ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
سەبارەت بە ئیدانەکردنی سزای لەسێدارەدان و شەپۆلی سەرکوتی ڕژیمی ئیسلامی
ڕژیمی ئیسلامی ئێران، دوای شکستی سەرشۆڕانەی لە بەرامبەر ئەمریکا و ئیسرائیل، لە کۆتا هەوڵە ناکامەکانی بۆ پاراستنی ئەو دەسەڵاتە لەرزۆک و ڕوو لە داڕمانەی خۆی، شەپۆلێک لە توندوتیژی و سەرکوتی بێوێنەی دژبە خەڵکی ئێران وەڕێخستووە. ئەم ڕژیمە کە دوای لەناوچوونی دامەزراوە سەربازیی و ئەتۆمییەکانی و هەروەها کوژرانی فەرماندە سەربازییە پلە باڵاکانی و داڕمانی هێزی بەرگرییکارانەی لە ناوچەکە، ترسی ئەگەری ڕووخانی لەدڵ نیشتووە. ئێستا بە دەستگیرکردنی بەربڵاو و سزای لەسێدارەدانی بە کۆمەڵ، کۆتا هەناسەکانی ژیانی سیاسیی خۆی هەڵدەکێشێ.
دوابەدوای ڕاگەیاندنی ئاگربەستی شەڕی ١٢ ڕۆژە، یەکسەر زیاتر لە ٨٠٠ کەس بە تۆمەتی پەیوەندیان بە «تۆڕی سیخوڕی» ئیسرائیلەوە دەستگیرکراون. تەنها لە نێوان ٢٠ تا ٢٦ی جۆزەردان، شەش بەندکراو لە زیندانەکانی گوناباد، شیراز، سمنان، یاسووج، ئەراک و کرماشان لەسێدارەدران. هەروەها بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ٤ی پووشپەڕی ١٤٠٤، سێ زیندانی کورد بە ناوەکانی ئیدریس ئالی، ئازاد شوجاعی و ڕەسوول ئەحمەدڕەسوول لەلایەن ڕژیمی ئیسلامییەوە بە تۆمەتی «سیخوڕی» لەسێدارە دران.
ئێستا کە ئەم ڕژیمە بە سەرشۆڕییەوە ناچارکراوە بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ و لە بەرامبەر ڕژیمی جینایەتپیشەی ئیسرائیل دا بەکردەوە تەسلیم بووە، تۆڵەی ئەم سەرشۆڕی و ترسەی کە سەرتاپای نیزامەکەی داگرتووە، بە سەرکوتی دڕندانە، دەستگیرکردنی بەربڵاو و سزای لەسێدارەدانی بە کۆمەڵە، دەکاتەوە. دەیەوێت بە جەماوەری بسەلمێنێت کە هێشتا هێزی سەرکوت و توانایی بەرەوڕووبوونەوە لە ئەوانی هەیە.
ئەم حکوومەتە کە لە بواری دەرەوە دا سووک و شەرمەزار بووە و هێزە ناوچەیییەکەی لەناوچووە، ئێستا هەموو توڕەیی و داخی شکستەکانی خۆی بە خەڵکی بێ دیفاعی ئێران دەڕێژێت. ڕۆژ نییە شایەتی لەسێدارەدانی لاوانی بێتاوان، دەستبەسەرکردنی چالاکانی مەدەنی و ئەشکەنجە و ئازاری زیندانیانی سیاسیی نەبین. ڕژیمی ئیسلامی کە لە بەرامبەر ئەمریکادا بەچۆکدا هاتووە و لە بەرامبەر دەوڵەتی ئیسرائیل دا ناچاربووە پاشەکشە بکات و تەسلیم بێت، تۆڵەی ئەم شکست و سەرشۆڕیانە لە خەڵکی ئێران دەکاتەوە. بەڵام ئەمجارەیان، بە پێچەوانەی ڕابردوو، خوێنی گیانبەختکردووان نەک هەر ناڕژێتە سەر زەوی، بەڵکوو لە دڵی ملیۆنان خەڵکی ناڕازی و خەباتکاری ئێراندا دەخرۆشێت. خەڵک باش دەزانن کە ئەم ڕژیمە لە کۆتا ڕۆژەکانی خۆیدایە، هەربۆیە لەبەرامبەر سەرکوتگەرییەکانی دا بەچۆکدا نایەن.
