پەیام – ماڵپەڕێکی سیاسی و هەواڵی

دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران لە ڕاپۆرتی تازەی مای ساتۆدا

 

مای ساتۆ، ڕێپۆرتێری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، لە ڕاپۆرتی تازەیدا بەدواداچوونی کردووە بۆ ماوەی زەمەنی نێوان ڕێبەندانی ١٤٠٤ هەتا گەلاوێژی ١٤٠٥. ئەو ئەم ماوەیە بە یەکێک لە سەختترین سەردەمەکانی ژیانی خەڵکی ئێران لە ساڵانی ڕابردوودا دەزانێت. بە وتەی ناوبراو، خەڵک لەم چەند مانگەدا هاوکات ڕووبەڕووی دوو قەیرانی گەورە بوونەتەوە.

قەیرانی یەکەم بریتی بوو لە سەرکوتکردنی بەرفراوانی ناوخۆیی دوای خۆپیشاندانەکانی بەفرانباری ١٤٠٤. قەیرانی دووەمیش بریتی بوو لە شەڕی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران لە لایەک و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە لایەکی ترەوە. ساتۆ پێی وایە کە ئەم دوو قەیرانە لێک جیا نەبوون، هەر یەکێکیان کاریگەرییەکانی ئەویتری توندتر کردووە و بارێکی قورسی خستووەتە سەر شانی خەڵک.

ناوبراو سەرەتا ئەوە وەبیر دەهێنێتەوە کە ئەم ڕاپۆرتە تەنها بەشێک لە ڕاستییەکان پیشان دەدات. پچڕانی بەرفراوانی هێڵی ئینتەرنێت و پەیوەندییەکان، کۆکردنەوە و گواستنەوەی زانیارییەکانی زۆر دژوار کردووە. هەروەها زۆرێک لە شایەتحاڵەکان بە هۆی ترس لە دەرئەنجامە ئەمنییەکان، ئامادە نەبوون هاوکاری لەگەڵ ناوەندەکانی مافی مرۆڤدا بکەن. لەبەر ئەوە، قەبارەی ڕاستەقینەی ڕووداوەکان لەوانەیە لەوە بەربڵاوتر بێت کە لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە.

بە پێی ڕاپۆرتەکە، هەزاران کەس لەم ماوەیەدا گیانیان لەدەست داوە. کۆمەڵێک لەو کەسانە لە هێرشە سەربازییە دەرەکییەکاندا کوژراون و کۆمەڵێکی تریش بوونەتە قوربانیی کردەوەکانی حکوومەتی ئێران. بەپێی ئاماری فەرمی کە تاوەکوو خاکەلێوەی ١٤٠٥ بڵاو کراوەتەوە، زیاتر لە سێ هەزار کەس لە هێرشە سەربازییەکاندا گیانیان لەدەست داوە. لانیکەم ١٥٧٤ کەس لەو کەسانە خەڵکی مەدەنی بوون و ٢٣٦ کەسیشیان منداڵ بوون. شەڕ هەروەها ملیۆنان کەسی لە ناوخۆی وڵاتدا ئاوارە کردووە.

ساتۆ بە شێوەیەکی تایبەت ئاماژە بە هێرشکردنە سەر قوتابخانەی سەرەتایی “شەجره تەیبه” لە مێناب دەکات. ئەو دەنووسێت کە هیچ نیشانەیەک لە بەکارهێنانی نیزامی لەو قوتابخانەیە نەبینراوە. ڕاپۆرتێری تایبەت دۆزراوەکانی لێژنەی ڕاستیدۆزی نەتەوە یەکگرتووەکان پشتڕاست دەکاتەوە. ئەم لێژنەیە هێرشکردنە سەر ئەم قوتابخانەیە و هەندێک ئامانجی تری مەدەنی بە نمووی ئەگەریی تاوانی شەڕ ناوبردووە. هەروەها باسی هێرشکردنە سەر ناوچەکانی باشووری وڵات، سەرچاوەکانی ئاو، دامەزراوە هەستیار و ژێرخانە بژێوییەکان دەکات.

بەشێکی گرنگی ڕاپۆرتەکە تەرخان کراوە بۆ خۆپیشاندانەکانی بەفرانباری ١٤٠٤. بە وتەی ساتۆ، ڕاپۆرتی زۆر لەبەردەستدایە لەسەر بەکارهێنانی بەربڵاو و توندوتیژی هێزە ئەمنییەکان لەدژی خۆپیشاندەران. ژمارەی قوربانیانی ئەم سەرکوتە دەگاتە هەزاران کەس، بەڵام سەبارەت بە ئاماری دروستی ئەو ڕووداوانە جیاوازیی بیروبۆچوون هەیە.

