هەڵسەنگاندنی هاوبەشی هەیئەتی ئیجرایی ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کارگەر) و کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران


هەڵسەنگاندنی هاوبەشی

هەیئەتی ئیجرایی ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کارگەر) و کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

ترس لە گەشە و پەرەسەندنی بزووتنەوە پێشکەوتنخوازە کۆمەڵایەتییەکان، گرنگترین هۆکاری دەستپێکردنی دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکا

یەکەمڕێکاری بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بۆ پێشگیری لە ئەگەری داڕمان

دوای بەڕێوەچوونی یەکەم گەڕی دانوستانەکانی ڕۆژی شەممەی ڕابردووی نێوان کۆماری ئیسلامی ودەوڵەتی ترامپ لە عومان،ئەمڕۆش گەڕی دووەمی دانوستانەکان لە باڵیۆزخانەی عومان لە ئیتالیا بەڕێوە چوو. لە گەڕی یەکەمدا هەردوولا ئەنجامەکانی یەکەم گەڕی دانوستانەکانیان بە «زۆر ئەرێنی و بنیاتنەر» هەڵسەنگاند، بەڵام لێدوانە دژ بە یەکەکانی ستێڤ ویتکاف و بەرپرسانی دیکەی ئەمریکا پاش لێدوانە گەشبینانەکانی سەرەتا، ئەگەری سەرکەوتنی دانوستانەکانی تا ڕادەیەک خسبووە ژێر گومانەوە. بڕیار وایە دانوستانە فەنییەکان لە ڕۆژی چوارشەممەوە لە عومان لە نێوان شاندەکانی هەردوولا دەست پێ بکات و ڕۆژی شەممەش دانوستانەکانی عەراقچی و ویتکاف بەردەوام بێت. دەبێت ئەم دانوستانانە لە چوارچێوەی دۆخێکی نوێدا هەڵبسەنگێنین کە چەندین ئەکتەری ناوچەیی و جیهانی تێیدا جێگیر بوون.

١واقیعییەت ئەوەیە کە بەرپرسانی سەرەکی کۆماری ئیسلامی، گەیشتوونە ئەو ئاکامەی کە بۆ ڕێگریکردن لە داڕمانی سیستەمی سیاسییان و بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئاخێزە جەماوەرییەکان، دەبێ جامە ژەهرێکی دیکە بنۆشن. ئەوان دوای شکستە یەک لە دوای یەکەکان لە سیاسەتی دەرەوە و گۆڕینی ئاراستە لەم بوارەدا، تێگەیشتوون کە بەبێ ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا، ئیمکانی کەمکردنەوە یاخود هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکان بوونی نییە. پێویستە ئەوە لەبەرچاو بگرین کە بە دەستنیشانکردنی مەسعوود پزیشکیان، قسەکانی ئەو لە نیویۆرک و چرای سەوز نیشاندان بە ئەمریکا و تەنانەت بەبراناوبردنی ئەو وڵاتە، نیشانەی سیاسەتێکی نوێ بوو کە لەلایەن بەرپرسانی سەرەکی دەسەڵاتەوە، گیرابووەبەر. بێهۆ نییە کە ئێستا لە نێوان بەرپرسانی ڕژێمدا تەنانەت باس لە وەبەرهێنانی ئەمریکا لە ئێران و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی هەردوو وڵاتیش هاتۆتە ئاراوە.

٢لایەنی بەرامبەریش کە بریتییە لە دەوڵەتی ئەمریکا، بە ئاگاداری تەواو لەوەی کە ڕژێمی ئیسلامی لە خراپترین دۆخی مومکیندایە، بەدوای ستراتیژی بەهێزکردنی هێژمۆنی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدایە. ئامانج لە یەکلاکردنەوەی بابەتی هەڕەشەکانی حکوومەتی ئیسلامی ئێران، ڕێگری لە دەستڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی و لەم ڕێگەیەشەوە تەرکیزکردنی زیاترە لەسەر چین و ئاڵەنگارییەکانی داهاتووی نێوان ئەم دوو جەمسەرە هێژمۆنە. تاکتیکی ئێستای دەوڵەتی ترامپ بریتییە لە دانوستان لە دۆخێکدا کە هەڕەشەی سەربازی وەک شمشێری دامۆکلێس لەسەر سەری حکومەتی ئیسلامی ڕاگیراوە. ئەم بژاردەیە ئێستا، بەراورد بە بژاردەکانی دیکە لەوانە شەڕێکی سنووردار یاخود گۆڕینی ڕژێم، دەرئەنجامی ڕوونتری هەیە. ئەوان گەیشتوونەتە ئەو هەڵسەنگاندنەش کە سیاسەتیگۆڕینی ڕژێملە دۆخێکدا کە بزووتنەوەیەکی بەهێزی جەماوەری لە ئارادایە، ناتوانێت بەرژەوەندییەکانی ئەوان گەرەنتی بکات. پێویستە ئاگاداری ئەو خاڵەش بین کە سیاسەتیگۆڕینی ڕژێملە وڵاتانی دیکە، لەگەڵ شکستێکی سەخت بەرەوڕوو بۆتەوە و لەناو بڕیاردەرانی ئەمریکادا پشتگیرییەکی ئەوتۆی لێ ناکرێت. لەسەر ئەم بنەمایەیە کە دەوڵەتی ترامپ ڕایگەیاندووە ئامادەیە لەگەڵ ئەم حکومەتەی ئێستا کار بکات و کۆماری ئیسلامی لە ڕژێمێکی دژەبەرەوە بگۆڕێت بۆ ڕژێمێکی هاوکاری ئەمریکا لە دابەشکارییە ناوچەییەکاندا. بەڵام ئەم هەڵوێستە لەناو دەسەڵاتدارانی ئەمریکادا لەگەڵ کۆمەڵێک ئاڵنگاری جیددیی بەرەوڕوو بۆتەوە کە هەڵوێستە دژ بە یەکەکان، نیشانەی زۆر بەرچاوی ئەو ڕاستییەیە.

