ڕاگەیاندنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی کرێکار


ڕاگەیاندنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی کرێکار

لە سەروبەندی یەکی ئایار، ڕۆژی جیهانیی کرێکارداین، چینی کرێکاری ئێران لە بارودۆخێکدا بە پێشوازی ئەم ڕۆژە مەزنە جیهانییەوە دەچێت کە گوشارە ئابوورییەکانی سەرچاوەگرتوو لە بێکاری بەربڵاو، هەڵاوسانی لەڕادەبەدەر، حەقدەستی کەمتر لە هێڵی هەژاری موتڵەق و بارودۆخی نالەباری کار، ژیانی لە کرێکاران و بنەماڵەکانیان تاڵ کردووە. لە کۆمەڵگایەکدا کە ڕژێمی ئیسلامی بۆ کرێکاران و زەحمەتکێشانی دروست کردووە، نەک هەر شاهید
ی دیاردە گەلێکی وەک چەند پیشەیی، نەبوونی گرێبەستی کار، ناسەقامگیری کار، نەبوونی بیمەی تەندروستی و بێکاری، خەوتن لەناو گۆڕستانەکان و لەناو ئوتووبووسەکانین، بەڵکوو لە ئاستێکی بەربڵاودا لەگەڵ دیاردەی وەک فرۆشتنی گلێنەی چاو، گورچیلە و فرۆشتنی منداڵی ساواش بەرەوڕوو دەبینەوە کە گشت سنوورەکانی مرۆڤایەتی و شارستانیەتیان تێپەڕاندووە. لە بەرامبەر ئەم بارودۆخەدا، بەرپرسانی حکوومەتی و سەربازیی، ئاغازادەکان و ئەو سەرمایەدارانە دەبینین کە بە بەهای هەژار ڕاگرتنی زۆربەی هەرەزۆری کرێکاران و زەحمەتکێشان، سەروەت و سامانێکی زۆر و زەوەندیان کەڵەکە کردووە و ژیانێکی ئەفسانەییان بۆ خۆیان دروستکردووە.

سەرەڕای ئەو دۆزەخەی کە حکوومەتی ئیسلامیی ئێران خوڵقاندوویەتی، چینی کرێکاری ئێران نەک هەر تەسلیمی ئەم بارودۆخە نامرۆڤانە نەبووە، بەڵکوو بە درێژەدان بە خەبات و تێکۆشانی خۆی، ڕۆڵی سەرەکی لە بزووتنەوە ناڕەزایەتی و داواکاری تەوەرەکان لەپێناو گۆڕینی ئەو دۆخەی ئێستا دەگێڕێت. مانگرتن و ناڕەزایەتییەکانی کرێکارانی نەیشەکەری هەفت تەپە، فوولاد، بەشە جیاوازەکانی پیشەسازیی نەوت و پێترۆشیمی، ڕێگای ئاسن و هەروەها ناڕەزایەتییەکانی خانەنشینان، دادخۆازان، مامۆستایان و پەرستاران و خەباتی بەرچاوی ژنان لەم ساڵانەی دواییدا، نموونەی بەرچاوی ئەم بزووتنەوە ناڕەزایەتییەن. ئەم خەباتانە، ئەگەرچی هیچکات بە ئاکامێکی ئەوتۆی ئابووری نەگەیشتوون، بەڵام ئاستی وشیاریی چینایەتی کرێکارانیان بەرز کردۆتەوە و ئەوانی بۆ خەباتی لێبڕاوانەتر لە داهاتوودا ئامادە کردووە و هەروەها لە هەندێک بواردا ڕژێمی ئیسلامیان ناچار بە پاشەکشە کردووە.

گرنگیی خەباتی ئێستای چینی کرێکاری ئێران لەوەدایە کە لەسەر بەستێنی گۆڕانکارییەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی بەرفراوانتردا بەردەوامە. ئەم خەبات و ناڕەزایەتییانە لە درێژەی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادی دا لەئارادایە و داخوازییە ئابوورییەکانی کرێکاران لەگەڵ داخوازییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی چین و توێژە ناڕازییەکانی کۆمەڵگا، ئاوێتە بووە. لە بارودۆخێکدا کە کۆماری ئیسلامی هەر چەشنە ڕەخنە و ناڕەزایەتییەک وەک هەڕەشە بۆ سەر دەسەڵاتەکەی دەبینێت، هەر بزاڤێکی ناڕەزایەتی کرێکاریی، بە کردەوە دەبێتە خەباتی سیاسی لە دژی ڕژێم.

