بەیاننامەی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
بە بۆنەی چل و دووەمین ساڵیادی دامەزراندنی حیزب
١١ی خەرمانانی ساڵی ١٤٠٤، یادی ٤٢ ساڵەی دامەزراندنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێرانە. لەم ڕۆژەدا پێش هەموو شتێک ڕێز دەگرین لە یادی ئەو هاوسەنگەرانەی کە لە پێناو ڕزگاری چینی کرێکار و زەحمەتکێشان و ستەملێکراواندا گیانیان بەخت کرد. دروود دەنێرین بۆ سەرجەم ئەو ئینسانە شۆڕشگێڕ و ئازادیخوازانەی کە لە ژێر دڕندەترین ئەشکەنجە لە زیندانەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیدا گیانیان لەدەستدا، لە سێدارە دران یان لە سەنگەری خۆڕاگری و بەرخۆدانی شۆڕشگێڕانەی کوردستان، لەناو ڕیزەکانی پێشمەرگەی کۆمەڵەدا و لە شەڕی ڕووبەڕوو لەگەڵ دوژمندا گیانیان بەختکرد و هەروەها دروود دەنێرین بۆ خۆڕاگریی بنەماڵە سەربەرزەکانیان. ڕێز دەگرین لە خۆڕاگریی سەرجەم ئەو زیندانییە سیاسیانەی کە لە بەرامبەر دەزگای سەرکوتدا قارەمانانە ڕاوەستاون و هیوادارین شەپۆلی خرۆشانی جەماوەری بێبەش، دەرگای زیندانەکان تێک بشکێنێت و ئەم مرۆڤە ئازادیخوازانە بگەڕێنێتەوە ناو باوەشی گەرمی ئازیزانیان. دامەزراندنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لە ١١ی خەرمانانی ساڵی ١٣٦٢، هەنگاونان بوو بەرەو ئەو ڕێگایەی کە چینی کرێکار دەتوانێت و دەبێ بە سەرکەوتوویی بیپێوێت بۆ ئەوەی لە چینی چەوساوە و بێبەشکراوی ئەم کۆمەڵگایەوە بگوازێتەوە بۆ چینی دەسەڵاتدار. بۆ ئەوەی کۆمەڵگای ئێران لە هەموو ئەو ئازار و مەینەتیانەی کە زۆرینەی کۆمەڵانی خەڵکی ستەملێکراو و چەوساوە بەدەستییەوە دەناڵێنن، ڕزگار بکات.
ئەمڕۆ حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لە دۆخێکدا ڕێز لە ساڵڕۆژی دامەزراندنی خۆی دەگرێت کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە گێژاوی قووڵترین قەیرانی سەردەمی دەسەڵاتدارێتی خۆیدا نوقم بووه. دەستی ڕێژیمی ئیسلامی لە دەستێوەردانە ناوچەییەکان کە ساڵانێک بە سەرچاوەی دەسەڵات و نفووزی ئەو دادەنرا، کورت بۆتەوە. ئەو پرۆژە ئەتۆمییەی کە بە تێچووی ملیاردها دۆلار لە بەرهەمی ڕەنج و کاری خەڵک، گەیشتبووە کۆتاییەکانی، وەک بڵقی سەر ئاو تەقییەوە و هەمووی بوو بە دوکەڵ و بەدەم بادا درا. گەمارۆ نێودەوڵەتییە فرە ڕەهەندەکان، ناکارامەیی، گەندەڵی بەربڵاو و هەزینەی لەڕادەبەدەر و سەرسوڕهێنەری نیزامی و دەستێوەردانی ناوچەیی، ئابووری ئێرانی گەیاندووەتە لێواری لەناوچوون. بەرزبوونەوەی ئاستی هەڵاوسان، دابەزینی ئێجگار زۆری بەهای تمەن، بێکاریی بەربڵاو، هەڵاوسانی بەردەوام، کەمیی حەقدەست، کەمبوونی ئاو و کارەبا، تێکچوونی ژینگە و لەناوچوونی سامانە سروشتییەکانی وڵات، ژیانی دەیان میلیۆن کەس لە خەڵکی ئێرانی کردۆتە دۆزەخ. ئاکامی ٤٦ ساڵ پڕوپاگەندەی کۆنەپەرستانە و پەرەپێدانی خورافات بە تێچوویەکی ملیاردها دۆلاری، نەک هەر نەیتوانیوە ئامانجە ئیدئۆلۆژی و سیاسییەکانی ڕێژیم بەدیبهێنێت، بەڵکوو بووەتە هۆی ئەوەی کە زۆرینەی خەڵک و بەتایبەتی لاوان، پشت لە بیروباوەڕی ئایینی بکەن. ئیسلامی سیاسی لە دەسەڵاتدا شکستی هێناوە و بۆ هەمیشە لە گۆڕەپانی سیاسی ئێران سڕداوەتەوە.