٣لەپاڵ دۆخی کۆماری ئیسلامی و ئەمریکادا، وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە هاوکات لەگەڵ گۆڕانی سیاسەتی ناوچەیی ڕژێمی ئیسلامی و لەسەر بەستێنی شکستەکانی حکوومەتی ئێران لە گۆڕانکارییەکانی دوای حەوتی ئۆکتۆبەر، هاوکاری لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، زیاتر لەگەڵ بەرژەوەندییەکانیان یەک دەگرێتەوە. ئەو وڵاتە عەرەبیانەی کە لە گەڕی یەکەمی دەوڵەتی ترامپدا، ناوبراویان هاندەدا بۆ چوونەدەرەوە لە بەرجام، ئێستا دەستپێکی دانوستانی هەردوو وڵاتیان، بە ئەرێنی هەڵسەنگاندووە. پەیامەکانی دەوڵەتانی سعوودیە، ئیمارات، قەتەر، کوێت، عێراق و میسر و پێشوازیکردن لە دانوستانەکان، سەلمێنەری ئەم ڕاستییەیە. سەردانی خالید بن سەلمان برای محەممەد بن سەلمان، وەزیری بەرگری ئەو وڵاتە لەگەڵ شاندێکی حەفتا کەسی، لەم دۆخەدا مانایەکی تایبەتی هەیە و دەتوانێت پەیوەندی ڕاستەوخۆی هەبێت بە دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکا و مەترسی شەڕ و ئەگەری بۆردمانی ئێران و کاردانەوەی کۆماری ئیسلامی بەو مەرسیانە. ئەم وڵاتانە کە لە ڕێگای فرۆشتنی نەوتێکی زۆرەوە، گەشەیەکی ئابووری سەرسوڕهێنەر ئەزموون دەکەن، خوازیاری شەڕ و پێکدادان لە نێوان ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی و ناسەقامگیربوونی ناوچەکە نین.

٤سەرەکیترین نەیاری دانوستانەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی و ئاساییبوونەوەی پەیوەندی هەردوو وڵات، بریتییە لە دەوڵەتی نەتانیاهۆ. دەوڵەتی ڕەگەزپەرستی ئیسرائیل، هەم بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و هەم لە ڕێگەی لۆبی بەهێزی خۆی لە ئەمریکا، بەردەوام دژی چارەسەرکردنی کێشەی ئەتۆمی کۆماری ئیسلامی و ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ ئەمریکا، هەڵسوکەوتی کردووە. لەو دۆخەی ئێستادا کە دەوڵەتی ڕەگەزپەرستی ئیسرائیل، خەریکە جینۆسایدێکی دڕندانە و پاکتاوێکی نەتەوەیی جینایەتکارانە لە غەزە بەڕێوە دەبات، هەوڵدەدات بە خۆشکردنی ئاگری شەڕێکی گەورە لە ناوچەکەدا، ئەم تاوانە دژە مرۆییانە لە پشت دووکەڵی ئەو شەڕەدا لە چاوی هەستیاری خەڵکی جیهان بشارێتەوە. بەڵام دەوڵەتی فاشیستی ئیسرائیل لە دۆخی ئێستادا توانایی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ بۆچوونەکانی ترامپی نییە. تاوانەکانی ئەم ڕژێمە لە غەزە، ڕیسواییەکی ئەوتۆی بۆ ڕێبەرایەتیی ئەم ڕژێمە بەدوای خۆیدا هێناوە کە بووەتە هۆی پەرەسەندنی گوشاری وڵاتانی عەرەبی لەسەر ئەمریکا و ئەم ڕاستییەش کاریگەرییەکانی لۆبی ئیسرائیلی لە کابینەی ترامپدا و لە ئەمریکا، تا ڕادەیەک کەم کردۆتەوە. لەسەر ئەم بنەمایە دەتوانین بە پارێزەوە بگەینە ئەو هەڵسەنگاندنەی کە توانایی کارشکێنی دەوڵەتی ئیسرائیل، لە دانوستانەکانی ئێستادا وەک ڕابردوو نابێت. ئەگەر ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا سەرکەوتوو بێت و ئەگەر ئەم دانوستانانە لەژێر گوشاری نەیارانی ڕێککەوتندا، تووشی شکست نەبێت، ئەوا لەگەڵ دوو دیاردەی سیاسی بەرەوڕوو دەبینەوە.

