ئه‌م سیاسه‌ته له ژووری فیكریی باڵاترین ئاسته‌كانی ڕژیم داده‌ڕێژرێت و به‌ڕێوه‌بردنی به ئۆرگانه په‌یوه‌ندیداره‌كان ده‌سپێردرێ. چه‌ند نموونه‌ی خواره‌وه له‌م بواره‌دا ئه‌م سیاسه‌ته دژه مرۆییه‌ی كۆماری ئیسلامی ئاشكرا ده‌كه‌ن كه پێویسته به‌رده‌وام له‌قاو بدرێت و ڕسوا بكرێت:
كه‌ڵك وه‌رگرتن له كه‌مبوونی ئاو بۆ ناكۆكی نانه‌وه: ئه‌م سیاسه‌ته نوێترین نموونه‌ی ناكۆكی نانه‌وه‌ی ڕژیمه بۆ ئه‌وه‌یكه خه‌ڵكی ئۆستانه جۆراوجۆره‌كان دژبه یه‌كتری هان بدات. بۆ نموونه به پێی گه‌ڵاڵه كارناسی نه‌كراوه‌كان، حه‌ق‌ئابه‌ی كه‌شاوه‌رزانی ئیسفه‌هان به كه‌شاوه‌رزانی یه‌زد و كرمان ده‌ده‌ن تا ئه‌وان هاوچاره‌نووسیی خۆیان له‌بیر بكه‌ن و بێ ئاویی خۆیان بخه‌نه ئه‌ستۆی كه‌شاوه‌رزانی هاوسایان. هاوكات مۆره مه‌حه‌لییه‌كانی ڕژیمیش ته‌پڵی ناكۆكی له نێوان خه‌ڵكی هه‌ر دوو ئۆستانه‌كه ده‌كوتن.
خوڵقاندن و توندكردنه‌وه‌ی ناكۆیی ئایینی: ئیمامانی جومعه و په‌ره‌پێده‌رانی ئایینی شیعه هیچ ده‌رفه‌تێك بۆ هاندان و ئاژیتاسیۆن له مه‌نبه‌ری مزگه‌وته‌كانه‌وه دژبه باوه‌ڕی كه‌سانی سوننی مه‌زهه‌ب له‌ده‌ست ناده‌ن و هه‌وڵ ده‌ده‌ن مه‌لا سوننی مه‌زهه‌به‌كان ناچار به كاردانه‌وه بكه‌ن. له حاڵێكدا كه پتر له یه‌ك ملیۆن كه‌س له په‌یڕه‌وانی مه‌زهه‌بی سوننی له تاران ده‌ژین، له ٣ هه‌زار مزگه‌وتی ئه‌مشاره ته‌نانه‌ت یه‌ك مزگه‌وتیش بۆ په‌یڕه‌وانی ئه‌م ئایینه ته‌رخان نه‌كراوه. له چالاكیی سه‌له‌فییه توندڕه‌وه‌كان له شاره‌كانی كوردستان چاوپۆشی ده‌كه‌ن تا به‌ڵكوو ئاگری شه‌ڕ له نێوان خه‌ڵكی چه‌پ و سێكۆلار و سه‌له‌فییه‌كان داگیرسێ. هه‌وڵ بۆ ڕووبه‌ڕوو كردنه‌وه‌ی خه‌ڵكی نه‌ته‌وه جۆراوجۆره‌كان دژبه یه‌كتر: له خووزستان خه‌ڵكی خۆجێیی عه‌ره‌ب ده‌خه‌نه به‌رامبه‌ر خه‌ڵكی فارس زمان و له‌ڕێگه‌ی داسه‌پاندنی هه‌ژاری و بێ مافیی زیاتر به‌سه‌ر خه‌ڵكی عه‌ره‌ب، به‌ستێنی ناكۆكی و گرژیی نه‌ته‌وه‌یی و زمانی ده‌خوڵقێنن.