لە هەناوی ئەم دژوازیانە و لە سەر بەستێنی پەرەسەندنی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە پێشکەوتنخوازەکان، دەرفەتێک ڕەخساوە بۆ حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، تا شانبەشانی کۆمۆنیستەکانی دیکە، کرێکارانی وشیار، ژنانی ئازادیخواز، دادخوازانی بوێر و هەموو ئازادیخوازان لە ئاستی سەراسەریدا، بە ئومێد بە داهاتوویەکی گەش، ئەرکە شۆڕشگێڕانەکانی خۆی بەرەوپێش ببات. حیزبی کۆمۆنیستی ئێران کە مرۆڤ لە چەقی ئامانج و بەرنامەکانیدا خۆی دەبینێتەوە، لە ڕێگەی ڕێکخستنی خەباتی شۆڕشگێڕانەی کرێکاران و زەحمەتکێشانەوە هەوڵ دەدات بۆ دامەزراندنی حکومەتێکی شۆڕایی و بەدیهێنانی ئازادی و سۆسیالیزم.
سۆسیالیزم ئامرازەکانی بەرهەمهێنان و سەروەت و سامانی گشتی لە پێناو بەرژەوەندی گشتی کۆمەڵگا بەکاردەهێنێت. بە کورتکردنەوەی دەستی چینی سەرمایەدار، پێگە و ئیمتیازاتی ئابووری و کۆمەڵایەتییان وەک چینی دەسەڵاتدار لێ زەوت دەکات و دەیانکات بە هاووڵاتییەکی ئاسایی کۆمەڵگا. سۆسیالیزم بەرهەمهێنان نەک بۆ بەدەستهێنانی قازانج، بەڵکوو بە ئامانجی دابینکردنی پێداویستییەکانی کۆمەڵگا بەکاردەهێنێت. سۆسیالیزم لەبری دیکتاتۆرییەتی سەرمایە بەسەر ئابووری کۆمەڵگادا بە میتۆدە بیرۆکراتیکییەکانیەوە، بەرنامەڕێژییەکی عەقڵانی، دێموکراتیک لەسەر بنەمای بەشداریکردن و بڕیاردانی ئاگایانە و ئازادانەی جەماوەری خەڵک بە گشتی، دەکاتە بنەمای کارەکانی خۆی. سۆسیالیزم لە جیاتی سیستەمێک لەسەر بنەمای بەدیلگرتنی زۆرینەی کۆمەڵگا لە لایەن کەمینەیەکەوە کە ئامرازەکانی وەبەرهێنانی بەڕێچوونیان قۆرخ کردووە، خوازیاری کاری هاوبەش و بەشداری هاوبەش و بەهرەمەندبوونی هاوبەشە. چەوسانەوەی مرۆڤ بەدەستی مرۆڤ کۆتایی دێت. ئامانجی سۆسیالیزم بریتییە لە دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ هەمووان، هەروەها منداڵان و بەساڵاچووان و نەخۆشەکان بەوپەڕی چاودێری و ڕێزەوە، دەپارێزێت.