بەڵام ئەم توندوتیژییە لەڕادەبەدەرە، نەک هەر نیشانەی هێز نییە، بەڵکوو نیشانەی لاوازی دەسەڵاتێکە کە لە هەموو بوارەکاندا شکستی هێناوە. ڕژیمی ئیسلامی کە لە بەرامبەر گوشارەکانی ئەمریکا و هێرشەکانی ئیسرائیل دا لاواز بووە و ناچاربووە پاشەکشە بکات، ئێستا بە بەکارهێنانی توندوتیژی دژ بە جەماوەرەکەی خۆی، هەوڵدەدات ئابڕووە لەدەستچووەکەی بەدەست بهێنێتەوە. بەڵام هەر پەتی سێدارەیەک، هەر زیندانییەکی ئەشکەنجەدراو و هەر بنەماڵەیەکی داغدار، ویست و ئیرادەی خەڵک بۆ ڕووخاندنی ئەم نیزامە شکستخواردووە پتەوتر دەکات. ڕژیمی ئیسلامی بە ڕشتنی هەر دڵۆپێک خوێن، گۆڕی خۆی زیاتر هەڵدەکەنێت.
لەسێدارەدانی ئەم دواییانەی گەنجانی کورد، دەستگیرکردنی سەدان کەس بە بیانووی پەیوەندیان بە «تۆڕی سیخوڕی» ئیسرائیلەوە و دادگاییە نمایشییەکانی بەبێ بوونی پارێزەر، هەمووی ئەمانە نیشانەی شکست و نائومێدی قووڵی دەسەڵاتن. ڕژیمی ئیسلامی کە جێگە و پێگەی سەربازی و ناوچەیی خۆی بە تەواوی لەدەستداوە، دەزانێت کە چیتر پێگە و پشتیوانیی کۆمەڵایەتی نەماوە، دەزانێت کە جەماوەر لێی بێزارن و دەزانێت کە دوای شکستە یەک لەدوای یەکەکانی لە بواری نێودەوڵەتیدا، خۆری دەسەڵاتەکەی ڕوو لە ئاوابوونە. حکوومەتێک کە نەیتوانی لە بەرامبەر دوژمنانی دەرەوەکی خۆیدا خۆڕاگریی بکات، ئێستا هەموو هێز و توانای خۆی خستووەتەگەڕ بۆ سەرکوتی خەڵکی ناوخۆ.
مێژووی جیهان پڕە لەو حکوومەتە دیکتاتۆرانەی کە لە کۆتا ساتەکانی دەسەڵاتەکەیاندا پەنایان بردووەتەبەر جینایەتی لەم چەشنە، بەڵام سەرەنجام هەموویان لە بەرامبەر ئیرادەی خەڵکدا شکستیان هێناوە. ئەمڕۆش، ڕژیمی ئیسلامی ڕووبەڕووی هەمان چارەنوس دەبێتەوە. جەماوەرێکی کە چەخماخەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی «ژن، ژیان، ئازادی»یان لێدا، لەژێر ئەم گوشارانەدا جارێکی تر ناگەڕێتەوە بەرەو دواوە.
ئێمە ئەم شەپۆلی سەرکوتە بە توندی ئیدانە دەکەین و داوا لە سەرجەم ناوەندە نێودەوڵەتییەکان، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و کۆمەڵگەی جیهانی دەکەین کە بە هەڵگرتنی هەنگاوی جیددی لە بەرامبەر ئەم جینایەتەدا بوەستنەوە. کاتی بێدەنگی بەسەرچووە.
ئازادی زیندانیانی سیاسی، ڕاگرتنی سزای لەسێدارەدان و ڕووخاندنی ئەم نیزامە جینایەتکارە، تەنها ڕێگای ڕزگاربوونی ئێرانە لەم کارەساتە مرۆییە. خەڵکی ئێران شایەنی ژیانێکی تەژی لە ئازادی، دادپەروەری و کەرامەتی مرۆڤایەتین، نەک ژێر سێبەری پەتی سێدارە و ئەشکەنجە.
ئێمە لەسەر ئەو باوەڕەین کە بۆ ڕووخاندن و لەگۆڕنانی دەسەڵاتی ستەمکار و سەرەڕۆ، کۆتایی هێنان بە هەژاری، گەندەڵی و نەهامەتی و هەروەها ڕێگریکردن لە شەڕە وێرانکارەکان، هیچ ڕێگایەکی ترمان لەبەردەمدا نییە جگە لە پەرەپێدان بە بزووتنەوە پێشڕەو و چەپ و پێشکەوتنخوازکان و هەروەها درێژەدان بە ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی «ژن، ژیان، ئازادی». ئەمە تەنها ڕێگای ڕزگاربوونی ئێرانە لە دەستی ئەم دەسەڵاتە دژە خەڵکە و هەنگاونان بەرەو داهاتووێکی ڕوون و ئینسانی.
کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
٥ی پووشپەڕی ١٤٠٤