یەکەم مەسەلە، ئەوەیە کە لەسەر بەستێنی گۆڕانکارییە نوێیەکاندا، شایەدی نوێکردنەوەی پێکهاتە یان گۆڕانی سیاسەتە ناوخۆییەکانی سیستەمی کۆماری ئیسلامی و ئاڵوگۆڕ لە بەشێک لە سیاسەتە بنەڕەتییەکانی ئەم سیستەمە فاشیستییەداین. بەرپرسانی ڕژێم هەوڵدەدەن بە کەمکردنەوەی قەیرانە ئابوورییەکان لە ڕێگەی ڕێککەوتنەکان لە سیاسەتی دەرەوە و هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکان، ڕێگری بکەن لە داڕمانی دەسەڵاتی ئیسلامی. گۆڕینی ڕێڕەو س ئاراستەی ناوخۆیی ڕژێم بەمەبەستی هاوڕێکردنی بەشەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ناوخۆیی نیزام و پێکهێنانی کەشێکی کراوە بۆ ڕیفۆرمخوازان، میانەڕەوان و بنەماخوازانی میانەڕەو و هەروەها کۆنتڕۆڵکردنی هێزە دڕندەتر و فاشیستترەکانی ناو دەسەڵات، لە پێناو فراوانکردن و بەهێزکردنی پێگەی حکوومەتیی ڕژێمدا ئەنجام دەدرێت. ئاشکرایە کە هەوڵدان بۆ بەهێزکردن و فراوانکردنی ئەم پێگە حکوومەتییە، پشت دەبەستێت بە تێکەڵەیەک لە سەرکوتی دڕندانەی ئەو هێزە ڕادیکاڵانەی کۆمەڵگا کە خوازیاری ڕووخانی شۆڕشگێڕانەی حکوومەتی ئیسلامین و هەروەها دروستکردنی هیوا لەناو بەشێک لە کۆمەڵگادا بە مەبەستی فراوانبوونی هێژمۆنی نیزام. دەسەڵاتدارانی سەرەکی لە کۆماری ئیسلامیدا، بە باشی لەوە تێگەیشتوون کە سەرەکیترین مەترسییەک کە هەڕەشەیان لێدەکات، بریتییە لە ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران و مەترسیشۆڕشی نانە“. لەسەر ئەم بنەمایەیە کە گۆڕینی ڕێڕەو و ئاڕاستەی سیاسەتی دەرەوەیان گرتووەتەبەر و ئامادەن زەمینەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ وڵاتانی دیکەش خۆش بکەن.

دووەم مەسەلە، بریتییە لەو ڕۆڵە نوێیەی کە بە کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە دەسپێردرێت. ئەگەر پەیوەندییەکانی ئێران و ئەمریکا تا ڕادەیەک ئاسایی ببێتەوە، ، ئەوکات ڕۆڵ و پێگەی ئاسایی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە، ئیمکانی ڕۆڵ و کاریگەری ڕێژیم زیاتر دەکات. لەم دۆخەدا پلانگەلێکی وەک دروستکردنی ئەمنییەتی بەکۆمەڵی ناوچەیی، پێکهێنانی ئاڵوگۆڕی ئابووری ناوچەیی و کەمکردنەوەی ئاڵۆزییە ناوچەییەکان فەراهەم دەبێت. لە ئەگەری گەشە و بەرەوپێشچوونی ئابووری ئێران، ناوچەکە لەم بوارەشدا دۆخێکی نوێ ئەزموون دەکات. کەمکردنەوەی مەترسییەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە، دەستی ئەمریکا بۆ تەرکیزکردنی زیاتر لەسەر کێبڕکێ و بەرەنگاربوونەوەی چین، ئاواڵاتر دەکات. ئەمە یەکێکە لە ئامانجەکانی ئەمریکا بۆ سەروسامان بەخشین بە ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی. ئاشکرایە کە ئەمریکا هەوڵدەدات بە ئەنجامدانی جۆرێک سازش لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، لە هێزی ژیۆپۆلیتیکی و جیۆستراتێژی ئێران بە قازانجی خۆی کەڵک وەربگرێت و ڕێگری لەوە بکات کە ئێران زیاتر لە پێویست پشت بە چین یان ڕووسیا ببەستێ و ببێتە ئامرازی گوشاری ئەو هێزانە. ئەزموونە نەچەندان ئەرێنییەکانی کۆماری ئیسلامی لە سیاسەتیڕوو لە ڕۆژهەڵاتی ڕێبەرایەتی ڕژێمی ئیسلامی، بەم ئاراستەیە، بە قازانجی ئەمریکایە و هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ناو دەسەڵات بەهێز دەکات. دەبێ ئەوەشمان لەبەرچاو بێت کە دەستپێکی دانوستانەکانی کۆماری ئیسلامی و ئەمریکا لە دۆخێکدایە کە هێشتا شەڕی ئۆکراین و ڕووسیا بەردەوامە و پەیوەندییەکانی ئەمریکا و ڕووسیاش هێشتا لە سەرەتای ڕێگای ئاساییبوونەوەدایە و ئەنجامە کۆتایییەکەی هێشتا ڕوون نییە. ئەم ڕاستییەش ئیمکانی کاریگەری ڕووسیای لەسەر ڕەوتی دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکای کەمتر کردووەتەوە. وڵاتە ئورووپاییەکانیش بە هەستیارییەکی بەرزەوە چاوەدێری دانوستانەکانی تارانواشنگتۆن دەکەن و نیگەرانی ئەوەن کە لەم نێوەندەدا بەرژەوەندییەکانی ئەوان ڕەچاو نەکرێت.