ئەگەرچی بزووتنەوەی کرێکاری ئێران، خاوەن ڕێکخراوی جەماوەری و ڕێبەرایەتی سەرتاسەری نییە، بەڵام بزووتنەوەی مانگرتن و ناڕەزایەتی کرێکاران، بەستێنێکی گونجاوی بۆ زاڵبوون بەسەر ئەم کەموکووڕییانەدا پێکهێناوە. لە ناخی ئەم بزووتنەوەیەدا، نەوەیەک لە هەڵسووڕاوان و ڕێبەرانی کرێکاریی سەریان هەڵداوە کە ڕۆڵێکی گرنگ لە ڕێکخستن و بەرەوپێشبردنی خەباتی کرێکاریدا دەگێڕن. کرێکاران لە ڕەوتی ئەم خەبات و ناڕەزایەتیانەدا و لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ خاوەنکاران و دەوڵەت، بەو ئاگاییە دەگەن کە بۆ دەستەبەرکردنی ژیانێکی شایستەی مرۆڤ، نەک هەر دەبێت لە کۆماری ئیسلامی تێپەڕ بن، بەڵکوو دەبێت پەیوەندییە سیاسی و چینایەتییە زاڵەکانیش بگۆڕن.

بەڵام خەباتی چینی کرێکار لەپێناو ڕزگاربوون لە ستەم و چەوسانەوە، خەباتێکی جیهانییە. سیستەمی سەرمایەداریی جیهانی بە پێچەوانەی ئەوەی کە بانگەشەی بۆ دەکرا، نە برسیەتی لەناوبرد و نە خۆشگوزەرانی بۆ مرۆڤەکان بەدیاری هێنا و نە ئیمکان و دەرفەتی دەستڕاگەیشتنی هەمووانی بە پەروەردە و بێهداشت و دەرمان فەراهەم کرد و نە دێموکراسیشی پتەوتر کرد. ئەمڕۆ بە ئاشکرا دەبینین بازاڕی ئازاد، کە سەرمایەداریی شانازی پێوە دەکرد، جێگای خۆی داوە بە یاسای دیکتەکراویکەیخودای جیهانواتە ئەمریکا. شەڕە بێکۆتاییەکان، لەناوبردنی زەوی و زار و دارستانەکان، بەکارهێنانی بێسنووری سووتەمەنی فۆسیلی و پەرەسەندنی بەرهەمهێنانی چەکی کۆمەڵکوژ، جیهانیان لەگەڵ کارەساتێکی ژینگەیی بەرەوڕوو کردووەتەوە. بێهداشت و دەرمان لە بری خزمەت بە باشترکردنی ژیانی مرۆڤ، خەریکە ببێت بە پیشەسازییەک بۆ بەدەستهێنانی قازانج، کە زۆربەی هەرەزۆری کرێکاران و زەحمەتکێشان بە تایبەت لە ناوچە پەراوێزکەوتووەکانی جیهان لێی بێ بەشن. مافی مرۆڤ کە سەرمایەداری سەردەمانێک بە بیانووی ڕەچاوکردنی، گەلێک شەڕی لەسەر بەرپا کردبوو، ئێستا لەلایەن خودی وڵاتانی ڕۆژئاواوە، پێشێل دەکرێت و لەبەرچاوی هەمووان، ئیسرائیل غەززەی کردۆتە دۆزەخ و هەزاران ژن و منداڵی بێ دیفاعی، خەڵتانی خوێن کردووە. مافی پەنابەران خەریکە بەتەواوی پشتگوێ دەخرێت و حیزبە ڕاستە بۆرژوازییەکان لە ئەمریکا و ئورووپا و تەنانەت لە ئێرانیش، بەپێی تیۆرییەکی ڕەگەزپەرستانە، پەنابەران بە هۆکاری سەرەکی قەیرانی ئابووری سەرمایەداری، ناودەبەن. ژنان، کەمینەکان و نەتەوە ژێردەستەکان، هەرچی زیاتر کەوتوونەتە ژێر گوشار و سەرکوتکردن و لە خەباتێکی بەردەوامدان لەپێناو بەرگریکردن لە دەستکەوتەکانی تا ئێستایان. کێبڕکێی جەمسەرەکانی سەرمایەداری و ئەو شەڕە بازرگانییەی کە دەستیان پێکردووە، گۆی زەوییان هەرچی زیاتر بۆ دانیشتوانەکەی نائەمن کردووە.

