
ئێران لە یەکێک لە توندترین و درێژخایەنترین قۆناغەکانی وشکەساڵی لە دەیان ساڵی ڕابردوودا بەسەر دەبات. کەمبوونەوەی بەرچاوی بارانبارین، دابەزینی بێ وێنەی پاشەکەوتی بەنداوەکان و پشتبەستنی هەرچی زیاتر بە سەرچاوەکانی ئاوی ژێر زەوی، دۆخێکی زۆر مەترسیداری بۆ ئێران دروست کردووە. هۆشدارییەکەی ئەم دواییەی مەسعوود پزیشکیان سەرۆک کۆمار سەبارەت بە ئەگەری جیرەبەندی کردنی ئاو لە پایتەخت و تەنانەت پێویستی “چۆڵکردنی تاران” لە ئەگەری بەردەوامبوونی کەمی بارانبارین، نیشانەی قووڵایی قەیرانێکە، کە ئاستی هۆشداری تێپەڕاندووە و چووەتە قۆناغی هەڕەشە بۆسەر ئەمنییەتی مرۆیی. وشکەساڵی لە ئێران تەنیا کێشەیەکی سروشتی نییە، بەڵکوو تێکەڵەیەکە لە کەمیی بارانبارین و خراپ بەڕێوەبردن. بە واتایەکی تر ئەم دۆخە تەنها دەرئەنجامی گۆڕانی کەشوهەوا نییە، ئەگەرچی گۆڕانی فۆڕمەکانی بارانبارین و وشکەساڵی توند، ڕۆڵێکی گرنگیان هەبووە و هەیە لە دروستکردنی ئەم قەیرانەدا، بەڵام ئاوێتەبوونی خراپ بەڕێوەبردنی ئاو و داڕشتنی سیاسەتی نادروست قەیرانەکەی توندتر کردووە و ئاستی لێکەوتەکانی چەند قات پەرەپێداوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتە فەرمییەکان، ئەمساڵ قەبارەی پاشەکەوتی ئاوی بەنداوەکانی وڵات گەیشتووەتە کەمتر لە نیوەی توانای ئاسایی خۆیان. سەرچاوەکانی ئاوی ژێر زەوی لە زۆرێک لە چاڵاوەکاندا بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە. دەرهێنانی زیاد لەپێویستی ئاو لە بیرە قووڵەکان لەماوەی دەیان ساڵی ڕابردوودا، بووەتە هۆی کەمبوونەوەی ئاوی ژێر زەوی.
شارە گەورەکانی وەک تاران و ئیسفەهان بەهۆی دابەزینی ئاوی ژێر زەوی لەگەڵ دیاردەی ڕۆچوونی زەوی بەرەوڕوو بوونەتەوە. ئەم دیاردەیە دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە ژێرخان و پێکهاتەی شار و ڕێگاوبانەکان و زیانێکی دارایی و ئابووریی بەرچاوی لێدەکەوێتەوە. پارێزگاکانی وەک تاران و ئیسفەهان لە زومرەی ئەو ناوەندانەن کە بە هۆی کەمبوونەوەی لەڕادەبەدەری ئاوی ژێر زەوی لەگەڵ کێشەی ڕۆچوونی زەوی بەرەوڕوون. بەگوێرەی ڕاپۆرتەکان زەوی لە هەندێک شوێن ساڵانە دەیان سانتیمەتر ڕۆدەچێت. ئەگەرچی گۆڕانی کەشوهەوا یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم قەیرانە، فۆرمەکانی باران بارین گۆڕاوە و ماوەی وشکەساڵی درێژخایەنتر بووە، بەڵام ناتوانرێت ڕۆڵی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی لە قوڵبوونەوەی ئەم قەیرانەدا لەبەرچاو نەگیرێت. بۆ نموونە دەکرێت ئاماژە بەو فاکتەرانەی خوارەوە بکرێت:
پەرەپێدان بە چاندنی ئەو بەرهەمانەی کە پێویستییان بە ئاەی زۆر هەیە لەوانە برنج و یۆنجە و هەندێک سەوزەوات لە ناوچە و دەشتە کەم ئاوییەکان. بەهرەی کەمی ئاودێری، بەردەوامبوونی شێوازە تەقلیدییەکان لە کەرتی کشتوکاڵدا سەرەڕای کەم بەهرەبوونی بوونی ئاودێری، کە زیاتر لە ٨٥ بۆ ٩٠ لەسەد بەکاربردنی ئاوی وڵات لەخۆدەگرێت. دەرهێنانی زیاد لە پێویست و بەڕێوەبردنی ناکارامەی ئاوی ژێر زەوی، جێگیرکردنی ئەو پیشەسازییانەی کە پێویستیانە بە ئاوی زۆر هەیە لە ناوچە ناوخۆییەکانی دوور لە سەرچاوە ئاوییە بەردەوامەکان (یان دوور لە دەریا) بەبێ هەڵسەنگاندنی هەمەلایەنەی ئاو و هەلومەرجی ژینگەیی. تەرخانکردنی ئاو لەسەر بنەمای مەسڵەحەتی کورتخایەن، نەک لەسەر بنەمای ئەولەویەتە ژینگەیی و کۆمەڵایەتییە درێژخایەنەکان. دروستکردنی چەندین بەنداوی گەورە وبچووک بەبێ هەڵسەنگاندنی هەمەلایەنە و کارناسانە. پڕۆژەکانی گواستنەوەی ئاو لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی تر بۆ وەڵامدانەوە بە پێداویستییە کاتییەکان، بۆ نموونە ڕەچاوکردنی ئەو سیاسەتەی کە بووە هۆی وشکبوونی زایەندە ڕود، یان گواستنەوەی ئاو لە پارێزگای کوردستانەوە بۆ پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات، کە پارێزگای یەکەمی لەگەڵ کێشەی کەم ئاوی بەرەوڕوو کردووەتەوە و پێداویستییەکانی پارێزگای دووەمیشی دابین نەکردووە. بڕینی دار و لەناوبردنی ڕووەک و لەوەڕگەکان دەبێتە هۆی ئەوەی کە خاک ئاوی کەمتر لەخۆبگرێت و خێراتر وشک بێتەوە.
بۆنموونە ئاکامە وێرانکەرەکانی ئەو سیاسەتانە، بریتی بووە لە پەرەسەندنی هەژاری لە گوندەکان بەهۆی کەمی ئاو و کۆچکردنی گوندنشینان بۆ شارەکان و پەرەسەندنی پەراوێزنشینی، کە ئەم دیاردەیەش بە نۆبەی خۆی بۆتە هۆی زیادبوونی خواست لەسەر ئاو و قەیرانی کەم ئاویی لە شارەکان پەرە پێداوە. هەڕەشە لەسەر گیانلەبەرە کێوییەکان بەهۆی نەبوونی ئاو و لەناوچوونی لەوەڕگە، زیادبوونی تۆفانی تۆز و خۆڵ، بەتایبەتی لە خوزستان، سیستان و بەلووچستان، و ناوەڕاستی ئێران، لە زومرەی دەرەنجامەکانی تری ئەم قەیرانەیە. بێگومان لەگەڵ بەردەوامبوونی گۆڕانی کەشوهەوا، ئەگەری زۆرە وشکەساڵی لە ئێران توندتر و درێژخایەنتر بێت.
واقیعییەت ئەوەیە کە تا ڕژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی لەسەر کار بێت و نان، کار، شوێنی نیشتەجێبوون و ئازادی و ژینگەی خەڵکی بە بارمتە گرتبێت، ئاسۆیەکی ڕوون بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە بەدی ناکرێت کە بەرۆکی زۆربەی هەرەزۆری خەڵکی ئێرانی گرتووە.ئەو دام و دەزگا ئیدارییە گەندەڵەی کە ئەم دەسەڵاتە پەروەردەی کردووە، توانای ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ کارەساتە سروشتییەکان، لەوانە وشکەساڵی و چارەسەری بنەڕەتی و پێکهاتەیی کەمبوونی ئاوی نییە. ئەولەوییەت بۆ ئەم دەسەڵاتە بەردەوام بریتی بووە لە سەرکوتی خەباتی یەکسانیخوازانە و ئازادیخوازانەی جەماوەر و دەستبەسەرکردن و زیندانیکردنی نەیارەکانی. ئەم ڕێژیمە بەبێ هەستکردن بە هەڕەشەیەکی جددی لەلایەن خەڵکەوە، وەڵامی هیچ داواکارییەک ناداتەوە. ئێران لەسەر دەریایەک لە سامانی سروشتی هەڵکەوتووە. ئەگەر دەسەڵاتی سیاسی بکەوێتە دەستی خاوەنانی ڕاستەقینە و بەتوانا، واتە کرێکاران و شۆڕاکانی هەڵبژێردراوی ئیرادەی ئازادی جەماوەر، بێگومان لە وڵاتێکی ئاوا خاوەن سەروەت و سامان و هێزی بێکۆتایی کاری داهێنەرانە، ئەو کێشانەی کە ژیانی ئەمڕۆی زۆربەی هەرەزۆری خەڵکیان لەگەڵ نەهامەتی بەرەوڕوو کردووە، بە سانایی چارەسەر دەبن.