دووەمکەمبوونەوەی ڕۆڵی سەرەکی ڕێبەری ڕژێم و ئەگەری ڕاپەڕینی هێزە ناوخۆییەکانی نیزامی ئیسلامی

قبووڵکردنی دانوستان لەگەڵ ئەمریکا لەژێر گوشاری مەترسی داڕمان لە ناوەوە و هەڕەشەی قورسی ئەمریکا لە دەرەوە لەسەر بەستێنی شکستە یەک لە دوای یەکەکانی ڕژێم لە ناوچەکە و پاشەکشەکانی ڕژێم لە بەرامبەر داواکارییەکانی بزووتنەوە پێشکەوتنخوازەکانی کۆمەڵگا و لەوانە ژنان، وەک هەڵپەساردنی یاسایحیجاب و عیفافیان قبووڵکردنی بە ناچاریی جەژنەکانی نەورۆزی خەڵک، قەیرانی ناو دەسەڵاتی بە شێوەیەکی بێوێنە پەرەپێداوە. تێکشکانی یەک بە یەکی هێڵە سوورەکانی ڕێبەری ڕژێم، جێگە و پێگەی ئەوی لەناو هێزەکانی ناو حکومەتیشدا بردووەتە ژێر پرسیارەوە. ڕێبەری ڕژێم سەردەمێک لە کۆبوونەوەی فەرماندەکانی سپا لە پارێزگاکانی سەراسەری وڵات، لە بەرامبەر داخوازی گۆڕانکاری لەلایەن بەشێکیانەوە، چوار هێڵی سووری دیاری کردبوو، کە بریتی بوون لە پاراستنی حیجاب، سازش نەکردن لەگەڵ ئەمریکا، بەردەوامبوونی گەمارۆ لەسەر ڕێبەرانی بزووتنەوەی سەوز و هەروەها بەردەوامبوونی کاری شۆڕای نیگابان. ئێستا مەسەلەی حیجاب لەلایەن ژنانی وشیار و بزووتنەوە بەرینە کۆمەڵایەتییەکانی وەک ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژیناوە تێکشکێنراوە، دانوستان لەگەڵ ئەمریکا دەستی پێکردووە، پرۆسەی هەڵگرتنی گەمارۆ لەسەر یەکێک لە زیندانییەکان بەڕێوە چووە و دەوترێت کە ئەگەری هەڵگرتنی گەمارۆ لەسەر میرحسێن موسەوی و زەهرا ڕەهنەوەردیش لە ئارادایە. بە واتایەکی دیکە هێڵە سوورەکانی خامنەیی یەک بە یەک دەچنە ژێر پرسیارەوە و ڕێبەر و دارودەستەکەی ناچارن بەردەوام هێزە سەرەکییەکانی ڕژێم لەمەڕ ئەم گۆڕانکارییانە بە قەناعەت بگەیەنن و ڕێگری بکەن لە پەرەسەندنی ڕەوتی داڕمان لەناو لایەنگرەکانیاندا. هاوکات لەگەڵ ئەم ڕەوتە، سیاسەتی خامنەیی بەمەبەستی جێبەجێکردنیهەنگاوی دووەمی شۆڕشی ئیسلامییش بە هیممەتیگەنجانی شۆڕشگێڕی حیزبوڵڵاهیلەگەڵ شکست ڕووبەڕوو بووەتەوە. لاوازبوونی پێگەی ڕێبەر لەم چەند نموونەی خوارەوەدا بە ئاشکرا بەرچاو دەکەوێت:

١لە جەریانی خستنەڕووی مەسەلە سیاسییەکان و دەرکەوتنی ناکارامەیی سیاسەتەکانی ڕێبەریی ڕژێم لە چەند دەیەی ڕابردوودا، بۆ یەکەمین جار شایەدی لەقاودان و ئاشکراکردنەکان، گێڕانەوەی بیرەوەرییە سیاسییەکان، هاتنەئارای تۆمەتی ئاشکرا سەبارەت بە شکستی سیاسەتەکان و هەروەها قسە لە هەڵسەنگاندنی جیاواز لەلایەن کەسایەتییەکانی ناو نیزامەوەین. موناقەشەکان، لێدوانەکانی چەند هەفتەی ڕابردووی حەسەن ڕۆحانی، محەممەد جەواد زەریف، عەلی تەیب نیا، عەلی ئەکبەر ساڵحی، مەحموود واعیزی، مورتەزا ئەلویری، عەلی شوکوری ڕاد، محەممەد موخبەر و مەحموود ئەحمەدی نەژاد، هەموویان بەیانگەری کۆمەڵێک زانیاری ڕوونن سەبارەت بەو کارشکێنیانەی کە ڕێبەری ڕژێم، یان نزیکەکانی ئەو لە داڕشتنی سیاسەتەکانی ڕابردوودا کردوویانە، کە بوونەتە هۆی هاتنەئارای ئەم دۆخەی ئێستای وڵات. ئەم ئاستە لە ئاشکراکردنەکان و گێڕانەوەی بیرەوەرییە سیاسییەکان، لە ڕژێمێکی بەم ڕادەیە داخراو و ئەمنییەتی ئیسلامیدا، ڕووداوێکی زۆر بێوێنە و دەگمەنە.

