ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بە بۆنەی
دەستپێکی ساڵی خوێندنی ١٤٠٤–١٤٠٥
لە سەروبەندی یەکی مانگی ڕەزبەر، دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندنی ١٤٠٤– ١٤٠٥ لە ئێرانداین. بەم نزیکانە زیاتر لە ١٦ ملیۆن منداڵ و تازەلاو و زیاتر لە چوار ملیۆن و نیو قوتابی، هاوڕێ لەگەڵ یەک ملیۆن و نیو موعەلیم و دەیان هەزار مامۆستای زانکۆ، ساڵی نوێی خوێندن دەستپێدەکەن. بەڵام ئەم دەستپێکە نوێیە لەبری ئومێد و شادی، ئامرازێکه بۆ ڕەنگدانەوەی واقیعه تاڵەکانی پرسی پەروەردە له ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ڕژیمی ئیسلامیدا. لە لایەکەوە سەدان قوتابی و خوێندکاری وشیار، بە هۆکاری سیاسی و پیشەیی دەستبەسەر و زیندانی کراون و لە لایەکی دیکەشەوە موعەلیمانی پێشڕەو و خاوەن ئەزموون لەژێر گوشارێکی لەڕادەبەدەر و نامرۆڤانەدان. موعەلیمانی دڵسۆز و وشیار، کە دەبێ ئاڵاهەڵگرانی ڕووناکی بن، خۆیان بوونەتە ئامانجی سەرکوت، گرتن، دەرکران و سزای قورس و ناڕەوا. قوتابیان و خوێندکارانی ئازادیخوازیش لەم سەرکوتانە بێبەری نەبوون و دەیان کەسیان ڕووبەڕووی سزای زیندانیی قورس بوونەتەوە. گرتنەبەری ڕێوشوێنەکانی وەک دەرکردن، خانەنشینکردنی زۆرەملێ و زیندانیکردنی موعەلیمان، نیشانەی هەوڵەکانی ڕێژیمە بۆ سەرکوتکردنی دەنگی ئازادیخوازی و یەکسانیخوازی لە بواری پەروەردەدا.
ئەمساڵ، ساڵی نوێی خوێندن لەکاتێکدا دەستپێدەکات کە بەپێی ئامارە فەرمییەکان، نزیکەی یەک ملیۆن منداڵ و تازەلاو بەهۆی هەژاری و بێبەشی لە پڕۆسەی خوێندن دابڕاون. ئەمە لە حاڵێکدایە کە بەندی ٣٠ی یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامی، دەوڵەت پابەند دەکات بە دابینکردنی خوێندنی بێبەرامبەر بۆ هەمووان. بەڵام سیاسەتی تاڵان و بڕۆ، پەروەردەی کردووە بە بازاڕێکی پڕ سوود و کەلێنی چینایەتی لە پەروەردەدا قووڵتر کردووەتەوە. قەرەباڵغی پۆلەکان، نەبوونی ئیمکاناتی پەروەردەیی گونجاو، بەکارنەهێنانی شێوازەکانی فێرکردن و بارهێنانی ئەمڕۆیی، جەختکردنەوە لەسەر فێربوونی زارەکی لەبری تێگەیشتن و شرۆڤەکردن، نەبوونی دەرفەت بۆ لێکۆڵینەوەی بەکۆمەڵ و ئاڵوگۆڕی بیروڕا، گرنگی نەدان بە توانایی و لێهاتوویی تاکەکەسی قوتابیان، کەمیی تاقیگە و کارگەی زانستی، نەبوونی ئیمکاناتی سەرەتایی وەک زەوی وەرزشیی و هتد، پەروەردەی کردووە بە ئەزموونێکی بێزارکەر و بێ نەشئە بۆ ملیۆنان گەنج و تازەلاوی ئێران. لە هەمان کاتدا هەڵاوسانی بەردەوام و نرخی پێداویستییەکانی خوێندن لەوانە دەفتەر و قەڵەم و هەزینە لاوەکییەکانی تر و ئەو پارەیەی کە بەناوی کرێی خوێندنی بە شێوەیەکی نافەرمی و بە بیانووی جۆراوجۆر لە بنەماڵەکان وەردەگیرێت، گوشارێکی لەڕادەبەدەری بەسەر بنەماڵە کرێکاریی و چینە کەم داهاتەکانی کۆمەڵگادا سەپاندووە.
