقەمێکی نزیک لە ١٢ ملیۆن تمەن دەکرێت. ڕەقەمێکی وا، بە لەبەرچاوگرتنی سەبەتەی بژێوی کرێکاران و ڕێژەی هەڵاوسان، تەنانەت بەشی هەفتەیەک پێداویستی ژیانی بنەماڵەیەکی چوار کەسی کرێکاری ناکات.

واقیعییەت ئەوەیە کە ڕژێمی کۆماری ئیسلامی و بە گشتی سیستەمی سەرمایەداری ئێران، لە گێژاوی قەیرانێکی ئابووری هەمەلایەنەدا گرفتار بووە و وەک هەمیشە بۆ کەمکردنەوەی ئەم قەیرانە، پەنا دەباتە بەر ئاسانترین و بەردەست ترین ئامراز کە بریتییە لە چەوساندنەوەی هەرچی زیاتری کرێکاران. لەمڕووەوە بە دڵنیاییەوە لە ڕێگەی گفتوگۆ و  دانوستانی فێڵبازانەی شۆڕای باڵای دیاریکردنی حەقدەستەوە، نانێک ناخرێتە سەر سفرەی کرێکاران. بەڵام کرێکاران بە هەماهەنگ کردن و یەکگرتووکردنی خەباتی ڕوو لە گەشەی خۆیان، دەتوانن هەلومەرجێکی کار و ژیانی باشتر بە سەر ڕژێم و چینی سەرمایەداری ئێراندا بسەپێنن.

بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی کە دەستیانگرتووە بە سەر سەرچاوەکانی سامانی ئەم کۆمەڵگایەدا، تا ئەو کاتەی کە نەکەونە ژێر گوشاری خەباتی یەکگرتووانە و سەرتاسەری کرێکارانەوە، هیچ گۆڕانکارییەک لە ژیانی کرێکاران و خێزانەکانیاندا پێک ناهێنن. بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی و هەموو ئەو سەرمایەدارانەی کە لە دەوری ئەم ڕژێمە کۆبوونەتەوە، لە نەبوونی بزووتنەوەیەکی کرێکاری بەهێزدا، درێژە بە کەڵەکەکردنی هەرچی زیاتری سامان و پاراستن و بەهێزکردنی دام و دەزگاکانی سەرکوت دەدەن.

ئەوان توانیویانە بە پشتبەستن بە لەشکری ملیۆنی یەدەگی بێکاران، هەژاری و دووبەرەکی و دژوارترین هەلومەرجی کار و حەقدەستی کەم بەسەر کرێکاراندا بسەپێنن. لە هەلومەرجی ئێستادا کە چینی کرێکار و نەوەی داهاتووی لە مەترسی لەناوچووندان، تەنها بە وەڕێخستنی بزووتنەوەیەکی داواکاری تەوەری بەهێز دەتوانرێت پێش بەم لەناوچوونە بگیرێت.

بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە ئەو خەبات و ناڕەزایەتیانەی ئێستا، لەم دۆخی پەرتەوازەییە دەربێت. پێویستە داواکارییە بەپەلە و هەنوکەییەکانی چینی کرێکار، ببێتە ئەرکی سەرشانی هەموو کرێکارانی لەسەرکار و بێکار، ژن و پیاو و شارەزا و ناشارەزا و هەروەها گرێبەستی و فەرمی، لە ئاستی سەرتاسەریدا. بەدیهاتنی ئەم بابەتەش لە گرەوی پەرەسەندنی پەیوەندییە هەنووکەییەکانی نێوان هەڵسووڕاوانی کرێکاری لە ئاستێکی سەرتاسەریدایە.

بە ئامادەبوون و بەشداری چالاکانە لە خەباتی بەردەوامی کرێکاران و بەهێزکردنی ورەی هاوپشتی چینایەتی لەم خەباتانەدا، دەتوانرێت هاوسەنگی هێزی چینایەتی بە قازانجی کرێکاران بگۆڕدرێت و بزووتنەوەی کرێکاری بەمەبەستی خۆڕێکخستن و دەستڕاگەیشتن بە داواکارییەکانی، بکەوێتە دۆخێکی گونجاوترەوە.

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە

پەیام نێت

گەلەری

هاوڕێمان بن! ​

پەیوەندی

  Copyright © 2023, All Rights Reserved Payaam.net