٢یاریکردن بە ئۆپۆزیسیۆنی ناوخۆی حکوومەت پاش هەڵبژاردنی مەسعوود پزیشکیان، کەمڕەنگبوونەوەی ڕۆڵی هێزە ئوممەتگەرا حکوومەتییەکان و ئێستاش دەستپێکردنی دانوستان لەگەڵ ئەمریکا، باڵی بناژۆخواز و کۆنەپەرستی ناو ڕژێمی تووڕە کردووە. بەڵام دەبێت ئاگاداری ئەوەش بین کە بە لەبەرچاوگرتنی نفووز و دەسەڵاتی ئەم هێزانە لەناوناوەندەکانی ڕاگەیاندنی وەک تەلەویزیۆن و هیتر…”، لە دامەزراوەکانی وەک ڕێکخراوی تەبلیغاتی ئیسلامی و دامەزراوە ئابوورییەکانی وەکبنیادی موستەزعەفان،ستادی جێبەجێکاری فەرمانی ئیمامو زۆرێک لە کۆمپانیا خسوولەتییەکان، بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئەم هێزانە، تێچوویەکی قورسی بۆ دەسەڵات لێدەکەوێتەوە. دەبێت لە هەفتەکان و مانگەکانی داهاتوودا چاوەڕێی گرژی و ئاڵۆزی جیددی لەنێوان باڵە حکوومەتییەکان و قووڵبوونەوەی کەلێنی ناو دەسەڵاتداران بین. بە واتایەکی دیکە، کەلێنی نێوان دەسەڵاتداران ڕۆژ بە ڕۆژ قووڵتر دەبێتەوە.

٣گەشە و پەرەسەندنی ڕۆڵی هێزە سیاسییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ناو حکوومەت، هەوڵی ئەوان بۆ بەدەستهێنانی پێگەیەکی پتەوتر لەناو دامەزراوە و ئۆرگانەکانی بڕیاردانی دەسەڵات، چ لە ڕێگەی پێکهاتەی دەوڵەتی مەسعوود پزیشکیان و چ لە ڕێگەی پێکهاتەکانی دام و دەزگای ڕێبەری و چ لە ڕێگەی بەدەستهێنانی لایەنگر لەناو باڵە جیاوازەکانی ناو حکوومەتەوە، پەیوەندییەکی ئاشکرای هەیە لەگەڵ مەسەلەی جێنشینی دا. واقیعییەت ئەوەیە کە بەساڵاچوونی خامنەیی و نەخۆشییەکانی لەلایەک و خێرایی گۆڕانکارییە سیاسییەکانی وڵات لەلایەکی دیکەوە، مەسەلەی جێنشینی وەک بابەتێکی جیددی لە نێوان باڵەکانی حکومەتدا هێناوەتە گۆڕێ. ئەم مەسەلەیە بە لەبەرچاوگرتنی ڕۆڵ و جێگە و پێگەی ویلایەتی فەقی لە پێکهاتەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا، گرنگییەکی تایبەتی هەیە. ئاشکرایە کە دەزگای ڕێبەریی، هەوڵدەدات پاش نەمانی ڕێبەریی ئێستا، جێنشینی دڵخوازی خۆی، لەسەر کورسی ویلایەت دابنێت. ئەوەی کە گۆڕانکارییەکان لە دوای مردنی ئەو، بە چ ئاراستەیەک دا دەڕوات، ڕوون نییە. بەڵام ئاشکرایە کە باند و باڵە حکوومەتییەکان، لەسەر یاسای بنەڕەتی ئێستا و ڕۆڵ و پێگەی وەلی فەقی، ناکۆکی جیددی و بنەڕەتیان نییە. ئەوان هەر لە ئێستاوە هەوڵدەدەن بە چارەسەرکردنی مەسەلەی جێنشینی، ڕێگری بکەن لە ڕووخانی کۆماری ئیسلامی. واقیعییەت ئەوەیە کە دۆخی بزووتنەوە پێشکەوتنخوازە کۆمەڵایەتییەکان و ئاستی گوشار لە خوارەوە، سەرەکیترین فاکتەرە کە لەم قۆناغانەدا دەتوانێت هاوکێشەی هێزی ناو باڵەکانی حکوومەت بگۆڕێت و ڕیسەکەیان بکاتەوە بەخوری.

سێیەمڕۆڵی بزووتنەوە پێشکەوتنخوازەکانی کۆمەڵگا و هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان لە گۆڕانکارییەکانی ئێستادا

