ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی تۆمەتباری سەرەکی تەقینەوەکەی بەندەری ڕەجایی

لە کاتێکدا کە ٣ ڕۆژ بەسەر تەقینەوە بەهێزەکەی بەندەری ڕەجایی شاردا تێپەڕیوە، هەواڵەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ژمارەی قوربانییەکانی ئەو ڕووداوە بەردەوام ڕوو لە زیادبوونە. بەپێی دواترین ڕاپۆرتەکان تا ئێستا ناوی ٧٦ کەس لە گیانبەختکردوانی ئەم تەقینەوەیە بڵاوکراوەتەوە. دوای تەقینەوەکە، دووکەڵێکی ڕەش و چڕ ڕۆژئاوای ئاسمانی بەندەرعەباسی داپۆشی. وەزارەتی تەندروستی، بەهۆی ئەگەری بڵاوبوونەوەی مادە شیمیاییەکانی وەک ئامۆنیاک، دی ئۆکسیدی گۆگرد و دی ئۆکسیدی نیترۆژین لە ئاستی شاردا، باری نائاسایی ڕاگەیاندووە. قوتابخانە و زانکۆ و فەرمانگەکانی بەندەرعەباس و دەوروبەری داخراون. داوا لە خەڵک کراوە کە لە ماڵەکانیاندا بمێننەوە و پەنجەرەکانیان دابخەن و لە چوونە دەرەوە بەبێ ماسک خۆ ببوێرن.

سەرچاوە حکوومییەکان باس لە بریندار بوونی زیاتر لە هەزار کەس دەکەن کە باری تەندروستی هەندێکیان ناجێگیر ڕاگەیاندراوە. هەربۆیە بەداخەوە دەبێت چاوەڕوانی بەرزبوونەوەی ژمارەی زیانە گیانییەکانی ئەم ڕووداوە بین. تا ئێستا لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بە شێوەیەکی ڕوون زانیاری سەبارەت بە هۆکاری ڕوودانی ئەم تەقینەوەیە بڵاو نەکراوەتەوە. بەڵام بەڕێوەبەرانی کۆمپانیای تایبەتی «ئەمبری» لەم بارەیەوە بە میدیاکانیان ڕاگەیاندووە کە «ئاگرکەوتنەوەکە بەهۆی گواستنەوەی نادروستی باری جۆرێک لە سووتەمەنی ڕەق (جامد) بووە کە بۆ بەکارهێنان لە مووشەکە بالیستیکەکانی ئێراندا بەکار دەهێنرێتئەم بارە لە مانگی مارسدا بە ناوی کەلوپەلی ترەوە هاتووەتە ناو بەندەرەکە و لەو ڕووەوە کە نەیانویستووە ناوەرۆکەکەی ئاشکرا بکەن، بە شێوەیەکی ناتەندروست و نا ستاندارد هەڵگیراوە.

زیاتر لە ٧٠٠٠ کرێکاری ژن و پیاو لەم بەندەرگایەدا کار دەکەن و ٩٠ لە سەدی قوربانییەکانی تەقینەوەکە کرێکارانی کۆمپانیاکانی پیشەسازی دەریایی، بەشەکانی کۆگاکردن و داگرتن بوون. یەکێک لەو کرێکارانەی کە لەم کۆمەڵگەیەدا کار دەکات بە ڕۆژنامەنووسانی وتووە: “لێرە کرێکار هەیە تەنانەت پێڵاو و کڵاوی خۆپارێزی نییە و شوێنی کارەکە ناتەندروستە، هەموو ئەمانە دەست دەدەنە دەستی یەکتر و سەرەنجام ڕۆژێک کارەسات دەخوڵقێنن. مرۆڤ بەداخەوەیە کە بۆچی دەبێت ئاوا ڕووداوگەلێک ڕوو بدەن، بۆچی دەبێت کرێکارێکی کە خەریکی پەیداکردنی پارووە نانێکە، بەم جۆرە ببێتە قوربانی، مەگەر چ تاوانێکیان کردووە؟

ئەمە یەکەم جار نییە کە بەهۆی کەمتەرخەمی دەست و پێوەندەکانی دەوڵەت، سەرمایەداران و ڕانتخۆران، ڕووداوێک ئاوا کارەساتێک بەسەر کرێکاراندا دێنێت. لە پێنج ساڵی ڕابردوودا، لانیکەم چوار یان پێنج ڕووداوی لە ئاستی زۆر گەورەدا ڕوویانداوە کە لە هەموویاندا کرێکاران لە زومرەی قوربانیانی سەرەکی بوون.