ڕاپۆرتێری تایبەت، ئەنجامگیریی لێژنەی ڕاستیدۆخی نەتەوە یەکگرتووەکان لەم بوارەشدا پشتڕاست دەکاتەوە. بە بڕوای ئەم لێژنەیە، زۆرێک لەو پێشێلکارییانەی ڕوویان داوە لەوانەیە نموونەی تاوان دژی مرۆڤایەتی بن. کوشتن، دەستبەسەرکردن، ئەشکەنجە و ڕفتاری نامرۆڤانە لە زومرەی ئەو پێشێلکارییانەن. ئەزییەت و ئازاری بنەماڵەی قوربانیانیش بە مەرگی ئازیزانیان کۆتایی نەتوراوە، ئەم بنەماڵانە هێشتا لە لایەن ناوەندە حکوومەتییەکانەوە ڕووبەڕووی فشار و هەڕەشە دەبنەوە.

لەسێدارەدانەکان یەکێکی تر لە تەوەرە سەرەکییەکانی ڕاپۆرتەکە پێکه دەهێنن. ساتۆ دەنووسێت کە جێبەجێکردنی حوکمەکانی لەسێدارەدان تەنانەت لە سەردەمی شەڕیشدا ڕانەوەستا. لانیکەم ٢٥ کەس لە پەیوەندی لەگەڵ خۆپیشاندانەکاندا لەسێدارە دراون و چەند حاڵەتێکیش لەم لەسێدارەداندانە لە شوێنی گشتی و لەبەرچاوی خەڵک ئەنجام دراون. یاسای توندکردنەوەی سزادانی سیخوڕی و هاوکاری لەگەڵ دەوڵەتە دژبەرەکانیش بووە بە ئامرازێک بۆ دەرکردنی هەندێک لەو حوکمانە.

لەگەڵ ئەوەشدا، لەسێدارەدانە پەیوەندیدارەکان بە خۆپیشاندانەوە تەنها بەشێکی بچووکی کۆی لەسێدارەدانەکان پێک دەهێنن. زۆربەی لەسێدارەدانە تۆمارکراوەکان پەیوەندییان بە تاوانەکانی ماددە هۆشبەرەکان یان قەساسەوە هەبووە. ڕاپۆرتەکە نیگەرانیی خۆی دەربڕیوە سەبارەت بە جێبەجێکردنی حوکمی لەسێدارەدان لەسەر کەسانی خوار ١٨ ساڵ تەمەن. هاوکات ڕێژەی بەرچاوی کوردەکان، بەلوچەکان و هەندێک هاووڵاتیی خەڵکی افغانستان لەنێو لەسێدارەدراوەکاندا سەرنجی ڕاپۆرتێرەکەی ڕاکێشاوە.

ڕاپۆرتەکە هەروەها باس لە شەپۆلی بەربڵاوی دەستبەسەرکردنەکان دەکات. لەنێوان ڕەشەمەی ١٤٠٤ و گوڵانی ١٤٠٥دا زیاتر لە چوار هەزار کەس دەستبەسەر کراون. چالاکانی مەدەنی، ڕۆژنامەنووسان، پارێزەران، موعەلیمان، هونەرمەندان، کەمایەتییە نەتەوەیی و مەزهەبییەکان و تەنانەت منداڵانیش لەنێو دەستبەسەرکراوەکاندا دەبینرێن. بە وتەی ساتۆ، حکوومەت وەڵامی بەکارهێنانی مافی ئازادیی ڕادەربڕینی بە تۆمەتی ئەمنی داوەتەوە و ڕخنەگرانی بە هاوکاری لەگەڵ ئەمریکا یاخود ئیسرائیل تۆمەتبار کردووە.

دۆخی دادگاییکردنی عادڵانەش ئێجگار خراپە. تۆمەتباران لە هەڵبژاردنی پارێزەردا سنووردارن و دادگاکان زۆربەی کات بە شێوەی نهێنی بەڕێوە دەچن. حوکمەکان بڵاو ناکرێنەوە و ئەو دانپێدانانەی لەژێر فشاردا وەردەگیرێن، لە دادگادا بەکار دەهێنرێن. دادگاییکردنی بە کۆمەڵیش پەرەی سەندووە. لە دۆسیەی مەیدانی عەلیخانیی ئیسفەهاندا، دەیان تۆمەتبار لە ماوەیەکی زۆر کورتدا دادگاییکران و ژمارەیەک لەوان سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنرا.