قبووڵکردنیسیاسەتیگۆڕینیڕێڕەووئاڕاستەیسیاسەتیدەرەوەوگۆڕانکارییەکانیپاشمردنیئیبراهیمڕەئیسی،لەبنەڕەتداوەڵامیدەسەڵاتبووبەپەرەسەندنینیگەرانییەکانسەبارەتبەگوشارەجەماوەرییەکانلەخوارەوە. بەردەوامبوونی بێ پسانەوەی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی جەماوەریش لە بواری ئازادییە مەدەنی و کۆمەڵایەتییەکان و داواکارییە چینایەتییەکان، بایکۆتی بەربڵاوی هەڵبژاردنەکانی مەجلیس و تەنانەت سەرۆککۆماریی، دەسەڵاتی لەگەڵ ئەو ڕاستییە بەرەوڕوو کردووەتەوە کە مەترسی سەرەکی بۆسەر مانەوەی نیزامی ئیسلامی، سەرهەڵدان و تەقینەوەی ناڕەزایەتی و تووڕەیی جەماوەرە. ئەوان کە ئاکام و کاریگەرییەکانی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی جەماوەر گەلێک نیگەرانی کردوون، بەمەبەستی ڕزگارکردنی دەسەڵاتەکەیان کەوتوونەتە خۆ. ئەوەی کە هەندێک لایەن لەشکرکێشی ترامپ و هەڕەشەی بۆمبارانکردن، بە هۆکاری سەرەکی پاشەکشەی ڕژێم و دانیشتن لەسەر مێزی دانوستان لە قەڵەم دەدەن، یان لە ڕۆڵ و پێگەی بزووتنەوەی جەماوەری بێ ئاگان، یان ئەوەی کە لە هێز و توانای لەبن نەهاتووی جەماوەر دەترسن. دەسەڵات هەوڵەکانی خۆی بۆ کەمکردنەوەی گوشارە جەماوەرییەکان و ڕێگری لە مەترسی تەقینەوەی جەماوەری، بە دەستنیشانکردنی مەسعوود پزیشکیان و گرتنەبەری سیاسەتێکی نوێ بەرامبەر بە حیجابی ژنان و هتد، دەستپێکردووە. قبووڵکردنی دانوستان لەگەڵ ئەمریکا بە هیوای کەمکردنەوە یان هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکان، ڕێگەیەکە بۆ کەمکردنەوەی قەیرانی داڕمانی ئابووری و شکستەکانی لە هەموو بوارەکاندا و لەم ڕێگەیەشەوە بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئەو بزووتنەوە بەهێزە داواکاری تەوەرانەی کە تەنانەت یەک ڕۆژیش دانەمرکاوەتەوە. سەرەڕای ئەم هەڵسەنگاندنە، پێویستە سەبارەت بە ڕۆڵ و پێگەی ئۆپۆزیسیۆن، ئاماژە بە چەند خاڵێک بکەین:

١بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی «ژن، ژیان، ئازادی» سەرەڕای ڕۆڵی بەرچاوی لە گۆڕینی سیمای وڵات، هێشتا نەیتوانیوە ئاڵتەرناتیڤی جێی مەبەستی خۆی بخاتەڕوو. هۆکاری ئەم بابەتە ئەوەیە کە بزووتنەوەی ئێستای خەڵکی ئێران، سەرەڕای گەشەی ڕێکخراوبوون لەناو کرێکاران، مامۆستایان، پەرستاران و خانەنشینان، یان گەشەی ڕێکخراوەکان لەناو ژنان، خوێندکاران، پارێزەرانی ژینگە و ڕێکخراوە ناحکومییەکان لەسەر ئاستی نەتەوەکانی وڵات، هێشتا نەیتوانیوە ناوەندێکی گشتی ڕێبەرایەتی خەباتکارانە بە بەشداری ڕابەرانی ناو ئەم بزووتنەوانە ڕێک بخات. ئاشکرایە کە ئاست و قەبارەی سەرکوتی فاشیستی ڕژێم، هەوڵی دەسەڵات بۆ بێسەر کردنی بزووتنەوەکە، زیندان، ئەشکەنجە، دەرکردنی سزای ئێعدام و جێبەجێکردنی ئێعدامی بەربڵاو لە سەرانسەری وڵات، ئامرازەکانی ڕژێمن بۆ ڕێگریکردن لە ڕێکخراوبوونی سیاسی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی جەماوەری ئازادیخواز و بێبەش و ستەملێکراو. هەوڵەکانی ڕژێمیش پشتبەتووە بەوەی کە بە سەرلەنوێ خۆڕێکخستنەوە و گۆڕینی ڕێرەو و ئاڕاستەی سیاسی لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا، لەم دەرفەتە کەڵک وەربگرێت و ڕێگا نەدات گەشە و پەرەسەندنی بزووتنەوەکە، بگاتە ئاستێکی بێگەڕانەوە. لەم ڕاستایەدا دەبێت جەخت لەسەر ئەم خاڵەش بکەینەوە کە تەنها ڕەوتێکی کە دەتوانێت ئاڵاهەڵگری ویست و داواکاریی ئازادی، دێموکراسی، یەکسانی و هاوپشتی و یەکگرتوویی ئینسانی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی «ژن، ژیان، ئازادی» بێت، بریتییە لە هێزە چەپەکانی کۆمەڵگا. واقیعییەتئەوەیەکەتەنهاجەریانێکیکەبەشێوەیەکیڕوونوشەفافپشتیوانیدەکاتلەخواستەئازادیخوازو

عەداڵەتخوازەداواکاریتەوەرەکانیبزووتنەوەپێشڕەووپێشکەوتنخوازەجەماوەرییەکان،بریتییەلەچەپیلایەنگریسۆسیالیزم. تەنها ئەم ڕەوتە چەپەیە کە بەشێوەیەکی لێبڕاوانە و ڕاشکاوانە، پشتگیری دەکات لە ویست و داخوازییەکانی وەک ئازادی بێ شەرت و مەرجی سیاسی، یەکسانی ماف و مافی هاوڵاتی بوونی یەکسان بەبێ لەبەرچاوگرتنی ڕەگەز، مەیلی جنسی، نەتەوە، زمان، کەلتوور، ئایین و بیر و باوەڕە تاکەکەسییەکان، مافی دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوەکانی ئێران و پێداگری لەسەر یەکگرتوویی دڵخوازانەیان، دەستەبەری کۆمەڵایەتی هەمەلایەنە و گشتگیر، پەروەردە و بێهداشتی بێبەرامبەر، دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبوونی هەرزان و گونجاو بۆ ژیان، سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەی ئابووری وڵات لەسەر تەوەری پێداویستییە بنەڕەتییەکانی کرێکاران و کۆمەڵانی خەڵکی زەحمەتکێش، قبووڵکردنی دێموکراسی و مافی خەڵک لە دیاریکردنی سیستەمی حکوومەتی جێگرەوە و هەروەها داڕشتنی یاسای بنەڕەتی نوێ. پێویستە گرنگییەکی تایبەت بەم خاڵەش بدەین کە ئۆپۆزیسیۆنی ڕاست، سەڵتەنەتخواز و ڕێکخراوی موجاهیدین، لە بنەڕەتدا دژ بەو ویست و داواکاریانەی سەرەوەن. ئەوان بۆ پرسی ئازادییە سیاسییەکان، کۆمەڵێک شەرت و مەرج و ئەگەری ڕوونیان هەیە، دژ بە مافی دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوەکان لە ئێران و نەهێشتنی جیاوازی لەسەر بنەمای نەتەوە لەژێر ناویجیاخوازیو بەرگری لەتەواوەتی خاکن و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی پێکهاتەی ئابووری وڵات و دەستەبەری کۆمەڵایەتی گشتگیر، بە ئاستەنگ لەسەر ڕێگایگەشەی ئابووریو بە زیانیکار و کاسبیخاوەنکاران دەزانن. بێهۆ نییە کە سەڵتەنەتخوازان و موجاهیدین لەگەڵ دروشمی «ژن، ژیان، ئازادی» بەتوندی دژایەتی دەکەن و دروشمی جێگرەوەیان بۆ دیاری کردووە. لەسەر ئەم بنەمایە، ئێستا دەرفەتێکی مێژوویی و بێوێنە بۆ سەرلەنوێ خۆڕێکخستنەوەی چەپ لەسەر بەستێنی وەرچەرخان بەرەو چەپی قووڵایی کۆمەڵگا و گەڵاڵەکردنی دروشمی واقیعی و ویست و داواکاریی ڕوونی چینایەتیی، دروست بووە. ئەگەر ئەم دەرفەتە مێژووییە بە دروستی لەلایەن هێزە چەپەکانەوە لەبەرچاو بگیرێت، چەپ دەتوانێت زیاتر لە جاران سەبارەت بە ڕۆڵی ڕێبەرایەتی خۆی لە ڕێکخستنی بزووتنەوە ڕادیکاڵەکانی کۆمەڵگا لەوانە ژنان، کرێکاران، نەتەوە ستەملێکراوەکان، خانەنشینان، پەرستاران، بێکاران، دادخوازان، مامۆستایان، ژینگە پارێزان، خوێندکاران و ڕووناکبیران، هیوادار بێت.

٢ئۆپۆزیسیۆنی ڕاست بەتایبەت سەڵتەنەتخوازان کە دوای پاشەکشە لەمەنشووری مەهسابەتەواوەتی بوون بە خزمەتکار و لایەنگری سەرسەختی ئیسرائیل و شەڕخوازانی ئەمریکایی، بەتوندی کەوتوونەتە ژێر گوشارەوە. ئۆپۆزیسیۆنی ڕاست بەهۆی بێباوەڕییان بە هێزی جەماوەر و پشتکردن لە دروشمی بزووتنەوە جەماوەرییەکان، ستراتێژی پشتبەستن بە هێزە دەرەکییەکانیان گرتووەتە بەر. ئەوان بەردەوام دڵیان بەوە خۆشکردبوو کە بە هێرشی هێزە پاوانخوازەکان بۆسەر ئێران، یان بۆمبارانی ژێرخانەکانی وزەی ناوەکی، پاڵاوگەکان و ناوەندە ئابوورییەکانی وڵات و هەروەها چڕکردنەوەی ئەو گەمارۆ ئابووریانەی کە گوشارە سەرەکییەکانی، ڕاستەوخۆ دەکەوێتە سەر شانی کۆمەڵانی خەڵکی هەژار، ڕێگە بۆ ڕووخانی ڕژێمی ئیسلامی خۆش دەبێت. هیوای ئەوان پێیان وایە کە پاش ڕووخانی ڕژێم، وەک لەشکری پیادەی هێزە دەرەکییەکان، دەتوانن کۆنترۆڵی دەسەڵات لە وڵاتدا بەدەستەوە بگرن. ئەوان لەسەر ئەم بنەمایە لە کاتی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکادا بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە پێشوازییان لە سەرکەوتنی دۆناڵد ترامپ دەکرد. تەنانەت کۆبوونەوەی هێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکاش لە دووڕگەی دیەگۆگارسیا هیوایەکی زیاتری لە دڵیاندا دروستکربوو. بەڵام ئێستا بە دەستپێکردنی دانوستانەکانی نوێنەری ترامپ لەگەڵ نوێنەری کۆماری ئیسلامی بەبێ لەبەرچاوگرتنی ڕەوت و ئاڕاستەی بەرەوپێشچوونی، ئەم لایەنانە تا ڕادەیەکی زۆر تووشی سەرلێشێواوی و بێ هیوایی بوون. هەڵوێستی لایەنەکانی سەڵتەنەتخواز و موجاهیدین لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیاندا، ئەم سەرلێشێواوی و داماوییە بەڕوونی دەردەخات. سیاسەتی ئەمریکا و لایەنەکانی تر ئەوانی بەتوندی ناڕازی و تووڕە کردووە.