بۆ نموونە، نیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە ٢ی جۆزەردانی ١٤٠١ بورجی مێترۆپۆل کە بە ڕانت و واسیتە بنیات نرابوو، لە شەقامی ئەمیرکەبیر (ئەمیری) لە ناوەندی شاری ئابادان داڕما. لەم ڕووداوەدا ٤٣ کەس گیانیان لەدەستدا و ٣٧ کەسیش بریندار بوون کە زۆربەیان کرێکارانی بیناسازی بوون. چارەنووسی خاوەنانی ئەم بینایە، ئەندازیاران و مێعماران و خزمەکانیان وەک هەمیشە بە ناڕوونی مایەوە و تەنها بنەماڵە لاواز و کەم داهاتەکان بوون کە ئەژنۆی ماتەمینی ئازیزەکانیانن لە باوەش گرت.

٣١ی خەرمانانی ١٤٠٣، بڵاوبوونەوەی گازی میتان لە کانی جۆی تەبەس، بووە هۆی گیانلەدەستدانی ٥٣ کرێکاری ئەو ناوەندە و ژمارەیەکیشیان تووشی برینداری سەخت و  لەکارکەوتوویی هەمیشەیی بوون. ئەگەرچی شایەتە ڕاستەوخۆکان وتیان کە کرێکاران پێش لە ڕووداوەکە بۆنی گازیان هەست پێکردبوو و دەترسان، بەڵام ناچاریان کردن بچنە ناو تونێلەکە و هەروەها سەرەڕای ئەوەی کە بە ئاشکرا پێشێلکاری کرابوو و کانەکە تەنانەت یەک هەواکێش و ئامێری تاقیکردنەوەی گازی ساغی تێدا نەبوو، بەڵام خاوەنکار و خاوەن کانەکان هەرگیز ڕێیان نەکەوتە زیندان و دەستبەسەر نەکران و چەند ڕۆژ دواتر، دەرهێنانی خەڵوزی بەردین و پڕۆسەی بەدەستهێنانی قازانج دووبارە دەستی پێکردەوە.

جێگای ئاماژەیە کە بەندەری ڕەجایی، بە پێشکەوتووترین بەندەری ئابووری و بازرگانی ئێران دادەنرێت، ئەم بەندەرە کە لە نزیکی تەنگەی ستراتیژیکی هورمز هەڵکەوتووە، گەورەترین ناوەندی کۆنتێنەری ئێرانە. بەشێکی گرنگی هاوردە و هەناردەی کۆنتێنەری ئێران و هەروەها ئەو کاڵایانەی کە بۆ ڕووسیا، ئەفغانستان و وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست ترانزیت دەکرێن، لە ڕێگەی ئەم بەندەرەوە ئەنجام دەدرێن. هۆکاری ئەم ڕووداوە هەرچی بێت، ناکارامەیی دەوڵەت و دام و دەزگا پان و بەرین و گەندەڵەکان هۆکاری سەرەکی ئەم جۆرە ڕووداوە دڵتەزێنانەن. ڕێژیم نەک هەر لە بابەت ئەم ڕووداوەوە تۆمەتباری سەرەکییە، بەڵکوو هاوکات بە شاردنەوە و بڵاوکردنەوەی زانیاری ڕاست و دروست، بەربەست دروست دەکات لە بەردەم ئاشکرا بوونی بەرپرسان و سەبەبکارانی ئەمجۆرە ڕووداوانە و بەم شێوەیە، ڕێگا بۆ ڕوودانی ڕووداوی هاوشێوە ئاواڵا دەکات. لە ڕاستیدا ئەم ڕووداوە، نیشانەیەکی ترە لە داڕزیوی سیستەمێکی کە لە هەموو ڕوویەکەوە گەیشتووەتە بنبەست. ئێستا بەدوای ئەم ڕووداوەوەدا  دەرکەوتووە کە بەندەرێکی ئاوا گرنگی ئابووری، بە ئاستێکی زۆر نزمی بەڕێوەبردن و ڕێکخستن بەڕێوە چووە. خاڵە سەرەتاییەکانی ئەمنییەت سەبارەت بە کاڵا سووتەمەنییە مەترسیدارەکان ڕەچاو نەکراوە. ئەوەی کە مایەی داخە، ئەو گیانە بێتاوانەن کە بەمجۆرە دەبنە قوربانی بێ توانایی ڕێژیمێک، کە گەندەڵی سەرتاپای داگرتووە.

ئێمە بەوپەڕی داخ و پەژارەوە، خۆمان بە هاوخەمی بنەماڵە و پاشماوەکانی ئەم کارەساتە دڵتەزێنە دەزانین و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی سەرجەم کرێکاران و ئەو جەماوەرە ستەملێکراو و بێبەشە دەکەین کە قوربانییانی سەرەکی ئەم چەشنە کارەساتانەن. بێگومان هەتا ئەم ڕێژیمە مابێت، بەردەوام دەبێت چاوەڕێی کارەساتی لەمجۆره، لەم یان ئەو گۆشەی ئێران بین.

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە

ڕووداوە گرنگەکان

پەیام نێت

گەلەری

هاوڕێمان بن! ​

پەیوەندی

  Copyright © 2023, All Rights Reserved Payaam.net