ڕاپۆرتەکە دۆخی زیندانەکان زۆر بە دۆخێکی نیگەرانکەر وەسف دەکات. زیندانەکان ڕووبەڕووی قەرەباڵغییەکی توند بوونەتەوە و زیندانییەکان بەدەست کەمیی خۆراکەوە دەناڵێنن. ئاوی خواردنەوەی پاک لەبەردەستدا نییە و ئامرازی تەندروستیی پێویست بوونی نییە. نەخۆشییەکان لە زیندانەکاندا بڵاو بوونەتەوە و دەستکەوتنی دەرمانیش زۆر ئەستەمە. لە هەندێک حاڵەتدا، هێزە ئەمنییەکان وەڵامی ناڕەزایەتیی زیندانیانییەکانیان بە توندوتیژی و تەنانەت دەستڕێژی گوللەش داوەتەوە.

فەزای مەدەنییش لەم ماوەیەدا گەلێک بەرتەسکتر بووەتەوە. ساتۆ باسی پەرەسەندنی فشار لەسەر بەرگریکارانی مافەکانی مرۆڤ، چالاکانی ژینگە، ڕۆژنامەنووسان، نووسەران، هونەرمەندان، موعەلیمان و پارێزەران دەکات. زۆرێک لەو کەسانە دەستبەسەر یان بێسەروشوێن کراون و هەندێکی تریش دادگاییکراون و حوکمی قورسیان بەسەردا سەپێنراوە. بەپێی ڕاپۆرتەکە، لانیکەم ٣٢ پارێزەر تەنها بەهۆی چالاکیی پیشەیی خۆیانەوە کەوتوونەتە ژێر لێپرسینەوە و بەدواداچوونەوە.

ڕاپۆرتەکە ئاماژە بە تێکچوونی دۆخی ئابووری و بژێویی خەڵکیش دەکات. تێچووی ژیان بەرز بووەتەوە و بەهای دراوی وڵات دابەزیوە. سزاکان، شەڕ، پچڕانی ئینتەرنێت و هەندێک لە سیاسەتە ناوخۆییەکان گوشارێکی ئێجگار زۆریان خستووەتە سەر شانی بنەماڵەکان. کرێکارانی نائاسایی و چینە هەژارەکان زەرەرمەندانی سەرەکی بوون. تێچووی سەبەتەی بژێویی بنەماڵەیەک ئێستا گەیشتووەتە نزیکەی ٧٠ ملیۆن تمەن لە مانگێکدا.

ژنان لەم بارودۆخەدا زەرەرمەندی سەرەکی بوون. زۆرێک لەوان بەهۆی پچڕانی ئینتەرنێتەوە دەرفەتەکانی کارکردنی ئۆنلاینیان لەدەست داوە. توندوتیژیی بنەماڵە پەرەی سەندووە و سیاسەتی حجابی زۆرەملی هێشتا بەردەوامە.

شەڕ دەرئەنجامی قورسی ژینگەیشی بەدوای خۆیدا هێناوە. هێرشکردنە سەر دامەزراوە نەوتییەکان، پترۆشیمی، وێستگەکانی کارەبا و ناوەندەکانی ئاوشیرینکردن، هەوا، ئاو و خاکی بە شێوەیەکی بەربڵاو پیس کردووە. لەم نێوەندەدا پارێزگا لاوازەکانی وەک خوزستان، بۆشێهر، سیستان و بەلۆچستان و هۆرمۆزگان زیاتر لە ناوچەکانی تری زیانیان پێگەیشتووە.

مای ساتۆ لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەیدا داواکارییەکی ئاراستەی هەردوولای ململانێکە کردووە. ناوبراو داوا لە کۆماری ئیسلامی ئێران دەکات کە سەبارەت بە مەرگە گوماناوییەکان، کوشتارەکان، دەستبەسەرکردنەکان و پێشێلکارییەکانی تری مافی مرۆڤ لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ و بێلایەن ئەنجام بدات. هەروەها داوا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دەکات کە هێرشە سەربازییەکان ڕابگرن. بە وتەی ئەو، ئەم دوو وڵاتە دەبێت سەبارەت بە هێرشکردنە سەر ئامانجە مەدەنییەکان لێکۆڵینەوەیەکی شەفاف و کاریگەر بکەن.

ئەم ڕاپۆرتە بەشێوەیەکی گشتیی وێنەی قەیرانێکی فرەڕەهەند دەخاتەڕوو. لەم قەیرانەدا، شەڕ، سەرکوتکاری سیاسی، داڕمانی ئابووری و وێرانبوونی ژینگە بە هاوکات ڕوویان داوە. هەر یەکێک لەم هۆکارانە بە تەنیا بۆ کۆمەڵگەیەک زۆر قورسە، بەڵام ئاوێتەبوونیان ژیانی ملیۆنان کەس لە خەڵکی ئێرانی زۆر دژوار کردووە.

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *