شەڕی نادیاری نێوان کرێکاران و سەرمایەداران لە ناوەندەکانی کاردا

هەفتەی ڕابردوو، ئیلنا، ئاژانسی هەواڵی کاری کۆماری ئیسلامی، ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە ڕووداوەکانی شوێنی کار لە ساڵی ١٤٠٣دا بڵاوکردەوە، ئەم ڕاپۆرتە سەرەڕای هەر پەردەپۆشکردنێکی ئاسایی لەلایەن میدیاکانی کۆماری ئیسلامییەوە، دەرخەری کۆمەڵێک داتا و زانیاری هەژێنەرە. هەر ژمارەیەکی کە لەم ئامارەدا هاتووە بەیانگەری ژیانێکی لەدەستچوو و لێکترازانی شیرازەی بنەماڵەیەکە کە سەرپەرشت یان دابینکەری بژێوی ژیانیان لەدەستداوە. بەگوێرەی ئەم ڕاپۆرتە، کۆی گشتی ئەو کەسانەی ساڵی ڕابردوو لە سەرانسەری وڵاتدا بەهۆی ڕووداوەکانی شوێنی کارەوە زیانیان بەرکەوتووە یان برینداربوون، ٢٦ هەزار و ٥٤٨ کەس بووە، کە لەو ژمارەیەش هەزار و ٥١٨ کەسیان ژن و ئەوانی تر پیاو بوون. بە گشتی لە ئەنجامی ڕووداوەکانی شوێنی کاردا هەزار و ٩٨٦ کەس گیانیان لەدەستداوە. لەو ڕێژەیە ١٥ کەسیان ژن و ئەوانی دیکەش پیاو بوون. چاوخشاندنێک بە داتاکانی ڕێکخراوی پزیشکی دادوەریی دەریدەخات کە هۆکاری سەرەکی مردن لە شوێنەکانی کار لە ساڵی ١٤٠٣دا بریتی بووە لە کەوتنەخوارەوە لە بەرزاییەوە.

کۆبەندێکی فەرمی ئامارەکان دەریدەخات کە بە شێوەی مامناوەند ساڵانە نزیکەی دوو هەزار کرێکار بەهۆی ڕووداوی ڕاستەوخۆی شوێنی کار گیان لەدەست دەدەن و دەیان هەزار کرێکاریش بریندار و دوچاری لەکارکەوتوویی دەبن. ئەمە یەکێکە لە بەرەکانی ئەو شەڕە نادیار و ڕاستەقینەی کە لە نێوان چینی کرێکار و سەرمایەدار و دەوڵەت لە بوارەکانی کار و بەرهەمهێناندا لەئارادایە. لەم شەڕە نایەکسانەدا خاوەنکاران و دەوڵەت نەک هەر زیانەکانی بەرەی کار بە شێوەیەکی نایەکسان بڵاو دەکەنەوە، بەڵکوو تەنانەت دەیانشارنەوە. ئیدارەی کاریش تەنیا ڕووداوی برینداربوون و زیانە گیانییەکانی ئەو کرێکارانە بڵاودەکاتەوە کە بیمەکراون و نەیانتوانیوە بیشارنەوە. هەربۆیە ئەوەی لە ڕێگەی ئاژانسە هەواڵییە فەرمییەکانەوە لەم بابەتەوە بڵاودەکرێتەوە، هەرگیز ناتوانێت تەواوی ئەو واقیعە بە ئازارە بخاتەڕوو کە بوونی هەیە. هەروەها لە ئێران هەرگیز ئامارێکی ورد و ڕاستەقینە سەبارەت بە ژمارەی ئەو کرێکارانەی کە بەهۆی پیسبوونی شوێنی کار و نەخۆشییەکانی سەرچاوەگرتوو لەو پیسبوونەوە گیانیان لەدەست دەدەن یان کەمئەندام دەبن بوونی نییە. ئەو ئامارانەی کە لەم بوارەدا بە فەرمی بڵاودەکرێنەوە، بە هیچ شێوەیەک جێی متمانە نین. بۆ نموونە ئەو ڕووداوانەی کە بەسەر کرێکارانی ئەفغانستاندا دێت لە هیچ شوێنێک تۆمار ناکرێت. تا ئێستا هیچ ئامارێک سەبارەت بە گیان لەدەستدانی کۆڵبەران ڕانەگەینراوە. ڕووداو گەلێک هەن کە لە ناوەندەکانی کار لە نێوان کرێکار و خاوەنکار و بنەماڵەی کرێکارە گیانبەختکردووەکەدا بە جۆرێک یەکلایی دەکرێتەوە کە بە دڵنیاییەوە بە زیانی کرێکارەکە دەشکێتەوە و پێشینەکەشی لە هیچ شوێنێک تۆمار ناکرێت. سەرەڕای هەموو ئەمانە هەر ئەو ئامارە نیوە و ناتەواوانەش نیشان دەدەن کە ژمارەی گیان لەدەستدان و ڕووداوەکانی شوێنی کار لە ئێران بەردەوام ڕوو لە زیادبووندایە. به پێی ئه‌م ئامارانه ساڵانه به شێوەیەکی مام ناوەند سی هەزار ڕووداوی کار له ئێران تۆمار دەکرێت. لەم ئامارانەدا هیچ ئاماژەیەک بە مەرگی پێشوەختە و بەشێنەیی و بێدەنگی ئەو کرێکارانە نەکراوە کە لە ژینگە پیسەکانی وەک ناوەندەکانی پێترۆشیمیی، کانگاکان، پاڵاوگەکانی نەوت و هتد کار دەکەن و زۆرجار تووشی نەخۆشیەکانی هەناسەدان، خوێن و هەرس، پێست و پیربوونی پێشوەختە و شێرپەنجە و هتد دەبن.