سۆسیالیزم گەشەی تەکنۆلۆژیا لە پێناو خزمەت بە دابینکردنی پێداویستییە ماددی و مەعنەوییەکانی مرۆڤ و بەختەوەری ئەودا بەکاردەهێنێت و کەمکردنەوەی سەعاتەکانی کارکردنیش دەخاتە بەرنامەی کاری خۆیەوە. سۆسیالیزم دیواری لە ڕووخان نەهاتووی ئەو دابەشکارییە ناعادڵانە چینایەتییەی ئێستا تێکدەشکێنێت و بۆ یەکەمجار دەرفەتی واقیعی بۆ پەروەردەی دڵخواز، کاری دڵخواز و خۆبەخشانە بۆ زۆربەی هەرەزۆری خەڵک پێکدەهێنێت. کۆمەڵگایەک کە خەمی بژێوی ڕۆژانە و سنوورداربوونە وێرانکەرەکانی، ژیانی مرۆڤەکان ناخاتە ژێر گوشارەوە و پرەنسیپی “لە هەر کەس بەپێی توانای خۆی و بە هەر کەس بەپێی پێویستی خۆی” زاڵ دەبێت. سۆسیالیزم ئەو کۆمەڵگایەی ئێستا بە چین و توێژ و ئیمتیازاتی چینایەتییەوە، کە لەسەر بنەمای نامۆبوون و بێدەسەڵاتی و گۆشەگیریی مرۆڤەکان دامەزراوە، هاوکات لەگەڵ ئەو ئیدئۆلۆژی و خورافاتانەی کە ئەو دۆخەی پێ پاساو دەکەن، بە مۆزەخانەی مێژوو دەسپێرێت و لە شوێنی ئەو کۆمەڵگەیەکی ئازاد دادەمەزرێت کە تێیدا گەشەی ئازادانەی هەر تاکێک مەرجی گەشەسەندنی ئازادانەی هەمووان بێت.
هاوتەریب لەگەڵ ئەم ئامانجانە، ڕێبازی ستراتیژی ئێمە بریتییە لە بەهێزکردن و دروستکردنی پەیوەندیی نێوان بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە پێشکەوتنخوازەکان لەوانە: بزووتنەوەی کرێکاریی، بزووتنەوەی ژنان، بزووتنەوەی موعەلیمان، خانەنشینان، پەرستاران، خوێندکاران و گەنجان، بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کوردستان و بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانی تر. بزووتنەوەگەلێک کە هێزی بەرین و لەبن نەهاتووی شۆڕشی داهاتووی ئێرانن. پەرەسەندنی ئەم بزووتنەوانە، هەماهەنگی لە دروشمەکاندا، هاوکاتی لە کردارەکاندا، دیاریکردنی تاکتیکی وشیارانە و کەم هەزینە و پاراستنی یەکگرتوویی، هاوکات لەگەڵ بوونی هەمەچەشنیی بیروڕا، ئەرکی گرینگی سەرشانی پێشڕەوانی ئەم بزووتنەوانە و حیزبی کۆمۆنیستی ئێرانن.
بەڵام تەواوی مێژووی شۆڕشەکان سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن کە بەدیهاتنی ئەو ئامانجانە، تەنها بە هێزی وشیاری و هاوپشتی چینی کرێکار مومکین دەبێت، چینێکی کە لە حیزب یان حزبە سیاسییەکانی خۆیدا خۆی ڕێکخستبێت. حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، بە هەموو نەریت و مێژووەکەیەوە، شانبەشانی تێکۆشەرانی سۆسیالیستی نەوەی نوێ، خۆی بە بەشێک لە بزووتنەوەیەکی لەو چەشنە دەزانێت و ڕۆڵی تێدا دەبینێت. دامەزراندنی ڕێکخراوێکی خاوەن پێگەی کۆمەڵایەتی، لەسەر بنەمای سۆسیالیزمێکی زانستیی نوێکراوە لە سەدەی بیست و یەکەم، ئینتەرناسیۆنالیست، ڕووناک بین، خاوەن بەرنامە و ستراتیژ و سیاسەت گەلێکی ڕوون کە کۆمەڵگا لە خاڵە وەرچەرخانە مێژوویی و هەستیارەکان، سەرکەوتووانە تێپەڕ بکات و بەرەو سەرکەوتنی کۆتایی ببات.
بژی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
بژی سۆسیالیزم
کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
١١ی خەرمانانی ١٤٠٤