لە بەرامبەر ئەم ڕادەیە لە ستەم، نایەکسانی و کارەساتانەدا کە سەرمایەداری خوڵقاندوویەتی، خەبات و تێکۆشانی بەرفراوان لە حاڵی شکڵگرتندایە. لە ئەمریکا ملیۆنان کەس لە دژی سیاسەتەکانی ئۆلیگارشی دەسەڵاتدار دەستیان داوەتە ناڕەزایەتی و خۆڕاگریی. لە ئوورووپا ڕەوتە چەپ و کۆمۆنیستەکان خەریکن خۆیان بۆ خەبات و خۆڕاگریی ئامادە دەکەن. لە تورکیا خەبات لەدژی ئەردۆغانی دیکتاتۆر کەوتۆتە ڕێ. لە ئێران ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادی لە بوارە جیاوازە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا بەردەوامە.

لە بارودۆخێکدا کە کرێکاران لە سەرتاسەری جیهان و لە ئاستێکی گشتیدا لەگەڵ کێشە و ئاڵەنگاری هاوشێوە بەرەوڕوو دەبنەوە، تەنها بە یەکێتی و هاوپشتی نێونەتەوەیی دەتوانرێت هێرشی کۆنەپەرستی سەرمایەداریی جیهانی بۆ سەر ماف و ئازادی و دەستکەوتەکانی چینی کرێکار، تێک بشکێنرێت.

ئێمەش لەم گۆشەیەی جیهانەوە لە ڕۆژی جیهانیی کرێکاردا، هاوپشتی و هاوخەباتی خۆمان لەگەڵ کرێکاران و خەڵکی هەژار و زەحمەتکێش لە سەرتاسەری جیهان ڕادەگەیەنین و لەسەر پێویستی یەکگرتوویی و هاوپشتی جیهانی کرێکاران، جەخت دەکەینەوە. ئێمە خوازیاری کۆتاییهێنان بە میلیتاریزم، شەڕخوازی، سیاسەتی داگیرکاری، کوشتاری بەکۆمەڵی خەڵکی بێ دیفاعی غەززە لەلایەن دەوڵەتی جینایەتکاری ئیسرائیل و کۆتاییهێنان بە دەستدرێژی و داگیرکاریی ڕووسیا بۆسەر ئۆکراین و هەروەها وەستاندنی شەڕی ئۆکراینین کە زیاتر لە یەک ملیۆن مرۆڤی لەناوبردووە و وڵاتێکی خستۆتە ناو ئاگر و خوێنەوە.

