ڕۆژی پێنجشەممە ٢٥ی ڕێبەندان، شەریفە محەممەدی، چالاکوانی کرێکاری زیندانیی لە زیندانی لاکانی ڕەشت، دوای ئەوەی حوکمی لەسێدارەدانی لەلایەن دادگای باڵای دادوەری ئێرانەوە ڕەتکرایەوە، لەلایەن دادگای ڕژێمەوە لەم شارە سەرلەنوێ حوکمی لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێنرا.
شەریفە محەممەدی مانگی سەرماوەزی ساڵی ڕابردوو دەستبەسەرکرا و تۆمەتی بێ بنەمای ئەندامێتی لە کۆمەڵەیان بۆ هەڵبەست. ئەم چالاکوانە کرێکارییە تا ساڵی ١٣٩٢ لە ڕێکخراوی کرێکاریی سەربەخۆی “کۆمیتەی هەماهەنگی بۆ یارمەتیدان بە پێکهێنانی ڕێکخراوە کرێکارییەکاندا“، چالاکی کردووە. بەڵام کۆمیتەی هەماهەنگی بۆ یارمەتیدان بە پێکهێنانی ڕێکخراوە کرێکارییەکان، ڕێکخراوێکی نافەرمیی بوو کە بە ئاشکرا کار و چالاکی دەکرد و ئەندامەکانی بەپێی ئامانجی دیاریکراو لە پەیڕەوی ناوخۆدا کە بریتین لەم خاڵانەیخوارەوە، لەوانە: “پاراستنی ماف و بەرژەوەندییەکانی کرێکاران و مووچەخۆرانی ستەملێکراو و باشترکردنی دۆخی ژیان و گوزەرانیان، بەدەستهێنانی ئازادییە دێموکراتیکەکان، یەکسانی مافی ژنان و پیاوان، هەڵوەشاندنەوەی کاری منداڵان و بە فەرمی ناسینی مافە مرۆییەکانیان و سەرەنجام ڕیشەکێشکردنی سەرجەم نایەکسانییە مرۆییەکان و چەوسانەوەی مرۆڤ بەدەستی مرۆڤ“، چالاکییان کردووە.
لە کاتی ڕاگەیاندنی پێکهاتنی کۆمیتەی هەماهەنگی لە بەهاری ساڵی ١٣٨٤ەوە تا دوا کۆبوونەوەی لە بەهاری ساڵی ١٣٩١، دەیان ئەندامی ئەم ڕێکخراوەیان دەستبەسەر و دادگایی کردووە، بەڵام هیچ دادگایەک، بەڵگەیەکی سەلمێنەری پەیوەندی کۆمیتەی هەماهەنگی بە کۆمەڵە (ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێرانی)، نەخستووەتە ڕوو و تەنیا لە زومرەی ئەو تۆمەتانە بووە کە لەلایەن لێکۆڵەرەوانی ئیتلاعاتەوە بە مەبەستی گوشار و پەروەندەسازی بۆسەر ئەندامانی دەستبەسەرکراو، بەکار هێنراوه.
ئێمە دەرکردنی سەرلەنوێی ئەم حوکمە دژە مرۆییە بە توندی سەرکۆنەدەکەین و داوا لە سەرجەم ڕێکخراوەکرێکارییە نێودەوڵەتی، سۆسیالیست، چەپ و پێشکەوتنخوازەکانی جیهان دەکەین کە هاوڕێ لەگەڵ ڕێکخراوە کرێکارییەکان و سەرجەم کۆمەڵانی خەڵکی ئازادیخوازی ئێران، بە هەموو تواناوە دژی ئەم حوکمە ناعادڵانەیە هەنگاو بنێن.
کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە (ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران)
٢٩ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ی هەتاوی
#شەریفە_موحەممەدی
#شریفە_محمدی
#نا_بۆ_ئیعدام
#نه_به_اعدام