٣چاوگێڕانێک بەسەر گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ئێراندا، ئەوە دەردەخات کە بەرپرسانی ڕژێم خۆیان بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا و تەنانەت دامەزراندنی پەیوەندی دیپلۆماتیک لەگەڵشەیتانی گەورەئامادە کردووە. وەلانانی دروشمیمەرگ بۆ ئەمریکایان پاککردنەوەی ئاڵای ئەمریکا لە شوێنە گشتییەکان و بە قەناعەت گەیاندنی هێزە ئەرزشییە بەکرێگیراوەکان و هەواڵی ئامادەکردنی باڵیۆزخانەکانی هەردوو وڵات، نیشان دەدات کە دانوستانەکانی ئێستا تەنها لەسەر مەسەلەی ناوەکی نییە. بەڵکوو پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکان و هەنگاونان بەرەو ئاساییکردنەوەی پەیوەندییە دەرەکییەکان کەوتووەتە دەستووری کاری ڕژێمەوە.

گومان لەوەدا نییە کە تەنها بە لابردنی گەمارۆکان، قەیرانە قووڵ و فرە ڕەهەندەکانی دەسەڵاتی ئیسلامی لە بوارەکانی ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی، ژینگەیی و پێکهاتەیی، چارەسەر نابێت. ئەمڕۆکە خەڵکی ئێران بە ئەزموونی تێپەڕبوون لە تەواوەتی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی و سەرجەم باڵەکانی، بە باشی لەوە تێگەیشتوون کە ئەو دۆخە نالەبارەی زۆربەی هەرەزۆری خەڵکی ئێران، بەرهەمی سروشت و بنەمای سیستەمێکە کە تا سەر ئێسقان کۆنەپەرست و پەرتووکاوە. سیستەمێکی کە بەردەوام سەرچاوەی نایەکسانییە قووڵە چینایەتییەکان، گەندەڵی سیستەماتیک و چارەهەڵنەگر، تاڵان و بڕۆی بەردەوامی سەرچاوەکانی وڵات، سەپاندنی بێ بەزەییانەی ئاپارتایدێکی فرەڕەهەند، ستەم و سەرەڕۆیی و کوشتارە سیاسییەکان، تۆمارکردنی بەرزترین ڕێژەی ئێعدام لە ئاستی جیهاندایە. هەربۆیە تەنها بە لابردنی گەمارۆکان، گرفت و مەینەتییەکانی خەڵک چارەسەر نابێت.

بەڵام خواردنەوەی دووبارەی جامی ژەهر لەلایەن خامنەییەوە، ئەویش لە پڕۆسەی ڕێککەوتن لەگەڵ دەوڵەتی ترامپ کە بەرهەمی گوشاری بزووتنەوە جەماوەرییەکانە، ڕژێمی لە بەرامبەر بزووتنەوەی جەماوەریدا لاوازتر کردووە و بەپێچەوانەوە ورە و جەسارەتێکی زیاتری بە بزووتنەوەی جەماوەریی لە خەبات لەگەڵ حکوومەتێکی کە نوقمی گێژاوی قەیران و شکستی یەک لە دوای یەکە، بەخشیوە. جگە لەوەش، لەلایەکەوە ئامرازی دروستکراوی جەمسەرسازییەکی بێبنەمای، بەمەبەستی گەڕاندنەوەی سەرجەم شکستەکان بۆ ئەمریکای، لە دەستی ڕژێم دەرهێناوە و لەلایەکی دیکەوە ترسی تۆمەتبارکردنی هەر بزاڤێکی ناڕەزایەتی، بە پیلانی دەرەکی، ڕەواندووەتەوە و بەم شێوەیە لەسەر بەستێنی ئەو قەیرانە گشتی سیاسییەی ئێستا، هەرچی زیاتر فەزا بۆ بەدواداچوونی ویست و داخوازییە کۆمەڵایەتییەکان و ڕێکخستنی بەربڵاوتری بزووتنەوە کرێکاری و جەماوەرییەکان خۆش بووە.

بڕووخێڕژێمیکۆماریئیسلامی

بژیشۆڕشیکۆمەڵانیخەڵکیئێران

بژی ئازادی، دێموکراسی و سۆسیالیزم

کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و  هەیئەتی ئیجرایی ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کارگەر)

یەکشەممە ٣١ی خاکەلێوەی ١٤٠٤ بەرامبەر بە ٢٠ی ئاوریلی ٢٠٢٥

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە

ڕووداوە گرنگەکان

پەیام نێت

گەلەری

هاوڕێمان بن! ​

پەیوەندی

  Copyright © 2023, All Rights Reserved Payaam.net