لە ماوەی ٤٦ ساڵی ڕابردوودا زاڵبوون بەسەر بواری پەروەردەدا بەردەوام یەکێک بووە لە ئامانجەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی. ڕێژیم بۆ زاڵبوون بەسەر ئەم بوارەدا و هەروەها بۆ ڕێگریکردن لە شکستی ئایین لەبەرامبەر زانستدا، قوتابخانەکانی کردووە بە مەکتەبی فێرکردنی زارەکی ئایین و خورافات و بیروباوەڕی ئایینی. لەو ناوەندانەدا لەبری ئەوەی یارمەتی منداڵان و نەوەی گەنج بدەن بۆ ئەوەی خۆیان و جیهانی دەوروبەریان وەک خۆی بناسن، مێشکی قوتابیان بەزۆر پڕ دەکەن لە زانیاری ناپێویست و دواکەوتووانە و چەواشەکراو. لە قوتابخانە و ناوەندەکانی پەروەردەی ئێران، لەبری ئەوەی دوایین دەستکەوتە زانستییەکان و سەرجەم زانیارییەکانی مرۆڤایەتی لە بواری پەروەردەدا بەکاربهێنرێ و خوێندکاران لە دوایین پێشکەوتنە زانستیی و گۆڕانگارییە کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکان ئاگاداربکرێنەوە، لە ڕێگەی بابەتە دەرسییەکانەوە بەڕادەیەکی زۆر خورافاتی ئایینیی و دواکەوتووانەیان دەرخوارد دەدرێت. بەڵام سەرەڕای هەموو ئەمانە ئەزموونی ٤٦ ساڵی ڕابردوو به کاربەدەستانی ڕێژیمی سەلماندووە کە منداڵان و تازەلاوان بەشێک لە فێرکاریی و پەروەردە سەرەکییەکانیان نەک لە قوتابخانەکانەوە، بەڵکوو لە بنەماڵە و کۆمەڵگاوە وەردەگرن کە تێیدا مرۆڤایەتی و سیکۆلاریزم و دژایەتیی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی زۆر بەهێزە. هەر بەم هۆیەوە پڕۆژە پەروەردەییەکانی ڕێژیم یەک لە دوای یەک لەگەڵ شکست و ناکامی بەرەوڕوو بوونەتەوە، بەجۆرێک کە ئەمڕۆ بێ مەیلی و دوورکەوتنەوە لە ئایین لە نێو لاواندا بووەتە یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی هەلومەرجی کۆمەڵایەتی ئێستای ئێران.
مێژووی خەباتی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران نیشانی داوە کە زانکۆ و قوتابخانەکان بەردەوام سەنگەری خۆڕاگریی بوون لە دژی ستەم و سەرەڕۆیی. ئەو موعەلیمە بەدەروەست و وشیارانەی کە سەرەڕای گوشارەکان، بە ئەرکی خۆیان پابەند ماونەتەوە، پۆلەکانی خوێندنیان نەک هەر شوێنی فێربوون، بەڵکوو کردووە بە سەنگەرێک بۆ خەبات و خۆڕاگریی کۆمەڵایەتی و سیاسیی. گوشارەکانی حکوومەت نەیانتوانیوە بەر بە ئیرادەی گەنجان بگرێت لەپێناو خوێندن و بەدەستهێنانی وشیاری و ئازادیدا. بزووتنەوەکانی خوێندکاری و پیشەیی موعەلیمان، بە دروشمی “لە سەنگەری قوتابخانەدا، هەم دەرس و هەم سیاسەت”، ڕۆڵێکی بەرچاویان لە وشیارکردنەوەی کۆمەڵگادا هەبووە. لاوان و بەتایبەت کچانی بوێر لە بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی”دا حەماسەیان خوڵقاند و جیهانیان سەرسام کرد. لاوان و قوتابیان پێویستە لە ژینگەیەکی ئازاد و دوور لە توندوتیژی و سەرکوتدا گەشە بە توانا و بەهرەکانی خۆیان بدەن و بتوانن لە داهاتوودا بگەن بە پێگەیشتوویی فیکری و کۆمەڵایەتی. لە سبەینێی ئێرانی ڕزگاربوو لەژێر دەسەڵاتی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی، بە جیاکردنەوەی دین لە دەوڵەت و پەروەردە لە ئایین، هەموو تواناکانی قوتابیان لە بری خورافات و هزری دواکەوتووانە، بەرەو پەروەردەی زانستی ئاراستە دەکرێت. لە وەها هەلومەرجەدا بەهرەکان گەشە دەکەن و سەرمایەی لەبن نەهاتووی مرۆیی لەپێناو گەشەپێدان و بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگادا بەکاردەهێنرێت. ئێمە بە داهاتوویەکی باشتر گەش بینین، داهاتوویەک کە تیایدا خوێندنی بێبەرامبەر و خاوەن کوالێتی بەرز، مافی هەمووان بێت و قوتابخانە و زانکۆکان ببنە ناوەندی گەشەکردن و پەروەردەی بەهرە و تواناکان، بیری ئازاد و شارۆمەندانی وشیار و بەرپرسیار.
تەنیا بە یەکڕیزی و وشیاری و خەبات و تێکۆشان دەتوانرێت دەنگی موعەلیمان و قوتابیان بەسەر ستەم و سەرکوتدا زاڵ بێت و بە بنیاتنانی داهاتوویەکی باشتر و مرۆڤانەتر بۆ نەوەکانی داهاتوو ئومێدەوار بین. حیزبی کۆمۆنیستی ئێران وێڕای پیرۆزبایی دەسپێکی ساڵی نوێی خوێندن، قوتابیان، موعەلیمان، مامۆستایان و سەرجەم کارمەندان و کاربەدەستانی قوتابخانە و زانکۆکان بانگەواز دەکات بۆ پشتیوانی بێ درێغ و بەشداری چالاکانە لە ناڕەزایەتییە بەردەوام و سەرتاسەرییەکانی ئێستای جەماوەری خەڵکی ئێران.
کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
٢٩ی خەرمانانی ١٤٠٤
سەرەتای ساڵی خوێندنی ١٤٠٤–١٤٠٥