له ئازه‌ربایجان چاوپۆشی له چالاكیی گرووپه پان توركیسته‌كان ده‌كه‌ن تا خه‌ڵكی تورك بخه‌نه به‌رامبه‌ر خه‌ڵكی كورد و باقیی نه‌ته‌وه‌كانی دیكه. په‌یامی ئه‌م سیاسه‌ته‌ی ڕژیم بۆ خه‌ڵكی ئێران ئه‌وه‌یه كه: له ترسی توندبوونه‌وه‌ی ئه‌م ناكۆكییه قه‌ومییانه و به‌لیبی بوون و به‌عێراقی بوون باروودۆخی ئێران، باشتر وایه له ماڵه‌كانتاندا بمێننه‌وه، به‌وه‌ی كه هه‌تانه ڕازی بن، تا تووشی ڕۆژگارێكی خراپتر به‌بن! ئه‌وپه‌ڕی ئه‌م سیاسه‌ته كۆنه‌په‌رستانه و مه‌ترسیداره له كوردستان و ئازه‌ربایجان، به‌تایبه‌ت له‌و شارانه به‌رێوه‌ده‌چێت كه به درێژایی مێژوو خه‌ڵكی كورد و تورك له‌په‌نا یه‌كتر له ئاشتیدا ژیاون. گه‌شاندنه‌وه‌ی ئاگری ناكۆیی نێوان خه‌ڵكی تورك و كورد و پاشان پشتیوانیی ڕیاكارانه له خه‌ڵكی تورك به‌رامبه‌ر به كورد، سیاسه‌تێكی یه‌كجار مه‌ترسیدار و كۆنه‌په‌رستانه‌ی ڕژیمه. سیاسه‌تێك كه له ساڵی ١٣٥٨دا شه‌ڕێكی خوێناویی له شاری نه‌غه‌ده هه‌ڵگیرساند و خوێنی زۆر كه‌س به ناڕه‌وا له‌م شاره ڕژان و كوشتاری به‌كۆمه‌ڵی خه‌ڵكی دوو گوندی قاڕنێ و قه‌ڵاتانی لێكه‌وته‌وه. حكوومه‌تی ئیسلامی، مه‌لا حه‌سه‌نی ئیمام جومعه‌ی ئه‌وكاتی ورمێ ڕێكخه‌ر و به‌ڕێوه‌به‌ری سه‌ره‌كیی ئه‌م جه‌نایه‌ته بوون.
خه‌ڵكی كورد و تورك بۆ سه‌دان ساڵ له‌په‌نا یه‌كتر و له هاوسایه‌تیی یه‌كتردا ژیاون و په‌یوه‌ندی پته‌وی بنه‌ماڵه‌یی، تیجاری، كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی‌یان بووه و به ده‌یان جار یه‌كگرتووانه دژبه كۆنه‌په‌رستی و دیكتاتۆری خه‌باتیان كردووه. حكوومه‌تی ئیسلامی و كۆنه‌په‌رستانی مه‌حه‌لی كه یه‌كگرتوویی و هاوچاره‌نووسیی ئه‌م خه‌ڵكه به زه‌ره‌ری خۆیان ده‌زانن، له هیچ پیلانگێڕی و جه‌نایه‌تێك ده‌ریغیان نه‌كردووه تا له‌ڕێگه‌ی په‌ره‌پێدانی ناسیۆنالیسمی كوێر و به‌رچاوته‌نگ، به به‌هێزكردنی ده‌مارگرژی و هه‌ڵاواردن، به ئاواڵه‌كردنی ده‌ستی چالاكانی توندئاژۆ، به‌ستێنی شه‌ڕ و تێكهه‌ڵچوونی نه‌ته‌وه‌یی و ئایینی بخوڵقێنن. ڕووداوی ئه‌م دوایانه‌ی شاری نه‌غه‌ده كه شارێكی كورد و تورك نشینه و پشتیوانیی یه‌ك لایه‌نه‌ی ڕژیم له توندڕه‌وه‌كانی تورك، دوایین نموونه‌ی ئه‌م سیاسه‌ته كۆنه‌په‌رستانه‌یه.
به‌خۆشییه‌وه خه‌ڵكی وشیاری شاری نه‌غه‌ده چ كورد و چ تورك به‌خێرایی له ماهییه‌تی كۆنه‌په‌رستانه و مه‌ترسیداری ئه‌م گرژی و ناكۆكییه‌یانه گه‌یشتن و داوایان له خه‌ڵك كرد كه خۆڕاگر و یه‌كگرتوو بن. نه‌غه‌ده شارێكی دوو میلییه‌تی بووه و ده‌شمێنێته‌وه و پێویسته هه‌وڵ بدرێت له‌ڕێگه‌ی كۆتایی هێنان به هه‌مووجۆره هه‌ڵاواردن و نابه‌رابه‌رییه‌ك له نێوان دانیشتووانی ئه‌م شاره له‌وانه ئازه‌ری و كورد، هاوچاره‌نووسی و زه‌رووره‌تی یه‌كگرتوویی دژبه كۆنه‌په‌رستانی مه‌حه‌لی، ده‌ست و په‌یوه‌نده‌كانی حكوومه‌ت و گشت ڕژیمی كۆماری ئیسلامی، به‌رجه‌سته بكرێته‌وه. بێگومان سیاسه‌تی كۆنه‌په‌رستانه‌ی شه‌ڕ و ناكۆكی نانه‌وه له نێوان خه‌ڵكی ئێران له لایه‌ن ڕژیمی ئیسلامییه‌وه له‌گه‌ڵ شكست به‌ره‌وڕوو ده‌بێته‌وه و ئێمه به‌خۆشییه‌وه شایه‌دی سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌م ئاسته له وشیاری و شعووری كۆمه‌ڵایه‌تی له نه‌غه‌ده بووین.