سێ سەرچاوەی سەرەکی ئەم ڕاپۆرتانە بریتین لە: ڕێکخراوەکانی دابینکردنی کۆمەڵایەتی، ئاگرکوژێنەوە و پزیشکی دادوەری. بەڵام ڕێکخراوی دابینکردنی کۆمەڵایەتی تەنها ئەو ڕووداوانە تۆمار دەکات کە لە شوێنی کار بەسەر کرێکارانی  بیمەکراودا دێت. هەروەها بەڕێوەبەرایەتی ئاگرکوژێنەوەش تەنها ئەو ڕووداوانە تۆمار دەکات کە لە کاتی ڕوودانیاندا ڕەوانەی ڕێکخراوەکە دەکرێن و حاڵەتەکانی دیکە ناگرێتەوە. پزیشکی دادوەریش لیستی ئامارێکی تایبەت بڵاو ناکاتەوە، مەگەر لە پەیوەندی لەگەڵ داواکارییەکی دیاریکراو لەلایەن دام و دەزگا فەرمییەکانەوە نەبێت. ئەو ڕووداوانەش کە لەلایەن ڕێکخراوی دەستەبەری کۆمەڵایەتییەوە تۆمار کراون لە کاتێکدایە کە بە وتەی عەلی موزەفەری، بەڕێوەبەری گشتیی چاوەدێری وەزارەتی تەعاون و کار و خۆشبژێویی کۆمەڵایەتی،تەنها ١٤ میلیۆن کەس لە هێزی کاری ئێران یاسای کار دەیانگرێتەوە، کە بە شێوەیەکی ئاسایی دەبوو لەژێر چەتری ڕێکخراوی دەستەبەری کۆمەڵایەتیدا بوایەن. تەنانەت بە قبوڵکردنی ئەم ژماریەش، نزیکەی ١١ ملیۆن کرێکار لە دەرەوەی بازنەی یاسای کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتین. لە ئاکامدا ئەو ڕووداوانەی بەسەریاندا دێت لە هیچ شوێنێک تۆمار ناکرێت. ئەگەر ئەوە لەبەرچاو بگرین کە بە پێی دوایین ئاماری ڕێکخراوی جیهانی کار، ڕۆژانە ٧٥٠٠ کرێکار بەهۆی ڕووداوەکانی کار و پیسبوونی شوێنی کار گیان لەدەست دەدەن، ئەوکات دەردەکەوێت کە پشکی هەرە گەورەی ڕووداوەکانی شوێنی کار بە تەنیا وەبەر ئێران دەکەوێت.

واقعییەت ئەوەیە کەخاوەنکاران بە هۆی قازانجپەرستی و چاوچنۆکییەوە، نە دەیانەوێت ئەمنییەتی شوێنی کار دابین بکەن و نە نیگەرانی لەدەستدانی کرێکارانن بە هۆی ڕووداوەکانی شوێنی نائەمنی کار. ئەوان تەنانەت لەوەش نیگەران نین کە کرێکاران لە ترسی گیانی خۆیان، واز لە کارەکەیان بهێنن. چونکە دەزانن هەر کاتێک بیانەوێت دەتوانن لە نێو لەشکری ملیۆنی بێکاراندا، کرێکاری تر دابمەزرێنن و لە هەمان شوێن و ژینگەی ناستاندارد و نائەمنی کار، هەر کارێکی قورس و تاقەت پروکێنیان بەسەردا بسەپێنن. لە وەها هەلومەرجێکدا ئەوە کرێکاران خۆیانن کە دەبێت بیر لە خۆیان بکەنەوە و بە خەباتی ڕێکخراو و یەکگرتووانەی خۆیان خاوەنکاران و دەوڵەت ناچار بکەن کە ئەمنییەتی شوێنی کار دانین بکەن. دەستەبەرکردنی ئەمنییەتی شوێنی کار، وەک هەر ویست و داواکارییەکی دیکە، تەنیا بە هێزی خەبات و تێکۆشان دەتوانرێت بەسەر سەرمایەداران و دەوڵەتە پشتیوانەکانیاندا بسەپێندرێت.

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە

ڕووداوە گرنگەکان

پەیام نێت

گەلەری

هاوڕێمان بن! ​

پەیوەندی

  Copyright © 2023, All Rights Reserved Payaam.net