ئامانجی کۆتایی خەباتی چینی کرێکار، بریتییە لە بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی سۆسیالیستیی کە تێیدا سەرجەم مرۆڤەکان ئازاد و یەکسان و لە خۆشگوزەرانیدا بژین، کاری کرێگرتە هەڵبوەشێتەوە و چەوسانەوەی مرۆڤ بەدەستی مرۆڤ کۆتایی پێبێت. لە ئاوا کۆمەڵگایەکدا، ئامانجی بەرهەمهێنان نەک بەدەستهێنانی قازانج، بەڵکوو بریتی دەبێت لە دابینکردنی پێداویستییەکانی مرۆڤ و کار لە دۆخی ناچارییەوە دەبێت بە کارێکی دڵخوازانە لەڕووی هەستکردن بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە کۆمەڵگا. بەڵام گەیشتن بەم ئامانجە، پێویستی بە بەشداری چالاکانەی چینی کرێکار هەیە لە شۆڕشێکی کۆمەڵایەتیدا، شۆڕشێک کە تێیدا جەماوەری ژنان و پیاوانی کرێکار، هاوپەیمانەکانی خۆیان سەبارەت بە ڕەوا بوونی ویست و داخوازی و سیاسەتەکانیان، بە قەناعەت بگەیەنن و لەم ڕێگەیەوە ڕۆڵی سەرەکی بگێڕن. ئێمە دەزانین کە ئیمکانی گەیشتن بە ئاوا کۆمەڵگایەک، بە ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی، فەراهەم دەبێت. بەڵام لەهەمان کاتدا پێویستە بە مەبەستی ڕێگریکردن لە تێداچوونی جەستەیی و دەروونی کرێکاران، لە سەروبەندی ڕۆژی جیهانیی کرێکاردا، جارێکی تر لەسەر هەنووکەیی ترین داخوازییەکانی چینی کرێکار جەخت بکرێتەوە کە بریتین:

 • زیادکردنی حەقدەستەکان بە ڕێژەیەکی ڕاستەقینە و گونجاو لەگەڵ تێچووی سەبەتەی بژێوی بنەماڵە،

 • دابینکردنی ئەمنییەتی کار و هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی کاتیی کار،

 • دروستکردنی ڕێکخراوی سەربەخۆی کرێکاری و ئازادیی چالاکی سەندیکایی، 

نەهێشتنی جیاوازی و نایەکسانی لە پێدانی ماف و حەقدەستەکان،باشترکردنی هەلومەرجی کار و ئەمنییەتی شوێنی کار، 

دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبوونی هەرزان و گونجاو بۆ کرێکاران، 

باشترکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی و دەرمان و بیمەی کۆمەڵایەتی،

 • ئازادی مانگرتن و ڕێکخستن،

 • ئازادی خێرا و بێ شەرت و مەرجی سەرجەم هەڵسووڕاوانی کرێکاری و زیندانیانی سیاسی و هەڵوەشاندنەوەی سزای ئێعدام،

 • یەکسانیتەواویژنوپیاووبەهرەمەندبوونلەمافییەکسانبۆکارییەکسان،

دابینکردنی بیمەی بێکاری بۆ کرێکارانی لەسەرکار و بێکار،هەژمارکردنی کاری ناوماڵی ژنان وەک کار و لە چوارچێوەی یاساکانی کاردا،

 • کۆتاییهاتنی هەڵاواردنی ڕەگەزی لە شوێنی کار و هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم ئەو یاسایانەی کە دەستڕاگەیشتن بە هەڵبژاردنی ئازادانەی کار سنووردار دەکات و هەروەها

 • قەدەغەکردنی کاری منداڵان.

لە سەروبەندی ڕۆژی جیهانیی کرێکاردا، بە نوێکردنەوەی پەیمان لەگەڵ ئامانجەکانی چینی کرێکار، بڕیاری خۆمان بۆ خەبات لەدژی هەژاری، هەڵاواردن، نایەکسانی، گەندەڵی، ئاپارتایدی ڕەگەزی، زەوتکردنی ئازادییە سیاسییەکان، سەرکوت، زیندان، ئێعدام و خەباتی بێ وچان لەپێناو بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی سۆسیالیستی کە بە دەستی بەهێزی چینی کرێکار مومکین دەبێت، ڕادەگەیەنین.

حیزبی کۆمۆنیستی ئێران وێڕای پیرۆزبایی هاتنی یەکی ئایار له سەرجەم کرێکاران، ڕێز دەگرێت لە هەوڵ و تێکۆشانی بوێرانە و ماندوونەناسانەی ڕێکخەرانی مانگرتن و ناڕەزایەتییە کرێکارییەکانی ئەو ساڵە دژوار و ئاستەمەی کە تێپەڕمانکرد.

حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

 ١ی گوڵانی ١٣٠٤

 ٢٢ی ئاوریلی ٢٠٢٥

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە

ڕووداوە گرنگەکان

پەیام نێت

گەلەری

هاوڕێمان بن! ​

پەیوەندی

  Copyright © 2023, All Rights Reserved Payaam.net